ھێڵە سوورەکانی پارتی زەرد بوون

رێبوار کەریم وەلی - 7-08-2017 - 5004 جار خوێندراوەتەوە


(١)
بارزانی لەپێناوی سەرخستنی گشتپرسی و ھەنگاوی دەستپێکی پڕۆسەی سەربەخۆیی کوردستانی باشوور، ھەموو جۆرە نەرمییەکی بە حیزبەکەی خۆی نواندووە. ھێڵە سوورەکان نەماون و، ھاوکات لەگەڵ ئەوەشدا، یەک بە یەک کارتەکانی لە دەستی بەرامبەرەکانی دەرھێناوە. مەبدەئی سەرەکی لەم نواندنی نەرمییەدا، مەرج نییە ئەوە بێت کە ئیللا دەبێ لە ٢٥ی ئەیلول گشتپرسی بکرێت، بگرە ھەوڵێکی جیدییە بۆ بەرفراوانترکردنی پڕۆسەکە. ئەڵبەتە راستییەک ھەیە کە دەبێ بەرامبەرەکانی پارتی تێیبگەن، بارزانی نە لەژێر گوشار و ھەڕەشەی ئەوان و نە ھی دەرەکی ئامادە نییە تەسلیمی ئەو شانتاژە سیاسییە بێت، چونکە نە ئەوانەی دەڵێن "نەخێر" و نە ئەوانەیشی کە دەڵێن "ئێستا کاتی نییە"، قسەکانیان قایلکەر نین. 

پرسیارەکە ئەوەیە ئەدی کەی کاتیەتی؟ ئەگەر ئەوان پێیانوایە کە دەبێ گشتپرسی و ھەڵبژاردنە گشتییەکان بەیەکەوە ئەنجام بدرێن، ئەی بۆ ئامادە نین لەگەڵ پارتیدا دانیشن و پەرلەمان کارا بکەنەوە؟ ئەگەر ئارگۆمێنتەکەیان ئەوەیە کە ئامادە نین پەرلەمان بۆ پرسی ریفراندۆم و سەربەخۆیی کارا بکەنەوە، ئەدی کەواتا کوردستان چ پێویستی بە پەرلەمانە؟ ئەگەر کێشەی ئەوان ھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمە، پارتی نەک بۆ ھەموارەکەی، تا نەھێشتنی پۆستەکەش لەگەڵدایە، لە ١٩٩٢ ەوە تا ٢٠٠٦ ھەرێمی کوردستان سەرۆکی نەبوو. چی روویدا؟

بە ئاراستەی نێودەوڵەتیش و بەتایبەتیش ئەمریکا کە پێیوایە کاتی ریفراندۆم گونجاو نییە و، مەبەستیانە بکەوێتە دوای ھەڵبژاردنەکانی نیسانی ساڵی داھاتووی پەرلەمانی عێراق، دەکرێ دەرگای دانوستاندنیان لەگەڵ بکرێتەوە و داوای گەرەنتیی یاسایی و نێودەوڵەتییان لێ بکرێت بۆ دیاریکردنی وادەی گشتپرسی و دڵنیایی لەوەی کە ھەم پشتیوانی پڕۆسەکە دەبن و ھەم ئەنجامەکانی قەبوڵ دەکەن. ھاوکات لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، ھەندێک دەرگای دارایی و سەربازی بەسەر حکومەتی ھەرێمی کوردستاندا بکەنەوە تا بتوانێ قەرزی نێودەوڵەتیی راستەوخۆ وەربگرێ و چەکیش بکڕێت.

ھەر گۆڕانکارییەک لە ئەنجامدانی وادەی ریفراندۆمدا بکرێت، ئەگەر زامنی یەکڕیزیی ماڵی کوردستان بێت و پشتیوانیی نێودەوڵەتی دەستەبەر بکات، مانای شکستی ھیچ کەس و لایەنێک نییە. بگرە سەرکەوتنە.

٢٦ی ئەیلول چی روودەدات؟
(٢)
سەرباری ھەموو گوشارە ناوخۆیی و دەرەکییەکان، ئەگەر زەمینەیەکی نیشتمانی و تەوافوقی لە ناوخۆ، لەسەر وادەی ئەنجامدانی گشتپرسی نەیەتە ئاراوە و، کۆمەڵگای نێودەوڵەتیش نەتوانێ دەستەبەری ئەو مافە بکات و ھەر بڵێ کاتی نییە، ئەوا رۆژی ٢٥ی ئەیلول بە دڵنیاییەوە خەڵکی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ھەرێم بڕیار لە چارەنووسی خۆیان دەدەن. ئەنجامی گشتپرسی ھەرچییەک و ھەرچۆنێک بێت، دەنگی "بەڵێ" سەردەکەوێت و ئەوەش لە ٦٠% کەمتر نابێ. ٢٦ی ئەیلول بارزانی دێتە بەردەم خەڵکی کوردستان و رایدەگەیەنێت کە ئەو ئەرکی ئەخلاقی، ویژدانی و مێژوویی خۆی بەجێگەیاندووە و لێرە بەدواوە، رێگەی سەربەخۆیی لەبەردەم کورد واڵایە، چونکە ئەنجامەکان رەنگدانەوەی ئیرادەی میللەتن کە لە سەرووی ھەموو شتێکەوەیە. بارزانی پێشتر لە پەیامێکیدا، رایگەیاندبوو کە دەبێ حکومەتی داھاتوو پابەندی ئەو ئەنجامانە بێت و بۆ گەیشتن بەو ئامانجە کار بکات، ئەوە مانای ئەوە دەگەیەنێ کە بارزانی، حکومەتی داھاتووی کوردستان موکەللەف دەکات بەوەی ئەو پڕۆسەیە لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دەوروبەردا، بخەنە بەر گفتوگۆ.

ئەرکی حکومەتی داھاتووی کوردستان، ئەرکێکی قورس و تاقەتپڕوکێن دەبێ، بەتایبەتیش گۆڕانی نەخشەی سیاسیی بەغدا کە ئەمریکا مەبەستیەتی وەک ئێستا بمێنێتەوە. ھەر بۆیە نایەوێ کورد ببنە فاکتەری بەھێزبوونی مالیکی و ئاراستەی ئێرانی لە بەغدا. کورد ئەوکاتەش دەتوانێ لە دوای گشتپرسی نەخشەڕێگایەکی ھەبێ بۆ سەرخستنی دیدگای ئەمریکا. بە حوکمی ئەوەی ھەڵبژاردنەکانی بەغدا دوای ھەڵبژاردنەکانی کوردستان دەبن (ئەگەر ھی کوردستان دوا نەخرێت)، ئەوا نەخشەی سیاسیی کوردستانیش گۆڕانی بەسەردا دێت و رەنگبێ بڕیاردان لە داھاتووی پەیوەندییەکان لەگەڵ بەغدا یان جۆری وەرگرتنی بڕیاری سیاسی لە کوردستان ئاسانتر بێت.
ئەڵبەتە حکومەت دەکەوێتە ژێر گوشاری ئابووریی زیاتر، بەڵام ئەوە قۆناغێکی راگوزەر دەبێت و قەت لەو کاتانە سەختتر نابێت کە کوردستان لە ١٩٩١ تا ١٩٩٦ لەژێر دوو ئابڵوقەی ئابووریدا خۆی راگرت.

گۆڕان چی دەوێت؟
(٣)
ئەمریکییەکان بەوجۆرە پرسیارانەی وەک "گۆڕان چی دەوێت؟" دەڵێن: ئەوە پرسیارێکە وەڵامەکەی بایی یەک ملیۆن دۆلارە! چونکە گرفت ئەوە نییە کە خەڵک نەزانێ گۆڕان چی دەوێت، کارەسات ئەوەیە کە گۆڕان خۆیشی نەزانێ چی دەوێت. 

دەڵێن جارێکیان مەلایەک خوتبە دەدات، روو لە خەڵک دەکات و دەڵێ: میللەت دەزانن؟ ئەوانیش دەڵێن بەڵێ، دەڵێ مادام دەزانن، نایڵێم! خەڵکەکە لێیان دەبێ بە مەراق کە بزانن مەلا دەیویست چی بڵێت؟ بەیانییەکەی دیسان مەلا دەپرسێ دەزانن؟ ئەوجارە دەڵێن نا. مەلا دەڵێ ھەر نەزانن باشترە! رۆژی سێیەم دووبارە مەلا روویان تێدەکاتەوە و دەپرسێ. ئەمجارەیان نیوە دەڵێن بەڵێ و نیوەیان دەڵێن نا. مەلاش دەڵێ کەواتا زۆرباشە، ئەوانەی دەزانن، با بەوانەی بڵێن کە نازانن! ئەوەیە حیکایەتی حاڵی سەرکردایەتیی ئێستای بزووتنەوەیەک کە لەڕووی سیاسییەوە وا ئیفلیج بووە، توانای بڕیاردانی لەسەر دانیشتن یان دانەنیشتن لەگەڵ پارتی پێ نادرێت، چجای ئەوەی بتوانێ لەگەڵیدا رێکبکەوێ!

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP