بەپەلە

کێشەی جوڵە سیاسییەکەی کاک شاسوار چییە؟

ئارام قادر حەمەسور - 6-08-2017 - 6764 جار خوێندراوەتەوە


بێگومان جیاوازی یەکێکە لە ڕووە جوانەکانی سیاسەت، وەک ھانا ئارێنت دەڵێت؛لەکوێ جیاوازی ھەبوو لەوێش سیاسەت ھەیە، واتا ناکرێت سیاسەت یەک ستایل بێت، یەک دیو بێت، فرەی و فرە ئاوازی ڕویەکی جوانی سیاسەتە، بەڵام بەردەوام ستەمکارو فەرخە دیکتاتۆرەکانیش دژی جوڵەی جیاوازو ئاوازی جیاوازن، ستەمکارەکان ناتوانن  پلۆڕاڵی ساسی قبوڵ بکەن.

دیموکراسیش ناوەڕۆکەکەی جیاوازییە، کاتێک ھەموان بونە یەک ستایل یان بەزۆر کران بەیەک ستایل دیموکراسی مانای نامێنێت، ستەمکاری سیاسی بەردەوام حەزی لەیەک ستایلی سیاسەتە بەدڵی خۆی، بۆیە ستەمکارەکان پاشەڵیان خراپ لە کورسی دەسەڵات دەکرێتەوە.

جیاوازی ڕویەکی جوانی سیاسەتە، ئێستا لەھەرێمی کوردستان بابەتی ڕیفراندۆم گەرمترین بابەتە، دوو بەرەش بونی ھەیە بۆ بەڵێ و نەخێر،شاسوار عەبدولواحید کە خاوەن سەرمایەو ڕاگەیاندنە بەئاشکرا بەرەی نەخێری ڕاگەیاندووە، شاسوار بۆتە خاوەن جوڵەیەکی سیاسی، ئەگەریش ھەیە ببێتە خاوەنی لیستی سیاسی بۆ ھەڵبژاردن.

کاک شاسوار بەھەموو ماناکان جورئەتی کرد بەئاشکرا بڵێ نەخێر بۆ ڕیفراندۆم لە ئێستادا، ھەرچەندە پێشتر بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی شەرمنانە نەخێریان گوتووە، ئەوەی مایەی پرسیارە بۆمن ئایا جوڵەی سیاسی شاسوار سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان لە خۆدەگرێت؟ مەبەستم ناوچەی زەرد و سەوزونیلیە.

پێموایە بەشێکی حیزبەکان کێشەی سەرتاسەربوونیان ھەیە، پارتی تا ئێستا لە سلێمانی لاوازە، گۆڕان و کۆمەڵ و یەکێتی لە دھۆک لاوازن، ھەولێریش بۆ ھەموانە و کەس زۆرینەی نییە،  جوڵە سیاسییەکەی شاسواریش گەر تەنیا لەناوچەی سلێمانیدا بێت کێشەیە، ھەمان گرفتی پێشوو دوبارە دەکاتەوە، دەبێت ھەموو ناوچەکان بکرێنە یاریزانی سەرەکی لە یاریگای جوڵە سیاسییەکەی شاسواردا، تا جوڵەسیاسیەکە بە باشی و لەماوەیەکی دیاریکراودا ئامانجەکانی بپێکێت.

ئەگەر جوڵە سیاسییەکەی شاسوار تەنیا لە سلێمانی گەرم وگوڕ بوو  ئەوا داخراو دەبێت ودەبێتە جوڵەیەکی دووسەرە، سەرێک لەناو نەخێری ڕیفراندۆمدا خزمەت بە سیاسەتەکانی گۆڕان و کۆمەڵ دەکات، سەرەکەی تر ئەگەر لەھەڵبژاردن کاک شاسوار لیستی خۆی ھەبێت لە زەرەری دەنگەکانی گۆڕان و کۆمەڵ دەبێت، چونکە بەرەی تازەی ناڕەزای دەتوانێت لەڕێگەی ئەرگۆمێنتە سیاسیەکانەوە دەنگە ناڕازییەکان بۆلای خۆی ڕاکێشێت، بەتایبەتی کەخاوەنی دەزگای میدیای گەورەی پڕبینەری وەکNRTی بێت.

 جوڵە سیاسیەکەی شاسوار پێویستە زۆر بەھێزبێت بەرامبەر دەسەڵاتی جوت حیزب، ئەگەرنا زوو بچوک دەبێتەوە، پێویستە بۆگشت ناوچەکانی ھەرێم بێت ھەرچەندە ڕێگری گەورەشی دەبێت، بەڵام جێگرتنەوەی کاک نەوشیروان بە کاک شاسوار زۆر زەحمەتە، وەک چۆن جێگرتنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان بە جوڵە سیاسیەکەی کاک شاسوار زەحمەتە.

سەرڕای ھەموو شتێک بوونی جیاوازی و دروستکردنی جوڵەی سیاسی جیاواز دژی دەسەڵات ئازایەتییەو دیموکراسییە، دەکرێت شاسواریش لەسیاسەتدا ئەسپی خۆی ھەبێت و ببێتە شاسواری سیاسیش، بەڵام دەبێت چاوڕوان بکەین جوڵە سیاسییەکەی شاسوار تاکوێ دەڕوات و سنورەکەی چەندفراوان دەبێت، چونکە مانەوەی جوڵە سیاسیەکە تەنیا لەسلێمانیدا دەبێتە ھۆی بچوکبوونەوە و لاوازبوونی جوڵەکە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP