بەپەلە

ساڵیادی پاكتاوی نەژادی كوردانی ئێزیدی

لوقمان مسته‌فا ساڵح - 2-08-2017 - 2362 جار خوێندراوەتەوە

هەروەك ئاشكرایە لە ٣/٨/٢٠١٤، چەكدارانی داعش لە هێرشێكی دڕندانەدا بۆ سەر زێدی باووباپیرانی كوردانی ئێزیدی لە شارۆچكەی شنگال ودەوروبەری، كارەساتێكی گەورەی مرۆییان دژ بە هاوڵاتیانی كوردی ئێزیدیی خولقاند، كە تێیدا بە سەدان كەس كوژران و بە هەزاران كەس دەستگیر كران و دەستدریژیی ترسناكی جەستەیی و دەروونی كرایە سەریان و سەدان هەزار كەسیان تووشی ئاوارەیی و هەلومەرجێكی گوزەرانی خراپ هاتن،بە تایبەت لە چیای شنگال.

 گەورەیی ئەم كارەساتە لە ئاستێكدا بوو، كە جیهانی هەژاند و ئەمەش كاریگەریی گەورەی هەبوو لە دروستبوونی رای گشتی جیهان و هاوپەیمانیی نیودەوڵەتی دژ بە گروپی تیرۆریستی داعش.

تاوانەكانی گروپی تاوانكاری داعش، بەرامبەر بە كوردە ئێزیدی وكەمایەتییە ئاینیی و مەزهەبیەكان لە رۆژئاواو باشوری كوردستان, پاش دەست بەسەردا گرتنی شارۆچكەی شەنگال, ئەو گروپە تاوانكارە تیرۆریستە دەستیان بە كوشتن وزیندە بەچاڵكردنی بەشێكی زۆری خەڵكی سڤیلی ئەودەڤەرە دەستپێكرد، تائێستاش بەردەوامی هەیە وتا هەنوكەش بەهەزاران لە خەڵكی سڤیل بەتایبەت لەژنان ومناڵان، لەژێر دەستی ئەوتاقمەدا بەشێوازی جیاجیا ئەتك دەكرێن ودەكوژرێن، تەنها بەهۆی جیایی نەتەوەو ئاینییانەوە, ئەمەش بەهەموو پێوەرێكی نێودەوڵەتی دەچێتە چوارچێوەی تاوانی پاكتاوی نەژادیەوەوجینۆسایدێكی تەواوە.

تەنانەت  رێكخراوێكی نێودەوڵەتی داكۆكیكار لە مافەكانی مرۆڤ، دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە(داعش)ی تۆمەتبار كرد بەئەنجامدانی شاڵاوێكی دڕندانەو پیلان بۆ داڕێژراو بەشێوەی سیستماتیكی بۆ پاكتاوكردنی نەژادی لە عێراق لە رێی رەشەكوژی و رفاندن و تاوانی تری ھاوشێوەوە.

لە راپۆرتێكی نوێیدا، رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ئاماژەی بەوە كردووە، چەكدارانی داعش ھەزاران ژن و منداڵی ئێزیدیان رفاندووەو دەست درێژی سێكسیان  كراوەتە سەر.

رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی كە بارەگاكەی لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە ھەر لەو راپۆرتەدا ئاماژەی بەوە كردووە، چەكدارانی داعش پاش ئەوەی گەمارۆی ناوچەكانی كوردانی ئێزیدیان داوە ژن ومناڵ و پیاویان لێك جیاكردۆتەوە دواتر پیاوان و كوڕە گەنجەكانیان گولە باران كردوون ژن كچ ومناڵەكانیشیان وەك كەنیزەك بۆ خۆیان بردوون وكڕین وفرۆشتنی پێوەدەكەن.

“دانۆتێڵا رۆڤێرا” راوێژكاری باڵای ئەو رێكخراوە رایگەیاندووە، داعش بەشێوەیەكی سیستماتیك سەرجەم پێكھاتە ئاینی و ئەتنیكیەكانیان كردۆتە ئامانجی پەلامارەكانیان.
ئەو راپۆرتە كە لە ٢٦ لاپەرە پێكھاتووە تۆماری ئەو بەڵگانامانە دەوڵەمەندتر دەكات كە تاوانەكانی داعش بەرجەستە دەكەن، لەو كاتەوەی چەكدارەكانیان لە سوریای ھاوسنورەوە پەلاماری موسڵ و چەند ناوچەیەكی تریان دا.

ئەمە كاری رێكخراوێكی گرنگی نێودەوڵەتیە بەم شێوەیە باسی پاكتاوی نەژادی كوردانی ئێزیدی كردووە.

بەڵام ئەی چۆن ئێمە بتوانین ئەم تاوانە ئەم كەیسە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بجوڵێنین، بە دوشێوە دەتوانین كار بكەین بۆ بە فەرمی ناسنادن و بە نێودەوڵەتیكردنی جینۆسایدی كوردەئێزیدەكان ئەوانیش لەسەر ئاستی ناوخۆی و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی :

ھەرچی سەبارەت بە ئاستی ناوخۆییە : دەبێت ئەو وڵاتەی جینۆسایدەكەی ئەنجامداوە تاوانەكانی بە جینۆساید بناسێنێت.

 ئەم ئەركەش بەشێوەیەكی سەرەكیش دەكەوێتەسەردامودەزگا تایبەتمەندیەكانی حكوموتی هەرێمی كوردستان بە كۆكردنەوەی سەرجەم بەڵگەنامەتاوانكاریەكان هەرچی زوە پەلەبكرێت بەبەڵگەنامەیی كردنیان، بۆ ئەوەی ئەم تاوانەش وەك سەرجەم تاوانەكانی پێشوتر لە سەدەكانی رابردوو كە بە ناوی ئاین‌ونەتەوەوە كراوە بەرامبەر بە كوردە ئێزیدیەكان بزر نەبن، ئەركی دوەمیش دەكەوەێتەسەرشانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی كە پێشترچوار كەیسی گرنگی بە جینۆساید ناساندووە وەك كەیسەكانی: ئەنفال، ئەنفالی كوردی فەیلی، نێرینە بارزانییەكان و كیمیابارانكردنی ھەڵەبجەن.دەبێت كار بۆ ئەوەبكرێت ئەودادگایە كارابكرێتەوەوبڕیاری بە جینۆسایدی كوردانی ئێزیدی بدات.

لەگەڵ ئەوەی سەرۆكایەتیەكانی عێراق و كوردستانیش ئەو تاوانانەنی بە جینۆساید ناساندووە كە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە ئەنجامدراون دژ بە كورد. بەڵام دەبێت بەشداربووانی ئەوتاوانانەی ئەم دواییەی كەبەرانبەر بەكوردە ئێزیدیەكان كرا دیاریبكرێن، بە تایبەت ئەوانەی هاووڵاتی هەرێمی كوردستانن و لەنێوكۆمەڵانی خەڵكی كوردستاندابە جاش وخۆفرۆش لەقەڵەم دەدرێن، بە تاوانی بەشداری كردنیان لە جینۆسایدكردن و كوشتاری بەكۆمەڵی كوردە ئێزیدیەكان بە پێی یاساكانی دادگای باڵای تاوانەكانی عێراقی سزا بدرێن كەلە مادە “٤ “یاسای تیرۆر ئاماژەی پێكراوە.

ھەرچی سەبارەت بە ئاستی نێودەوڵەتیە : دەكرێت لەلایەن دەوڵەت و ڕێكخراوە نێودەوڵەتیەكانەوە بەفەرمی بناسرێت. سەبارەت بە دەوڵەت بە چەند شێوازێك دەبێت تاوانەكە لەسەر جوگرافیای ئەو ڕویدابێت، یان دەبێ تاوانبارەكان ڕەگەزنامەی ئەو دەوڵەتانەیان هەڵگرتبێت ، یان ئەگەر ھاتو تاوانبارەكان ھەڵھاتن بۆ ھەر وڵاتێكی تر ئەوا ئەو وڵاتە ناتوانێت مافی پەنابەریان پێبدات و چونكە تاوانی نێودەوڵەتی پەیوەندی بە ئاسایش و ئاشتی جیھانییەوە ھەیەو دەوڵەتێك مافی ئەوەی نییە لە بری جیھان بیبورێت و پەنای تاوانباران بدات .
دەكرێت ئێمەی كوردیش هەمو هەوڵەكانمان لەئێستادا كە وەزعە نێوخۆیی و نێودەوڵەتیەكە زۆر لەبارە بۆ ئەوەی ئەم دەرفەتەمان لەدەست نەچیت و ئەم هەلە بقۆزینەوە بۆبە جینۆساید ناساندنی كورد بەگشتی ووەكوردە ئێزیدەكان بەتایبەتی ئەركی نەتەوەیی ونیشتیمانی ئەم قۆناغەیە. بۆ ئەوە چر بكەینەوە كەئەو كارە تاوانكاریەی لەسەر كوردە ئێزیدیەكان ئەنجام دراوە بەجینۆساید بیناسێنین هەر وەك چۆن ھۆلۆكۆست كە لە شانزە دەوڵەتدا ناسێنراوەو ھەر ھاووڵاتییەكی ئەو وڵاتانەش نكوڵی لە ھۆلۆكوست بكات ئەوا ڕوبەڕوی سزای دارای و بەندكردن دەبنەوە.

بۆیە ناكرێت دادگای تاوانی نێودەوڵەتی لەژێر بیانوی جۆراۆجۆر لێی بێدەنگ بێت ، هەرچەندە دادگای تاوانی نێودەوڵەتی بەدەر نەبوە لە كەم و كوری و رو بەروی رەخنە زۆر بۆتەوە بەهۆی نەبوونی لایەنی جێبەجێكار لەدادگاكەدا ناتوانرێت ئەو كەس و لایەنانە وەك تاوانبار لەو ووڵاتانەدا دەستگیربكەن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا توانای دادگاكە لەسەر ئاستی نێودەوڵوتی متمانەی خۆی لەدەست نەداوەودەسەڵاتی لەلوتكەدایە .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP