ئەکتەرە فاشیلەکانی سیاسەت!

ئارام قادر حەمەسور - 1-08-2017 - 3734 جار خوێندراوەتەوە

بێگومان سیاسەت بەقەولی ئەرستۆ بریتییە لە خۆشگوزەرانی کۆمەڵگا، کۆمەڵگا لەژێر چەتری سیاسەتدا لە خۆشگوزەرانیدا دەژی،کاتێک ھەڵگرانی چەتری سیاسەت خوێندەوار بن و لێھاتووبن، لێرەدا مەبەستمان لە خوێندەوار تەنیا نوسین و خوێندنەوە نییە، مەبەستمان ئەو سیاسییەیە کە دوربین و لێھاتووبێت و لە گشت بارەکاندا بەباشی کۆمەڵگا بخوێنێتەوە، مەبەستمان سیاسی دوور لە دیماگۆجە.

چونکە ئێمە سیاسی نەخوێندەوارمان زۆرە، سیاسییەک نەزانێت گەلەکەی چۆن دەژیات، یان دەزانێت بەڵام نەخوێندەوارییەکەی وای لێدەکات نەزانانە بدوێت، ھەمیشە سیاسییە نەخوێندەوارەکان قسەکانیان دەکەن بەبێ ئەوەی لەبێژینگی عەقڵانی بدەن، ھەمیشە وەک ھەرزەکارێک دەدوێن و بەردەوام سایکۆلۆژیای بەشێکی کۆمەڵگا بریندار دەکەن، ئەمەش ھۆکارەکەی بون بەساسییە لەناو ئەو حیزبانەدا بەبێ ئەوەی پەیژەکانی سیاسەت ببڕن.

سیاسەت خۆی زانستە و ھونەرەو ئەخلاقە و یاسایە، ئەم جۆرە سیاسیانە بەردەوام لەڕێگەی خزمایەتی و بنەماڵەوە گەیشتونەتە شانۆی سیاسەت، بەڵام بەردەوام لە ئەکتەرە فاشیلەکانی سیاسەتن، بەردەوام لە ھەرزە سیاسییەکانن، بەردەوام دەبنە گاڵتەجاڕی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بۆیە لەپاڵ قەیرانە سیاسی و ئابورییەکان بەڵای نەخوێندەواری سیاسیمان ھەیە، سیاسیەک لەھونەری قسەکردندا فاشیل بێت لەھونەری پڕاکتیکی سیاسیدا بەڵایەکی گەورە دەبێت.

بەشێکی سیاسیە کوردەکان ھەرگیز ناخوێننەوە، بۆیە زۆر ترین ھەڵەو پەرچەکردار دروست دەکەن، ھەمیشە دیوە ناشیرینەکەی سیاسەت لای ئەمانە بوونی ھەیە ئەویش سیاسەت واتا درۆیە، گەلێک زۆرێک لەم ساسیانەی ھەبێت بابەھیوای خۆشگوزەرانی نەبێت، ئەم جۆرانە لەدەریای درۆدا وێناکان لەسەر وڵاتەکەیان دادەڕێژن، تەنانەت بۆ دەرەوەش سیاسەتی نەعامە پەیڕەودەکەن، بەڵام لەم سەردەمی زانیارییە خێرایەدا سحری درۆکانیان بەیەک  کلیک بەتاڵدەبێتەوە.

نوێنەرێکی ھەرێم لەدەرەوە گوتی کارەبای ھەرێم زۆرەو بیر لەناردنە دەرەوەی دەکەینەوە! گاڵتەجاڕترین ڕستەی ساڵە، ئەمە وێنای لاوازترین سیاسییەکانی کوردە، ئەمە بچوکترکردنەوەی سیاسەتی کوردە لەدەرەوە، چونکە وڵاتان باش دەزانن کارەبای ھەرێم چۆنە، ئەمە سوکایەتی کردنە بە ھەستی تاکی کورد، حیساب نەکردنە بۆ ژیانی خراپی خەڵک، تۆ نەزانیت ژیانی گەلەکەت چۆنە ئەی چۆن داوای ڕیفراندۆم دەکەیت، گەر بە ئەنقەست ئەم قسەیە کرابێت زۆر ترسناکە، چونکە دروستکردنی دەوڵەت لەسەر درۆ مەحاڵە.

ئەندام مەکتەب سیاسیەک گوتی کارەبای ئێمە لەزۆر وڵات باشترە!

بەرپرسێکی گەورەی حیزب دەساڵ لەمەوبەر گوتی کارەبا دەبێتە بیست و چوار سەعات!

بەرپرسێکی حیزبی گوتی گۆڕان دوای نەوشیروان عەقڵانی تر دەبێت!بەڵام خۆی لەسەر گەندەڵی لەبەغدا دەرکراوە!
سکرتێری حیزبێک دەڵێت بۆپرسی نێشتمانی ڕیفراندۆم پێویستمان بەپەرلەمان نییە بەڵام سیاسیەکانی سواڵی دەنگیا دەکرد بۆ پەرلەمان!

حیزبێکی ئیسلامی بەردەوام خۆی لەبەرەی چاکسازی داناوە بەڵام سیاسیەکانی بەردەوام میوانی قەیرانسازەکانن!
دوو ھێزی تر کەدژی ھاو ئاوازەکانن، سیاسیەکانیان دەڵێیت سەھۆڵی تواوەن لەسەرشەقام، ڕابەرایەتی ھیچ جوڵەیەکی مەدەنی ناکەن!

چەندین جوڵەی تری سیاسیەکان ھەیە کە دەبنە مایەی سەرسوڕمان بۆ ھەندێکمان، بەڵام بەشێکمان دەزانین ھەر ئەوە لەو سیاسیانە دەبینرێت، چونکە بەحەقی خۆیان نەبونە سیاسی و پەیژەی سیاسەتیان نەبڕیوە، لەدوای ڕاپەڕینە ھیچ شتێک بەقەد ئەم سیاسیە فاشیلانە گوێی ئێمەیان ئەزیەت نەداوە، بۆیە لەماوەی بیست و شەش ساڵدا ئێمە خاڵین لە بنەماکانی ژیان و بەدەوڵەت بوون، ئاو و کارەبا و موچە و سەرەتاترین بابەتەکانی ژیان بوونیان لاوازە، بۆئەوەی سیاسەت ببێتە ھۆی خۆشگوزەرانی پێویستمان بە سیاسی خوێندەوارو دوربینە، بابەتەکانی خۆشگوزەرانیمان ھەیە بەڵام حکومڕانی باشمان نییە خزمەتگوزارییەکانی ژیان بداتە ھاونیشتمانیانی بەبێ جیاوازی.

باشترین شت دورخستنەوەی ئەم ئەکتەرە سیاسیە فاشیلانەیە لە شانۆی سیاسەت، چونکە ئەمڕۆمان بەرھەمی ئەکتەرە فاشیلەکانی سیاسەتە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP