سەرۆكێك لە سلێمانییەوە

رێبوار کەریم وەلی - 31-07-2017 - 3843 جار خوێندراوەتەوە

(1)
دانیشتنی گۆڕان و پارتی دەبێ دانیشتنێكی یەكلاكەرەوە بێت و كێشە هەڵواسراوەكان وەكو یەك پاكێجی دانوستاندن بخرێنە سەر مێز. چارەسەربوونی كێشەكانی نێوان گۆڕان و پارتی، بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكی كێشەی بەشێكی یەكێتیش لەگەڵ پارتیدا چارەسەر دەكات. جەوهەری كێشەی گۆڕان و پارتی لەسەر مەسەلەی حوكمڕانییە لە كوردستان و گۆڕان وەك نوێنەری ناوچەی سلێمانی پێداگیری لەسەر گەڕانەوەی شكۆی مێژوویی بۆ سلێمانی دەكات. دەبێ پارتی لەوە تێگەیشتبێت كە گۆڕان هەڵقوڵاوی كاردانەوەیەكی مێژووییە بەرامبەر حوكمی رەهای پارتی. بۆیە ئەمڕۆ كە پارتی بووەتە ئاڵا هەڵگری پرسی سەربەخۆیی، ئامادەی تەنازولاتی زیاتر و زیاتر بێت لەو كێشانەی كە هەن.

لە دوای تێكەڵبوونی هەر دوو ئیدارەی حكومەتی هەرێمی كوردستان (كە لە 12 ساڵی حكومەت تەنها دوو ساڵی بەر یەكێتی كەوتووە)، سلێمانی بووە كانگای ناكۆكیی سیاسی و لە سایەی ئەوەشەوە خەڵكەكەی زەرەرمەند بوون. كەم كەس هەیە لە سلێمانی ئەم حكومەت و ئیدارەیەی ئێستا بە هی خۆی بزانێ، تەنها شتێك كە بە هەولێریانەوە دەبەستێتەوە مووچەیە و بەس! ئەوەش لەوەوە سەرچاوەی گرتووە كە پێیانوایە پارتی هەموو جومگە هەستیارەكانی حوكمڕانیی وڵاتی (ئەڵبەتە بە پشتیوانیی بنەماڵەی تاڵەبانی) بۆ خۆی و شەریكەكەی قۆرخ كردووە. 

پێداگیری لەسەر هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و سیستەمی پەرلەمانی، ئەگەر بەشێكی پەیوەست بێت بەوەی كە بەو یاسایەی ئێستا لە حوكمڕانیدا بەركەوتن لە نێوان سەرۆكایەتییەكان دروست دەبێت، بەشە هەرە ئەساسییەكەی ئەوەیە كە ئەم پۆستەش وەكو هەموو پۆستەكانی دیكەی وڵات بخرێتەوە ناو پاكێجی دانوستاندنی سیاسی و هەر لایەنە پشكی خۆی لە حوكمڕانیی وڵات بەربكەوێت.

مەبدەئی زۆرینەی پەرلەمانی لە كوردستان جارێ وەهم و خەیاڵە، چونكە ئەوەی حوكمی وڵاتی پێ دەكرێت، تەوافوقی سیاسییە و ئەگەر ئەو تەوافوقە لەبار چوو، هەموو سیستەمەكە دادەڕمێ. بۆیە وەك چۆن حیزبەكان لە پێكهاتەی بەڕێوەبردنی خۆیاندا حیساب بۆ ئەندام و لایەنگرە ناوچەییەكانی خۆیان دەكەن، دەبێ ئاواش پێكهاتەی حوكمڕانیی كوردستان موڵكی یەك یان چەند حیزب و، چەند ناوچەیەكی جوگرافی نەبێت، بەوەش دەكرێ تا كامڵبوونی دیموكراسی لەناو دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا، خاوەنی وڵاتێكی یەكگرتوو بین.

پێگەیەكی سەرووتر بۆ بارزانی

(2)
لە گەرمەی دانوستاندنەكانی دوای 23ی حوزەیرانی 2015 و پێش پەككەوتنی پەرلەمان، داواكاریی پارتی لە لایەنەكان ئەوە بوو كە تا دوو ساڵی دیكە ماوەی سەرۆكایەتیی بارزانی درێژ بكرێتەوە لەبەر دوو هۆكار: یەكەمیان بەردەوامیی شەڕی داعش و ئەركی بارزانی وەك فەرماندەی هێزی پێشمەرگە، دووەمیان راگەیاندنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی. بارزانی هەردوو ئامانجەكەی هێنایە دی و ئیتر ماوەتەوە سەر ئەوەی كە پارتی چۆن دەتوانێ وەكو حیزب ئەوانە بكاتە دەستكەوتی نیشتمانی.

بارزانی یەك دوو جار پەشیمانیی لەوە دەربڕیوە كە پۆستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانی وەرگرتووە و چەند جارێكیش رایگەیاندووە كە چیتر بۆ ئەو پۆستە خۆی كاندید ناكاتەوە. لەو روانگایەوەی كە یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و دەسەڵاتەكانی (بە رێككەوتنی نێوان یەكێتی و پارتی) بۆ شەخسی كاك مەسعود نووسرابوو (كە بارزانی بەشی هەرە زۆری دەسەڵاتەكانی بەكارنەهێنا)، دەكرێ بۆ دوای ئەو، ئەم یاسایە هەموار بكرێتەوە. 

چونكە بە پلەی یەكەم چارەسەری قەیرانی سیاسیی ناوخۆی كوردستانی پێ دەكرێت و، هەموو لایەنەكانیش باش دەزانن كە لە ئەمڕۆی كوردستاندا، نەك كەس ناتوانێ 70 لەسەدی دەنگی كوردستان بهێنێ، بگرە بەدەستهێنانی زۆرینەی دەنگ دوای كاك مەسعود (كە مام جەلال دەرك بە دەرك دەگەڕا تا دەنگی بۆ كۆبكاتەوە)، كارێكی ئاسان نییە و دووبارە دەبێتەوە هەمان تاس و حەمامی 1992 كە وای لێهات هەر پۆستی رابەری گشتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورد هەڵبگیرێ. ئینجا كەسیش ناتوانێ گرەنتی ئەوە بكات كە ئەو كەسەی دوای مەسعود بارزانی ئەو پۆستە وەردەگرێت، دەسەڵاتەكانی وەك ئەو بە ئینساف و نیشتیمانپەروەرانە بەكاربێنێ.

پۆستی داهاتووی بارزانی، رابەری بزووتنەوەی سەربەخۆییخوازانەی گەلی كوردستان دەبێت، نەك هەر لە كوردستانی باشوور، بگرە لە پارچەكانی دیكەش و، مەرجەعی بڕیاری چارەنووسسازە بۆ داهاتووی میللەت. هیچ كەس و وڵاتێك ناتوانێ بێتە كوردستان و چاوی بە بارزانی نەكەوێت! بۆیە پارتی دەبێ دەستپێشخەر بێت بۆ بەرزكردنەوەی پێگەی بارزانی و زامنكردنی سەرۆكایەتییەكی هەتا هەتایی كە بەرهەمی هیچ ئیتیفاقێكی سیاسی نییە. پارتی دەبێ دەستپێشخەر بێت لە هەمواركردنەوەی بەپەلەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان و لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا بیگەیەنێتە سیغەیەكی كۆتایی.

حیزبی سەربەخۆی بێلایەنی ئەهلی!

(3)
ئەڵبەتە ئەگەر لە داهاتوودا، سەرمایەداركراوەكەی سلێمانی بیەوێ حیزبێكی سیاسی دروست بكات، ناوی حیزبەكەی ئەوە نابێت، بەڵام ئەوەی پڕوپاگەندە بۆ حیزبەكەی ئەو دەكات، كەناڵێكی تەلەڤزیۆنییە و دەزگایەكی مێدیاییە كە هەڵگری پەیامی بێلایەنی، سەربەخۆیی بوونە و ئیدیعای ئەهلیبوون دەكات! كارم بەوە نییە كە پشتیوانی لە چ بەرەیەك دەكات، چونكە ئیشی كەناڵی میدیایی پڕۆفێشناڵ ئەوە نییە بەرەی سیاسی رابگەیەنێت، كە راشیگەیاند ئیدی میسداقیەتی خۆی لەدەستداوە.

ئێرە شوێنێك نییە كە خەونەكانی ئۆبامای تێدا بێتە دی و، ئەستەمیشە ترامپێك (كە ئەمریكاش بە زەحمەت قەبوڵیەتی) لە كوردستان دروست بێت، لە باشترین حاڵەتدا كەمال میراودەلییەكی دیكە سەر قووت دەكاتەوە! دەشێ خەڵكی كوردستان بەسەر دوو بەرەدا دابەش بووبن، بەڵام قۆستنەوەی (نەخێر) بۆ گیرفان پڕكردن و كاری بازرگانی، سووكایەتیكردنە بە هەست و ئیرادەی خەڵك.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP