بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و نیه‌تی خێر

دانا مەنمی - 29-07-2017 - 3202 جار خوێندراوەتەوە

پێكهاته‌ی ئێستای خانه‌ی ڕاپه‌راندن له‌ دوای 25ی 7ی 2017 وه‌ جیاوازه‌ له‌ پێكهاته‌ی ساڵانی ڕابردوو ، چونكه‌ پێكهاته‌ی نوێ پیاوی سیاسه‌تووان و ئیداره‌ كردنی ململانێكانن ، ئه‌گه‌ری ململانێكان له‌ ڕوبه‌ڕوبونه‌وه‌ی خوێناوی ده‌گوازێته‌وه‌ بۆ روبه‌ربونه‌وه‌ی دیموكراتی و دیالۆگ و دانوستاندن به‌شێكی گرنگ ده‌بێت له‌ ئه‌وله‌ویه‌تی داهاتووی خانه‌ی ڕاپه‌راندن و ڕێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ، نه‌مه‌رجی كه‌س قبوڵ ده‌كه‌ن و نه‌مه‌رجیشیان ده‌بێت بۆ دانوستاندن ، چونكه‌ خانه‌ی راپه‌ڕاندن و خودی ڕێكخه‌ری نوێی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان ساڵانێكه‌ له‌ ناو موفاوه‌زات و ته‌شكیلكردن و مناوه‌ره‌و موباده‌ره‌دان و یه‌كترو ده‌وروبه‌ر ده‌ناسن ، بوونی ئه‌م پێكهاته‌ی نوێیه‌ی خانه‌ی ڕاپه‌راندن پێویستی قوناغی ئێستای هه‌رێمی كوردستان و به‌رپرسیاره‌تیه‌كی قورستر له‌ قۆناغێكی ئاڵۆزتر له‌ ئه‌ستۆیاندایه‌ كه‌ هه‌م به‌رگه‌ی ڕه‌خنه‌كان بگرن و هه‌زمی بكه‌ن ، هه‌میش كار بۆ نه‌مانی گرژییه‌كان و یه‌كخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كوردی و ئاشته‌وایی  نیشتیمانی و یه‌كیتی و یه‌كبوون بگه‌رێننه‌وه‌ نێوماڵی كوردی .


عومه‌ری سه‌ید عه‌لی پیاوی به‌هاو ڕه‌وشته‌ به‌رزه‌كانه‌، مرۆڤێكی نه‌جیب و سه‌نگینه‌ ، هه‌موو ژیانی خۆی بۆ خه‌بات و تێكۆشان له‌ پێناو گه‌له‌كه‌ی خه‌رج كردووه‌ ، وه‌زیفه‌ی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆرانه‌ وه‌فاداری ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ له‌ خه‌بات و تێكۆشانی (عومه‌ری سه‌ید عه‌لی ) بێت ، سه‌رباری ئه‌ركه‌ سیاسییه‌كه‌ی گۆران پیویسته‌ نمونه‌یه‌كی جوانی به‌های لیبورده‌یی و وه‌فاداری بۆ به‌ته‌مه‌نه‌كان و رێز له‌ خه‌بات و ماندووبونیان بگرێت .


دورخستنه‌وه‌ی گه‌نجه‌كانی گۆران له‌ ناوه‌ندی بڕیاردان و به‌ تایبه‌ت له‌ خانه‌ی ڕاپه‌راندن كه‌ ناوه‌ندی بڕیارو به‌رپرسیاره‌تی و ڕاوێژكردنه‌ بۆ قۆناغی ئێستای نێوماڵی كوردی زه‌روره‌تێكی پێویست بوو ، چونكه‌ له‌ ماوه‌كانی ڕابردوو نێوماڵی كوردی به‌هۆی هه‌ڵه‌ی فكری و دیدو تێڕوانینی گه‌نجه‌كانه‌وه‌ لێكترازاو به‌ بنبه‌ست گه‌یشت ، گه‌نجه‌كان هێنده‌ی ڕاوچی كۆمێنت و فه‌یسبوكه‌وان بوون ، هێنده‌ی له‌ پشته‌وه‌ قورمیش ده‌كران ،هێنده‌ واقیع بین و به‌رپرسیارانه‌ مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ هاوكێشه‌ سیاسی و ئابوریی و كلتوری  و كۆمه‌لایه‌تیه‌كاندا نه‌ده‌كرد، بوونه‌ هۆكاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ڕه‌گ و ریشه‌ی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان و جنێودان و په‌لاماردانیشیان شه‌ڕی به‌ وه‌كاله‌ت بوو كه‌ ماڵوێرانترین شه‌ڕ له‌ دنیا شه‌ڕی به‌ وه‌كاله‌ته‌ .


په‌یامی پیرۆزبایی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ ڕێكخه‌ری نوێی بزوتنه‌وه‌ی گۆران به‌سته‌ڵه‌كی سیاسی تونده‌وه‌ ئومێدی به‌خشی به‌ هاوڵاتیان و هه‌وادارانی هه‌ردوو حزب ( پارتی و گۆڕان )  سه‌ردانی (ئه‌دهه‌م  بارزانی )یش وه‌ك نوێنه‌ری ماڵباتی بارزان و به‌رپرسی ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی پارتی له‌ سلێمانی بۆ مه‌كۆی سه‌ره‌كی بزوتنه‌وه‌ی گۆران به‌مه‌به‌ستی پیرۆزبایی كردن له‌ ڕێكخه‌ری گشتی گۆڕان و خانه‌ی ڕاپه‌راندن بۆ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ درزو كه‌لێن و بۆشایی و لێكترازانی سیاسی پڕبكه‌نه‌وه‌و ببنه‌ پردی نزیك بونه‌وه‌ی بیروڕاكانی یه‌كتر كه‌ ئه‌وه‌ش هه‌م ئه‌ركه‌ پێویسته‌ مماره‌سه‌ بكرێت هه‌میش نیه‌ت و ئیراده‌ی خێره‌ بۆ لێكتێگه‌یشتن كه‌ به‌هره‌ی عه‌قڵن .
"ئیمانوێل كانت " ده‌ڵێت " شاهیدی عاقڵمه‌ند لایه‌نگری ناهه‌ق ناكات ،به‌وه‌ ڕازی نابێت كه‌ شتێك به‌ هه‌ڵگه‌راوه‌ی و ئاوه‌ژۆ پیشانبدرێت و ئیراده‌ی خێر په‌ك بخات ، ئیراده‌ی خێر مه‌رجێكه‌ ناتوانین ده‌ستبه‌رداری بین ،چونك ئیراده‌ی خێر كامه‌رانی بنیات ده‌نێت ".


ئه‌و بارودۆخه‌ی ئێستای هه‌رێمی كوردستان بارودۆخێكه‌ پێویستی به‌ دیراسه‌و هه‌ڵوه‌سته‌كردن و ڕاوه‌ستان هه‌یه‌ ، پێویستی به‌ كۆده‌نگی نیشتیمانی و یه‌كخستن و ڕێكخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كوردی و بونیاتنان و نه‌ته‌وه‌سازی هه‌یه‌ ، له‌نێو دیدو تێروانینه‌ جیاوازه‌كان و خاڵه‌ هاوبه‌شه‌كاندا پێویستیمان به‌ ئه‌قلانیه‌ت و بوونی ئیراده‌ی خێر هه‌یه‌ تا ئه‌زمونی كوردستان و سیمای حوكمرانیه‌تی به‌ره‌و باشتر به‌رین و هه‌نگاوه‌كانمان له‌ پێناو ڕیفراندۆم وه‌ك كه‌ره‌سته‌و ئامرازێك به‌ره‌و سه‌ربه‌خۆی و بریاردان له‌ چاره‌نووسی گه‌له‌كه‌مان یه‌كبخه‌ین ، ئه‌و قه‌یرانه‌ی كه‌ ئێستا سه‌رچاوه‌ی گرتووه‌ ئاكامی هه‌ڵسوڕاندنی خراپی ئیداره‌دان و به‌رئه‌نجامی ئه‌و بارودۆخه‌ سیاسییه‌یه‌ كه‌ له‌ ژینگه‌ی سلێمانی و هه‌له‌بجه‌ و ناوچه‌كانی گه‌رمیان و راپه‌رین زه‌مینه‌سازی له‌لایه‌ن ته‌یفێك له‌ هه‌رزه‌كاری سیاسی بۆ كرابوو ، چاكسازی و ریشه‌كێشكردنی گه‌نده‌ڵی داوایه‌كی هه‌ق و ڕه‌واو پیرۆزن ، به‌ڵام چاكسازی و ڕیشه‌كێكردنی گه‌نده‌ڵی ته‌نها به‌ بڕیاری سیاسی و كۆده‌نگی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و پێكهینانی لیژنه‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانی ككوردستانه‌وه‌ ناكرێت ، به‌ڵكو پێویستی به‌ نیه‌ت و راستگۆی و راشكاوی و سیاسه‌تێكی ئه‌قلانیه‌ته‌ بۆ چۆنیه‌تی داڕستنه‌وه‌ی پرۆژیه‌ك بۆ ڕوبه‌رو بونه‌وه‌و ڕیشه‌كێشكردنی گه‌نده‌لی .
سه‌رچاوه‌ی گۆرانكاری و چاكسازی له‌ كۆمه‌ڵگه‌ په‌یوه‌سته‌ به‌ بیرێكی زانستیانه‌و دوور له‌ دروشمی بریقه‌داری حزب هه‌یه‌، له‌ڕابردوو به‌شێك له‌ هه‌ڵسوراوه‌ گه‌نجه‌كانی نێو بزوتنه‌وه‌ی گۆران له‌ ناو بیری ستالینیدا په‌روه‌رده‌ كراون و ئیستاش خۆیان له‌ به‌رگی پۆپۆلیزم و نیو پۆپۆلیزم دا نمایش ده‌كه‌ن، ئه‌وجا پاشخانی فكریشیان لاسایكردنه‌وه‌ی رۆشنبیره‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی یه‌ و باكگراوندی فكریان ، باكگراوندی چه‌پ و وڵاتانی عه‌ره‌بیان هه‌یه‌ ، به‌هه‌مان شێوه‌ی ئۆپۆزسیۆنه‌كانی وڵاتانی عه‌ره‌بی ڕوبه‌روی سیسته‌می حوكمرانیه‌تی كوردی ده‌بنه‌وه‌ و ده‌سه‌ڵاتی كوردیش به‌ ده‌سه‌ڵاتی دیكتاتۆری عه‌ره‌بی به‌راورد ده‌كه‌ن ، كه‌ ئه‌وه‌ش بێویژدانی و ناعه‌قلانیه‌كی تری ئه‌و ته‌یفه‌یه‌ كه‌له‌ غیابی ڕیكخه‌ری كۆچكردوودا بزوتنه‌وه‌ی گۆرانیان به‌ره‌و هه‌ڵدێری ده‌برد .


زیاتر له‌ دووساڵه‌ پارتی دیموكراتی كوردستان قوفڵێكی حه‌وجۆشی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان داوه‌ و له‌ دوای كۆچی ڕێكخه‌ری گشتی بزوتنه‌وه‌ی گۆران (نه‌وشیروان مسته‌فا ) پارتی به‌ نیازی كردنه‌وه‌ی قوفڵه‌ حه‌وجۆشه‌كه‌یه‌ له‌ ده‌رگای په‌رله‌مان و مه‌رجه‌كانیشی بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌ڵگرت ، به‌مه‌ش بزوتنه‌وه‌ی گۆرانی بیانوبڕ كرد و چه‌ند جارێكیش داوای كۆبونه‌وه‌ی له‌ بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان كردووه‌ ، له‌ پێناو ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆی كوردستان پارتی نه‌سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستانی لا هێڵی سووره‌ ، نه‌مه‌رجیشی هه‌یه‌ بۆ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان  پارتی مه‌به‌ستیه‌تی بزانێ كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌توانێت خزمه‌ت به‌ پرۆسه‌ی ریفراندۆم له‌ 25ی ئه‌یلولی 2017 و فه‌رمانی هه‌رێمی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كه‌ رۆژی 1ی تشیرینی دووه‌می 2017 وه‌ك واده‌ی هه‌ڵبژرادنی هه‌ردوو سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و په‌رله‌مان بكات و به‌رگی یاسایی بكات به‌ به‌ریاندا ، یان ده‌ریچه‌یه‌كی تر بۆ ڕێكه‌وتنی سیاسی لایه‌نه‌كان و به‌تایبه‌ت هه‌ردوو حزب ( پارتی و گۆران ) ده‌دۆزرێته‌وه‌و كۆتایی به‌ دۆخی چه‌قبه‌ستووی و بنبه‌ستی سیاسی  ده‌هێنرێـت . 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP