ڕاگەیاندن و ئاسایشی كۆمەڵایەتی

ئارام قادر حەمەسور - 29-07-2017 - 5305 جار خوێندراوەتەوە


بێگومان پەیوەندی هەیە لە نێوان ڕاگەیاندن و ئاسایشی كۆمەڵایەتیدا، ڕاگەیاندن سیفەتی ئاڕاستەكردنی كۆمەڵگەی هەیە، بەتایبەتی لە ئێستادا كە میدیا خۆی لە گشت جۆرەكانی بیستراو بینراو نوسراو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكاندا دەبینێتەوە، تاكی كۆمەڵگە بەر یەكێك لەم جۆرانەی ڕاگەیاندن دەكەوێت، ڕاگەیاندنیش لەپێناو گەیاندنی پەیام بۆ وەرگرانی پەیام زۆر جار هێڵەكانی ئەتەكیەتی ڕاگەیاندن دەبەزێنێت، بەمەش كاردەكاتە سەر ئاسایشی كۆمەڵایەتی و وروژان و نائارامی دروست دەكات.

بەتایبەتی لەكاتی قەیرانە سیاسی و ئابورییەكاندا، زۆر جار میدیا لە پێناو بەرنامە سیاسی و ئابورییەكەی خۆی ئەم كارە دەكات، ئەوەی زەرەری بەردەكەوێت كۆمەڵگەیە، گەر سەیری میدیای كوردی بكەین بەگشت جۆرەكانیەوە زۆربەیان لە كاتی دیاریكراودا بۆ مەرامەكانیان ئامادەن ئاسایشی كۆمەڵایەتی بشێوێنن، زۆر جار ڕاگەیاندنی كوردی ژەهری ئاراستەی كۆمەڵگا كردوو، بۆ نمونە لە بڵاوكردنەوەی هەواڵی بێسەرچاوە، یان سەرچاوەیەك كەناوی ئاشكرا نەكرد! یان دراماو گۆرانییەكان كە لە قسەكاندا چەندین سوكایەتی تێدایە بە توێژەكانی كۆمەڵگا، تاك فێری جنێوی سیاسی و كۆمەڵایەتی دەكەن، هۆنراوەی گۆرانیە كوردیەكان پڕە لە سوكایەتی بە توێژی  ژنان.

دەبینین بڵاوكردنەوەی هەواڵ لەسەر قوڵكردنەوەی قەیرانە ئابوری و سیاسیەكان، كەناڵێكی ڕاگەیاندن بەبێ فلتەری كۆمەڵایەتی و دەرونی هەواڵی كەمبوونەوەی خوراكی بڵاوكردەوە! ئەم هەواڵە ترسی كۆمەڵایەتی بڵاوكردەوەو ئاسایشی كۆمەڵایەتی تێكداوە، دەبینین لەبازاڕدا خەڵكێكی زۆر خەریكی كڕینی خۆراك بوون، بەمەش هاوكێشە ئابورییەكە ئۆتۆماتیكی كاریكرد كە دەڵێت ؛كاتێك خواست زۆربێت لەسەر شتێك ئەوا نرخی بەرز دەبێتەوە.

 تا ئێستاش میدیای كوردی لە قەیرانی ڕاگەیاندندایە، تا ئێستاش لە میدیای كوردی بەرژەوەندی سیاسی و ئابوری لە پێش ئاسایشی كۆمەڵایەتیدایە، تا ئێستا میدیا فلتەری كۆمەڵایەتی و دەرونی نییە لە ئاڕاستەكردنی پڕۆگرامەكاندا، ئەتەكیەتی ڕاگەیاندن لاوازە بەقەد لاوازی لێپرسینەوەی دەسەڵات،  زۆربەی تاكی كوردیش پەیوەست بووە بەم میدیا كوردیانە، بۆیە دوربینی كورتە بۆ ڕووداوەكان، زوو لەلایەن میدیاوە ئاڕاستە دەكرێت.

گومان لە گەورەی میدیا ناكرێت لە دونیادا، تا ئێستاش دۆناڵد تڕەمپ سەرۆكی ئەمریكا لە ڕێگای تویتەكانی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر شەقام و سیاسەت دەجوڵێنێت، كەواتە میدیای كوردی دووڕوی هەیە، باش و خراپ، دەبێت میدیای كوردی بەرژەوەندی كۆمەڵگاو سایكۆلۆژیای تاك بخاتە پێش هەمووشتەكان، تێكچونی ئاسایشی كۆمەڵایەتی دەبێتە هۆی دروست بونی چەندان كێشەی خێزانی و كۆمەڵایەتی، ئەمەش بەرهەمی دەسەڵاتێكی بێباك و ڕاگەیاندنی پڕ قەیرانە، لە كۆتایشدا تێكچونی ئاسایشی كۆمەڵایەتی ئاسایشی گشتی دەخاتە مەترسییەوە بە خودی دەسەڵاتیشەوە.
نالی شاعیر فەرمویەتی؛
كەئاوی، ئاوی كەوسەر بە
ئەگەرنا بڵقی سەرئاوی.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP