بەرهەم ساڵح لەنێوان زمانی تۆڵەو زمانی شوناسدا

دەلیل جەمال - 28-07-2017 - 3476 جار خوێندراوەتەوە



زمان ئامراز یان وەسیلە بۆ گەیاندنی پەیام و بیرئەندێشەی مرۆڤە، قسەم لەسەر مێژووی زمان و زانستی زمان نییە، هەربۆیە لەکۆی هەموو ئەو پێناسانەی لە سەردەمی فەیلەسوفانی یۆنانی تاسەردەمی مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنەو ئەمرۆش کورترین پیناسە ئەوەیە کە (زمان ئامرازی تێگەشتنی مرۆڤە لەدەوروبەر).

قسەی من لەسەر ئەوزمانەیە لەفەرهەنگی سیاسی و بەشێک لە ڕۆشنفکراندا خۆی نمایش دەکات، جا ئەم زمانە کە زۆرتر زمانی تۆڵەو زمانی حیقدو ڕقە، زمانێکە کە حەقیقەتی تێدا ون دەبێت و شوناسێکی دیاری نییە، ئەمە دەرهاویشتەی کلتورێکی خێڵەکی و دواکەوتوویی مێژوویەکی هەیەو بەردەوام کاریگەری خراپی لەسەر واقع و سیاسەت و پەروەردەی تاکەکان هەبووە. بەجۆریک چۆن سیاسەت چوەتە ناو کایەکانی تری ژیانی مرۆڤی کورد، بەهەمان شێوەش ئەم زمانی ڕق و بێ شوناسە تەواوی کایەکانی ژیان و ژیاری گرتۆتەوە.

لەسەردەمی حوکمەتی بەعسەوە درێژدەبێتەوەو بەداخەوە تائەمڕۆ، لەکایە سیاسییەکاندا لەمیدیای بیستراو بینراوو خوێنراودا بوونی هەیە، بۆیە هەمیشە ئەم زمانە نەیتوانیوە زمانێک بێت بۆ لێکتێگەیشتن، زمانێک کە دەرهاویشتەی عەقڵ و مەنتیقی واقع بێت.

بەداخەوە، زۆرجار کەباسی واقعی ئەمڕۆی سیاسی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئاماژە کەمتر بەو زمانەدەدرێت، کە بەشێکی زۆری ئەمڕۆ دوری لایەنەکان و گرژی و ئاڵۆزی، ئەم فاکتەیە لەزمان، کە لەشەڕی ناوخۆوە کاریگەری خۆی هەیەو، بەجۆرێک کۆمەڵگەش دەکات بەدوو بەش لەسەر کردارو پەرچەکردار، هەمیشە یەک جۆر زمان هەیە بۆ گەیاندنی پەیامی سیاسییەکان، کە ئەوزمانە گرژو بێ شوناسەیەو هیچ بارگراوندێکی ژیری لەپشت نییەو هەڵگری وشەگەلێکی پڕلە تەهشیرو دور لەعورف و ململانێی مەدەنی تەنانەت زۆرجار سنوری ئازادی تێدەپەڕێنێت و تەواوی کایەکانی ئەمڕۆی کۆمەڵگەی گرتووەتەوە.

ئەگەر چاوێک بە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بخشێنیت، بەتەواوی هەست بەم نەمەتی زمانە بێ ئاکارە دەکەیت، کە بەتەواوی پەیوەندی بە پەروەردەی تاک هەیە لە ناوفەرهەنگی سیاسییەکاندا و کاریگەری خیتابی هێزەسیاسییەکانە، کە تایپێکە بەداخەوە هەموان لەسەری بەردەوامن، ئەم زمانە حەقیقەتی خاڵی بوونەوەی توراسی سیاسەتە. تەنانەت کە سەیری میدیا دەکەیت چەندین خیتاب ڕۆژانە دەبیستی یان دەخوێنیتەوە، هەموویان هەست دەکەیت یەک زمانە ئەویش زمانی تەهشیر و زمانه سڕینەوە.

 لەم دۆخەی ئێستایا بەڕوونی دەبینرێت، بەڵام جیا لەم زمانە زمانێکی تر کە زمانی شوناس و زمانی تەعبیرە لە واقع زمانێک کە لەدەرەوەی زمانی تەهشیرە، ئەم تایپە هەمیشە خۆی دەناسێنێت، لەسەر کرداری خۆی نەک لەسەر هەڵەی ئەوانی دی، بەرهەم ساڵح بەنمونەی ئەو کارەکتەرە سیاسییەی کە تایپ و زمانی جیاواز بەخۆی هەیە. زمانی ئەم زمانی شوناسە، پڕە لەو مەدلولانەی کە نەوتراون و نەبیستراون.

 ئەگەر ڕوونتر بدوێم دەگەڕێمەوە بۆ ئەوکاتەی کە بەرهەم ساڵح سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بوو. وێڕای ئەو واقعە تەواو دژوارو پڕلە ململانێی نێوان دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆن، کە بەتایبەتی هەڵمەتێکی زۆرنالۆژیکی لەسەر کەسایەتی خودی بەرهەم ساڵح لە چوارلاوە دەورەدرابوو، زمانێک خرابووە کار کە زمانی گفتوگۆی مەدەنی تێپەڕاندبوو، زمانێک تەهشیرو ناوزڕاندن زیاتر هیچی لە هەگبەیدا هەڵنەگرتبوو.

لەبەرانبەردا، بەرهەم ساڵح پەنای بۆ زمانی پەرچەکردار نەبرد بەڵکو پەنای بۆ ئەوزمانە برد کەغیاببوو لە کایە سیاسییەکاندا کە ئەویش زمانی مەدەنی و زمانی حیوارو گفتوگۆ بۆ یەکەمجار خۆی بەیانکرد. ئەگەر سەیری ڕووداوەکانی 17ی شوبات و دواتر بکەین لەگەڵ داوای ڕەوای خەڵک زمانێکی توندو ڕقاوی زۆرجار پەیامە ڕاستەقینەکەی خەڵکی مەدەنی دەشاردەوە هەوڵدەدرا بەرهەم ساڵح تێکەڵ بەوخیتابە بکرێت بەڵام سەرکەوتوونەبوون، تەنانەت شەهیدبوونی ئەو گەنجانەش قوربانی ئەو تایپە لەسیاسەت و زمانە بوو کە هەڵگری ژینگەیەکی نائارابوو.

ئەم جۆرە لەزمان هەمیشە لە ژینگەy خراپ و نائارام و تێکدەردا بازاڕی گەرمەو خۆی بەیان دەکات، هەمیشە خیتابی بەرهەم ساڵح لەچوارچێوەی ئەخلاقی مەدەنی وەڵامی دەدایەوە، ئەکرێت ئەمە پەیوەندی بەژینگە و پەروەردەبوونی خۆشییەوە هەبێت، ژینگەیەک کەتێکەڵ بەژینگەی خراپی سیاسی ئەوانی دیکەنابێت،.تەنانەت لەوکاتەوە کە سەرۆکی حوکمەتی هەرێم بووە تائەمڕۆ ئەو زمانە پڕلە تەهشیرە بەردەوام بووە بەڵام یەک لەحزەنییە بەرهەم ساڵح بباتە ناو ئەو فەرهەنگە پڕلەوشە بێ ئاکارانەوە، هەربۆیە بەجۆریک لەجۆرەکان ئەم زمانی شوناسە گەشەی کردووەو بووەتە مەدرەسەیەکی دیکە، تەنانەت ئێستا هەرچی وشەی بەد هەن بەرانبەر یەکدی بەکاردێت، بەڵام ئەگەرسەیرکەیت، ئەوانەش کە خۆڕسکانە لەتۆڕەکۆمەڵایەتییەکانداپشتیوانی خیتاب و بەرنامەی بەرهەم ساڵح دەکەن، دوورن لەو زمانە ڕتوش و خاڵییە لە مەعریفە، جیاواز لە بەرنامەو سیاسەت و فەرهەنگی خۆی ڕوئیا ودنیابینیشی، بەرهەم ساڵح بەرهەم هێنەری جۆرێکی دیکەیە لەزمان جۆرێکی دیکەیە لە فەرهەنگی وشە بۆناو خیتابی سیاسی، هەربۆیە پەیامەکەشی باشترو زوتردەگاتە گوێ و ڕونتر دەگاتە بیرو مێشک، کەمن ئەو کارەکتەرە سیاسییانەی لەم دۆخەدا بێدەنگبن، بێدەنگیش جۆرێکی دیکەی زمانە، گەیاندنی پەیامە بۆدۆخێکی ناجێگیر، زۆرجار بێدەنگییەکەی لای خەڵک بووەتە مایەی دووجۆر خوێندنەوە؛

۱-هەندێک ئەم بێدەنگییە بە خۆدزینەوە لەواقع و بێباکی بەرهەم ساڵح لەم دۆخەی هاووڵاتی تێی کەوتووە دەبینن.

۲-هەندێکیش بە پێچەوانەی ئەو دیدەوە سەیردەکەن، بەوەی دۆخی ئێستا ململانێی مەدەنی تێپەڕاندووە و ئەوەی هەیە ژاوەژاوی بەرژەوەندی قوتبەکانی بازرگانییە لەناو خیتابی سیاسیدا، هەربۆیە بێدەنگی باشترین و جوانترین وتراوە بۆ دۆخەکە، کارەکتەرو سیاسەتمەداری مەزن نابێت بەئاراستەی هەڵەی ئەوانی دیکە مەلەبکات، ناکرێت بەردەوام قسەبکەیت، ناکرێت بچیتە ناو ئەو گەمە سیاسییەی ئەوانەی دی.

هەربۆیە بەرهەم ساڵح لەنێوان زمانی تۆڵەو زمانی شوناسدا پێموایە دواجار نەک بەتەنها کارەکتەری دیاری گۆڕانکارییەکانە، بەڵکوو لەگەڵ خۆشیدا خیتابی سیاسی و زمانی ململانێکانیش دەگۆڕێت، دەرکەوتنی ئەم جۆرە زمانە لەگەشەدایەو ئێستا تایپێکی دیکە لە سیاسی و ڕۆشنفکران بە زمانی شوناس وپڕمەعریفە دەنوسن، ناکەونە ناو بازنەی جنێوو موهاتەرات، هەرچەند زۆرجار هەوڵ دەدرێت پەلکێشی ناو بازنەی جنێوو تەهشیری بکەن، بەڵام پێموایە ئەم زمانە ڕەگی داکوتاوەو، بووەتە تایپێکی دیکە لەناو خیتابی سیاسی کوردیدا، کە عبوری زمانی حیزبەکانی ئەمڕۆ دەکات، کە هەرلەسەرەتاوە بەرهەم ساڵح لەگەڵ خۆی هێناویەتی وخیتابی خۆی لەسەر بونیادناوە و ئێستا بووەتە زمانێکی جیاواز لەوانی دیکە.

 پێشموایە بەدەر لە بیرو بەرنامەو ڕوئیای خۆی بۆ ڕووداوەکان، زمانی بەرهەم ساڵح دەناسرێتەوە، هەربۆیە کە گوێ لە خیتابی گشتی ئەوانی دیکە دەگری، جیاوازەو دەناسرێتەوە، بۆیە زمانی بەرهەم ساڵح زمانی شوناسەو هەڵگری ڕوئیاو پەیامی خۆیەتی، کە پێموایە دەبێت پێش ئەوەی واقع بگۆڕیت پێویستە ئەم جۆرە لەزمانی تۆڵە بگۆڕیت، واقعی ئەمڕۆ بەرهەمی ئەو زمانەیە کە درێژکراوەوەی زمانی بەعسییەکانە و کلتورێکە پێویستە پاکبکرێتەوە چونکە پەیامی سیاسی پێویستی بەزمانی دیکەیە و پێویستە بەژینگەیەکی لەبارترە کە پێموایە بەرهەم ساڵح باش لەو زمانەگەشتووەو هەربۆیە ژینگەی ئەم جیاوازەو بەرنامەو پلانی ئەم جیاوازە، چونکە زمانی کە ئامرازی گەیاندنە، جیاوازە.

دواجار ئەوە خاڵە بنەڕەتییەکەیە کە بەرهەم ساڵح ناباتەوە سەر کلتوری شەڕی وشەکان و ئەوەش پشتیوانی ئەوبێت ناچێتە ناو بازنەی ڕقی زمان، هەربۆیە ئەوانەی بەو شێوازە ڕووبەڕووبونەوە خەریکە کۆتایی دێت، زمانی شوناس واتە ئەوزمانەی کە پەیامی بەڕوونی دەگات و هەڵگری بوعدی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی و سیاسی خۆیەتی و زمانێکە بۆ پەروەدەی تاک لەسەر بنەمای یەکترقبوڵکردن و داماڵراو لە وشەگەلێک کە نامۆن لەدنیای ئەمڕۆی پێشکەوتن و مەدەنییەت و سیاسەتدا.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP