داتایەكی مەترسیداری كەیسی گەندەڵی.!

لوقمان مسته‌فا ساڵح - 25-07-2017 - 2613 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ھەرێم، لە بەرواری  19/4 ڕۆژی چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماری شەش مانگی رابردووی كار و چالاكیەكانی دەستەكەیانی بڵاوكردەوە، كە بەڕاستی داتایەكی مەترسیدارە بۆ شوێنێكی وەك هەرێمی كوردستان كە لەگەڵ چڕی دانیشتوانەكەیدا هەرگیز ناگونجێت.!

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ((  ئاماژەی بەوەكرد، 378 كەیسی گەندەڵی ئامادەكراوە لێكۆڵینەوەیان تێدا دەكرێت، ھەروەھا 19كەیسی گەندەڵی رەوانەی دادگای تایبەتمەندكراون، و 15 كەیسی دیكەش رەوانەی دادگاكانی تر كراون بەمەبەستی یەكلاكردنەوەیان، لە ئێستاشدا 48 كەیسی گەندەڵی لە ژێر لێكۆڵینەوەدان.

ھەروەھا وتیشی، كەیسەكان بەشێوەی زانیاری و ھەواڵدەری و سزایی كاری لەسەر دەكەن، بەجۆرێك لە ھەولێر 67 كەیسی زانیاری لەسەر ھاتوە و 101 كەیسی ھەواڵدەری ( 12 كەیسی 2017 و 89 كەیسی ساڵانی رابردوو)، ھەروەھا 94 كەیسی سزایی 47 كەیسی 2017 و 47 كەیسی ساڵانی پێشوو).
رونیشیكردەوە، لە پارێزگای سلێمانی 15 كەیس زانیاری لەسەر ھاتوە، كە 31 كەیسی ھەواڵدەری 12 كەیسی 2017 و 19 كەیسی ساڵانی رابردوو) و 85 كەیسی سزایی 40 كەیسی 2017 و 45 كەیسی ساڵای پێشوو ).

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی، دەشڵێت، لە پارێزگای دھۆك 10 كەیس زانیاری لەبارەوە ھاتوە، و 51 كەیسی ھەواڵدەری 16 كەیسی 2017 و 35 كەیسی ساڵانی رابردوو) و 16 كەیسی سزایی (9 كەیسی 2017 و 7 كەیسی ساڵانی رابردوو ((.

سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ھەرێم جەختیشیكردەوە، "بەیەكلای كردنەوەی ئەو دۆسیانە لە دادگاكان، كاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر كەمبونەوەی گەندەڵی و بەرەوپێش بردنی ھەنگاوەكانی چاكسازی لە ھەرێمی كوردستان".

ھەر بۆیە بە پێویستی دەزانم لەم ڕوانگەیەوە ڕۆچمە ناو بابەتە كەمانەوە كە ئامانجی سەرەكی وتارەكەمانە:-

ھەرچەندە ھیچ گومانێكم لە دڵسۆزی ودەستپاكی سەرۆكی دەستەی دەستپاكی ھەرێم وھاوكارەكانی نیە،كە ئەركێكی ئێجگار قورسیان لەسەر شانە، چونكە ھەروەك دەزانین لەناو فەوزایەكی سیاسی وپڕقەیراناویدا مافیای زەبەلاح ومەترسیدار  سەرھەڵدەدەن، دەستبردن بۆ ئەو كەیسە ترسناكانە ھەروا ساناوئاسان نیە.چونكە ھەرچۆنێك مامەڵەی لەتەكدا بكەیت ناتوانرێت وەك پێویست بگەیت بە ئەنجام.

بەڵام ئەم گەشبینیەی د. ئەحمەدی سەرۆكی دەسەتەی دەستپاكی لەگەڵ ئەوەی داتایەكی مەترسیداری خستە ڕوو لەھەمان كاتیشدا گەشبینی خۆیشی نیشاندا بەوەی  دەبێتە ھۆی كەم بوونەوەی گەندەڵی سەرەتایەكیشە بۆ چاكسازی.

بەڵام كاتێك دڵخۆشكەرە كە دەسەڵاتی دادوەری بتوانێت وەك : ئەو گەندەڵییانەی كە لە وڵاتانی دیكەی ڕۆژئاوادا ڕوو دەدات، كەدادگاكانیان چۆن بە بی ترس و دوودڵی بێ ئەوەی ھیچ دەستێوەردانێك لە كارەكانیان بكرێت لیپیجینەوە لەگەڵ ھەرتاكێكی گەندەڵدا دەكەن بێ ڕەچاوكردنی ھیچ پلەوپۆست وپایەیەك.

 ئەوەتا لە وڵاتانی دیموكراسی و پێشكەوتوو، دەستەڵاتی دادوەری ڕۆڵێكی باش لە نەھێشتنی ئەم دیاردەیە دەبینێت و بە ھیچ شێوەیەك سەیری ڕووی ئەو كەسانە ناكەن كە گەندەڵی ئەنجام دەدەن و بە لایەنەوە گرنگ نییە ئەو كەسە خاوەن دەستەڵات بێت یاخود سیاسی یا پۆستێكی پلەبەرزی لە حكومەتدا ھەبێت. بە لای دەستەڵاتی دادوەرییەوە ئەوە گرنگە ئەو گەندەڵكارە بھێنێتە بەردەم دادگا و لیكۆڵینەوەی خۆی لەگەلدا بكات و بە سزای خۆی بگەیەنێت. نموونەی ئەمەیش لە وڵاتێكی وەك ئیتالیا بینراوە كە چەندین جار دەستەی دادوەریی نەھێشتنی گەندەڵی، لە دادگای ئەو وڵاتەدا، (سیلڤیۆ بێرلسكۆنی)ـی سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی بە تۆمەتی ئەنجامدانی كاری گەندەڵی، ڕاكێشاوەتە بەردەم دادگا كە چەندین دۆسیەی سەبارەت بەم بابەتەی لە لای دادگا ھەیە.كە ھەندێكیان ھەڵسوكەوتی كەسیەو پێگەكەی بەكار ھێناوە بۆپەیوەندی ناشەرعی وسۆزداری لەگەڵ كیژۆڵەی خوارتەمەنی یاسایی 

لە لایەكی دیكەوە، درانەدادگای سەرۆكی پێشووی فەڕەنسا (جاك شیراك)ـی تەمەن 76 ساڵان، بە تۆمەتی بەكارھێنانی سامانی دەوڵەت بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆی، لەو كاتەیدا كە سەرۆكی شارەوانیی پاریسی پایتەخت بوو لە سەرەتایی حەفتاكاندا، دەنگدانەوەیەكی زۆری لە جیهاندا لێكەوەتەوە، بێگومان ئەو وڵاتانەی كە گەندەڵیان تێدا ڕوو دەدات، پێویستییەكی زۆریان بەوە ھەیە دەستەڵاتێكی یاسادانانی تێدا دابمەزرێنرێت، كە لە چەند دادوەرێكی پسپۆڕ و خاوەن ویژدان و چاونەترس پێك بھێنرێت و لەگەڵ ڕوودانی ھەر گەندەڵی یەك، بە بێ ڕوانینی پۆستی گەندەڵكارەكە، ڕایكێشنە بەردەم دادگا و سزای یاسایی خۆی بدەن.

 بە داخەوە ئەمڕۆ لە كوردستانیش ئەم دیاردەیە بە زەقی دەبینرێت، بەڵام ئایا ئەودەسەڵاتدارانەی كە تێوەگلاون لەو كەیسانەی كە دەستەی دەستپاكی هەرێمی كوردستان ئاماژەی پێكردوون دەتوانرێت بھێنرێنە بەردەم دادگا بۆ لێكۆڵینەوە.؟

یان خەڵكە ڕەشووڕووتەكە پێوەدەكەن وپشت وپەناداروو گەندەڵە زەبەلاحەكان وەك بەرزەكی بانان بۆی دەردەچن.؟

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP