بزوتنەوەی گۆڕان بەم تیمەوە چی دەکات؟

نەبەز گۆران - 25-07-2017 - 3766 جار خوێندراوەتەوە


لە ئەمڕۆدا پرسیارە جەوھەرییەکەی خەڵک ئەوەیە، بزوتنەوەی گۆڕان بەم تیمەوە چیدەکات؟ ئەگەر بریاربێت ئەم تیمە ھەمان ستراتیژ و ھەمان دیدگا روونەکەی بزوتنەوەی گۆڕانی لەسەر کۆی سیستەم  ھەبێت، ئەوا چاوەڕواندەکرێت پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵک  لەلایەن ئەم تیمەوە بنەمای یەکەمی دونیابینیان بێت. گەر بە پێچەوانەکەیەوە جوڵە بکرێت بێگومان چ شەقام و چ لەناو خۆی ئەو ھێزەدا، دەنگی نارەزاییەتی بەرامبەر ئەم تیمە بەرزدەبێتەوە. گرنگ ئەوەیە پاییە بنەرەتییەکانی بزوتنەوەی گۆڕان، کە بریتین لەگوتارێک، گوتارەکە (واقیع)ییە و، دەیەوێت دەسکاری کۆی سیستەمەکە بکرێت. ئەو گوتارە واقعییە بەشێکە لەو ئومێدەی خەڵک ھەیەتی، دەستگرتن بەو گوتارەوە لە لایەن ئەم تیمەوە ئەرکێکی راستەقینەی سەرشانیانە.

ئێمە نامانەوێت لە ئێستاوە بڕیاربدەین لەسەر ئەو تیمە (ئەوە ئەرکی دۆستانێکە زۆر پەلەیانە) چاوەڕواندەبین بزانین جوڵەکانیان چۆنن. ھەرچەندە لەسەر تەواوی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکە، کۆمەڵێک گەنج نیگەرانن و رەخنە دەگرن، چ ئەو نیگەرانییانە و چ رەخنەکانیش، جێگەی دڵخۆشین بۆ بزوتنەوەکە. تەواوی ئەو رەخنانە پێماندەڵێن: ئەو بزوتنەوەیە ھێزێکی دابڕاو نییە لە رەخنە، ھێزێکە بەردەوام رەخنە بەرھەم دەھێنێت، چ بۆ خۆی، چ بۆ دەرەوەی خۆی، ھەرھێزێکیش رەخنەی بەرھەم ھێنا، ھێزێکە بە زیندویەتی دەمێنێتەوە. تەواوی ئەو رەخنە و نییگەرانیانە، شوێنی ستایشکردنن کە ئەم ھێزە نایەوێت ھیچ پرۆسەیەک و ھیچ جوڵەیەک بەبێ رەخنە تێپەڕێنێت. ئەو گەنجانەش کە رەخنە دەگرن، دەنگە رەخنە گرەکانی ناو بزوتنەوەکەن و، پێویستە ھەمیشە ئەو دەنگانە بمێننەوە رێزیان لێبگیرێت.

لە دەرەوەی ئەمەوە، گەر لە ئێستاوە بڕیار بدەین لەسەر دونیابینی ئەم تیمە، بێگومان دەکەوینە ھەڵەوە. ئەوە لە گۆڕ‌پانە سیاسییەکەدا ھەیە چاوڕواندەکرێت لە لایەن  بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتی نیشتمانی و پارتی دیموکرات و ھێزە ئیسلامییەکانەوە، سەر لەنوێ مانۆڕێکی دیکەی گفتوگۆ رووبدات. لەم مانۆڕە گفتوگۆیەدا وێستگەیەکی باشە تا بەرچاو روونی ھەبێت لەسەر تیمە نوێیەکە.

 گفتوگۆکانی نێوان لایەنەکان کە لەم ماوەیەدا روودەدەن پێماندەڵێن، ئەم تیمە تا چەند لەسەر ستراتیژ و گوتاری بزوتنەوەی گۆڕان دەمێننەوە. خۆ گەر لادانێک ھەبێت لە داخوازییەکانی خەڵک، یان لە گوتارەکەی بزوتنەوەی گۆڕان، بێگومان ھێزە رەخنەگرەکەی ناو ئەو بزوتنەوەیە ھەرگیز بە بێدەنگ دانانیشێت. ئەگەر بەھەمان فۆرمی جارانەوە لەسەر ویست و گوتارەکەی گۆڕان و بەرگریکردن لە خەڵک سووربوون، ئەوا دەکرێت بە جۆرێکی دیکە خوێندنەوەی بۆ بکرێت.

لەھەموو حاڵەتێکدا بریاردان لەسەر تیمەکە لە ئێستادا، بریاردانێکی پڕوزاوە. ئەوە بۆ خەڵک گرنگ نییە، کێ لە شوێنێکدایە و کێ لە شوێنێکدا نییە، ئەوە بۆ خەڵک گرنگ ئەم بزوتنەوەیە ئیدی ھەرتێمێک بەرێوەی ببەن، لە ئاست گوتارە واقیعیەکەی خۆیان پاشەکشێ نەکات و بەردەوام بەرەی خەڵک بە بەرەی خۆی بزانێت نەک بەرەی دەسەڵات. کەسیش ناشخوازێت لە کاتی گفتوگۆکاندا ھەمووشتێکیان بوێت و، ھیچ شتێک نەبەخشن، چونکە لە دونیای گفتوگۆی سیاسیدا ھەموو ویستێک بەخشینیشی پێویستە. 

دەکرێت چاوەڕێبکەین و بزانین جوڵە سیاسییەکانیان چیین؟ چاوەڕێبکەین و بزانین ئەم تیمە چۆن دەبنە بەرگریکاری خەڵک، چاوەڕێبکەین و بزانین چۆن دەبنە پارێزەری گوتارە واقیعییەکە. چاوەڕێبکەین بزانین دەیانەوێت لە گفتوگۆکاندا چۆن دەسکاری سیستەم بکەن. پاش جوڵە کانیان، ئەوکات بە پێی ئەو جوڵانەی دەیکەن لەگەڵ دەسەڵاتدا خوێندنەوەیان بۆ بکەین.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP