ئاوڕێک لە تورکمان بدەنەوە

عارف قوربانی - 25-07-2017 - 2112 جار خوێندراوەتەوە


وەک لە دەیەی رابردوودا نەمانتوانی تورکمان وەک ھاوبەشێک بھێنینە سەنگەری داواکردنەوەی کەرکووکەوە، پێویستە ئێستا ئەو ھەڵەیە راست بکەینەوە و دەستەبەری ئەوە بکەین کە تورکمان لە سەنگەری سەربەخۆیی کوردستاندا بێت

تورکمان وەک پێکھاتەیەکی جیاواز، مێژوویەکی درێژە لە چەند ناوچەیەکی کوردستان بە ئاشتی لەگەڵ کورد دەژین، تێکەڵاوی و نزیکایەتییان لەگەڵ کورد بە ئەندازەیەکە زۆربەی خێزانەکانیان لەڕێی ژن و ژنخوازییەوە رەگێکیان دەچێتەوە سەر کورد، یان خوارزا یان خاڵوانی خێزانە کوردە ھاوشارییەکانیانن. بەشی زۆریان ھەر بە بنەچەش دەگەڕێنەوە سەر بنەماڵە و عەشیرەتە کوردییەکانی ئەو ناوچەیەی لێی دەژین. بەھۆی سیاسەتەکانی پاکتاوی رەگەزیی رژێمە یەک لەدوای یەکەکانی عێراقەوە، بەشێک لەوانیش ھاوشێوەی کورد کەوتوونەتە بەر ھەڕەشەی عەرەب و ئاوارەو دەربەدەر کراون. ماڵ و موڵک و زەوییان دەستی بەسەردا گیراوە و دراوە بە عەرەبی سەردەمی تەعریب.

لەگەڵ کورد خاڵی ھاوبەشیان زۆرە، ھاوشاری و تێکەڵاون، لە رابردوودا ھەردوولا قوربانیی دەستی ستەمکاریی دەسەڵاتی عەرەب بوونە، بەر سیاسەتی پاکتاوی نەژادی کەوتوون، خەڵکیان لەسێدارە دراوە، گوند و شارۆچکە و گەڕەکەکانیان تەخت کراون و عەرەب ھێنراوەتە شوێنیان، بۆ داھاتووش چارەنووسمان پێکەوە بەستراوەتەوە. بەڵام ھیچکات کورد نەیتوانیوە ئەم راستییە لە تورکمان بگەیەنێت و لە ململانێکانیدا لەگەڵ عەرەب، تورکمان بخاتە سەنگەری خۆیەوە. ھۆکارەکەشی بەشێکی زۆری پەیوەندی بە ئەدای خراپی سیاسی و ئیداری و جۆرێک لە دووبارەکردنەوەی زوڵم و ستەمکاریی کوردەوە ھەیە لەسەر تورکمانەکان. 

ئەگەر لەسەرەتای رووخانی رژێمی سەدام و گەڕانەوەی کورد بۆ ناوچەکانی خۆی، تێگەیشتنێکی ھاوبەش لە نێوان کورد و تورکمان دروستبووایە بۆ چۆنێتی بەڕێوەبردنی ئەو ناوچانە و مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە سیاسییەکانی، ئەوکات رەنگە گرتنەبەری رێگەی چارەسەری کێشەکان پێویستی بە رێوشوێنی دەستووریی وەک مادەی ١٤٠ نەبا. بەتایبەتی لە شارێکی پڕ لە کێشە و ئاڵۆزیی وەک کەرکووکدا کورد دەبوو لەوە تێبگات کە سەرباری رەوایەتی مەسەلەکەی، بەڵام پێویستی بە ھاوبەشێک ھەیە بۆ داوای وەرگرتنەوەی شارەکەی. ئێمە پێچەوانەکەیمان کرد و لە زۆر وێستگەدا تورکمانمان خستە بەرەی عەرەبەوە لە دروستکردنی رێگری لە چارەسەرکردنی کێشەی کەرکووک و تەنانەت ناوچەکانی تری ھاوشێوەی کەرکووکیشدا.

وەک دەڵێن مێژوو ھەر بۆ تۆمارکردنی رووداوەکان نییە، بەڵکوو بۆ پەند لێوەرگرتنیشە، دەکرێت ئێستا کورد پەند لە ھەڵەکانی خۆی وەرگرێت، بەتایبەت کە لەبەردەم پرۆسەیەکی چارەنووسسازداین بەرەو سەربەخۆیی کوردستان. وەک لە دەیەی رابردوودا نەمانتوانی تورکمان وەک ھاوبەشێک بھێنینە سەنگەری داواکردنەوەی کەرکووکەوە، پێویستە ئێستا ئەو ھەڵەیە راست بکەینەوە و دەستەبەری ئەوە بکەین کە تورکمان لە سەنگەری سەربەخۆیی کوردستاندا بێت. چونکە لەلایەک وەک ھاوبەشێک لە بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی کوردستان مێژوویەکی زۆرە لەگەڵمان دەژین، ھەروەھا ئەگەر تورکمان شانبەشانی کورد داوای سەربەخۆیی بۆ کوردستان بکات، ھاوکێشەکان لەسەر ئەرزی واقیع لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم بە قازانجی پرۆژەی کوردی زۆر دەگۆڕێت، پێویستە لەوە تێبگەین کە بەبێ تورکمان ئێمە ئەو ناوچانە وەرناگرینەوە، لەلایەکی تریشەوە بۆ راکێشانی سەرنجی دونیا لە رەوایەتی داخوازییەکەمان زۆر سوودبەخش دەبێت.

بەڵام تورکمان بەچاوی گومانەوە لە کورد دەڕوانێت، بەبێ دەستەبەرکردنی دڵنیایی، چارەنووسی خۆی ناداتە دەست قەدەری کورد، بەتایبەت کە ئەو نزیک پانزە ساڵەی رابردوو کورد وێنایەکی ناشرینی لە دەسەڵاتدارێتی لەو ناوچانە نیشانداوە. دەبێت لە ئاستێکی باڵادا لەگەڵ تورکمان بکەوینە گفتوگۆ، گەرەنتیی نێودەوڵەتی، دەستوور، ھەر سازشێکی دیکە کە پێویست بێت بۆ گۆڕینی سەرنجی تورکمان بەلای کورددا، دەبێت کورد بێ دوودڵی پێیان ببەخشێت. ھەروەھا پێویستە بەرچاویان روون بکەینەوە لەوەی تورکمان کەوتووەتە نێوان دوو واقیعەوە، ھاوبەشییان لەگەڵ کورد دەبێتە زامنی پاراستنی ناسنامە و مافەکانیان و مانەوەیان لە عێراقدا دەیانخاتە بەردەم پرۆسەی سڕینەوە.

بەدەر لە مەترسییەکانی تری بەردەم عێراق لە نائارامی و شەڕ و ململانێی خوێناوی، تورکمان بەھۆی دابەشبوونیان بەسەر ھەردوو مەزھەبی شیعە و سوننە، لەبەردەم ھەڕەشەیەکی دیکەی بچووکبوونەوەشدان و ئێستا سەرەتاکانی دەرکەوتوون کە شیعە دەخوازێت ناسنامەی شیعی زاڵ بێت بەسەر رۆحە نەتەوەییەکەیاندا، بەمەش پێگە و قەبارەی تورکمان زۆر بچوکتر دەبێتەوە لە جاران.

ھەروەھا عەرەبەکانی عێراق سەر بە کۆمەڵگایەکی خێڵەکین کە ڕێژەی زاوزێ لەناویاندا زۆر خێرایە. لەبەرامبەردا تورکمان کەمترین خێزانیان بواری ئەوە دەدەن لە دوو منداڵا زیاتریان ھەبێ. ئەمە وادەکات تورکمان بکەوێتە بەردەم مەترسی لەناوچوون و توانەوە لەناو عەرەبدا.

ئەگەر تەماشای پەنجا شەست ساڵی رابردوو بکەین، ئەو مەترسییە دەبینین، بۆ نموونە لە سەرژمێریی ساڵی ١٩٥٧ کە بەپێی بنەما زانستییەکان باوەڕپێکراوترین سەرژمێرییە، تورکمان لە عێراقدا ڕێژەیان (٢.١٦%)ی ئەوکاتەی کۆی گشتیی دانیشتووانی عێراق بووە، بەڵام دوای چل ساڵ و لە دوا سەرژمێریی ساڵی ١٩٩٧ دا ژمارەی تورکمان کەمی کردووە بۆ (٠.٢٨%). تەنانەت لەسەر ئاستی کەرکووک، ساڵی ١٩٥٧ تورکمان ٢١.٤٤%ی دانیشتووانی کەرکووک بوون، لە دوا سەرژمێریی ساڵی ١٩٩٧ دا رێژەی دابەزیوە بۆ ٦.٦٦%.

تەنانەت لە پشک و بەشداری و نوێنەرایەتیکردنیشدا لە عێراق ھەمیشە پێکھاتەیەکی نکوڵیلێکراو بووە، لە باشترین حاڵەتدا تەنیا وەزیرێک بە تورکمان دراوە، مام جەلال کاتێ سەرۆک کۆمار بوو، پێشنیازی کرد لە سێ جێگرەکەی یەکێکیان بۆ تورکمان بێت، بەڵام سوننە و شیعەی عەرەب پێکەوە لەدژی ئەو پێشنیازە وەستان. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە عەرەب سەرباری ئەوەی ھەموو ھەوڵەکانیان خستووەتە گەڕ بۆ لێکدوورخستنەوەی کورد و تورکمان، بەڵام ئامادە نین تورکمان بکەنە شەریک لە حوکمڕانیی عێراقدا. ئێستاش کە عێراق نزیکبووەتەوە لە ٣٧ ملیۆن کەس، تورکمان بەو ژمارە کەمەوە دەبنە بەشێکی زۆر بچووک لە عێراق و بەھۆی ئەو گەشەکردنە ناسروشتییەی عەرەبەوە تادێت ژمارەی عەرەب زیاتر دەبێت و تورکمانیش بچووکتر دەبنەوە. 

ئەگەر تورکمان بیەوێ لەگەڵا کورد بژی، چ لە ڕووی ژمارە و وەک پێگەی سیاسیش دەبێت بە ھێزی دووەم لە کوردستان. لە کوردستانێکی نزیک بە ٧ ملیۆن کەسیدا، تورکمان دەبنە پێکھاتەیەکی گەورە. ئەوکات وەک ئیستحقاقێک بۆ پێکھاتەی دووەم دەبنە خاوەنی یەکێک لە پۆستە باڵاکانی کوردستان (سەرۆکایەتی، حکومەت، پەرلەمان). چەندین وەزیر و بریکاری وەزیر و بەڕێوەبەری گشتی و پۆستی ناو وەزارەت و فەرمانگەکان وەردەگرن. لە پەرلەمانی کوردستانیش دەبنە خاوەنی ژمارەیەک کورسی بەرچاو و بەو ھۆیەشەوە دەتوانن بە یاسا پارێزگاری لە ماف و ئیمتیاز و کولتوور و زمانی خۆیان بکەن. بەڵام بە مانەوەیان لە عێراقدا، لە داھاتوویەکی زۆر نزیکدا ھەڕەشەی گەورە دەکەوێتە سەر ناسنامە و تەنانەت وجودیشیان.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP