بەپەلە

ریفراندۆم و به‌قوبرسكردنی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 25-07-2017 - 2964 جار خوێندراوەتەوە

ئایا ریفراندۆم له‌م بارودۆخه‌ سیاسیه‌ ناهه‌مواره‌دا كوردستان به‌ره‌وكوێ‌ ده‌بات؟ ئه‌مه‌ پرسیارێكه‌ هه‌تا ئێستا سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌كان نه‌یانتوانیوه‌ وه‌ڵامێكی‌ تێروته‌سه‌ل بده‌نه‌وه‌و هاوڵاتیانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و پارته‌ سیاسیه‌كان دڵنیا بكه‌نه‌وه‌ له‌ ئه‌نجامه‌كه‌ی‌، لێدوانه‌كانی‌ مه‌ولود چاوش ئۆغڵۆ له‌ كه‌ناڵی‌ TRT ی‌ توركی‌ له‌سه‌ر ریفراندۆم و هه‌رێمی‌ كوردستان جێگه‌ی‌ تێڕامان و بیركردنه‌وه‌یه‌كی‌ سیاسیی‌ گرنگه‌ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌كاتێكدا كه‌ پێشتر به‌رپرسه‌ باڵاكانی‌ توركیا هه‌ر له‌ سه‌رۆك كۆماره‌وه‌ هه‌تا به‌رپرسه‌كانی‌ تر دژایه‌تی‌ خۆیان بۆ ئه‌نجامدانی‌ ریفراندۆم راگه‌یاندبوو، به‌ڵام ئه‌مجاره‌یان له‌ رێگه‌ی‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ لێدوانه‌كان ئاڕاسته‌یه‌كی‌ تر وه‌رده‌گرێت ئه‌ویش پشتیوانی‌ كردنه‌ له‌ ریفراندۆم به‌ڵام به‌ومه‌رجه‌ی‌ كه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان هاوشێوه‌ی‌ قوبروسی‌ باكور له‌ژێر هه‌ژموونی‌ توركیادا بێت و توركیا ئازاد بێت له‌ به‌كارهێنانی‌ خاكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان بۆ لێدانی‌ پارتی‌ كرێكاران و به‌ڕێكه‌وتنێكی‌ نوێ‌ هێزه‌كانی‌ توركیا له‌ هه‌رێم دا بمێنێته‌وه‌و ژماره‌یان زیاد بكرێت و ئه‌مه‌ش له‌گه‌ڵ‌ ده‌سه‌ڵاتی‌ داهاتووی‌ دوای‌ ریفراندۆم بێت له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا.

ئه‌و بارودۆخه‌ی‌ ئێستا له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا هه‌یه‌، هاوشێوه‌ی‌ ئه‌و بارودۆخه‌یه‌ كه‌ له‌ ساڵی‌ 1974 سوپای‌ توركیا هێرشی‌ كرده‌ سه‌ر دورگه‌ی‌ قوبرس، ئه‌ویش به‌مه‌به‌ستی‌ پارێزگاریكردن له‌ كه‌مینه‌ تورك نشینه‌كه‌ی‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ 25%ی‌ دانیشتوانی‌ پێكده‌هێنا، پاش نزیكه‌ی‌ 10 ساڵ‌ له‌ گرژی‌ و ئاڵۆزی‌ له‌گه‌ڵ‌ یۆنانیه‌ قوبروسیه‌كان نه‌یانتوانی‌ بگه‌نه‌ رێكه‌وتن و سه‌رئه‌نجامیش له‌ ساڵی‌ 1983دا كۆماری‌ قوبروسی‌ باكوری‌ توركیا رایگه‌یاند به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ ره‌وف دنكتاش، به‌ڵام هیچ وڵاتێكی‌ جیهانی‌ و نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كانیش دانیان نه‌نا به‌م ده‌وڵه‌ته‌دا بێجگه‌ له‌ توركیا، به‌م هۆیه‌شه‌وه‌ گه‌مارۆیه‌كی‌ جیهانی‌ خرایه‌ سه‌ر ئه‌م ده‌وڵه‌ته‌ نوێیه‌ و كه‌س مامه‌ڵه‌ی‌ له‌گه‌ڵدا نه‌كرد، دواجار به‌ ناچاری‌ چووه‌ باوه‌شی‌ توركیا و له‌ڕووی‌ سیاسه‌تی‌ ده‌ره‌وه‌و له‌ڕووی‌ ئابوریشه‌وه‌ چوه‌ ژێر هه‌ژموونی‌ توركیا و دراوه‌كه‌شی‌ بو به‌ لیره‌ی‌ توركی‌، له‌و كاته‌وه‌ هه‌تا ئێستاش ئه‌و حاڵه‌ته‌ به‌ ئاڵۆزی‌ ماوه‌ته‌وه‌و ته‌نها كۆماری‌ دان پێدانراو له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌وه‌ كۆماری‌ قوبروسه‌ كه‌ یۆنانیه‌كان رابه‌رایه‌تی‌ ده‌كه‌ن.

 له‌م بارودۆخه‌ی‌ ئێستاشدا توركیا به‌رده‌وام جه‌خت له‌سه‌ر پاراستنی‌ كه‌مینه‌یه‌كی‌ تورك ده‌كاته‌وه‌ كه‌ له‌ كه‌ركوك و ته‌له‌عفه‌ر و زۆرجاریش له‌ هه‌ولێر هه‌ن، كه‌ ئه‌مه‌ش هاوشێوه‌ی‌ ئه‌و مافه‌بوو كه‌ به‌خۆیدا هێرش بكاته‌ سه‌ر باكوری‌ قوبروس و داگیری‌ بكات، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ ولایه‌تی‌ موسڵ‌ له‌لای‌ ده‌وڵه‌تی‌ توركیا و حكومه‌ته‌ یه‌ك به‌دوایه‌كه‌كانی‌ كێشه‌یه‌كی‌ مێژوویی‌ و ستراتیجیه‌، له‌م كاته‌شدا كه‌ عێراق له‌دوای‌ شه‌ڕی‌ داعش له‌م ناوچه‌یه‌دا تووشی‌ پاشاگه‌ردانی‌ بووه‌و دۆخه‌كه‌ زۆرتر ئاڵۆزبووه‌و به‌ بڕوای‌ هه‌ندێك له‌ شاره‌زایانی‌ بواری‌ سه‌ربازی‌ داعش راسته‌ شاره‌ گه‌وره‌كانی‌ له‌ ده‌ست داوه‌، به‌ڵام شێوازی‌ تر هه‌ڵده‌بژێرێت بۆ روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ‌ سوپای‌ عێراق و به‌مه‌ش توركیا ده‌یه‌وێت سود له‌م ده‌رفه‌ته‌ وه‌ربگرێت، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ بوونی‌ په‌یوه‌ندیه‌كی‌ ستراتیجی‌ له‌ نێوان پارتی‌ دیموكرات وبوونی‌ سه‌دان كۆمپانیای‌ جۆراو جۆرو رێكه‌وتنی‌ ستاتیجی‌ نه‌وت و گاز بۆ 50 ساڵی ترله‌ گه‌ڵ حكومه‌تی‌ هه‌رێم و سنورێكی‌ جوگرافی‌ فراوان كه‌ هێڵی‌ گه‌رمی‌ روبه‌رَوبونه‌وه‌یه‌ له‌گه‌ڵ پارتی‌ كرێكارن وا ده‌كات كه‌ توركیا به‌ گرنگی‌ سه‌یری هه‌رێمی‌ كوردوستان بكات و بیه‌وێت له‌گه‌ڵ گۆڕانكاریه‌ نویَیه‌كاندا مامه‌ڵه‌ی له‌ گه‌ڵدا بكات و به‌ به‌رژه‌وه‌ندی خۆی‌ بشكێته‌وه‌، ده‌وڵه‌تی‌ توركیا زیاتر رێگه‌ بۆ ئه‌وه‌ خۆش ده‌كات كه‌ زیاتر له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا باڵاده‌ست بێت و به‌و جۆره‌ی‌ كه‌ خۆی‌ ده‌یه‌وێت مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ ئه‌نجامی‌ ریفراندۆمه‌كه‌شدا بكات.

 له‌به‌رئه‌وه‌ش كه‌ ئه‌م ریفراندۆمه‌ هه‌تا ئێستا كۆده‌نگی‌ له‌سه‌ر نیه‌ و جێگه‌ی‌ مشتومڕ و دید و بۆچوونی‌ جیاوازه‌، كه‌واته‌ له‌م بارودۆخه‌دا ئه‌گه‌ر سیاسه‌ته‌كانی‌ توركیا به‌م شێوه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا بكات ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ كوردستان دابه‌ش بكات و جارێكی‌ تر دوو ئیداره‌یی‌ له‌ هه‌رێمی‌ كوردستاندا سه‌رهه‌ڵبداته‌وه‌، چونكه‌ به‌شێك له‌ پارته‌ سیاسیه‌كان به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌ی‌ زۆنی‌ سه‌وز زۆربه‌یان رازی‌ نین به‌و چاره‌نووسه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان، له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ندی‌ و ئێرانیش رێگه‌ ناده‌ن هه‌رێمی‌ كوردستان ببێ‌ به‌ قوبرسی‌ باكور بۆ توركیا و به‌مه‌ش ئه‌گه‌ری‌ ئه‌وه‌ هه‌یه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ببێته‌ شوێنی‌ ململانێیه‌كی‌ نوێ‌ له‌ نێوان توركیا و ئێران و قوربانیه‌كه‌شی‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ده‌بێت و بۆ ده‌یان ساڵی‌ تریش خه‌ونی‌ ده‌وڵه‌تی‌ كوردی‌ پاشه‌كشه‌ ده‌كات و جارێكی‌ تر ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ بۆ خاڵی‌ سفر.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP