کورد بەرەو دەوڵەت!

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 22-07-2017 - 4065 جار خوێندراوەتەوە

 کۆمەڵگەی تەندرووست لە پەرەسەندنی سرووشتی خۆیدا دەگات بەئاستی بەرھەمھێنان و بنیادنانی بەرزترین دامەزراوەی خۆی کە ئەویش دەوڵەتە. لەپاڵ ئەم تێزە کۆمەڵناسیەدا، ھەندێ کۆمەڵگەش بڕیاری سیاسی دەوڵەتانی بڕیار بەدەست دەوڵەتی بۆ درووست کردوون. ئەگەر لە رووی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیەوە سەیر بکەین ئەوا چەندین دەروازە ھەیە بۆ ئەوەی لێیانەوە کۆمەڵگە بگاتە ئاستی درووستکردنی دەوڵەت.

لە روانگەی تیۆریی ھیگڵەوە کۆمەڵگە لە خێزانەوە دەست پێدەکات و بە کۆمەڵگەی مەدەنیدا تێدەپەڕێت و دەگات بە ئاستی درووستکردنی دەوڵەت. یان لە روانگەی رۆحی گشتی کۆمەڵگەوە، دەشێ رۆحی گشتی کۆمەڵگە لە کرداری یەکبوون و یەکگرتندا بەرەو بڵندبوون بچێت و لە درووستکردنی دامەزراوەی دەوڵەتدا بتوانێت گوزارشت لە خۆی بکات. لە پێش ئەویش کۆمەڵناسی ئیسلامی ئیبن خەلدوون پێی وایە دامەزراوەی خێڵ و عەشیرەت لە رێگای بەھێزبوون و لە ھەمان کاتدا کرانەوەی پەیوەندییەکانی خوێن و دەمارەوە کە بنەمای سەرەکی دامەزراوەکانی خێڵ و عەشیرەتن، دەتوانرێت فیدراسیۆنی خێڵ پێکبێت و ئەو فیدراسیۆنەش کە بریتیە لە یەکێتی خێڵەکان، پایەکانی دەوڵەتی خێڵ پێکبھێن و دەوڵەت لە کۆمەڵگە خێڵایەتیەکاندا لەم دەروازەوە درووستبووە. دەوڵەتی بابلی و ئەکەدی و ئاشووری و مید نموونەی ئەم جۆرە دەوڵەتانەن. ھەروەک ئایین بووەتە دەروازە بۆ پێکھێنانی ھەندێ دەوڵەت کە دیارترینی ئەو دەوڵەتانەش لە مێژووی ئیسلامدا پێکھێنانی دەوڵەتی ئیسلامیە لە یەکەم دەوڵەتی سەردەمی راشیدینەوە بۆ ئەمەوی و عەباسی و سەفەوی و عوسمانی و قاجاری و..تاد. ھەروەھا ئایینی جولەکە بنەمای سەرەکی پێکھاتنی دەوڵەتی ئیسرائیل بووە.

لە روانگەی تیۆری مارکسیزمیشەوە کە ئابووری بزوێنەری مێژووە، چینی ناوەند وەکو چینێکی کۆمەڵایەتی بەرھەمھێن و بنیادنەری دەوڵەتە، کە ئەو دەوڵەتەش دەوڵەتی چینی ناوەند یان دەوڵەتی نەتەوەیە. بێگومان بۆچوونی لەو جۆرەش ھەیە کە پێی وایە دەوڵەتی ھیند لە مێژوودا لەپاڵ پایە کۆمەڵایەتیەکانی تری پێکھێنانی دەوڵەتدا، سرووشتی ھیندیستان بەشدارە لەبەرھەمھێنانی ئەو دامەزراوەدا. رەنگە ئێستا کۆمەڵگەی کوردی بەرەو ئەو قۆناغە ھەنگاو بنێت کە زۆرینەی ئەو رەگەزانەی یان دەروازانەی باسمانکردن بەجۆرێک تیایدا بەرەو ئامادەبوون بچن. واتە لە رووی کۆمەڵایەتیەوە پێشخانی درووستبوونی دەوڵەت روو لە ئامادەبوونە. جێگای خۆیەتی ئاماژەش بۆ ئەوە بکەین کە دەوڵەت تاکە کەس درووستی کردبێت یان خێڵ و عەشیرەت، یان ئایین، یان چینێکی کۆمەڵایەتی، یان حیزب و ئایدیۆلۆجیایەک یان نەتەوەیەک، ھیچ کام لەو دەوڵەتانە بە دیموکراسی درووستنەبوون و دەوڵەتی ھاووڵاتی نەبوون، بەڵکو دواتر بە خەباتی خەڵک دیموکراسی درووستبووە، دەوڵەتی ھاووڵاتیش نەبوون، بەڵکو خەباتی ھاووڵاتیان و دانانی دەستوورو یاسا بووەتە پارێزەری مافەکانی ھاووڵاتی و دەوڵەتی تا ئەندازەیەک لە پیادەکردنی دەسەڵاتە زۆرو تووندەکانی خاوکردووەتەوەو رێی لێگرتووە.


دیارە لە رووی کۆمەڵناسیەوە کورد لە ھیچ کام لەم دەروازانەی لەسەرەوە ئاماژەمان بۆ کردن نەیتوانیووە دەوڵەت درووست بکات. ھەروەک پێشتر ئێمە باسی ئەوەمان کردووە لەبەرئەوەی کۆمەڵگەی کوردی پەرەسەندنێکی شێواوی ھەبووە، لە بەرزترین ئاستی گەشەکردنیدا دامەزراوەی میرنشینی درووست کردووە، کە دیارە بەراورد بە دەوڵەت، میرنشین دامەزراوەیەکی ناکامڵە. 

ھەڵەبەت ئاشکرایە چەندین کۆمەڵگەی تریش ھەبوون لە مێژوودا کە ھەمان بارودۆخی کوردیان ھەبووە لە رووی پەرەسەندنەوە، بەڵام لە رێگای ترەوە گەیشتوون یان گەیەندراونەتە ئاستێک کە دامەزراوەی دەوڵەتیان بۆ درووست بکرێت، ئەویش بە بڕیاری سیاسی دەوڵەتانی بڕیار بەدەست، واتە دەوڵەتیان بۆ درووستکراوە، نەک لە رووی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیەوە گەیشتبنە ئاستی پێکھێنانی دەوڵەت. نموونەی زۆرێک لەو دەوڵەتە بە ناو نەتەوەییانەی لە دوای جەنگی جیھانی یەکەم لە رۆژھەڵاتی ناوەراستدا یان لەسەر پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی درووستکران. لە نموونەی ئەوانەش دەوڵەتی نوێی عێراق و سوریاو لوبنان و ئۆردون و دەوڵەتان و میرنشینەکانی کەنداو...تاد، کە لە رووی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتیانەوە کۆمەڵگەکانی ئەوان لە کوردی پێشکەوتووتر نەبوون، بەڵام جووتبوونی بەرژەوەندی ئەو جوگرافیایانە لەگەڵ بەرژەوەندی دەوڵەتانی بڕیاربەدەستدا، بە تایبەتی ئیمپریالیزمی بەریتانیای دوژمنی گەلان و ئازادی ھۆکاری درووستکردنی دەوڵەتانی ناوچەکە بوو بۆ بەرژەوەندی خۆی، کە ئەو ھەلەی بۆ ئەوان رەخسێنرا ئەوکات بۆ کورد نەڕەخسێنراو دژایەتیش کرا، کە دیارە خراپ کارکردنی کورد خۆیشی و باش تێنەگەیشتنی لە رەوتی سیاسی ئەو کاتە و لەسەروبەندی جەنگی یەکەم و پاش جەنگیشدا لەو رووەوە دەوری بینیووە.
ئێستا سەدەیەک بەسەر جەنگی جیھانی یەکەم و سایکس بیکۆدا تێدەپەڕیووە، کە نەخشەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستی بەو شێوەیەی ئێستا داڕشت و چەندین دەوڵەتی لە ناوچەکەدا درووست کردو، کورد بوو بە قوربانی لەو پەیماننامەیەداو کرایە کۆڵۆنیەکی نێودەوڵەتی.

 کەواتە ئەوەی ئاشکرایە دەوڵەتانی ناوچەکە کە دواترو تاکو ئێستاش زۆریان وەکو دەوڵەتی نەتەوەیی  خۆیان دەناسێنن، بەرھەمی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەکانیان نین، بەڵکو دەوڵەتی بە بڕیار درووستکراون. ئێستا پرسیار ئەوەیە ئایا لە ئێستادا لە رووی کۆمەڵایەتیەوە کورد چەند قۆناغ لە کۆمەڵگەکانی ھەموو ئەو دەوڵەتانە پێشکەوتووترە کە ئەو کات دەوڵەتیان بۆ درووستکردن و تەنانەت ھەندێکیانیان کرد بە فەرمانڕەوای بەشێکی فراوانی کوردستان لە باشوورو لە رۆژئاوا. ھەروەھا لە رووی سیاسی و ئامادەبوونەوە کورد لە ناوچەکەدا ئێستا ئامادەبوونێکی دیاری ھەیەو بە تایبەتیش دوای بەرەو شکستچوونی ھەردوو دەوڵەتی عێراق و سووریاو دەرکەوتنیان وەکو دوو دەوڵەتی شکستخواردووی تائیفی ھەڕەشە بۆ سەر ئازادی و سادەترین بنەماکانی ژیانی ھاووڵاتی. ئێستا چاوەڕوانی سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی جوگرافیای سیاسی ناوچەکە دەکرێت، بۆیە ناشێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت کە کورد لە باشووری کوردستان وەکو ئەوەی ئێستا لەم بارە شلۆقەدا بمێنێتەوە، واتە ئەو بارەی نە دەوڵەتە و نە زەمانەتێکیش ھەیە بۆ پاراستنی ھەتاھەتایی لەبارێکی وەھادا کە وەکو راوەستانە لەسەر خاڵی شلۆق.

 ئێستا ئەو کاتەیە کە کورد پێویستی بە بڕیاردانی بوێرانە ھەیە کە ئەویش بڕیاردانی درووستکردنی دەوڵەتە. دیارە ئەوە ئاشکرایە کە بڕیارێکی لەم جۆرەش جۆرێک لە سەرکێشی دەوێت، واتە دەبێ چاوەڕوانی ئەوە بکەین ئەگەر کورد لە باشوور ئێستا دەوڵەت درووست بکات، ئەگەری ئەوەی ھەیە رووبەڕووی فشارو کاردانەوەی کاتیی دەوڵەتانی دەوروبەر ببێتەوە بە تایبەتی پاشماوەی ھەردوو ئیمپراتۆرەکەی رابردوو واتە ئێران و توورک. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە کە دەبێ ئێمە بترسین و ھەرگیز نەوێرین بڕیار بدەین، نەخێر دەبێ ھەم ئەوە لەبەرچاو بگرین کە مەترسی دێتە رێمان و دەبێ خۆمان ئامادە بکەین بۆ رووبەڕوبوونەوەی ئەو مەترسیانە، بەڵام بە لۆجیکی عەقڵ و کاری دیپلۆماسیانەی لێھاتوو بە گوێرەی ئەوەی پەیوەندی بە فشاری دەرەوە ھەیە کاربکەین و دەبێ ھەوڵی ئەوە بدەین کە ھەم ئەوان تێبگەن دەوڵەتی کوردی مەترسی نابێت بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەوان، ھەم کوردی لە بوون بە دەوڵەتدا دەتوانێت ھەموو ئەو ئیلتیزاماتانە جێبەجێ بکات کە سیاسەتی نێودەوڵەتی و دراوسێیەتی دەیخوازێت. 

لەسەر ئاستی ناوەوەش دەبێ ئامادەباشی بکرێت بۆ ئەوەی زیاترین پانتای کۆمەڵایەتی کۆمەڵگەی کوردی پاڵپشتی بڕیارێکی لەوجۆرە بکات کە ئەوەش وەکو چەندینجار گوتوومانە پێویستی بە یەکێتی نەتەوەیی ھەیە. یەکێتی نەتەوەیش بە پشتکردنە یەکترو ھەوڵدان بۆ سڕینەوەی یەکتر پێکنایەت، بەڵکو بە یەکتر قبوڵکردن و دەستدانە دەستی یەکترو پێکەوە کارکردن بەرھەم دێت. من دەزانم ئەم یەکێتی و یەکبوونە لە ئاستی قوڵدا ھوشیارییەک درووستی دەکات کە ھێشتا لە کۆمەڵگەی کوردیدا پێنەگەیشتووە، چونکە ئەو ھوشیارییە بەرھەمی ناسیونالیستێکی خاوەن شووناسە کە ھەڵگری پرۆژەی ناسیونالیزمە. پرۆژەی ناسیونالیزمیش لە سادەترین پێناسەیدا پرۆژەی درووستکردنی دەوڵەتی نەتەوەییە. دیارە ئەگەر ناسیونالیزم بوو بە بەرنامەی کۆمەڵگە ئەوا یەکێتی و یەکبوونی کۆمەڵایەتی بە سرووشتی درووست دەبێت، چونکە ناسیونالیزم ئەو ئایدیۆلۆجیا کۆمەڵایەتیەیە کە ھەموو دیوارە ناوخۆییەکانی نێو کۆمەڵگە لە پێناوی درووستکردنی یەکەیەکی یەکگرتوودا دەڕوخێنێت و دامەزراوە جۆراوجۆرەکانی لە جۆری حیزب و دەستەو گروپ و خێڵ و عەشیرەت و ئایین و مەزھەب و رێکخراوو ناوچەو زاری جۆراوجۆری زمان دەکاتە یەکەیەکی یەکگرتوو کە ئەویش وەکو تاکە ھێزێکی کۆمەڵایەتی ھەنگاو دەنێت بەرەو سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەت، کە لەوێشەوە نەتەوە پێکدێت. بەڵام مادەم بارودۆخی نێودەوڵەتی و ناوچەکە ئێستا دەخوازێت کە کورد بڕیاری چارەنووسی خۆی بدات و ئێستاش باسی ریفراندۆم دەکەین کەواتە پێویستە چی زەمینەسازی پێویست ھەیە بۆ ئەو مەبەستە ئەنجامی بدەین و ھیچ کاممان، ھیچ حیزب و لایەنێک نابێت مەرجی ھەبێت بۆ رێکخستنی ناوماڵی کوردی چونکە چارەنووسی نەتوایەتیمان، سەربەخۆیی و دەوڵ‌ت لە ھەموو ئیمتیازێک گەورەترەو دەبێ لە پێناویدا ھەمووان دەست لە ناودەست بنێن و ھەموو کێشە سیاسی و ئیداریەکانی ناوخۆ بە زووترین کات چارەسەر بکەن.  


 بەھەرحاڵ دەبێ ئێمە ریالیستانە سەیری واقیعی خۆمان بکەین و دان بەوەدا بنێن کە لە ئێستاداو لەم بارودۆخە وروژاوە ناجێگیرەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ناتوانرێت چاوەڕوانی ئەوە بکرێت ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتیە دەستبەجێ درووست ببێت و کۆمەڵگە بکاتە یەکەیەکی یەکگرتوو بۆ سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەت، بۆیە بەلایەنی کەمەوە دەبێت ئەگەر بەڕاستی دەمانەوێت دەوڵەت رابگەیەنین، ئەوا بەکاری ھاوبەش و بە ھەوڵدان بۆ رووخاندنی دیوارە ناسروشتیەکانی نێو کۆمەڵگەی کوردی ھەنگاوی بەرەو جۆرێک لە یەکبوون و یەکگرتن ھەڵبھێنین لە پێناوی سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتداو لە پێناوی پاراستنیشیدا، کە دەشێ دواتر لەژێر چەتری ئەو دەوڵەتەدا ھەنگاوی زیاتری بەرەو گەشەکردن و پەرسەندن و سەقامگیری ھەڵبھێنین کە ئەمانەش بنەمای پێویستن بۆ ھەنگاونان بەرەو دیموکراسی و ئازادی زیاترو درووستکردنی حکومەتی ھاووڵاتی، چونکە ئاشکرایە بەبێ چەتری دەوڵەت و سەربەخۆیی و پێشکەوتنی ھەمەلایەنەو سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتی، دیموکراسی و ماف و عەدالەت، بێجگە لەقسەی بێ گەوھەر ھیچیتر نیەو دەلالەتیشە لەسەر نەناسینی چەمکی دەسەڵات و نەناسینی تایبەتمەندییەکانی کۆمەڵگەی کوردیش وەکو کۆمەڵگەیەکی داگیرکراوی دابەشکراوی پەرەسەندوو شێواوی پەراوێزی مێژوو. 

بێگومان یەکێتی و یەکبوون ئەگەر وەکو ئەوەی لە خەیاڵی ئێمەدایەو وەکو پێویستیش نەبێت بەڵام دەبێ بزانین کە ھەر لە بنەما سەرەکیەکانە بۆ سەربەخۆیی کوردستان و درووستکردنی دەوڵەتی کوردی.

 ئێمە دەزانین لەبەر لاوازی ناسیونالیزمی کوردی و لەبەر پێکنەھاتنی گوتاری ناسیونالیزمی کوردی خاوەن شووناس، ئومێدی یەکێتی و یەکبوونی ھەموو کوردی باشوور لەیەکەیەکی یەکگرتوودا وەکو جۆرێک لە خەیاڵی رۆمانسیانە وایە، بەڵام دەکرێت بە کۆشش و کارکردن و گیانی لێبوردەیی و ھەوڵی ھەمەلایەنەی ھەمووان و بە تایبەتی ئەوانەی بەرپرسیارێتی زیاتریان لە ئەستۆدایە بۆ دەستگرتنی ئەوانی ترو تەنانەت بە دەستبەرداربوونی زۆرێک لە ئیمتیازاتەکانی خۆیان بۆ ئەوانی تر لە پێناوی درووستکردنی کۆدەنگیەکی نەتەوەیی زیاتردا، دەشێ زەمینەسازی کۆمەڵایەتی بۆ بڕیاری سەربەخۆیی بسازێنرێت. ھەڵبەت ئەوەش دەزانین کە رێکخستنی باری ئابووری و باشکردنی بژێوی خەڵک و درووستکردنەوەی ئینتیما لەلای خەڵک بۆ خاک و نیشتیمان و نەتەوە بنەمایەکی سەرەکی ترە بۆ کۆدەنگی و بۆ سەربەخۆیی و بەدەستھێنانی شووناس کە ئەوانەش لە ھەنگاوە گرنگ و سەرەتاییەکانن بۆ راگەیاندنی دەوڵەت. 

ھەڵبەت لەسەر ئاستی مەعنەویش پێویستمان بە جۆرێک لە رێنیسانسی گشتگری نەتەوەیی ھەیە بۆ بیناکردنەوەی کەسێتی تێکشکاوی کوردی تا بگاتە ئاستێک کە ببێتە بکەری رووداودرووستکەر و چیتر لەبەردەمی ئەوی نەتەوەی سەردەستدا بچوک و بستەباڵا خۆی نمایش نەکات. ئێستا بەجۆرێک ئەو دەنگە لە سەرئاستی جەماوەری و حیزبیش لە کوردستان دەبیسترێت کە ئومێدی زیاترمان بەوە ھەیە کەسێتی کوردی بە گشتی بگاتە ئەو ئاستەی لە پێناوی سەربەخۆیدا یەک دەنگ بێت و لەبەردەم داواکاری و چاوسوورکردنەوەو تەنانەت ھەڕەشەی ئەوانی تردا دەستبەرداری داواکارییە نەتەوەییەکانی خۆی نەبێت. مەبەستمان لەم قسەیە دوژمنایەتیکردنی ھیچ نەتەوەو ئیتنیکێکی تر نیە، بەڵکو مەبەستمان گەیشتنی کەسێتی کوردیە بەئاستێک کە تیایدا خۆی لەوانی تر بەبچووکتر نەزانێت.

بەڵێ ئەو قسەیە ھەرگیز راست نیە کە گوایە ئێستا کاتی راگەیاندنی سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەتی کوردی نیە، بەڵکو بە پێچەوانەوە ئەگەر کورد خۆی ئامادەبێت بۆ راگەیاندنی دەوڵەت بەو ئامادەکارییانەوە کە لەسەرەوە باسمانکردن، ئەوا ئێستا باشترین و لەبارترین کاتە بۆ بڕیارێکی لەوجۆرەو ئەسڵەن پێویست بەوە ناکات چاوەڕوانی بارودۆخی لەمەی ئێستا باشتر بکات.

بەڵێ ئێستا بارودۆخی نێودەوڵەتی لەبارە، ھیچ ھەنگاوێکی لەم جۆرەش بێ کێشەو بێ سەرکێشی و بێ مەترسی نابێت، بەڵام زەمینەسازی ناوخۆ زەمانەتی سەرکەوتنی بڕیارێکی لەم جۆرە دەکات. ئەگەر باشووری کوردستان سوود لەم بارودۆخە وەرنەگرێت ئەوا ھەمان ھەڵەی کاتی روخاندنی رژیمی سەدام حسێن دووپات دەکاتەوە. بەڵام ئەگەر بە لۆجیکی عەقڵ بیربکرێتەوە ئەوا بە جێبەجێکردنی ئەو ئامادەباشیە ناوخۆییانەوە کە باسمانکردن کورد بێ ھیچ ترس و دوودڵیەک دەتوانێت بڕیاری سەربەخۆیی و درووستکردنی دەوڵەت بدات. 

رەنگە لە سەرەتاوە کێشەی زیاترمان بۆ درووست ببێت، بەڵام سەرئەنجام ئەوە تاکە رێگای دەربازکردنی باشووری کوردستانە لە کۆی ئەو کێشانەی کە ئێستا پێوەی دەناڵێنێت، چونکە لەسەر ئاستی دەرەوە درووستکردنی دەوڵەت زۆرێک لە کێشەکانی ئێستای باشووری کوردستان چارەسەر دەکات، لەسەر ئاستی ناوخۆش درووستکردنی دەوڵەت ھەموو ئەو لایەن و حیزب و گروپ و  تاکە کەسەکانیش لەژێر چەترێکدا کۆدەکاتەوەو لە مەترسیەکانی رابردوو رزگاریان دەکات. بێگومان ئەگەر لەسەرەتاوە دووچاری کێشەو رەنگە تەنگ پێ ھەڵچنینیش ببین، بەڵام سەرئەنجام دەوڵەتی کوردی دەبێتە دیفاکتۆو ھەرچۆن حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەسەرەتاوە ئێران و تورکیاو عێراق و سوریاش دژی بوون، بەڵام دواتر بە ناچاری مامەڵەیان لەگەڵ کردو، باڵوێزخانەشیان لە کوردستان کردەوە، بەھەمان شێوە ئەو دەوڵەتانە مامەڵە لەگەڵ دەوڵەتی کوردی دەکەن و سەرئەنجام دانیشی پێدا دەنێن. بێگومان ئەگەر دەوڵەتی کوردی درووست ببێت، لە ماوەیەکی کورتدا کوردستان دەتوانێت ھەم کێشە ناوخۆییەکان تێبپەڕێنێت و ھەم خۆی لەگەڵ دنیای دەرەوەشدا بە باشی و ھاوسەنگی بگونجێنێت. 
                                                                               

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP