با كەوا سوورەكان دانیشن وا شاییەكە تەواو دەبێت

نەبەز گۆران - 22-07-2017 - 5497 جار خوێندراوەتەوە


هەندێكجار كە لەگەڵ قافڵەیەك دەرۆیت، ئەوەی گرنگە بەلاتەوە مەنزڵەكەیە، نەك پێش و پاشكەوتنی خەڵكی ناو قافڵەكە. بەڵام كاتێك دەبینیت لەناو قافڵەكەدا دەستەیەك كە هەمیشە لە دواوە بوون، دەستەیەك هەم بارەكەیان باری گران نەبووە، هەم لەناو قافڵەكەش حەزیان لێبووە لەكاتی لادانی كاروانسەراكان شتێكی زیاتر بخۆن، لەبەر خواردنی شتێكی زیادە نەیانوویستووە بێنە پێشەوە. ئەما كتوپڕ سەر بەرزدەكەیتەوە دەبینی ئەو كەوا سوورانەی لەدواوە نیخە نیخیاندەكرد بۆ ئەوەی شتێك زیاتر لای ناندەی قافڵەكە بخۆن، دەیانەوێت لەكاتی نزیكی لە مەنزڵ خۆیان بخەنە پێشەوە!

تۆ كە سەیری بەردەمی خۆتدەكەیت كەوتوونەتە پێش، گوێنادەیتێ‌ تا بزانی بەخۆیان و ئەم كەوا سوورەیانەوە بەنیازی چین. كە دەبینی سەریان خستوەتە سەریەك و خەریكە رێگای قافڵەكە دەگۆڕن، دەبێت بێ‌ هیچ شتێك بیانگەرێنیتەوە شوێنی خۆیان.

كوا سووری ناو ناندەكان لەناو هەموو قافڵەكاندان. دەمێك لەدواوەن بۆ ئەوەی لای ناندەكە شتێكیان دەست بكەوێت، دەمێكیش لە پێشەوەن چونكە وادەزانن خەریكە مەنزڵەكە بگاتە جێ و هەڵپەی شتێكیانە. لەهەردوو حاڵەتەكەدا ئەو كەوا سوورانە بۆ ناندەی خۆیان دەگەڕێن، نەك هیچ شتێكی دیكە. لەهەمووشی گرنگتر ئەوەیە، باشدەزانی پێكەوە بەیەك قافڵە هاتوون، هیچتیان هیچی نەبووە، ئەمرۆ ئەوان هەموو شتیان هەیە، لە دوریشەوە بە كەواكەیاندا دەیان ناسیتەوە، دەشزانیت ئەوەی هەیانە هی خۆیان نییە و، بە شێوەی پێچوپەنا دەستیانكەوتووە. لە خۆشیان وایە كەس نازانێت خەریكی چڵپاو خواردنن.

لێرەدا چیرۆكێكم بیردەكەوێتەوە.
(( دوو ئاشنام هەبوون هەردووكیان پەرلەمانتار. كە خولەكەیان تەواو بوو، یەكێكیان بەهەزار قەرزە و قۆڵە تا توانی كەچە ئۆتۆمبێلێك و كوخێك بەخۆیی و منداڵەكانی بەدەست بهێنێت، یەكێكی تریشیان كۆشك و ئۆتۆمبێلی گران بەها و خۆش ژیانی دەگوزەران. ئەوەیان لەژێر قەرزابوو دەیگووت: باشە كە رۆشتینە ناو پەرلەمان حاڵمان وەك یەك بوو. كە هاتینە دەریشەوە هەردووكمان وەك یەك موچەمان هەبوو، تێناگەم ئەو ئەم هەموو شتەی بە چی پەیداكردوە؟.))

ئەو ئاشنایەم نەیدەزانی، لە هەموو شوێنێك بخۆر هەیە. لە هەموو شوێنێك _با_ هەیە و شەنكەریش هەیە. ئەو شەنكەرانە لەناو قافڵە سیاسییەكاندا كەواكەیان سوورە. بەو كەوا سوورەی خۆیانەوە دەبێت بیریان نەچێت، ئەگەر هەندێكجار كەوتنە پێش قافڵەكەوە خۆیان لێبوو بەسەر قافڵە، ئاگادار بكرێنەوە بگەرێنەوە دواوە بۆلای ناندەكە. ئەگینا ئەو ئەوەی لە رێگاكەدا دەستیان كەوتووە و لەبەر خاتری قافڵەكە هیچی لەسەر نەوتراوە، لەخۆیان بگۆڕێن و خۆیان لێببێت بە قافڵەچی، بێگومان هەرچی لەكاتی جوڵانی قافڵەكەوە تا ئەم كاتەی دەستیانكەوتووە لە چڵپاو خواردندا، هەمووی دەهێنرێتەوە بە لالێویاندا. 

گەر زۆر گوێ بەم سورانە نەدەی،  رێگا راستەكەی قافڵەكە تێكدەدەن. بێدەنگ بوون لێیان، بێدەنگبوونە لە حەقیقەتێك كە نابێت بێدەنگبی لێی. تائێرە لە رێگاكەدا لە چەند شوێن لایانداوە و خەریكی هەڵپەی كۆكردنەوە بوون، پێویستە بهێنرێتەوە بیریان و پێیان بوترێت، ئەگەر بڕیارە بەرەو مەنزڵێك بڕۆین، ئەوەی پێویستە هەرگیز بیر لە سەر قافڵەیی نەكاتەوە، ئەوانەن كە هەركاتێك چمكی كەوا سوورەكەیان بەرزبكەیتەوە پڕە لەو كەلوپەلانەی لە رێگاكەدا دەستیانكەوتووە و ئەمڕۆ لە ژێر كەواكانیاندا شاردویانەتەوە. نە ئەهلی قافڵەكە هێندە كوێرن نەزانن چی لەژێر كەواكانیاندایە، نە ئەوانیش بەخۆیان و كەوا سوورەكانیانەوە دەتوانن بكەونە پێش قافڵەكە. ئەمە تەنها سەرەتایەكە بۆ گێڕانەوەی ئەو حیكایەتەی كە ئاڵۆزە و، وردە وردە حیكایەت خوان ئاڵۆزییەكە لادەبات و، یەك یەك كەواسوورەكان هەڵدەداتەوە بۆ ئەوەی ژێر كەواكانیان ببینرێت چی تێدایە. ئەگەر وەستان ئەوە باشتر با قافڵەكە بڕوات، گەر نەشوەستان چی لەوە رۆمانسیترە كەوایەكی سوور بەرزبكەیتەوە پر بێت لە كەلوپەلی شاراوەی ئەم و ئەو.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP