كاتی‌ ریفراندۆم له‌نێوان به‌ڵێ و نه‌خێردا

مەریوان عەلی محەممەد - 19-07-2017 - 4037 جار خوێندراوەتەوە



له‌ ڕووی سیاسیی به‌رله‌ هه‌ر هه‌نگاوێگ پێویسته‌ درك به‌و راستییه‌ بكریت ده‌ستبردن بۆ پرسێكی‌ گرنگ و هه‌ستیاریی وه‌ك ریفراندۆم كه‌ ئامانج لێی سه‌ربه‌خۆیی بێت , به‌ربه‌ست و  له‌مپه‌ری نێوخۆیی و ناوچه‌یی و هه‌رێمایه‌تیی و نێوده‌وڵه‌تیی دێته‌ ڕێی,  بۆیه‌ پێویسته‌  زۆر به‌وردیی و پشوو درێژیی كاری بۆبكرێ بۆ ئه‌وه‌ی‌ زۆرترین  پشتیوانیی بۆ ئه‌و پرسه‌ كۆبكرێته‌وه‌ و لایه‌نه‌كان له‌هه‌ر كێشه‌یه‌كدا هاوكاربن پێویسته‌ سه‌ره‌تا:

1-كۆنگره‌یه‌كی‌ نه‌ته‌وه‌یی نیشتمانیی به‌رفراوان به‌به‌شداریی ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاو له‌ كه‌سانی شۆرشگێری‌ كوردانی‌ رۆژئاوا و باكوور و رۆژهه‌ڵات و كه‌سانی ئه‌كادیمی‌ و مامۆستایانی‌ زانكۆ و قوتابخانه‌ بنه‌ره‌تیی و مامۆستایانی‌ ئاینیی و پیشه‌واران  و سه‌ندیكاكان و رێخكراوانی‌ ژنان و مافی‌ مرۆڤ و رۆشنبیران و نووسه‌ران و مێژوونوس و رۆژنامه‌نوسان و كاسبكاران و كه‌سانی‌ سیاسیی باشووری‌ كوردستان رێكبخرێت و تیایدا ده‌یان كۆمیته‌ له‌كاسانی‌ شاره‌زا پێكبهێنرێت كه‌ هه‌ر كۆمیته‌یه‌كیان ئه‌ركی‌ كۆكردنه‌ه‌وه‌ی‌ ده‌نگ و رای گشتی‌ و جیهانیی بۆ ڕه‌وایه‌تیی مافی‌ سه‌ربه‌خۆیی له‌چوارجێوه‌ی‌ یاسای‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ئه‌ستۆ بگرێت، له‌ پێگه‌یاندن و هاوكارییكردنی‌ كه‌سانی‌ خاوه‌ن بروانامه‌ی‌ به‌رز له‌ ولاتانی‌ ئه‌وروپی و یه‌كێتیی ئه‌وروپا وجیهانی عه‌ره‌بی  تا له‌هه‌لبژادنه‌كانی‌ ئه‌و شوێنانه‌دا سه‌ربكه‌ون و بگه‌نه‌ شوێنی‌ ده‌ركردنی‌ بریاره‌كان  له‌و ولاتانه‌ بۆئه‌وه‌ی‌ له‌پرسێكی‌ وه‌ك سه‌ربه‌خۆیی به‌تایبه‌تی‌ و هه‌رپرسێكی‌ دیكه‌ی‌ كورد به‌گشتیی ببنه‌ پاڵشت و هاوكار.

2- به‌شداریی پێكردنی‌ كوردانی‌ سێ پارچه‌كه‌ی‌  دیكه‌ی‌ كوردستان له‌ پرسی‌ ریفرندۆم له‌ باشووری‌ كوردستان كه‌ ئامانج لێی سه‌ربه‌خۆیی بێ  هێنده‌ی‌ پشتیگیریی وڵاتێكی‌  زلهێزی‌ وه‌كو ئه‌مریكا بۆ ئێمه‌ گرنگ و پێویسته‌ چونكه‌ زۆر به‌دڵنیاییه‌ فاكته‌ریی مه‌زهه‌بیی گه‌وره‌ترین به‌ره‌ دروستده‌كه‌ن  بۆ دژایه‌تییكردنی‌ پرسه‌كه‌ , بۆیه‌ به‌شدارییكردنی‌  كوردانی‌ سێ پارچه‌كه‌ی‌ كوردستان له‌ هه‌نگاوه‌كانی‌ به‌ره‌وسه‌ربه‌خۆیی بوون له‌  باشوور زۆر پێویسته‌.

3- ئامانج و ئه‌ركێكی‌ دیكه‌ی‌ كۆمیته‌كان بۆ به‌ستنی‌ كۆرو كۆبونه‌وه‌ له‌ زانكۆكانی‌ وڵاتانی‌ ده‌ره‌وه‌ بۆ ئاشناكردنی‌ گه‌نجان و گه‌لانی‌ ئه‌و وڵاتانه‌ له‌ دۆزی‌ كورد له‌رووی‌ زمان و ئاین و كلتوور و نه‌ته‌وه‌ و مافی سه‌ربه‌خۆیی بۆن وه‌ك هه‌ر له‌نه‌ته‌وه‌یه‌كی‌ دیكه‌ی‌ جیهان.

4- بڕیارێكی‌ گرنگی‌ كۆنگره‌نه‌ته‌وه‌یه‌كه‌ له‌ودابێت هه‌ر كاتێك ده‌ستكرا بۆ كاركردن بۆ سه‌ربه‌خۆبوون له‌ باشووری‌  كوردستان  ماوه‌ و كاتی‌ راِگه‌یاندنی‌ سه‌ربه‌خۆیی بوون له‌ باشوور له‌ 10 ساڵ كه‌متر نه‌بێت و له‌  20 ساڵیش زیاتر نه‌بێت , به‌مانایه‌كی‌ دیكه‌ ئه‌گه‌ر ئه‌مرۆ قۆڵی لێهه‌لكراو وكاركرا بۆ سه‌ربه‌خۆیی بوون پێویسته‌ كاتی‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌ربه‌خۆیی بوون له‌دوای‌ 10 ساڵی‌ دیكه‌ بیری‌ لێبكرێته‌وه‌   و هه‌ڵسه‌نگاندێكی‌ زانستیی  و پیشه‌یی بۆ بارودۆخ و كاری‌ كۆمیته‌كان و ئیستیجابه‌ی‌ ولاتان بۆ پرسی‌ راگه‌یاندنی‌  سه‌ربه‌خۆیی بكرێت وپاشان له‌ماوه‌ی‌ 10  ساڵی‌ دیكه‌ ئه‌وسا  كاتێك بۆ راگه‌یاندنی‌ سه‌ربه‌خۆیی دیاری‌ بكرێت.

5- له‌ماوه‌ی‌ ئه‌و 20 ساڵه‌دا بێگومان چه‌ندین حكومه‌ت ده‌گۆرێت و له‌وماوه‌یه‌شدا كۆمه‌یته‌كان مه‌سه‌له‌ی‌ سه‌ربه‌خۆیی به‌گوێی حكومه‌ته‌كان ده‌ده‌ن و سه‌رۆكی‌ هه‌ر وڵاتێكیش كه‌ دێته‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵات كه‌ گوێی له‌ پرسی‌ سه‌ربه‌خۆیی بوونی‌ كورد ده‌بێت له‌لایدا شتێكی‌  نوێ و نامۆ نابێت، بۆیه‌ مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاتانه‌ زۆر ئاسانتر ده‌بێت له‌وه‌ی‌ كه‌ پێشتر هیچ ئاماده‌كارییه‌كی‌ بۆ نه‌كرابێت.

6- به‌بێ ئه‌و ئاماده‌كارییه‌ی‌ كه‌له‌خاڵه‌كانی‌ سه‌ره‌وه‌دا باسكراون، هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك پشت ئه‌ستوور به‌ شه‌رعه‌ییه‌تی‌ شۆرشگێریی یان به‌خه‌باتی چه‌كداریی یان فریو بخوات به‌ده‌ستخۆشیی هه‌ندێك وڵات كه‌به‌هۆی قاره‌مانێتیی پێشمه‌رگه‌ی‌ دلێری‌  كوردستان   كه‌ شكستیان به‌ ده‌وڵه‌ته‌ ڕه‌شه‌كه‌ی‌ داعش هێنا بگاته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی‌ كه‌ ئێستا كاتی‌ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی بونه‌  ئه‌وا كه‌س و لایانانه‌  یان ساویلكه‌ی‌ سیاسیین  یان بۆ موزایه‌ده‌ و داپۆشینی‌ ئه‌و شكسته‌ زۆر و زه‌وه‌ندانه‌ ده‌یكه‌ن كه‌ له‌ماوه‌ی‌ 25 ساڵی‌ رابردوودا به‌سه‌ر ئه‌م هه‌رێمه‌یان هێناون, پێشمه‌رگه‌ی‌ قاره‌مانی‌ كوردستان ماوه‌ی‌ زیاتر له‌نیو سه‌ده‌یه‌ خوێن ده‌به‌خشێت و قوربانی ده‌دات  بۆ به‌ده‌ستهێنانی‌ مافی‌ ره‌وای‌ گه‌لی‌ كورد  له‌و ماوه‌یه‌دا هیچكام له‌و وڵاتانه‌ی‌ كه‌ ئێستا به‌هۆیی ترسی‌ خۆیان له‌مه‌ترسییه‌كان داعش  ستایشی‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم ده‌كه‌ن، نه‌بوو و نه‌كرا بۆ جارێكیش بێت بچكوترین هه‌ڵوێستیان هه‌بێت به‌رامبه‌رئه‌و زوڵم و كاولكارییه‌ی‌ حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوا یه‌كه‌كانی‌ عراق به‌رامبه‌ر نه‌ته‌وه‌ی‌ كوردیان كرد، ئه‌وه‌ی‌ حزبی‌ به‌عسكردنی‌ كه‌متر به‌بوون له‌وه‌ی‌ داعشكردنی‌, هه‌ردوولا یه‌ك  دیكتاتۆر بوون به‌دوو ناو و ناونیشانی‌ جیاواز، به‌ڵام جیاوازییه‌كه‌ له‌وه‌دابوو حزبی‌ به‌عس مه‌ترسیی نه‌بوو بۆیان  وه‌كو ئه‌وه‌ی‌ داعش ده‌یكرد, كه‌ زانیان داعش ئه‌توانێت  شه‌ره‌كه‌ بگوێزێته‌وه‌ ناو وڵاته‌كانیان ئه‌وسا به‌ناچاریی ده‌ستیان كرد به‌ هاوكاریی سه‌ربازیی بۆ هێزه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌، كه‌واته‌ له‌دوای‌ كۆتایی هاتنی‌ مه‌ترسییه‌كانی‌ داعش هاوكارییه‌كانیشیان بۆ هێزه‌كانی‌  پێشمه‌رگه‌ كۆتایی دێت.

بۆیه‌ ناكرێت ئه‌وده‌ستخۆشییه‌ی‌  هه‌ندێك  وڵاتی‌ ئه‌وروپی‌ له‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێمی‌ ده‌كات كه‌ له‌بنه‌ره‌تدا بۆ پێشمه‌رگه‌یه‌ نه‌ك بۆ حكومه‌ت بكرێته‌ ئامرازێكی‌ وه‌همیی و بوترێت ئه‌و ده‌ستخۆشییه‌ هێنده‌ كاریگه‌ره‌ كه‌ ئه‌و وڵاتانه‌ له‌پرسی‌ سه‌ربه‌خۆیی بوون پشتگیرمان ده‌كه‌ن, ئه‌گه‌ر پشت به‌ توانا ناوخۆییه‌كانیش ده‌به‌سترێت بیگومان هینده‌ كه‌موكورتیی هه‌یه‌كه‌ به‌راوردكردنیان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند كه‌ گه‌وره‌ترین به‌ربه‌سته‌ له‌به‌رده‌م ریفرامدۆندا ئه‌سته‌مه‌ له‌وانه‌ :

أ - له‌ ڕووی‌ داراییه‌وه‌ حكومه‌تی‌ ناوه‌ند ده‌یان ملیار دۆلار پاره‌ی‌ یه‌ده‌گی‌ له‌ باكه‌كانیدا هه‌یه‌ له‌به‌رامبه‌ردا حكومه‌تی‌ هه‌رێم جگه‌ له‌وه‌ی‌ بانكه‌كانی‌ خاڵین له‌پاره‌ به‌ده‌یان ملیار دۆلاریش قه‌رزاری‌ مووچه‌ی‌ فه‌رمانبه‌ر و به‌ڵێنده‌رو كۆمپانیا نه‌وتییه‌كانه‌.

ب -له‌ ڕووی‌ چه‌ك و جبه‌خانه‌وه‌ حكومه‌تی‌ ناوند ژماره‌یه‌كی‌ به‌رچاوی‌ له‌ كۆمپته‌ری‌ سه‌ربازیی و فرۆكه‌ی‌ جه‌نگیی پێشكه‌وتوو و هه‌زاران تانك و زریپۆش هه‌یه‌ كه‌ئه‌مانه‌ش واده‌كه‌ن هاوسه‌نگی‌ هێز له‌به‌رژه‌وه‌ندی‌ ناوه‌نددا بێت. ج\ له‌ڕووی سیاسیشه‌وه‌ هێنده‌ لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌ێم له‌گه‌ڵ یه‌كدا ناكۆكن له‌هیچ پرۆژه‌یه‌كی‌ نیشتمانیدا یه‌كناگرنه‌وه‌.

 بێگومان ناشكرێت له‌به‌ر بێهیواییمان له‌ پشتگیریی ده‌ره‌وه‌ و كێشه‌ سیاسییه‌ ناوخۆییه‌كان ئیتر كار بۆ سه‌ربه‌خۆیی نه‌كرێت چونكه‌ سیاسه‌تی‌ نێوده‌وڵه‌تی‌ له‌و جۆره‌ پرسانه‌دا ڕیژه‌ی‌ نه‌گۆرن وهیچ كاتێكیش نه‌كراوه‌ بڵێن فه‌رموون سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نن و ئێمه‌ش  قبوڵمانه‌ كه‌واته‌ ده‌بێت چی بكرێت؟

له‌ڕووی داراییه‌وه‌

ئاشكرایه‌ له‌ ئێستادا ئاو بۆته‌ كێشه‌كی جیهانیی و زۆر وڵات به‌تایبه‌تی‌ ئه‌وانه‌ی‌ سه‌رچاوه‌ی‌ ئاو له‌ناو خاكه‌كه‌یاندا هه‌یه‌ ده‌ستیان كردوه‌  به‌ دروستكردنی‌ به‌نداو بۆئه‌وه‌ی‌ له‌و قه‌یرانه‌ ئاوییه‌ی‌ كه‌ ده‌كرێت له‌ماوه‌ی‌  داهاتوودا سه‌رهه‌ڵبدات كه‌مترین زیانیان به‌ركه‌وێت , كه‌چی‌ ئه‌م حكومه‌ته‌ له‌ ماوه‌ی‌ 25 ساڵی‌ رابردوودا هیچ گرنگی و بایه‌خێكی‌ به‌و پرسه‌ گرنگه‌ نه‌داوه‌ , بۆیه‌ ئاسه‌واره‌كه‌ی‌  له‌ پرسێكی‌ وه‌كو ریفراندۆم ده‌رده‌كه‌وێت  و حكومه‌تی‌ ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی‌ گرتنه‌وه‌ی‌ ئاو له‌ خه‌ڵكی‌ هه‌رێم ده‌كات , ئه‌گه‌ر ئێران مه‌به‌ستیشی‌ له‌ گرتنه‌وه‌ی‌ ئاودا ته‌نیا بۆ گل دانه‌وه‌ی‌ ئاو بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی‌ گرفتی‌ كه‌مئاویی له‌وڵاته‌كیدا له‌هه‌مانكاتیشدا ده‌كرێت وه‌ك كارتێكی‌ فشار به‌كاری بێنێت بۆسه‌ر  هه‌رێم  بۆیه‌ پێویسته‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم له‌ ئێستاوه‌ كار بكات:

1- بۆ دروستكردنی‌ ده‌یان به‌نداوی‌ گه‌وره‌و بچوك له‌ناوچه‌ جیاجیاكانی‌ هه‌رێم بۆ گلدانه‌وه‌ی‌ ئاو بۆ خواردنه‌وه‌و ئاودێریی.

ِ2-گه‌شه‌پێدانی كشتووكاڵیی , پێویسته‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم بایه‌خی‌ ته‌واو به‌كه‌رتی‌ كشتوكاڵیی بدات و چیتر پشت به‌ ته‌نیا به‌نه‌وت نه‌به‌ستێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ داهات , كاربكرێت به‌ زیادكردنی‌ به‌هه‌رمیی ناوخۆیی له‌ سه‌وزه‌ و میوه‌ و گه‌نم و جۆ و گه‌نمه‌ شامی‌ .....هتد

3 – گرنگی‌ ته‌واو بدرێت به‌سامانی‌  ئاژه‌ڵ و ماسی‌.
 
4-دروستكردنی‌ كارگه‌ی جۆراوجۆر بۆ به‌رهه‌مه‌كانی‌ شیر و ماست و دۆشاوی‌ ته‌ماته‌ و زه‌یت 

5- پلانی‌ پێنج ساڵه‌ و ده‌ساڵه‌ دابنرێت بۆ كۆكردنه‌وه‌ی‌ داهات له‌ بانكانی‌ هه‌رێم كه‌ له‌ 30 ملیار دۆلار كه‌متر نه‌بێت.
 
6- دروستكردنی زیاتر له‌ دوو سایلۆ  له‌هه‌ر پارێزگایه‌كدا بۆ عه‌مبار كردنی‌ گه‌نم و جۆ .

بێگومان ئه‌گه‌ر ئه‌و خاڵانه‌ی‌ سه‌ره‌وه‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ زانستی‌  و پیشه‌یی فه‌راهه‌مبكرێت ئه‌وا ووڵاتانی‌ دراوسێ بیر له‌ داخستنی‌ سنوره‌كان ده‌كه‌ن  نه‌ بیر له‌ فشاری‌ ئابووری‌ ده‌كه‌نه‌وه‌ بۆ له‌باربردنی‌ پرسی‌ ریفراندۆم .

له‌ رووی‌ كۆمه‌ڵایەتیی
 هۆشیاركردنه‌وه‌ی‌  تاكی‌ كورد  له‌ گرنگیی و مافی‌ گه‌لان بۆ سه‌ربه‌خۆیی بوون , له‌و چوارچێوه‌یه‌دا له‌مه‌نهه‌جی‌ دیراسی‌ سه‌ربه‌وه‌زاره‌تی‌ په‌روه‌رده‌و و خوێندنی‌ باڵادا بابه‌تی‌ جۆرار جۆر دابرنێیت و هانی‌ خوێندكاران بدرێت توێژینه‌وه‌ی‌ زانستی‌ و تێزی‌ هه‌مه‌جۆره‌ پێشكه‌ش بكه‌ن  بۆ به‌ده‌ستهینانی‌ ماسته‌رو دكتۆرا له‌سه‌ر مێژووی‌ خه‌باتی‌ سیاسی‌ و شۆرشگێریی ده‌یان ساڵی‌ ئه‌و كه‌س و سه‌ركردانه‌ی‌ خه‌باتیان بۆ سه‌ربه‌خۆیی بوونی‌ نه‌وه‌ته‌وه‌ی‌ كورد كردوه‌ . 

له‌ ڕووی‌ نێوخۆییه‌وه‌
زۆر جار بۆ خۆڵكردنه‌ چاو و خۆدزینه‌وه‌ له‌كه‌موكوریی و شكسته‌ سیاسیی و ئابوورییه‌كان , گوێمان له‌ ده‌سته‌واژه‌ی‌ ئاشته‌وایی  نیشتمایی ده‌بێت, زۆرجاریش ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی‌ ئه‌و ده‌سته‌واژه‌یه‌ به‌كاردێنن هه‌رخۆشیان سه‌رنه‌گومكار و وونكردنین،  بۆیه‌ له‌ئیستادا هه‌موو ئاماژه‌ و په‌نجه‌كان ئاراسته‌ی‌ ئه‌و لایه‌نه‌ ده‌كرێت كه‌ بووه‌ هۆی‌ په‌كخستنی‌ په‌رله‌مان و ئیفلیج كردنی‌ كاری‌ حكومه‌ت و ده‌ڵێن ئه‌و لایه‌نه‌ی‌ كه‌ په‌رله‌مانی‌ په‌كخستووه‌  ته‌نیا بۆ موزایه‌ده‌و له‌بیربردنه‌وه‌ی‌  یاسای‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ هه‌رێم پرسی‌ ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی ده‌وروژێنیت، ئه‌گینا ئه‌وكه‌سه‌ی‌ به‌جددی‌ مه‌به‌ستی‌  ئه‌نجامدانی‌ راپرسیی بێت بۆ سه‌ربه‌خۆیی و خۆی‌ بخاته‌ ژێر باری‌ قورسایی مه‌سه‌له‌كی‌ گرنگ و چانووسازی‌ نیشتمانیی و نه‌ته‌وه‌یی بۆ  به‌ده‌ستهێنانی‌ سه‌ربه‌خۆیی بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ك كه‌ سه‌دان هه‌زار قوربانی‌ دابۆ درابێ، چ مه‌وزوعه‌ كێ سه‌رۆكی‌ په‌رله‌مانه‌!! كێ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ته‌!! كێ قایمقامه‌!! كێ به‌رێوه‌به‌ره‌، ده‌بوایه‌ ئه‌و لایه‌نه‌ له‌ پێناو به‌ئامانجگه‌یشتنی‌ ئه‌و پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ ده‌ستبه‌رداریی پۆست و پله‌كانی‌ خۆی‌ بێت بۆ لایه‌نێك ئه‌گه‌ر نیازی‌ لاساریی هه‌بێت  كه‌چی‌ خودی‌ خۆی‌ و حزبه‌كه‌ی‌ داوای‌ له‌كه‌سێك ده‌كه‌ن ده‌ستبه‌رداری پۆستێك بێت كه‌ یاساپاڵپشتێنی‌ و  شه‌رعییه‌  خۆشی له‌ ده‌ستی‌ به‌ پۆستێكدا گرتووی‌ كه‌ ناشه‌رعییه‌ و یاسا دژیه‌تی‌. 

ئاشته‌وایی نیشتمانیی راسته‌قینه‌ی‌ نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان  پێویستییه‌كی‌ هه‌نوكه‌ییه‌ بۆ پرسی‌ ریفراندۆم و هه‌نگاونان بۆ سه‌ربه‌خۆیی چونكه‌ هیچ تاكێكی‌ كورد ناتوانێت بڵێت سه‌ربه‌خۆییم ناوێ به‌ڵام ده‌توانێت بڵێت كاتی‌ نییه‌ بۆیه‌ ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستانه‌ ده‌سزززت بۆ ئه‌و پرسه‌ به‌رن و كه‌سیش نه‌ڵێت كاتی‌ نییه‌ ئه‌وا خۆتان له‌ زۆركه‌س زیاتر شاره‌زایی رێگاكه‌ن.... به‌ڵام ئایا ئێوه‌ به‌راست ئاماده‌ن؟
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP