بەپەلە

باشورو رۆژئاوای کوردستان دەبێتە دەوڵەتێکی کۆنفیدراڵ

سالار مه‌حمود - 19-07-2017 - 5429 جار خوێندراوەتەوە

شۆڕشی رۆژئاوای کوردستان پێنجەمین ساڵی پڕ لەسەروەریی و سەرکەوتنی کوردی لەسوریا تۆمارکرد. لەسایەی سیستەمێکدا بەناوی دیموکراسی گەلان توانراوە جگە لەکورد، نەتەوەو ئاینە جیاجیاکان و گروپە نەتەوییەکانی تر لە ژێر پەرچەمی ئەو شۆڕشەدا کۆبکرێتەوەو لەوەش گرنگتر رێکبخرێن بەرەو ئامانجێکی هاوبەش. لەم ساتەوەختەدا نزیکەی ۳٥٪ خاکی سوریا لە ژێر دەسەڵاتی گەڵدایە.

بەدرێژایی ۸٠٠ کم سنوری رۆژئاوا بە باکوری کوردستان واتە تورکیاوەیە. ئەمەش واتە قوڵاییەکی ستراتیژی  بۆ باشووری کوردستان و باکوریش دروستکردوە،۱۹ی تەمووز ساڵڕۆژی شۆڕشی رۆژئاوایە ، بەوبۆنەیەو لە پایتەختی رۆشنبیری باشوری کوردستان بە وتارێک بەناوی پەرلەمانتارانی کوردستان و گەلی باشووری کوردستانەوە  جەختمان کردەوە لە یەکڕیزیی گەلەکەمان کە گرەنتی سەرکەوتنەو سوپاسی هەڵوێستی پەیەدە لە رۆژئاوای کوردستان و هەدەپە لە باکور کرد، بۆ پشتیوانیان لە پرۆسەی ریفراندۆمی باشور بۆ سەربەخۆیی. بەو هەڵوێستەش دەرکەوت کورد تەنیا خۆی پشتیوانی خۆیەتی و دونیا پشتیوان نیە، گرەنتی سەرکەوتنیش یەکێتی و یەکبوونی کورد خۆیەتی و بەس.  

شۆڕشی رۆژئاوا شۆڕشی ژن و، ئازایی ژنی کوردە لە ئاستی دونیادا، شۆڕشی بەگژداچوونەوەی مەحاڵە. پێویستە سنوری نێوان باشورو رۆژئاوا بەتەواوی بکرێتەوەو واڵا بکرێت، ئەو سنورە دیاری سایکسپیکۆیەو پڕە لەغەدر بالەوە زیاتر خۆشمان غەدر نەکەین و سنورەکە بەگیانی هاونیشتمانی و برایەتی بکەینەوە. بۆ ئەوەی بتوانین لە ئایندەی نزیکدا بتوانین بیرۆکەی دەوڵەتێکی کۆنفیدراڵ لەنێوان رۆژئاواو باشوور بکەینە دیڤاکتۆ. 

با ئەو وتە مێژوویەی لەسەر کورد هەیە هەڵوەشێنینەوە کە دەڵێ (کورد لە شەڕدا ئازایانە سەردەکەون و لەسیاسەت و دانوستاندا ئاسانانە دەیدۆڕێنن). گەر ئەمجارەیان ژیرانە لەسەر خەت و هێڵی حزبیی و ئایدۆلۆژیەوە خۆ وتار بکەین و بچینە سەر هێڵی نەتەوەو نیشتمان ئەوا هاوبەشیەکانمان زۆرتر دەبن و بەهەمووانەوە ئەگەری سەرکەوتن لەبەدیهێنانی چارەنووسدا مسۆگەر دەکەین.

بەوەش لە ئاستی دونیاشدا دۆستی راستەقینە هەن بە راشکاوی پشتیوان دەبن، چونکە تا خۆمان فاکتەری ناوخۆیی رێکنەخەین بەرەو ئامانج لۆژیک نییە چاوەڕێی فاکتەری ئیجابی دەرەوە بین.

هەرچەندە هەموو لایەک خەریکە دەگەنە ئەو بڕوایەی کە ئایندەی کورد لە رۆژئاوا لەدابڕانی تەواوە لە سوریا وەک چۆن ئایندەی نزیکی باشوورلە دابڕانی تەواوە لە عێراق. ئاکام لەبۆتەی گۆڕانکاری نەخشەی ناوچەکەدا کوردستان ئەمجارەیان لەسەر نەخشەکە بەهەر فۆرمێک بێ ناوێک دەبێ لەسەر نەخشەی وڵاتانی ناوچەکە. هەموو پێدراوەکان ئەم راستیە وەک ئەگەرێکی بەهێز بەڵام مەرجدار بەیەکبوونی کورد دەسەلمێنن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP