xendan ads

گۆڕانی میانڕەو و گۆڕانی توندڕەو!!

مەجید ساڵح - 17-07-2017 - 1673 جار خوێندراوەتەوە

زیاتر لە دوو ساڵە پارتی بە هیوایەی بزوتنەوەی گۆڕان دەستەمۆ بکات، هەموو ڕێگاکانی تاقی کردەوە، بەڵام نەک هەر بۆی نەچووە سەر، بەڵکو خۆڕاگری و سەقامگیری گۆڕان وای کرد لایەنەکانی دیکەش پێداچوونەوە بە هەڵوێستەکانی خۆیاندا بکەن و تەسلیم بەو نەخشەیە نەبن کە بۆیان داڕێژراوە، هۆکاری ئەمە سێ شتە:

یەکەم: بەرنامەی گۆڕان لە بەرژەوەندی بزوتنەوەکە و کەسەکانی ناو بزوتنەوەکەدا دانەنراوە، بەڵکو هەڵقوڵاوی خواست و پێداویستیەکانی خەڵکە لە بەرژەوەندی گشتیدایە و لە دەساڵی رابردوودا گۆڕان بە قسەو کردەوە ئەمەی سەلماندوە و خەڵکیش متمانەیان پێکردوە.

دووەم: ئاستی هۆشیاری سیاسی و بەشداری سیاسی خەڵکی کوردستان بە گشتی و دەنگدەرانی گۆڕان بە تایبەت لە چاو رابردوودا یەکجار فراوان بووە و دەنگدەران هەمیشە دەنوکیان لە سەر سەرکردەکانی گۆڕانە کە نابێ لەو بەرنامەیەی بۆیان دیاری کراوە لابدەن.

سێیە: گۆڕان بزوتنەوەیەکی مەدەنیی بێ چەکە و بیانووی جەنگ و لەشکرکێشی بۆ بەرامبەرەکەی نەهێشتوەتەوە، ئەمەس خزمەتێکی زۆری بە پرۆسەی دیموکراتیزە کردنی کوردستان کردوە.

پارتی کە لە دوای رووخانی سەدامەوە تاکڕەوانە زەمامی ئموری کوردستانی بەڕێوە بردوە، بە هۆی سیاسەتی پەراوێز خستن و دەستەمۆکردنی لایەنە سیاسییەکانەوە دۆخێکی سیاسی و ئابوری وای دروستکردوە کە هیچ متمانەیەک نەماوە لە نێوان خەڵک و حکومەت و پارتی و لایەنە سیاسییەکانی دیکە، بۆ دەرباز بوون لەم دۆخە پێویستە پارتی:

یەکەم: دان بەو راستیەدا بنێت کە ناتوانێت بە پەلکێش کردنی ئەم حزب و ئەو کۆنە مەکتەب سیاسی و لە رێگەی سیاسەتی کوتەک و گێزەرەوە بزوتنەوەی گۆڕانیش وەک ئەوانی دیکە پەراوێز بخات تا دەستەمۆی بکات.

دووەم: هەموو هاوکێشە و هاوسەنگییەکان گۆڕان، چی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و چی لەسەر ئاستی ئیقلیمی و دەولییەوە بێت، مەرج نییە پارتی بتوانێ وەک جاری جاران بۆ بەرژەوەندی حزبی بەکاریان بهێنێت.

سێیەم: کاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەنەکان پێکەوە دانیشن و هەریەکە بە پێی سەنگ و قەبارەی راستەقینەی خۆی رۆڵ ببینێت لە داڕشتنی سیاسەتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی دوور لە ئەجەندای حزبی، بۆ دەرباز بوون لەم قۆناغە مەترسیدارە کە بە هۆی سیاسەتی تاکڕەوانەی حزبییەوە تێی کەوتووین.

چوارەم: بۆ گەڕانەوەی متمانە بە یەکتری، دەبێ پرسی ریفراندۆم و ئەو سیستمە سیاسیەی کە قەرارە لە ئایندەدا لە کوردستان بەرقەرار بکرێت پێکەوە گرێ بدرێت و لە پاڵ ریفراندۆمدا دەبێ دەستورێکی دیموکراسی و پەرلەمانی بخرێتە بەردەستی خەڵک بۆ ئەوەی دڵنیا بێت لەوەی ئەو دەوڵەتەی کە لە داهاتوودا دروست دەکرێ دەوڵەتێکی تۆتالیتار و پشتاوپشتی نادیموکراسی نییە.

هیوا بەستن بەوەی لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی گۆڕاندا "كەسانی میانڕەو سەربكەون" هیوایەکە لە سەر بۆش بونیاد نراوە، چونکە بزوتنەوەی گۆڕان بەرنامەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوری هەیە و نە گۆڕانی میانەڕەو و نە گۆڕانی توندڕەو ناتوانن لێی لادەن..


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP