xendan ads

زانکۆکەی ئێمە و حکومەتەکەی ئێوە

ئارام قەفتان - 16-07-2017 - 2838 جار خوێندراوەتەوە


سەردەمێکە ئەبڵەق بەدیار نامۆترین دەسەڵاتی دونیاوە ڕاماوم، کە هیچکات هێندەی فیلمە بەناوبانگەکانی ئەڵمانیا و وڵاتانی تر دەربارەی جەنگی جیهانی یەکەم و دوەم کاریگەر و سەرنج ڕاکێش نەبو. چی لەوە سەمەرەتر هەیە، جەنەڕاڵ و سەربازەکان حوکمی تەقە بۆ هاونیشتیمانی خۆیان دەردەکەن، لە خەونی ژیان بەئاگایان دەهێنن و بە گولـلەیەك خەمی ژیانیان لە کۆڵدەکەنەوە؛ دواتر لەژێر ئاڵای مرۆڤایەتی و دیموکراسی خەمی خۆیان بۆ فەوت بونیان دەخوازن، و لە کۆتایی هەر وتارێکدا دەڵێن بژی ئازادی.

من لە حەسرەت تەماشاکردنی ئەم فیلمە، دەستەکانم بەستراوە، ئارەزوی تەماشاکردنی هیچ دیمەنێکی ترم نیە. بەسەر ئەو فۆتۆیانەدا پێدەکەنم، کە هەڵۆیەك بەدیار منداڵێکەوە دانیشتوە تا بمرێ و ئەویش لاشەکەی بخوات، چونکە خۆم بونەوەرێکی بێ جورمی برسی کراوم، لەبری هەڵۆیەك، دەسەڵاتێ بەدیارمەوە دانیشتوە بمرم، تا دواتر وێنەم بگرێ و بیباتە ڕیزی وێنە جیهانێ مرۆڤ هەژێنەکانەوە و شانازی پێوە بکا؛ بێ ئاگا لەوەی جیهان ستایشی تاوانبار بە دووجار تاوان دەزانێ.

من بەدیار دەسەڵاتەوە ژێر چاوەکانم ڕەش دەبێ، کە ڕۆژانە تەپوتۆزی چەواشەکاری لە مەیدانێ بەرز دەکاتەوە. لەخەم ئەو دیمەنەوە ئێسقانەکانم درز دەبەن، کە هاونیشتیمانیانم ئەڵقەی ژەنگدار دەکەنە ملیان و لەگەڵ دراو دەیان گۆڕنەوە. بە دەم ئەو ئازارانەوە هاوار دەکەم، کە دەسەڵات جیهانگیری بە ناتەبایی و ناڕێکی ڕیزەکانی هاوخەباتی تاکەکانی ئێستەی سەردەمی و ڕابردوەوە دەکا.

ئێمەی نیشتیمان پەرست، لەزانکۆ، دونیا بانگێشت دەکەین؛ شەو ڕۆژمان لەسەر یەکتر دەنێین، بە کۆڵانەکانی ئەم شار و وڵاتە دەگەڕێین تا جوانیەك، لەناو هەڵاوی دەسەڵات، بدۆزینەوە و بە جیهانی بناسێنین. شوناسنامەی خۆمان دەکەینە ئاوی گوڵاو و لەژێر چەنەو لوتی وەفدە بیانێکان دادەنێین، تا بۆگەناوی دەسەڵات عارەقی شەرم بەڕوماندا نەهێنێتە خوارێ. ئێمەی مەعریفەچی، لە زانکۆکەمان، دەستمان بە هەمو وشەیەکمانەوە دەلەرزێ لەبەردەم وەفدی بیانی. لەپی دەستمان لەسەر ڕۆحمانە لە کاتی دەربڕینی خەمی نەتەوەیەك. ئێمەی وێنەکێش، قەڵەم بۆیەکانمان بە ترسەوە بەسەر کانڤەسی کوردایەتی دێنین، تا جوانترین وێنای هاوڵاتی ئازادی کورد بۆ دونیا بکێشین. ئێمە مۆسیقا ژەن، لەگەڵ دەرکەوتنی بەیان، کەمانی ویژدان بەدەستمانەوە دەگرین و مۆسیقا بۆ دونیا دەچڕین، و بە دەنگی بەرز ستران دسترین، تا دونیا گوێی لە بێڕێزی دەسەڵات نەبێ؛ درك بە بونی مەکینەی کۆیلەکردنی فەرد نەکا. 

وەرن با شوێنەکانمان بگۆڕێنەوە. بێدەنگی بۆ ئێوە، بڵندگۆ بۆ ئێمە. لەزانکۆکەی خۆمان، لە گۆشەیەکدا، دونیا بانگ دەکەین، نەك بەدوای دونیادا ڕابکەین. کەلتوری نیشتمانەکەمان دەناسێنین، لە پشت پەردەی سمك ئەستور جەلادەکان دادەپۆشین. لە ناوبەندی هەر وشەیەك، یادی کارەساتەکانی خۆمانینا بۆ دەکەین، لە پشت دیوارێکی پۆڵایین وشەی خێڵ و ناوچەگەری دەشارینەوە.
 
ئیتر با زانکۆکەی ئێمە ئاڕاستە کورد بۆ جیهان بکا؛ پەپولە لە وەرزێ زیاتر نەژی. گوڵ هەمو ڕەنگەکانی هەبێ. مرۆڤ بتوانێ دەنگ هەڵبڕێ. مەقامی مامۆستا لە جەلادی ناو دەسەڵات بەرزتر بێ. قەڵەم بۆ ئازادی بژی. هۆڵی هونەری بۆ لێکدانی مۆسیقای میلەتی ئێمە و جیهان بێ. چەك بۆ بەرگری بێ لە نیشتیمان. دراو بۆ کڕینی تاك نەبێ. فەرد هەست بە بونی بکا. مێژو بۆ چەواشەکاری نەبێ. زانکۆ جێگەی کوتلەکاری نەبێ؛ پێگەی بیری نوێی و گۆڕانکاری بێ. سەرۆکی زانکۆ خاوەنی فکر و ویژدان بێ. فێرخواز دوای زانکۆ کاری ستایشی دەسەڵات نەبێ. تاکی کورد سەرقاڵی سیاسەت نەبێ، و بازرگانیش کاری سیاسی نەبێ. گەنج واتای شکاندن نەبێ. داهاتی خاکی کوردان هەرنەبێ، بۆ گەوجاندنی تاكی کورد نەبێ؛ و سەربەخۆیی کوردستانیش بۆ هەرچوارپارچەی کوردستان بێ.

ئای چەنێ سەختە کاری ئێمە لەم دانشتگایە.

 


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP