xendan ads

پەرلەمان دەبێت كارابكرێتەوە

رێژیار ساڵح - 16-07-2017 - 2130 جار خوێندراوەتەوە

هەرێمی‌ كوردستان لەئێستادا لە بەردەم دۆخێكی‌ هەستیارو چارەنووس سازدایە، كورد دەبێت بەشێوازێكی‌ یەكگرتووانە خۆی‌ بۆئەم دۆخە ئامادەبكات و هەموولایەنەكان بەو پەری‌ هەستكردن بەبەرپرسیاریەتی‌ مێژووی‌ مامەلە لەگەڵ بارودۆخەكە بكەن، پێویستە نەرمی‌ نواندن لە كۆی‌ حزبە سیاسیەكان ببیندرێت و هەموویان بەیەك تیم كاربۆسەرخستنی‌ ریفراندۆم بكەن، ئەوەی‌ ئێستا بۆ كورد هاتووەتە پێش هەلێكی‌ زێرینەو لە دەستدانی‌ ئەم دەرفەتە دووبارە بوونەوەی‌ ئەستەمە لە ئەگەری‌ سەرنەكەوتنی‌ ریفراندۆم كورد، جارێكی‌ تر بەویستی‌ خۆی‌ دەجێتەوە بەردەم حكوومەتێك كە دوێنێ‌ ئەنفاڵ و كیمیابارانی‌  وەك خەڵات پێشكەشدەكردین و ئەمڕۆش مووچە و دەرماڵەت دەبڕێت، بەیانیش هەڕەشەكانی‌ مالكی‌ و هاوشێوەكانی‌ بە گەیشتنی‌ ئێف16باشترنابێت لەوەی‌ بەرامبەرمان كراوە . 

بۆیە پارتە سیاسیەكان پێویستە هەڵوێستیان روون بێت و جیتر خۆیان بەلێدوانی‌ یەكتر رەشكردنەوەو جنێودانی‌ ژمارەیەك هەرزەكاری‌ سیاسیی‌ لە راگەیاندنەكان، سەرقاڵ نەكەن و كات لەرێگای‌ تۆری‌ فەیسبووكەوە بەجنێودان و یەكتر ناشرین كردن تێنەپەرێنن ، ئیتر كاتی‌ ستپۆپ كردنی‌ ئەم زمانە زبرەی‌ دەزگاكانی‌ راگەیاندن هاتووەو جیتر رێگا بەكەسانێك نەدەن خۆیان وەك پالەوانی‌ شاشە نمایش كەن و هیچیش لەسیاسەت نەزانن . 


پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان و بزووتنەوەی‌ گۆران ئەم رق و كینەی‌ لەنێوانیان داهەیە بەلاوە بنێن و مێزی‌ گفتوگۆبكەنە رێگا چارەی‌ دەرچوون لەم تەنگەشە سیاسیە بێ‌ مانایەی‌ كە هیچ دەسكەوتێكی‌ نابێت . بۆیە كاتی‌ ئەوە هاتووە بەرلەئەنجامدانی‌ ریفراندۆم نێوماڵی‌ كورد رێكبخرێتەوەو پەرەلەمانی‌ كوردستان كارابكرێتەوە هیچ لەلایەنێك مەرجی‌ بۆئەوەی‌ ترنەبێت، دەكرێت پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بەبێ‌ مەرج پەرلەمان كرا بكاتەوەو رێگا بەگەرانەوەی‌ سەرۆكی‌ پەرلەمان بدات تاكۆتایی‌ ئەم خولەی‌ پەرلەمان سەرۆكایەتی‌ بكات، لە بەرامبەریشدا دەبێت بزووتنەوەی‌ گۆران واز لەم وتارە ئیعلامیە زبرەی‌ بهێنێت و لە رێگای‌ گفتوگۆ و مێزی‌ دانیشتنەوە كێشەكانی‌ چارەسەربكات . 

باشترین رێگا بۆدەرچوون لەم دۆخە چەقبەستویە سیاسیەو كاراكردنەوەی‌ پەرلەمان نەرمی‌ نواندنی‌ بزووتنەوەی‌ گۆران و پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستانە لە هەمبەرداواكانی‌ یەكتر، پێویستە دۆخی‌ سیاسی‌ جێگیربكرێت تاوەكو دوای‌ ریفراندۆم و هەلبژاردنەناوەخۆیەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان ، ئەمەش لەرێگای‌ دانانی‌ نەخشەیەكی‌ سیاسی‌ نوێ‌ لە نێوان پارتە سیاسیەكان دێتە ئاراوە . بۆدۆخی‌ ئێستا دەست بەردانە لەو موزایەدە سیاسیە نالۆژیكەی‌ كە پارتە سیاسیەكان خویان پێوە گرتووە، دەبێت هەمووان هۆكارەكانی‌ پەكخستنی‌ پەرەلەمان جارێكی‌ تر نەكەنەوە دروشمی‌ كۆبوونەوەكان لەگەل واقیعی‌ كوردستان خۆیان بگونجێنن ئەوەی‌ روویدا نەخوێندنەوەیەكی‌ دروست بوو بۆواقیعی‌ كوردستان.

ناكرێت چیتر بزووتنەوەی‌ گۆرانیش خۆی‌ لە دروشمی‌ بریقەدارەوە گرێ‌ بدات لەكاتێكدا كە چارەسەرێكی‌ گونجاو بەرنامەو پلانێكی‌ دروستی‌ پێنەبێت ، بەردەوام بوون لەسەر ئەم دروشمە بریقەدارە ئیعلامیە دۆخەكە چارەسەرناكات، هۆكاری‌ پەكخستنی‌ پەرەلەمان دروشمە بریقەدارەكەی‌ گۆران بەشێكی‌ بووە ، جونكە لەكاتێكدا وڵات لەشەرێكی‌ سەخت دایە هیچ گرنگ و پێویست ناكات داوای‌ كۆرانكاری‌ لەسەرۆكایەتی‌ هەرێم بكرێت لەكاتێكدا كاندیدێكیشتان بۆئەم پۆستە نەبوو، هەڵەی‌ گۆران ئەوەبوو دەیویست وڵات بخاتە تەنگەشەیەكی‌ سیاسی‌ و كەس نەبێت سەركرایەتی‌ ئەم شەرەبكات ، ئەم داوایەی‌ گۆران پەرۆشی‌ نەبوو بۆدیموكراسی‌ خۆشیان دەیانزانی‌ بەڵام لەپێناو كەم نەكردنی‌ دەنگ ئەم هەلچوونە سیاسیەو غروربوونەیان گرت، بەپێچەوانەكەشی‌ بوایە گۆران هەمان دروشمی‌ دەگوتایەوە ئەوكاتیش دەیانگوت نەیانتوانی‌ سەرۆكایەتی‌ وڵات بكەن و لەكاتی‌ شەروازیان هێنا لەپۆستی‌ سەرۆكایەتی‌ .

 هیچ مەنتق نیە لەئێستاشدا كە وڵات لەبەردەم مافی‌ چارەی‌ خۆنووسین بێت بەرق و كینەوە دژایەتی‌ بكرێت و هەلمەتێكی‌ ئیعلامی‌ دژی‌ مافی‌ چارەی‌ خۆنووسین بگیرێتەبەر . ناكرێت دژایەتی‌ ریفراندۆم بكرێت لەبەرخواستی‌ حزبی‌ و بیانۆ هێنانەوە بەكارانەبوونەوەی‌ پەرلەمان ، كاتی‌ كارابوونەوەی‌ پەرلەمانە بزووتنەوەی‌ گۆران بەدوای‌ دروشمی‌ بریقەدارنەكەوێت و واز لەم سیاسیەتە سرینەو بهێنێت و لۆژیكانە بریاربدات و پەرلەمان لەپێناو ریفراندۆم كارابكرێتەوە نەوەك جارێكی‌ تر هەمان سیاسیەت پەیرەو بكرێتەوەو وڵات بەرەو تەنگەژەیەكی‌ تری‌ سیاسیی‌ بەرن و بیانەوێت لەپێناو مەرامی‌ حزبی‌  سەربەخۆیمان لەبیربەرنەوە .   


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP