xendan ads

مۆتەکەی شاسوار عەبدولواحید

هیوا محەمەد کەریم - 16-07-2017 - 3582 جار خوێندراوەتەوە


لەم هەرێمەدا مرۆڤ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ شتی سەیر دەبینێت و دەبیستێت، کە لەلایەک مایەی سەر سوڕمان و لەلایەک مایەی پێکەنین و لەلایەکی ترەوە مایەی بەزەیی هاتنەوەیە بە عەقڵییەت و بیرکردنەوەی ئەم سیاسیەچکۆکانەی ووڵاتدا.

لەم ماوەیەی پێشودا زۆر سەرنجم داوە و بەبەڵگەوە دیومە، کە لە فڵان شاردا یان لە فڵان شوێندا خزمەت گوزاری نییە، یان ئیش و کارەکان بەهۆی لەکار کەوتنی دەزگایەکەوە، لە ئیش کەوتوون، حکومەت مێشێک میوانی نییە، بەڵام کە کەسێک کێشەکەی بە بەڕێز شاسوار عەبدول واحیدی خاوەن کۆمپانیای نالیا دەگەیەنێت و ئەویش ئامادەیی نیشان دەدات بۆ چارەسەر کردنی ، خێرا حکومەت خۆی یان بە فەرمانی حیزب، کێچ دەکەوێتە کەوڵی و دەکەوێتە خۆی ، بەوەی یان ڕێگری دەکات لەوەی کاک شاسوار کیشەکەیان بۆ چارەسەر کات، یان دەڵێت خۆمان چاکی دەکەین، یان بەهانەیەک دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەی دەستی ئەو بەڕێزەی پێ نەگات.

بەڕاستی لێرەدا مرۆڤ بچوکی عەقڵ و بیرتەسکی هەندێک له کاربەدەستانی ئەم ووڵاتەی بۆ دەردەکەوێت، کە چەند منداڵانەو کاڵفامانە بیر دەکەنەوە، ئەگەر کەسێک بییەوێت بەردێک لەسەر بەردێک دابنێت و کون ڤوژبنێکی ئەم وێرانەیە بگرێت کە بەدەست و مەچەکی ئەوان وێران کراوە، بەڵام ڕێگەنادەن کەسێکی تر لەسەر گیرفانی خۆی ئاوەدانی بکاتەوە، نەوەک لەدواییدا سەرنجی خەڵک بۆ لای خۆی ڕابکێشێ و پێگەو شوێنەکەیان بکەوێتە مەترسییەوە!!

شاسوار عەبدول واحید بووەتە مۆتەکەیەک بۆ گیانی ئەوان و هەر کات ناوی دەبیستن، خێرا موچرکە بەلەشیاندا دێت، ئەگەر وانییە، بۆ هێندە بە گومانن بە رامبەر کارەکانی و ڕێگرن لە بەردەمیدا، لەکاتێکدا ڕێگەیان بە چەندەها کەس و ڕێکخراوی بیانی و موخابەراتی ئەم ووڵات و ئەو ووڵات داوە بە ئارەزووی خۆیان پڕۆژەکانیان جێ بەجێ بکەن و بە قوربان و سایەقەشیان دەبن بۆ ئەوەی دینارێک یارمەتی حکومەت بدەن، بەڵام بۆ گەنجێکی وەک شاسوار لەرزو تا دەیان گرێت و بیر لەوە دەکەنەوە نەوەک شاسوار دەنگی جەماوەر بۆ خۆی کەسب کات!!!

لە کۆتاییدا دەڵێم ئەی هەمیشە دەستی شاسوارتان لەسەر درێژ بێت و مۆتەکەی بەسەرتانەوە بێت، بەڵکو لەترسی ئەو دوو پڕۆژە بەنیوە چڵی جێ بەجێ بکەن، هەرچەند ڕێگریش دەبن لە جێ بەجێ کردنی پڕۆژەکانی تریدا.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP