xendan ads

وڵاتە بوژاوەكان و ڕۆلی وزە لە پەیڕەوكردنی نادیموكراتی و لێكچووەكانی لەگەڵ هەرێمی كوردستاندا

د. مەدیحە سۆفی - 15-07-2017 - 2009 جار خوێندراوەتەوە

بەشی یەكەم

 دەسەڵاتی سیاسی لە هەر شوێنێكی جیهاندا بێت، بە پێی ئاست و ڕادە و توانای دەسەڵاتی ئابووریەوە دەكرێ، واتە ئابووری دەسەڵات ئاراستە دەكات، هەر زوو ئێمە لە نووسینەكانی پێشتردا ڕاستی ئەم پیناسەیەمان بە پێی بەڵگە و بۆچوونی شارەزایان سەلماندووە.

ئەگەر تیشكێكی چڕ بخەینە سەر گەشەی ئەمڕۆی جیهان، تێهەڵكێشێك لە گۆڕان و ڕیزبەندێك لە جیاوازی جێگۆڕكێ دەبینین، كە بەرزبوونەوەی پایەی ئابووری ڕیزبەندی پایەی دەسەڵات دەگۆڕێت، لە ساڵی هەشتاكاندا گروپی Newly Industrialized  Countries (NIC)   هاتە كایەوە، كە بریتی بوون لە وڵاتانی سەنغافورە و كۆریای باشور و  هۆنگ كۆنگ و تایوان، بۆ ئەو كاتە جوڵە و گەشەی بەرچاویان هەبوو، واتە ئەو وڵاتانەی چەمكی بەرهەمهێنان و پێشەسازی و پڕكردنەوەی پێداویستی خۆیان و هەناردەی بەرهەمیان بۆ دەرەوە پەرەی دەسەند و وەكو نیشانەی بەرەو  پێشكەوتن دەردەكەوتن.

دەتوانین پێناسەی وڵاتە بووژاوەكان بەوە بكەین كە گەشەی نێوخۆیان لە ئاستێكی بەرزە و خاوەن دامەزراوە و بەرهەمی بازاڕی ناوخۆی باشن و خاوەن جڵەوی ئاسایشی ناوخۆن و هیچ گرفت و پێكدادانی نێوخۆیی لە نێوان گروپ و ئاینی جیاواز و شەڕی نێوخۆیان نیە و ئاسایشی نێوخۆیان جێگیرە، بۆ نمونە وڵاتانیBRIC ( بەڕازیل و ڕوسیا و هندستان و چین ) ئەم وڵاتانە نزیكەی ٢٥% ی ڕوبەری جیهان پێك دێنن و ٤٢% ی دانیشتوانی جیهان و ١٥% ی بەرهەمی نێوخۆی هەموو جیهان دەگەرێتەوە.

 ئەم چوار وڵاتە بە پشتیوانی گەشەی ئابووری خۆیان و بە بەرجەستەكردنی دەسەڵاتی ئابووری لە دەسەڵاتی سیاسیدا، دەیانەوێ كاریگەریان لەسەر دەسەڵاتی سیاسی دونیادا هەبێ و دەسەڵاتیان بسەپێنن، ئەمەش چەمكێكی سەیر نیە بەڵكو ئاساییە، چونكە هەر لەو وڵاتانەی خۆیان بە دەسەڵاتی سیاسی و زەبری ئابووری باری نێو خۆی خۆیان كپ كردووەتەوە، ئەم وڵاتانە هەندێكیان خاوەن وزەی ئەتۆمین، یا خاوەن سامانی وزەیەكی زۆری سروشتین، یا خاوەنی ژمارەیەكی زۆری دانیشتوان، یا ئەندامی هەمیشەییە لە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، واتە كۆمەڵێ دەوڵەتی خاوەن دەسەڵاتی ئابوورین و پێكەوە دەتوانن گۆڕان لە هەیكەلی ئابووری جیهاندا بكەن .

كۆمەڵێ دەوڵەتی بووژاوەی دیكە، بە پێی توانای بەرهەمهێنان و كڕین و فرۆشتن و گەشەی ناوخۆ و ژمارەی دانیشتوان و هەناردەكردن و وەرگرتنی سیمای پیشەسازی و ئاڵوگۆڕی نێودەوڵەتیەوە وبوونی لێكچوونێك لەگەڵ وڵاتە پیشەسازیەكان، لە ساڵی ٢٠١٠ دا بانكی بەڕیتانی- چینی ئەو وڵاتانەی دەستنیشان كرد كە پاشكۆی وڵاتە پیشەسازیەكانن و كورتكراوەكەی بریتی بوو لە  CIVETS  ( كۆلۆمبیا و ئیندۆنیزیا و ڤێتنام و میسر و توركیا و باشوری ئەفریقا ) بوون[ ]

لە توێژینەوەیەكی زۆر چڕی سەنتەری بەدواداچوونی ئابووری لە ئەڵمانیا، هەردوو چەمكی BRIC و CIVETS ی ڕەتكردەوە و چەمكی E7 ی هێنایەكایەوە وبە واتای  ( حەوت وڵاتە بووژاوەكان) كە بریتی بوون لە بەڕازیل و ڕوسیا و هیندستان و چین و مەكسیك و ئیندۆنیزیا و توركیا[ ]، ئابووری ئەم وڵاتانە ئەوەندە بە پەلە و خێرا گەشە دەكات، كە لەوانەیە G7 تێپەڕێنێت، بۆ نمونە چین لە ٢٠١٠ دا دووەم وڵاتی ئابووری بوو پاش ئەمریكا، چاوەڕوان دەكرێت لە ٢٠٢٥ ببێتە یەكەم وڵاتی بازرگانی و ئابووری لە جیهاندا.

گەشە و پێشكەوتنی وڵاتە بووژاوەكان ڕەنگدانەوەی زۆری لەسەر پەیوەندی و ڕایەڵی ئابووری و دیبلۆماسی دروست كرد و لە قەیرانی ئابووری ساڵی ٢٠٠٨ دا جیهان گەیشتە ئەو بڕوایەی بەبێ گەشەی ئابووری وڵاتە بووژاوەكان ناتوانرێ ئەم قەیرانە سارێژ و ئەهوەن بكرێتەوە، ئەوە بوو لە ساڵی ٢٠٠٩ لە كاتی لوتكەی ئابووری لە پیترسبورگ، وڵاتانی لوتكەی ئابووری G20 پێكهێنرا و هەندێ لە وڵاتە بوژاوەكانی گرتەوە، ئەم بیست دەوڵەتە پێكەوە ٩٠% ی دەسەڵاتی ئابووری جیهان و ٨٠% ی بازرگای جیهان و ٦٥% ی دانیشتوانی جیهان پێكدەهێنن، هیچ جوڵەیەك لە جیهاندا ناكرێ، ئەگەر پێشتر بڕیاری ئەم دەوڵەتانەی لەسەر نەدرابێ.

لەم دابەشكردن و پۆلینكردنەی وڵاتاندا، لەم پێشڕەویەی دەسەڵاتی ئابووریەدا، ئەوەی گرنگە ڕۆڵی ئەو بەرهەمهێنانەیە چ لە پیسكردنی ژینگە و  چ لە تاڵانكردنی سامانی سروشتی و چ لە زیادكردنی گازی زیانبەخش و قەتیسبوونی گەرمی خۆر و گەرمبوونی ئەتمۆسفێری گۆی زەوی و گۆڕانی كەش و زیانەكانی بۆ سەر هەموو بوونەوەر و بوون بە گشتی.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP