xendan ads

ئەگەر ڕێفراندۆم دوا بخرێت!

ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین - 15-07-2017 - 11300 جار خوێندراوەتەوە


خاڵەكانی لێك دووركەوتنەوە لە نێوان ئێمەی لایەنە سیاسیەكان لە خاڵە ھاوبەشەكانمان زیادترن، ھەرچەندە جیاوازیەكانمان وەنەبێت لەسەر مەبدەئیەت و پڵان و بەرنامەبێت. ھەرچۆنێكی بھێنی و بیبەی بنەمای دووری ئێمە لە یەكتر یان كۆنە قین و ڕقە، یانیش عینادی و، ھەندێك جاریش مەسەلە (بەشە نەوت) و شەراكەتی بازرگانیە.

پێش ئەوەی وادەی ڕیفراندۆم دیاریبكرێت، ھەندێك لایەن دەیانگوت ئەم ڕیفراندۆمە بۆ پەردەپۆشیە. ئێستا ھەر ھەمان لایەن (انە) دەڵێن پێویستە ڕیفراندۆم دوابخرێت. واتە پێیان باشە بكرێت، بەمەرجێك لە ٩/٢٥ وە بگوازرێتەوە بۆ كاتێكیتر، ئەمەش لە كاتێكدا كە كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكان سەرگەرمی ئامادەسازیە بۆ ڕێفراندۆم و، ھیچ حیكمەتێكیش لە دواخستنی ڕێفراندۆمدا نیە جگە لە یەكتر بوغزاندن. لە ڕاستیدا مەگەر عەرەب لە لێكترازانی نیشتیمانیدا لە ئێمە ئازاتربن، ئەگینا ئەگەر خەڵاتی پەرتەوازەیی و لێكترازانی نیشتیمانی ھەبوایە، ئەوا بە دڵنیاییەوە ئێمە یەكەمی دونیا دەبوین و خەڵاتەكەمان دەبردەوە.

كێ قازانج لەم پەرتەوازەییەی ھێزە سیاسیەكانی كوردستان دەكات؟... ئەم دووریەی نێوانمان لە بەرژەوەندی كێ دایە؟... چ ئامانجێك لە سەربەخۆیی كوردستان لەپێشتر و پیرۆزترە؟... كەس نازانێت!... تەنیا لێرەو لەوێ وەڵامی (ڕێتۆریكی) بێ بنەما بۆ وەڵامی ئەم پرسیارانە (بەزۆرەملێ) تیۆریزە دەكرێن.

لە ھەواڵێكدا خوێندمەوە كە گوایا ئەمەریكا پێی باش نیە لە ئێستادا ڕیفراندۆم بكرێت و، ھەوڵ دەدات ئێمە و بەغدا پێك بھێنێتەوە. دیسانەوە پیلانی گەمەیەكی ناشرینی تر بۆ ئەم گەلە دادەڕێژرێت. دەبێت ئیدارەی ئەمەریكی، بەو ھەموو ڕاوێژكار و شارەزایانەی لەبەر دەستیدان، ھێشتا لە ئاڵۆزی كێشەكانی نێوان ئێمەو ئەوان تێنەگەیشتبێت؟... حكومەتی فیدڕاڵ بە بڕیارێكی تاك لایەنەو بە بڕینی میزانیەی ھەرێمی كوردستان بە ئاشكرا ئێمەی لە كۆڵ خۆی كردەوە. ئیتر ئێمەش ڕێگای دیاریكردنی چارەنوسی خۆمانمان ھەڵبژارد.

 ئەمەریكا ناتوانێت زەمەن بگێڕێتەوە، ناشتوانێت بۆمان دیاریبكات كەی ڕیفراندۆم بكەین. ئەوان بە ھەموو توانایانەوە نەیانتوانی كێشەی ئیسرائیل و فەلەستین چارەسەر بكەن، لەكاتێكا كە ئیسرائیل نزیكترین دۆستیانە لەم ناوچەیەدا و ھەزارو یەك كەین و بەینیان پێكەوە ھەیە، ئێستا دێن و دەبنە ناوبژیوانی ئێمەو بەغدا؟.

دواخستنی ڕێفراندۆم ئەو شتەیە كە خۆمان پێی دەڵێین : عوزر لە قەباعەت خراپتر. ھیچ عەبقەریەكیش تازە ناتوانێت مەسەلەی دواخستنی ڕیفراندۆم بە كەس بفرۆشێت. دواخستنی ڕێفراندۆم یەكسانە بە شكست پێھێنانی ئامانجی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستان. دواخستنی ڕێفراندۆم واتە بێ متمانە بونمان لەبەردەم ڕای گشتی و نێودەوڵەتی. دیاریكردنی ڕۆژی ڕێفراندۆم قسەیەكی خۆش نیە كردبێتمان و، پاش سەرخەوێك لێی پەشیمان ببینەوە. ئەمەریكاش ئەگەر دڵسۆزی خەڵكی كوردستانەبا لەبری ئەم موبادەرە ناواقیعی ڕەنج بە خەساردانە، ھەوڵی جددی بدات لایەنە سیاسیەكانی ھەرێمی كوردستان لێك نزیك بكاتەوە. چونكە بە ناشكوری نەبێت، دیارە خۆمان توانای دەستەبەركردنی ئەو یەكڕیزیەمان نیە، كە ئەوەش شتێك نیە ھیچ كوردستانیەكی نیشتیمانپەروەر جورئەتی ئەوە بكات شانازی پێوە بكات... ترازانی نیشتیمانی لە سەروبەندی ڕیفراندۆمدا و لە بەرامبەر پرسێكی مەبدەئی و مێژوویی وەك سەربەخۆیی مایەی شەرمەزاریە، نەك شانازی!.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی و خەندان لێی بەرپرسیار نییە

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP