گوتاری‌ كوردبوون!

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 15-07-2017 - 4415 جار خوێندراوەتەوە

مه‌به‌ست له‌ گوتاری‌ كوردبوون چییه‌؟ به‌ڵام پێویسته‌ سه‌ره‌تا بزانین گوتار چییه‌؟ مه‌به‌ست له‌ گوتار پێكهاته‌یه‌ك یان ده‌ربڕنێكی زمانیه‌ كه‌ ده‌شێ نووسراو یان گوتراو-زاره‌كی -بێت و به‌ بیرو زانیاری‌ و ماناو ده‌لالات بارگاوی‌ بكرێت. گوتاری‌ نه‌ته‌وه‌یی پێكهاته‌یه‌كی زمانیه‌ به‌ بیرو زانیاری‌ و ماناو ده‌لالاته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بارگاوی‌ ده‌كرێت. هه‌ر لێره‌وه‌ گوتاری‌ كوردی‌ یان كوردبوون ئه‌و گوتاره‌یه‌ به‌ زمانی كوردی‌ به‌رهه‌م دێت چی نووسراو بێت یان زاره‌كی، هه‌روه‌ها به‌ بیرو زانیاری‌ و ماناو ده‌لالاتی كوردی‌ بارگاوی‌ ده‌كرێت. بیری‌ كوردیش ته‌نیا كاتێك شووناسی كوردبوونی به‌بالاَ ده‌بڕرێت كه‌ له‌ گه‌وهه‌ردا كوردی‌ بێت و سه‌رچاوه‌كه‌ی‌ كوردی‌ بێت و دیدو روانینی كوردانه‌ بێت و خواست و ویست و مافه‌كانی كوردی‌ له‌ خۆیدا كۆكردبێته‌وه‌و هه‌ڵگرتبێت.

  ئاشكرایه‌ خواست و ویست و مافی هه‌ر نه‌ته‌وه‌ یان پێكهاته‌یه‌كی ئیتنیكی له‌ ساده‌ترین پێناسه‌دا ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئه‌و پێكهاته‌یه‌ خۆی‌ خاوه‌نی هه‌موو شتێكی خۆی‌ بێت. واته‌ خۆی‌ ئه‌و كه‌سه‌ بێت كه‌ بڕیاری‌ هه‌موو شتێكی خۆی‌ بدات. بۆ نه‌ته‌وه‌و پێكهاته‌ داگیركراو و دابه‌شكراو و ژێرده‌سته‌ و چه‌وساوه‌كانی وه‌كو كوردیش خواست و ویست و ساده‌ترین ماف بڕیاردانی چاره‌نووسی خۆیانه‌، كه‌ ئه‌وه‌ش له‌وێوه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت ئه‌و پێكهاته‌یه‌ به‌ ئازادی‌ و بێ هیچ رێگرییه‌ك مافی ئه‌وه‌ی‌ هه‌بێت كه‌ خۆی‌ بڕیاربدات چی ده‌وێت. 

كاتێ باسی گوتاری‌ كوردبوون ده‌كرێت، ده‌بێ بزانین گوتاری‌ كوردبوون به‌ ئاستێك له‌ گوتاری‌ كوردی‌ جیاده‌كرێته‌وه‌ ئه‌ویش له‌ رووی‌ زیاتر جه‌ختكردنه‌ سه‌ر گه‌وهه‌ری‌ گوتاره‌كه‌و رووانین بۆ هێزو وزه‌ی‌ ناوه‌وه‌ی گوتاره‌كه‌و شێوازی‌ ره‌نگدانه‌وه‌ی‌ ئه‌و گه‌وهه‌رو ماهیه‌ته‌ به‌ ئاراسته‌ی‌ ده‌ره‌وه‌. واته‌ گوتاری‌ كوردبوون جه‌ختكردنه‌ له‌سه‌ر بوون و ماهیه‌تی ئه‌و پێكهاته‌ كه‌ ناوی‌ كورده‌، دووه‌میان واته‌ گوتاری‌ كوردی‌ ئه‌و قۆناغه‌ نیشان ده‌دات كه‌ ئه‌م پێكهاته‌ خاوه‌ن بوون و ماهیه‌ته‌ گوزارشت له‌ خۆی‌ بكات به‌ شووناسی دیارو تایبه‌تی خۆیه‌وه‌و ئه‌وه‌ش له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ گوتاره‌كه‌و كورد خۆیشی وه‌كو به‌رهه‌مهێن و خاوه‌نی گوتاره‌كه‌ ده‌بینرێت. به‌لاَم سه‌رئه‌نجام هه‌ردوو گوتار پێكه‌وه‌ كۆده‌بنه‌وه‌و گوتاری‌ نه‌ته‌وه‌یی كوردی‌ پێكده‌هێنن، كه‌ بێ چه‌ندوچوون ئه‌م گوتاری‌ له‌وه‌دا پێناسه‌ ده‌كرێت كه‌ گوتارێكه‌ به‌ كۆی‌ ره‌گه‌زه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و خواست و ویست و تموحه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كانی كورد بارگاوی‌ كراوه‌، كه‌ ئه‌ویش له‌ گه‌وهه‌ردا بریتیه‌ له‌سه‌ر به‌خۆیی و درووستكردنی ده‌وله‌َتی نه‌ته‌وه‌یی، چونكه‌ كوردبوون مه‌به‌ست بوونی كورده‌ به‌ خاوه‌نی شووناسی خۆی‌، واته‌ شتێك نیه‌ ناوی‌ كوردبوون و كوردایه‌تی بێت به‌بێ بوونی شووناسی كوردبوون. شووناسی كوردبوونیش مانای‌ گه‌یشتنی كورد به‌ ئاستی ئاماده‌بوون و به‌ده‌ستهێنانی توانای‌ خۆنمایشكردن له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانی تری‌ غه‌یری‌ كورددا.

 كه‌ی‌ كورد ده‌توانێت وه‌كو كورد خۆی‌ له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانی تردا نمایش بكات؟ بێگومان كاتێك شووناسێك هه‌بێت له‌سه‌ر ئاستی جیهانی ناوی‌ شووناسی كوردی‌ یان شووناسی كوردستانی بێت. هه‌ر شووناسێكی له‌م جۆره‌ش ته‌نیاو به‌س ته‌نیا له‌ بوونی كورددا به‌ ئه‌ندامی كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی به‌ده‌ست دێت. كه‌ی‌ كورد له‌ پێكهاته‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێو ده‌وڵه‌تیدا ده‌بێته‌ خاوه‌نی شووناس ؟ بێگومان كاتێك ببێته‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی‌ خۆی‌. بۆ نموونه‌ ئه‌گه‌ر ئێستا كوردێك له‌سه‌ر ئاستی جیهان یه‌كه‌مین زانای‌ فیزیای‌ ئه‌تۆمی بێت و خه‌ڵكی شاری‌ سنه‌ بێت، ئه‌وا له‌ناوه‌ندی‌ زانستی و په‌یوه‌ندی‌ نێوده‌وڵه‌تیدا پێی ده‌ڵێن زانایه‌كی فیزیكی ئێرانی. به‌ یه‌شار كه‌مال ده‌گوترێت نووسه‌ری‌ گه‌وره‌ی‌ تورك، به‌ به‌همه‌نی قوبادی‌ ده‌گوترێت ده‌رهێنه‌ری‌ سینه‌مایی ئێرانی، كاتێ مه‌سعود محه‌مه‌د كتێبه‌كه‌ی‌ "بۆ پایه‌به‌رز گورباشۆف" نووسی، به‌ بیرمه‌ندو نووسه‌رێكی گه‌وره‌ی‌ عێراقی ناویان برد. واته‌ هه‌رچۆن ئیسماعیل بێشكچی ده‌ڵێت هه‌موو داگیركه‌رانی كوردستان، كوردستانی خۆیان هه‌یه‌، به‌لاَم كورد كوردستانی خۆیی نیه‌، كورد شووناسی داگیركه‌رانی كوردستانی هه‌یه‌و شووناسی كوردستانی یان كوردبوونی نیه‌. ئه‌مه‌ش گه‌وهه‌ری‌ كێشه‌كه‌یه‌ واته‌ ولاَتێك نیه‌ كه‌ شووناسی كوردستانی هه‌بێت و منی كوردیش هه‌ڵگری‌ ئه‌و شووناسه‌ بم. هه‌رگیز ئێمه‌ نابین به‌ خاوه‌نی شووناسی كوردی‌ یان كوردستانی تاوه‌كو كورد نه‌بێته‌ ئه‌ندامێكی دانپێدانراوی‌ نێو پێكهاته‌ی‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی. كه‌واته‌ ئێستا پرسیار ئه‌مه‌یه‌: ئایا كورد ده‌یه‌وێت ببێته‌ خاوه‌نی شووناسی كوری‌ و كوردستانی یان ده‌یه‌وێت هه‌ڵگری‌ شووناسی داگیركه‌رانی كوردستان بێت؟

 وه‌لاَمدانه‌وه‌ی‌ ئه‌م پرسیاره‌ زۆر به‌ ساده‌یی په‌یوه‌ندی‌ به‌ ئاستی هوشیاری‌ نه‌ته‌وه‌یی كورده‌وه‌ هه‌یه‌و له‌ دوو ئینتیمای‌ جیاوازه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت، كه‌ ئه‌وانیش ئینتیمایه‌ بۆ كوردستان، یان ئینتیمایه‌ بۆ شووناسی ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ری‌ كوردستان. بێگومان كاتێك باسی شووناسی كوردبوون ده‌كه‌ین به‌هیچ شێوه‌یه‌ك مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌ نیه‌ كه‌ كوردبوونمان له‌ عه‌ره‌ببوون بۆ عه‌ره‌ب و توركبوون بۆ تورك و فارسیبوون بۆ فارس پێ له‌ پێشتر بێت، یان پیرۆزتر بێت. نه‌خێر مه‌به‌ستمان ئه‌وه‌یه‌ كوردبوون بۆ كورد له‌ ئاستی عه‌ره‌ببوون بۆ عه‌ره‌ب و توركبوون بۆ تورك و فارسبوون بۆ فارسدا بێت، به‌لاَم به‌بێ شۆڤێنیزمه‌كه‌ی‌ ئه‌وان. ئه‌مه‌ش ئه‌و ستانداره‌ مرۆیی و گه‌ردوونیه‌یه‌ كه‌ هاوشانی له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌و ئیتنیكه‌ جیاوازه‌كاندا پێكده‌هێنێت و برایه‌تی له‌ نێوان نه‌ته‌وه‌كانیشدا به‌بێ هاوشانبوونیان پێكنایه‌ت. كه‌واته‌ كوردبوون بریتیه‌ له‌و قۆناغه‌ی‌ كه‌ مرۆڤی‌ كورد تیایدا وه‌كو مرۆڤـــــ و به‌ده‌ر له‌ هه‌ر رق و كینه‌و هه‌ستێكی تری‌ نه‌ته‌وه‌یی به‌رامبه‌ر به‌ ئه‌وانی تر گوزراشت له‌ بوون و شووناسی خۆی‌ ده‌كات. 

له‌به‌رئه‌وه‌ ئێستا به‌ ئاشكرا ده‌توانین بڵێین گوتاری‌ كوردبوون بریتیه‌ له‌و گوتاره‌ی‌ كه‌ بارگاوی‌ كراوه‌ به‌ ره‌گه‌زو توخمه‌كانی بوون و ئاماده‌بوون و خۆسه‌لماندنی كورد كه‌ ئه‌وه‌ی‌ یه‌كه‌میان بوونی مادیانه‌ی‌ كورده‌، واته‌ بوونی فیزیكیانه‌، دووه‌م و سێیه‌میش دوو ره‌گه‌زن، كردار یان پراكتیك به‌رهه‌میان ده‌هێنێت و پێناسه‌یان ده‌كات، یان به‌ ده‌ربڕینێكی تر به‌رهه‌مهێنانی مادی‌ ئاماده‌بوون و خۆسه‌لماندن پاساو ده‌دات و، به‌بێ بوونی به‌رهه‌می مادی‌ شتێك نیه‌ ناوی‌ ئاماده‌بوون و خۆسه‌لماندن بێت. مه‌به‌ست له‌ ئاماده‌بوون ئه‌وه‌یه‌ كه‌ بكه‌رێكی رووداو درووستكه‌ر یان به‌رهه‌مهێن بوونی هه‌بێت. به‌ گوێره‌ی‌ كوردیش ته‌نیا كاتێك ده‌بێته‌ بكه‌ر كه‌ رووداو له‌سه‌ر شوێن كه‌ جوگرافیاكه‌ی‌ خۆیه‌تی درووست بكات، رووداویش به‌ گوێره‌ی‌ كورد گواستنه‌وه‌یه‌ له‌م قۆناغه‌وه‌ كه‌ هێشتا نه‌بووه‌ته‌ خاوه‌نی شووناسی كوردی‌ بۆ قۆناغێك كه‌ ببێته‌ خاوه‌نی شووناسی كوردی‌ دانپێدانراو له‌لایه‌ن ئه‌وانی تره‌وه‌. ئه‌وه‌ش ته‌نیا كاتێك ده‌بێت كه‌ كه‌سێتی كوردی‌ كه‌ مه‌به‌ست كه‌سێتی نه‌ته‌وه‌یی كوردیه‌ له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی‌ جیهانی سیاسی و له‌سه‌ر نه‌خشه‌ی‌ په‌یوه‌ندی‌ نێوده‌وڵه‌تی به‌جۆرێك بوون و ئاماده‌بوونی هه‌بێت كه‌ هه‌م گوێ له‌ ده‌نگی بگیرێت هه‌م قسه‌ بۆ گوێیه‌كانی بكرێت. ئه‌وه‌ش ته‌نیا كاتێك دێـته‌ دی‌ كه‌ كورد ببێته‌ خاوه‌نی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی‌ خۆی‌. خۆسه‌لماندن و ئاماده‌بوونیش كه‌ جووته‌یه‌كی لێكجیانه‌كراوه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ ببنه‌ خاوه‌نی مانای‌ راسته‌قینه‌ی‌ خۆیان، ده‌بێ كورد وه‌كو نه‌ته‌وه‌ ببێته‌ بكه‌رێكی به‌رهه‌مهێن، ئه‌وسا ئاماده‌بوون و خۆسه‌لماندن ماناوه‌رده‌گرن. ته‌نیا كاتێكیش ئاماده‌بوون و خۆسه‌لماندنی كورد له‌لایه‌ن ئه‌وانی تره‌وه‌ دانی پێداده‌نرێت كه‌ ئه‌م ببێته‌ ئه‌و بكه‌ره‌ رووداو درووستكه‌ره‌ كه‌ به‌شداری‌ هه‌بێت له‌به‌رهه‌مهێنانی شارستانێتی مرۆڤایه‌تیدا.

 تاكو كورد نه‌بێته‌ ده‌وڵه‌ت، ئه‌و بنه‌مایانه‌ی‌ نابێت كه‌ ده‌یگه‌یه‌نێننه‌ ئاستێك بتوانێت به‌شداری‌ كۆمه‌ڵگه‌ی‌ نێوده‌وڵه‌تی، یان مرۆڤایه‌تی بكات و له‌وێشه‌وه‌ هه‌م بوونی بپارێزرێت و له‌ مه‌ترسی له‌ناوچوون ده‌ربازی‌ بێت، هه‌م ئه‌و ئاماده‌بوونه‌ی‌ بیگه‌یه‌نێته‌ ئاستی به‌ده‌ستهێنانی ئه‌و شووناسه‌ی‌ كه‌ پێی ده‌گوترێت شووناسی كوردبوون كه‌ ئه‌وه‌ش ته‌نیا كاتێك ده‌بێت كه‌ گوتاری نه‌ته‌وه‌یی كوردی‌ بگاته‌ به‌رزترین ئاستی و له‌سه‌ر زه‌مینه‌ی‌ واقیع جێبه‌جێ بكرێت، ئه‌ویش وه‌كو سه‌ره‌تا ئاماژه‌مان بۆ كرد ته‌نیا كاتێك ده‌بێت كه‌ كوربوون بگاته‌ ئاستی عه‌ره‌ببوون، توركبوون، فارسبوون ....هه‌موو ئه‌وانیتر بوون به‌لاَم به‌ دیدێكی مرۆیی رووتكراوه‌ له‌ هه‌ست و هه‌ڵوێستی شۆڤێنیستانه‌. ته‌نیا له‌و ئاسته‌ی‌ بووندا كورد ده‌بێته‌ خاوه‌نی راسته‌قینه‌ی‌ بوونی خۆی‌، بوونێك كه‌ رۆحی گشتی كۆمه‌ڵگه‌ی‌ كوردی‌ تیایدا بگاته‌ به‌رزترین ئاستی بڵندبوون و له‌وێوه‌ گوزارشت له‌ بوونی خۆی‌ بكات، كه‌ ئه‌وه‌ باری‌ راسته‌قینه‌ی‌ بوونیه‌تی، بوون له‌ ئازادیدا، بوون له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ ترسی له‌ناوچوون، بوون له‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ خۆبه‌ستنه‌وه‌و پاشكۆیه‌تی بۆ داگیركه‌رانی كوردستان، بوون له‌ یه‌كێتی و یه‌كبوونی نه‌ته‌وه‌ییدا، بوون له‌ گوتاری‌ نه‌ته‌وه‌یی كوردیدا،  بوون له‌ ده‌وڵه‌تدا، ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی‌ كوردستان.           
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP