بەپەلە

دەوڵەتەكەی شێخ مەحموود

عارف قوربانی - 12-07-2017 - 4784 جار خوێندراوەتەوە

ئەگەر لە مێژوودا تەنیا جارێك دەرفەتێك بۆ كورد رەخسابێت كە سێكوچكەی هەلومەرجی )نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی و ناوخۆیی( پێكەوە گونجاو بووبن بۆ دروستكردنی دەوڵەتی كوردستان، ئەوە لە كۆتایی جەنگی یەكەمی جیهانیدا بووە. سیاسەتی ئەوكاتی نێودەوڵەتی یارمەتیدەر بوو بۆ دروستكردنی چەندین دەوڵەتی تازە، دۆخی هەرێمایەتیش بەهۆی شكست و لەبەریەك هەڵوەشانەوەی خەلافەتی عوسمانی، بەجۆرێك تێكچووبوو كە هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر بڕیاری زلهێزەكان و براوەكانی جەنگ نەبێت لە بڕیاردان لەسەر لاشە و پاشماوەی ویلایەتەكانی پیاوە نەخۆشەكە.

بەهۆی سەرهەڵدانی یاخیبوونە خێڵەكییەكان و بەرپابوونی شۆڕش و راپەڕینی جەماوەریی كورد، هەلومەرج و زەمینەی ناوخۆییش لەبار بوو لە یەكێك لە ویلایەتە كوردنشینەكان دەوڵەتێك بۆ كورد دروستبكرێت هاوشێوەی ئەو گەل و نەتەوانەی تری ژێر قەڵەمڕەوی عوسمانی.

هەرچەندە لە زۆر ناوچەی كوردستان، بەشێوازی جۆراوجۆر خەبات بۆ رزگاری و خواستی كورد بۆ دامەزراندنی حوكمێكی خۆبەڕێوەبەری سەری هەڵدابوو، بەڵام ئەوەی لە هەموویان زیاتر زەمینەی چەسپاندنی هەبوو، باشووری كوردستان بوو كە ئەوكات شێخ مەحموودی حەفید رابەرایەتی شۆڕش و یاخیبوونی باشووری كوردستانی دەكرد. 

لەو ساتەدا هەمان ئەو زەمینانەی بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێك لە ویلایەتەكانی بەسرە و بەغدا بۆ عەرەبەكان لەئارادا بوو، هەمان ئەو واقیعە بە زیادەوە بۆ ویلایەتی مووسڵیش هەبوو كە بەو جۆرە بڕیار لە چارەنووسی بدرێت خەونی كورد لە بەدیهێنانی دەوڵەتی كوردستان بێنێتەدی، بەڵام كورد خۆی هۆكاری ئەوە بوو ئەو دەرفەتەی لەدەست بچێت و چارەنووسی بەو جۆرە بێ‌ كە ویلایەتەكەی پاش پێنج ساڵ لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، بێ‌ لەبەرچاوگرتنی ماف و خواستەكانی، بخرێتە سەر ئەو دەوڵەتە تازەیە.

ئەوكاتەی ویلایەتەكانی بەسرە و بەغدا پێكەوە بەسترانەوە و بڕیار درا دەوڵەتی عێراقی لێ‌ دروست بكرێت، لەناو هەموو سەرۆك خێڵ و كەسایەتییەكانی ئەوكاتەی عەرەب لەو دوو ویلایەتە پیاوێك نەبوو بتوانێ‌ ئەم دەوڵەتە تازەیە بەڕێوەبەرێت، بەریتانییەكان چوون لە بنەماڵەی هاشمی كەسێكیان هێنا و كردیان بە پادشای عێراق. ئەوكاتە جگە لەوەی شێخ مەحموود كەسایەتییەكی شۆڕشگێڕ و رابەر و سیاسییەكی سەردەمەكەی خۆی بوو، هەر ئەوكاتە لەناو شۆڕشەكە و لە دەوروبەری شێخ مەحموود چەندین كەسایەتی كورد هەبوون كە شیاویی ئەوەیان هەبوو وڵات بەڕێوەبەرن. بەڵام بەشێك لە منەوەرانی ئەو سەردەمە دژی ئەوەبوون دەوڵەتێكی مەلەكی هاوشێوەی عێراق بۆ كوردستان دروستبكرێت، بەپاساوی ئەوەی شێخ مەحموود پیاوێكی خێڵەكییە، دژایەتییان كرد و چوونە ژێر باڵی مەلیكی عێراقەوە. 

دەوڵەتە مەلەكیەكەی عێراق نزیك بە چل ساڵ بڕی كرد و لەوكاتەوە بۆ ئێستا چەندینجار سیستەم و شێوازی حوكمڕانی لە عێراق گۆڕدراوە. چەندین نەوەی جیاوازی سیاسی هاتن و رۆیشتن، ئەوەی وەك خۆی مایەوە چوارچێوە و ناسنامەی دەوڵەتێكە بەناوی عێراق. ئەگەر ئەوكاتەش لەخراپترین حاڵەتدا دەوڵەتێكی مەلەكی لە كوردستان بۆ شێخ مەحموود و بنەماڵەكەی دابمەزرایە، لەوكاتەوە بۆ ئێستا دەیان بنەماڵەی تر و نەوەی سیاسی پەیدا بووبوون و رۆیشتبوون، ئەوەی بۆ میللەت دەمایەوە چوارچێوە و ناسنامەی دەوڵەتی كوردستان بوو. بەڵام لەبەرئەوەی كورد خۆی دژی دامەزراندنی دەوڵەتێكی لەوشێوەیە بوو، ئەو مێژووە خوێناوی و ئازاربەخشەی نزیك سەت ساڵی رابردووی بۆ مایەوە.

ئەگەر تەماشایەكی دۆزی فەلەستین و ئیسرائیلیش بكەین، لەوكاتەوەی كێشەی فەلەستین و دەوڵەتی ئیسرائیل هەیە، جووەكان دەیان كابینەی حكومەت و دەیان دەموچاوی سیاسییان گۆڕیوە، چەندین حیزب هاتنە سەر حوكم و رۆیشتن، بەڵام عەرەبەكان تا ئێستا یەك تەبەقەی سیاسی و یەك قوتابخانە نوێنەرایەتیان دەكات. ئەگەر تەمەنیش كۆتایی بە رۆڵی كارەكتەرێك بهێنێت، هاوخەباتەكانی یان قوتابیانی رێبازەكەی درێژە بە كاروانەكەی دەدەن. هۆكارەكەی روونە كە دەوڵەت چوارچێوەیەكی دەستووری و یاسایی هەیە و گۆڕانكاری لە دەسەڵاتداران و حاكم و حوكمڕانەكان بە ئاسانی روودەدات، بەڵام مەسەلەی نەتەوایەتی هەمیشە پاساوی ئەوەی هەیە شەرعیەتی شۆڕشگێڕی پارێزبەندی مانەوەی نەوەیەكی سیاسی بێت. بۆیە عەرەبەكانی فەلەستین لەوكاتەوە بۆ ئێستا و تا كێشەی فەلەستینیش بەردەوام بێت، هەر مەحكومن بەوەی لە بازنەی هەمان ئەو قوتابخانە قەومچییەدا بخولێنەوە كە چارەنووسی فەلەستینییەكانی بەو دۆخە گەیاند.

ئەگەر لە كوردستانیش جگە لەو وێناكردنەی شێخ مەحموود، پارتی دیموكراتی كوردستان وەك تەمەندرێژترین حیزبی كوردی بكەین بە نموونە، لە ناوەڕاستی چلەكانی سەدەی رابردووەوە كە پارتی دامەزراوە، بەهەشتی مەلا مستەفا سەركردایەتی دەكرد و دوای خۆیشی كوڕی و دوای ئەویش نەوەكانی، ئەمە نەك بەتەنها بۆ ژیانی سیاسی پارتی وایە، بەڵكوو بۆ نوێنەرایەتی مەسەلەی نەتەوەیی كوردیش راستە، لەبەر ئەوەی كورد نەبووە بە دەوڵەت، لەوكاتەوە تا ئێستا بنەماڵەی بارزانی لەریزی پێشەوەی نوێنەرایەتی مەسەلەی نەتەوایەتی كورد راوەستاون، تا كێشەی كوردیش بەردەوام بێت، تەمەنی سیاسی ئەم بنەماڵەیە نەوە لەدوای نەوە بە پاساوی شەرعییەتی شۆڕشگێڕی و رێباز و قوتابخانەی كوردایەتی بەردەوامییان دەبێت. ئەگەر گریمان ئەو رۆژەی پارتی دامەزرا دەوڵەتی كوردستانیش دامەزرابا و مەلا مستەفا ببووایە بە سەرۆكی، ئایا لەو كاتەوە بۆ ئێستا دەوڵەتی كوردستان هەر لە دەستی بنەماڵەی بارزانیدا دەبوو؟ بێگومان نەخێر، هاوشێوەی هەموو وڵاتانی تری جیهان و ناوچەكە كە لەسەر بنەمای فەرمانڕەوایی پشتاوپشت و بنەماڵەیش دامەزرابوون، كۆتاییان هات و دەوڵەت كەوتەوە دەستی گەلەكانیان. كام دەوڵەتی ناوچەكە چەند بەهێز بووبێت لە چلەكانی سەدەی رابردووەوە تا ئێستا ماوەتەوە لە حوكم؟ ئەگەر كوردستان دەوڵەت بووایە وەك خراپترین گریمانە حوكمێكی دیكتاتۆریانەشی هەبووایە، لە ئەتاتورك و سەدام بەهێزتر نەدەبوو، چارەنووسی ئەوان بەكوێ‌ گەیشت؟

لە كوردستان هەر كەسێك بەهۆی بوونی هەژموونی ئەم حیزب و ئەو بنەماڵەوە نیگەرانە لە دۆخی سیاسی، یاخود كەسانێك گوێ‌ بە قۆستنەوەی ئەو دەرفەتانە نادەن كە بۆ كورد دێنە پێش بەهۆی ئەوەی گومانیان لەوە هەیە هەر كیانێك دروستبێت دەكەوێتە دەستی خێڵ و بنەماڵەكان، یا تەنانەت دژی سەربەخۆیی و دروستبوونی قەوارەی نەتەوەیین بۆ میللەتەكەیان بە پاساوی ئەوەی تەمەن و دەسەڵاتی ئەم نەوە سیاسییە درێژ دەكاتەوە، دەبێت لەوە دڵنیابن تەنها رێگەی دەرباز بوون لە سیستەمی خێڵەكی و حوكمی بنەماڵە و حاكم و حوكمڕانی خراپ، ئەوەیە كوردستان ببێ‌ بەخاوەنی دەوڵەتی خۆی. 
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP