هەواڵی ئەمڕۆ

بەپەلە

دەستوری عێراق ومافی ڕیفڕاندۆم وجیابونەوە

کاوسێن بابەکر - 12-07-2017 - 5041 جار خوێندراوەتەوە

 لەوەتەی باسی ڕیفڕاندۆم هاتۆتەگۆڕێ لایەنە عەرەبیەكانی عێراق ودەرەوەی عێڕاق كێچیان كەوتووەتە كەوڵی وكەوتوونەتە شیوەن و واوەیلا بۆ دەستورو گوایە ئەوە پێچەوانەی دەستوری عێراقە،وەك ئەوەی هەموو بەندەكانی ئەم دەستورە جێبەجێكرابن وڕێزیان لێگیرابێ وتەنها كورد خەریكە بەم ڕیفراندۆمە پێشێلی دەكات!لەوەش زیاتر هێندێك لەوبراعەرەبانەی كەزۆر بەپشتیوانمان دەزانین كەوتونەتە هەڕەشە وگوایە شەقامی عەرەبیمان لێ دەوروژێ وئەوانیش پێیان كۆنترۆڵ ناكرێ،هەروەك لەقسەكانی عەمار حەكیمدا هاتووە!واتا هەڕەشەی ژێر عەبا!.

جارێ پێش هەموو شتێك دەبێ بزانین كە لەیاسای نێودەوڵەتیدا مافی چارەنوس مافێكی ڕەواو ڕەهای گەلانەولەماددەی یەكەم ومادەی ٥٥ پەیماننامەی نەتەوەكاندا بەڕوونی هاتووە.لەدیباجەی دەستوری عێراقیشدائەمە نوسراوە(ئێمەی گەلی عێراق بەسەرجەم پێكهاتەكانیەوەبەتەواوی ویستی خۆمان بەئازادانەو ئارەزوومەندانەبڕیاری یەكگرتنی ئارەزوومەندانەمانداوە) واتا بەخواستی خۆمان یەكمانگرتووە ودەشكرێ هەر بەخواستی خۆمان بڕیاریكی تربدەین.

با بزانین ئەومافانەی بۆیەكەمینجار لەدەستوردا بۆ كورد دانی پێدانرا چیان بەسەر هات؟ دوای ئەوەی كورد لەڕاپەڕینی ١٩٩١دا سەربەخۆیی خۆی بەدەستهێنا،دواتر بەخاتری برا عەرەبەكان ویەكێتی خاكی عێراق، دوای دوازدە ساڵ حوكمڕانی خۆی لەساڵی ٢٠٠٣دا دوای ڕوخانی ڕژێمی سددام، بوو بە كۆڵەكەی سەرەكی وهەرەبەهێزی دروستكردنەوەی دەوڵەتی عێراق.

بەرانبەر بەم سەخاوەتیەی كوردو بەبێ ئەوەی ئەو دەوڵەتە یەك هەنگاویش بهاوێ بۆ ساڕێژكردنەوەی برینە تەشەنابوەكانی ئەنفال وكیمابارانی هەڵەبجە وداوای لێبوردن بكاو قەرەبووی خەڵكی كوردستان بكاتەوە، نەك ئەمانەی نەكرد بەڵكو بابزانین ئەم دەوڵەتە كام یەك لەو مادانەی بۆ ئەم هەرێمە جێبەجیكردووە؛.

ماددەی(١٤٠) كەبووەتە كێشەی سەرەكی نێوان بەغداو هەرێم كەبڕیاربوو تامانگی ١٢ی ٢٠٠٧جێبەجێبكرێ بۆ نەكرا!نەك نەهێڵراوە بكرێ وهیچكام لە سێ قۆناغەكە بەتەوای جێبەجێبكرێ بەڵكو بەردەوام دژایەتی كراوەو كۆسپی ماددی ومەعنەوی بۆ دروستكراوەودەكرێ!.

١٧%ی بودجە چی لێهات وبۆچی وبەكام یاسا بڕیتان؟ناڵێم هەریم بێ تاوانە بەڵام حكومەتی ناوەند بەرپرسی زیاترە چونكە دەستەڵاتی مادی زیاتری هەیەو دەیتوانی كێشەكان بەشێوازێك چارەسەر بكات وپەنابۆ كاری نادەستوری ونایاسیی نەبات وئەم پێشینەخراپە دانەهێنێ!!
یاسای نەوت وغاز بۆ دەرنەكرا كەكۆمەڵێك كێشەی نێوان هەرێم وبەغدا چارەسەردەكرا،كەلەسەر نەوت وداهاتی نەوت دروستبوون!
 ماددەی١٢١
سێیەم؛بەشێك لەداهاتی فیدراڵی تەرخان دەكرێت بۆ هەرێمەكان!
چوارەم؛نوسینگەی تایبەت بە هەرێم وپارێزگاكان دەكرێتەوە لە باڵیۆزخانەكان ونێردە دیبلۆماسیەكان!كوا؟چەندی كراوە؟
ماددەی١٠٥
دەستەیەكی گشتی  پێكدەهێنرێت بەبەشداری هەرێمەكان وپارێزگاكان بەمەبەستی پاراستنی مافی هەرێمەكان وپارێزگاكان  بۆ بەشداری كردنیان بەشێوەیەكی داد پەروەرانە لە بەڕێوەبردنی  دام ودەزگاجۆربەجۆرە فیدراڵیەكان ونێردەكان وزەمالەكانی خوێندن وشاندەكان وكۆنگرە هەرێمی ونێودەوڵەتیەكان،كوا؟چەندی كراوە؟
ماددەی١٠٦
بەیاسا دەستەیەكی گشتی بۆ چاودێریكردن وتەرخانكردنی داهاتی فیدڕاڵی دادەمەزرێنرێت.دەستەكە لەپسپۆرانی حكومەتی فیدڕاڵی وهەرێمەكان ونوێنەرانیان پێكدێت ئەم لێپرساوێتیانەی هەیە؛
یەكەم؛دڵنیابوون لەدابەشكردنی دادگەرانەی یارمەتی وباربوو قەرزەنێودەوڵەتیەكان بەگوێرەی پشكی هەریەكە لەهەرێمەكان وئەو پارێزگایانەی ناكەونە سنوری هیچ هەرێمێكەوە.

دووەم دڵنیابوون لەبەكار بردن ودابەشكردنی داهاتی دارایی  فیدڕاڵی بەباشترین شێوە، سێیەم؛دڵنیابوون لەهەبوونی شەفافیەت ودادپەروەری لەپارەوپولی تەرخانكراو بۆ هەرێمەكان وئەو پارێزگایانەی ناكەونە سنوری هیچ هەرێمێكەوە،بەپێی ئەو ڕێژەیەی بڕیاری لەسەردراوە. من هیچم نەبینیوە!
ماددەی٤
ب ،فەرمی بوونی زمانی كوردی،بەڵام چی كراوە بۆ ئەو مەبەستە لە خوێندنی زانكۆكان،بەكارهێنانی لە وەزاڕەتەكان،دانانی وەرگێڕ لە كۆڕو وۆركشۆپ وسیمینارومیتینگ، لەسەر ئاستی حكومەتی فیدڕاڵی وجیهانیەكان،لەكارە دیپلۆماسیەكان!
م١١٩ مافی دروستكردنی هەرێم!نەك ڕێزی نەگیراوە بەڵكو بەردەوام ڕێگری لە جێبەجێكردنی دروستكردنی هەرێمی نوێ كراوە!
ئەگەرچی ساڵی 2007 بودجەی گشتی عێراق بەبڕگەیەك ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە كە هێزی پێشمەرگە بەشێكە لەسیستمی بەرگری عێراق و دەبێت لەبودجەی سیادی بودجەیان بۆ دابین بكرێت، بەڵام تا ئێستا هیچ بودجەیەك بۆ پێشمەرگە تەرخاننەكراوە. 

جەباریاوەر ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كە لەساڵی 2007وە هیچ بڕە بودجەیەكیان لەعێراق وەرنەگرتووە كە دەگاتە 13 تریلیۆن دینار. ئه و دەڵێت، "پێشمەرگە بەشێكە لەسیستمی بەرگریی عێراق لەساڵی 2004وە تا 2013 بڕی 13 تریلیۆن دینار پشكی پێشمەرگەیە لەو بودجەیە، ئەگەر هی ساڵی 2014شی بخرێتە سەر دەكاتە 15تریلیۆن دینار كە هیچی بەپێشمەرگە نەدراوە."
ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە ڕونیدەكاتەوە كە ساڵانە حكومەتی هەرێم لەرێی بڕینی بەشێ لەبودجەی وەزارەتە خزمەتگوزارییەكان، بودجەی وەزارەتی پێشمەرگە پێكدێنێت، "ئەو بودجەیەش نیوەی پێداویستییەكانی ئێمە دابین ناكات."

لەدەستوری عێراقدا كە ساڵی 2005 لەراپرسییەكی گشتیدا لەلایەن عێراقییەكانەوە پەسەند كرا، پێشمەرگە بەهێزێكی یاسایی و دەستوریی دەناسێنێت. لەگەڵ ئەوەشدا بەرپرسەكەی وەزارەتی پێشمەرگە باس لەوە دەكات كە یاداشتی لێكتێگەیشتینیان لەگەڵ وەزارەتی بەرگریی عێراق هەیە كە ژمارەی هێزەكانیان 120 هەزار كەس دە بێ بۆ ئەوەی هەرێم بەباشی بپارێزن لەمەترسییەكانی تیرۆر. بەهۆی نزیكیی هەرێم لەچەند پارێزگایەكی جێ مەترسیی عێراق.

ئێستا پێم بڵێن ئەوە كوردە دەستور پێشێل دەكات یان بەغدایە دوای ئەو هەموو كارەساتەی بەسەر كوردیان هێنا هێشتا ئەوكەلتورە دڵڕەق ولوتبەرزەیان واز لێنەهێناوەو بە بیرۆكەی براگەورەیی وبچوك بینینی ئەوی دی ڕەفتار دەكەن،خاوەنی ٢٢دەوڵەتن وهێشتاش هەوڵی دەوڵەتێكی تردەدەن بۆ فەلەستین وكەچی دان بە گەلێكی ٤٠ ملیۆنیدا نانێن لەپارچەیەكی ووڵاتەكەیدا دەوڵەتۆكەیەك بۆ خی بنیات بنێ وببێتە دراوسێیەكی باش بۆیان وعێراقیش لەم پێكەوە ژیانە برایەتیە درۆزنانەیە،پڕ لەخوێن ورق ودژایەتیەی سەدانساڵەی نێوان كورد-عەرەب،سوننە-شیعە ڕزگاری ببێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP