بەردە ڕەشەکەی سەربەخۆیی

سلێمان عەبدوڵا یونس - 10-07-2017 - 21586 جار خوێندراوەتەوە

چەند هۆکارێک بوو وای کرد، دۆخی کوردستان بەئێستا بگات. بۆیە بەبێ تێگەیشتن و ناسینی ئەو هۆکارانە، ئاستەمە کوردستان بتوانێت قەیرانەکانی تێبپەڕێنێت و ڕیفراندەم بکات و سەربەخۆیی بنیات بنێت.

پارتی چونکە لە30 حوزەیرانی 2013 ئەوەندە بەئاسانی لەسەر شانی یەکێتی دەربازی بوو لەقەیرانی سەرۆکایەتی هەرێم- و لەو وەختەدا یەکێتی ئەوندە بەپەرۆشەوە شانیدایە ژێر ئەو بارەی کەهیچ حزبێکی تر پێی هەڵنەگیرا، ئیدی لەجاری دوەمدا و بۆ 19 ئابی 2015 چاوەڕێی هەمان ڕۆڵی لەگۆڕان دەکرد. لەکاتێکدا بەهۆی میکانیزم و بەندی کۆنکرێتییەوە و بەهۆی هەڵەشەیی هەردوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتییەوە، ئەو کێشەیە ئەوەندە بەگرێ کوێرەیەکی قانونی ئاڵۆزکۆتایی پێ هێندرابوو، نەکلیلی گۆڕان و نەکۆدی هیچ سازانێک و ڕێککەوتنی سیاسی، تاک بەتاک نەیدەکردەوە.

جگەلەوەش؛ گۆڕان لەجاری یەکەمدا، بەتۆپخانە میدیایی و سیاسییەکەی، درێژکردنەوەی ماوەی سەرۆکایەتی هەرێمی ئەوەندە بەپیسی کوتا، هەرگیز ئاسان نەبوو بۆی ئەمجارە خۆی بخاتەوە شوێنی یەکێتی، و لەلایەک چاوەڕێی ڕکابەرە حزبییەکانی بکات تیربارانی دەستەجەمعی جەستەی ڕووتی بکەن- لەلاکەی تریشەوە، ڕابەرایەتی و سەرکردایەتیەکەشی بخاتە بەردەم باهۆزی توڕەبوونی بنکە جەماوەریەکەیەوە.

ئەسڵی گرفتەکە ئەوەیە، پارتی هیچی ناوێت جگە لەدۆزینەوەی ڕێگەچارەیەک بۆ کێشەی یاسایی سەرۆکایەتی هەرێم، و گۆڕانیش دەتوانێت هەرشتێک لەگەڵ پارتی بەڕێککەوتن بگەیەنێت جگەلەمە. بۆیە لەڕاستیدا ئێمە لەسەر کاراکردنەوەی پارلەمان، ڕیفراندەم و سەربەخۆیی کوردستان، ئەسڵەن کێشەمان نییە و هیچ بەسەر "لایەنگر و دژ" و "بەڵێ و نەخێر" دابەش نەبووین. بەڵکو دابەشکارییەکە پێش هەموو ئەمانەیە. لێرەدا، چارەسەر وەک هەڵگرتنی بەردە ڕەشەکەی کەعبەیە، کەئەوەش بەبێ دەسپێشخەری بنەبڕی بارزانی بەدی نایەت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP