بە دامەزراوەییكردنی گەندەڵی

عومەر عەلی محەمەد - 10-07-2017 - 2466 جار خوێندراوەتەوە


ئەگەر سەیری بارودۆخی ئێستای كوردستان بكەین لە یەككاتدا روبەڕووی چەندان قەیرانی ئابوری و سیاسی بووەتەوە، لە بەرامبەریشدا حكومەت پلانێكی نییە بۆ چاكسازی و پاش تێپەڕبوونی 26 ساڵ لە ئەزموونی حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستاندا، ئێستا لە لاوازترین دۆخدایە و گەندەڵی باڵی كێشاوە بەسەر زۆربەی كەرتەكانی حكومەتدا، لە بەرئەنجامی ئەمەشدا لە دوای ساڵی 2015وە قەیرانێكی ئابوری قورسیشی چووەسەر، لە پاش روخانی رژێم گەشەپێدانێكی ئابوری رووی لەهەرێمی كوردستان كرد، ئەویش بەهۆی ئەوەی كە ئابوری كوردستان راستەوخۆ پەیوەست بوو بە بەغداوە لەبەرئەوە هەر گەشەپێدانێك لە بەغدا راستەوخۆ كاریگەری لەسەر هەرێمیش هەبوو، بەڵام لەدوای ئەوەی كە هەرێمی كوردستان سەربەخۆیی ئابوری راگەیاند و لە بەغدا جیابووەوە لە جیاتی باشتربوونی گوزەران و ژیانی هاوڵاتیان، ئەوەش كە بنیاتی نابوو هەرەسی هێناو پڕۆژەكانی گەشەپێدان وەستان و ژیانی زۆربەی هاوڵاتیانیش بەرەو خراپی چوو بازاڕیش لە زۆر بواردا هەرەسی كرد.

لە پێش ساڵی 2003دا لە بواری سیاسیدا لە هەرێمی كوردستان قەیرانێكی سیاسی هەبوو، ئەویش لە لاوازی دامەزراوە دیموكراسیەكانی وەك پەرلەمان و فرەییەكی سیاسی نا دەستوری و بوونی گەندەڵی و بنیاتنانی پێگەكانی ستەمكاری و نەبوونی هێزێكی پێشمەرگە و ئاسایشی یەكگرتوو چەندانی تر خۆی دەبینێتەوە، لە ساڵی 1992 هەتا 2003 ئەم دۆخە بەم شێوەیە هات و بەرنامەی چاكسازی سیاسی لە ئارادا نەبوو، ئەمەش وایكرد كە قسەكردن لە چاكسازی سیاسی گران بێت ، چونكە هیچ پارتێكی سیاسی بەتایبەتیش دوو پارتە دەسەڵاتدارەكە ئامادەنەبوون بچنە ژێر باری ئەو چاكسازیە و بە عەقڵیەتێكی نوێوە مامەڵە لەگەڵا بارودۆخە نوێیەكەدا بكەن، ئەم دۆخەی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی ئەو دۆخە سیاسیە بوو كە زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی پێش بەهاری عەرەبی تیایدا دەژیان، كە دواجار لە 2011دا دۆخەكەی بەرەو تەقینەوەبرد.

لە كوردستانیش سەرەڕای ئەوەی كە قەیرانە سیاسیەكە وەك خۆی مایەوە، لە دوای دەركەوتنی نەوت و دەرهێنانی لەلایەن كۆمپانیا مۆنۆپۆڵەكانەوە نوخبەی دەسەڵاتداری كوردی كەوتە شوێن بیركردنەوەیەكی تر، ئەویش قورسایی سیاسەت و پلانەكانی خستە سەر بواری ئابوری و بەتایبەتیش نەوت و گاز، لەم رێگەیەشەوە لە كۆبوونەوەی پارتە سیاسیەكان و لێدوانەكانیشیاندا بۆ جەماوەر ئەوەیان خستەڕوو كە گەشەپێدانی ئابوری لە بواری نەوت و گاز و دابینكردنی سەربەخۆیی ئابوری، سەرەتایەكی نوێیە بۆ تێپەڕاندنی دۆخەكەو لەدوای ئەمەوە كوردستان دەچێتە قۆناغێكی نوێ‌ و گوزەرانی تاكیش روو لە هەڵكشان دەكات و بەم هۆیەشەوە بارە سیاسیەكەش بەباشی دەچێتە پێشەوە، بەڵام سەرئەنجام ئەوەی كە بینرا نەك ئەو بەڵێنانە جێبەجێ‌ نەبوون بەڵكو سەرەڕای بوونی گازو نەوتی زۆر باری ئابوری بەشێوەیەكی ترسناك هەرەسی كرد.

بودجەی ساڵانەی تاك تەواو كەمی كرد، جیاوازی نێوان هەژار و دەوڵەمەند زۆربوو، بەڵام نوخبەیەك سودمەندبوون و دەوڵەمەندبوون، توانیان بچنە ناو چەندان رێكخراوی ئابوری جیهانی و دەبینین ساڵانە بەشداری كۆربەندو دیبەیتی ئابوریە جیهانیەكان دەكەن، لەمەوە تێدەگەین كە بۆچی پەرلەمان پەك خراو دیموكراسی لاواز كراو میدیای ئازاد و سەربەخۆ بێ‌ دەنگ كرا، چونكە ئەم دۆخە نوێیە كە نایانەوێت كەس بە گرێبەست و پەیوەندیە ئابوریەكانیان بزانێت و پرسیاری سەروەت و سامانیان لێ‌ بكات، ئەمانە لەگەڵا بوونی پەرلەمانێكی بەهێز و سیستمێكی دادپەروەری بێلایەن و میدیای ئازاددا وێك نایاتەوە، لەبەرئەوە ئەم سیاسەتە ئابوریە نوێیەی دەسەڵاتدارانی هەرێم هاوشێوەی رژێمە عەرەبیەكان پێویستی بە پەرلەمانێكی لاواز و بێ‌ دەنگە كە بكەوێتە ژێر هەژموونی حكومەت و بەدواداچوون نەكات بۆ پڕۆژە و پلانەكانی و بەرەو ڕووی لێپرسینەوەیان نەكاتەوە، لەبەرئەوە بۆ ئەوەی بە تەواوی ئەو خەونەیان بێتەدی ولە بواری ئابوریدا بە تەواوی ببنە خاوەنی پێگەیەكی بەهێز كە زەمانەتی مانەوەیان لە دەسەڵاتدا بكات بۆ دەیان ساڵی تر، ناهێڵن جارێكی تر لە كوردستاندا پەرلەمانێكی كاراو چالاك و بەهێز دروست ببێت یان دەستور بچەسپێت و یاسا سەروەر بێت، لەبەرئەوەش كە بە بەردەوامی رەوایەتی ئەو سیاسەتەیان نیشانی هاوڵاتیان بدەن سەرقاڵیان دەكەن بە شتی ترەوەو بیانوی زۆرترباس دەكەن بۆ درێژەدان بە ئەو دۆخە و مەسەلەی ریفراندۆم بەبێ‌ باسكردن لە چاكسازی سیاسی و ئابوری یەكێكە لە ئەو نموونانە.

كەواتە لێرەوە دەگەینە ئەو راستییەی كە قەیرانی ئابوری لە هەرێمی كوردستان درێژەپێدەر و بەرئەنجامی قەیرانە سیاسیەكەیەو هەتا سەرەتا قەیرانی سیاسی چارەسەر نەبێت قەیرانە ئابوریەكە زیاتر دەبێت و چاكی بەخۆوە نابینێت. كەڵەكە بوونی قەیرانەكان و نەبوونی هیچ پرۆژەیەكی چاكسازی و بێ باكی لە ئاست دۆخەكەو باسكردن لە خەونی سە بەخۆیی مانای وایە ئەوەی لە كوردستاندا هەیە گەورەترە لە گەندەڵی و ئەزمونێكی نوێیە لە شێوازی حوكمڕانی كە دەكرێت بە پێناسەی زانستی نوێ راڤەبكرێت .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP