راستییەك دەبێت هەموان بیزانن

عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح - 10-07-2017 - 7952 جار خوێندراوەتەوە

زۆركەس لە یەكێتی نیشتیمانی گلەی دەكات و دەڵێت: گۆڕان بەبێ یەكێتی چوو لەگەڵ پارتیدا ڕێككەوت و بەشداری ئەم حكومەتەی كرد.

بابەتەكە بەم شێوەیە.. 

هەڵبژاردنەكان تەواوبووبوو، كاك نەوشیروان زۆر حەزی لەیەكتر نزیكبوونەوەی گۆڕان و یەكێتی دەكرد. 

كاك نەوشیروان تەلەفونی كرد بۆ چەند بەرپرسێكی یەكێتی و یەكێكیان د.نەجمەددین كەریم بوو، كاك نەوشیروان وتی: دكتۆر پەیامێكم هەیە؛ نە ئێمە براوەین و نە ئێوە دۆڕاون، دەتوانین ببین بەیەك فراكسۆن ٤٢ كورسیەو گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانە، دەتوانین ئێمە تەكلیفی لایەنەكان بكەین بۆ پێكهێنانی حكومەت.. 

د.نەجمەدین وتی: ئەوە دەچم بۆ كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسی و باسی دەكەم. باسی كردبوو.
ئێمە چاوەڕێی وەڵام بوین.. 
لە بری وەڵامدانەوەی ئێمە برادەرێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی پەیوەندی كردبوو بە بارزانیەوەو وتبووی: نەوشیروان دەیەوێت ئینقیلابتان بەسەردا بكات و سەرۆكی حكومەت بۆ پارتی نەبێت. 

لەكاتێكدا كاك نەوشیروان لای ئاسایی بوو سەرۆكی حكومەت بۆ یەكێتیش بێت. 

ئێستاش ئەو برادەرە هەر دۆستی پارتییە، وەرگرتنی سەرۆكی حكومەتی بۆ یەكێتی بە كودەتا بەسەر پارتیدا دەزانی!. 

هەر ئەم برادەرە پێش ئەوەی وەڵامی گۆڕان بداتەوە لە ڕۆژنامەی( ) بڵاوی كردەو كە گۆڕان پێشنیارێكی وایكردووە، بەمەبەستی تێكدانی پێشنیازەكە. 

ئێستاشی لەگەڵ بێت یەكێتی وەڵامی ئەم پێشنیارەی گۆڕان نەدایەوە... 
-وەك چۆن بۆ یەكێتی پێشنیاركرا، پێشنیاری یەك فراكسیۆنی بۆ یەكگرتوو و كۆمەڵی ئیسلامیش كراو سەری نەگرد. 
دواتر.....
گۆڕان بە ڕێنوێنی كاك نەوشیروان پێشنیاری بۆ یەكێتی و یەكگرتوو و كۆمەڵ كرد... ئەگەر یەك فراكسیۆنیش ناكەین با یەك وەفدی مفاوەزاتمان هەبێت لەگەڵ پارتی، بەمەش رازی نەبوون. 

وتمان ئەگەر بەیەك وەفدیش ڕازی نابن با یەك بەرنامەمان ببێت بۆ مفاوەزات. 

كۆمەڵی ئیسلامی بۆ زۆربەی پێشنیازەكان ڕازی بوو، یەكێتی و یەكگرتووش بەهیچ ڕازی نەبوون. 

چەندین شاهید هەن بۆ ئەم قسانە بڕۆن لە د.نجمەدین و مەلا بەختیار و مەكتەب سیاسی یەكێتی بپرسن. 
دواتر..
كەواتە: دەبێت قاعیدەی یەكێتی گلەی نەكەن و بڵێن بەبێ یەكێتی ڕۆشتن بۆ پێكهێنانی حكومەت لەگەڵ پارتی ڕێككەوتن، كاتێك یەكێتی هەموو دەرگاكانی داخست و تەنانەت جوابی پێشنیارەكانی گۆڕانیش نەدەیاوە، پاشان گۆڕان گفتوگۆی لەگەڵ پارتی كرد.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP