خورمژ

دەلیل جەمال - 9-07-2017 - 4395 جار خوێندراوەتەوە


لە فەرهەنگی سیاسی کوردا ئەم ووشەیە زۆربەکاردێت پێم خۆشبوو باسی پێکهاتەی ووشەکە لەڕووی (مۆرفۆلۆژیی)ەوە وچۆنییەتی هاتنی ووشەکە وبەکارهێنانی بکەم.دیارە ئەم وشەیە لەئەنجامی تێکشکانی دوو وشەی واتادار پێکهاتووە دوو وشەکەی پێشوو بریتین لە(خورما،مێوژ) هەریەکەیان میوەیەکی جیان و شوێن کاتی سەوزبوونیان جیاوازە خورمای عەرەب و مێوژی کورد،

لێرەوە بەشێک لە خورماو بەشێکیتر لە مێوژ وەرگیراوەو بووەتە وشەیەکی نوێ و واتای نوێ(خور+مژ=خورمژ)سەرەتا ئەم ووشەیە وەک زاراوەیەکی تەنزئامێز یان بەرانبەرکەسێک کە لەنێوان دوو بژاردەدا دەوەستێو یەکێکیان هەڵنابژێرێت بەڵکوو هەردووکی دەوێت،لەکاتێکدا پێویستە یەکێکیان هەڵبژێرێت، لەم کاتەدا داوای هەردووکی دەکات ئەوەش گونجاوو مەنتیقی نییە،بۆیە دەڵێت هەم خورما و هەم مێوژیشم دەوێت کەوتە خورمژی دەوێ،ئەوانیش دەڵێن تۆ خورمژت دەوێت، خورمژ نەمیوەیە نە هیچ واتە بوونی نییە.

کورد وتەنی لەنێوان خورما و مێوژ هیچی دەست ناکەوێت،تەنها بەدوای خورمژەوەیە ئەویش نییە،هەروەک دەڵێن ئەوەی بەدوای دوو (نێچیر)ا ڕاکات هیچیانی بۆناگیرێت ئەوەی بۆی دەمێنێتەوە هەر هیلاکییە،دیارە ئەم وشەیە پانتایی چیرۆکی خۆی زیاتر دەبڕێت و دەچێتە ناو کایە کۆمەڵایەتی وسیاسی و کلتورییەکان ،بەجۆرێک مەودایەکی فراوانتر لە مەودای خۆی داگیردەکات بەتایبەت لە کایەی سیاسیدا زۆربەکاردێت ،بۆئەوانەی لەنێوان دوو هەڵوێست یان دوو بیرو ئایدۆلۆژیا یان دوو ڕووداو ڕادەوەستن وهەردووکی دەوێت لەم کاتەدا وەک ڕاوچییەکە بێنێچیر دەبێت.

دیوێکی دیکەی ئەم وشەیە ئەوەیە، ئەم دوو وشە جیاوازن خورما مۆرکی عەرەبی هەیەو مێوژیش بەجۆرێک لەجۆرەکان مۆرک یان خاوەندارییەتی کوردی هەیە،دەکرێت هەر لەو ڕوانگەوە هاتبێت ئەم دووانە پێکەوە ناگونجێن و هەڵناکەن هەروەک لەبیابانی کاکی بەکاکی عەرەبدا مێوژناڕوێ و لەکوێستان وهەوای سازگاری کوردستاندا خورما ناڕوێت،خۆموتوربەکردنیشیان هەرگیزنابێت،جا ئەوەی بەدوای خورمژەوەیە بەدوای هیچەوەیە ،وشەیەکی دروستکراوە لەگەڵ ئەوەی بونی نییەو میوەیەکی دیارنییە بەڵام مەخزاو مەدلوولێکی قوڵ و واتاداری هەیەو دەرسێکی باشە بۆ ئەوەی خورمژی دەوێ.
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP