هەواڵی ئەمڕۆ

هه‌ژموونی تێكشكاندنی كه‌سێتی كوردی به‌سه‌ر ئێستامانه‌وه‌

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 25-09-2016 - 2919 جار خوێندراوەتەوە

 

 

عه‌تا قه‌ره‌داخی

كه‌سێتی چییه‌؟ ئه‌م پرسیاره‌ به‌لایه‌نی كه‌مه‌وه‌ چه‌ند ره‌هه‌ندێكی ئاشكرای‌ هه‌یه‌، له‌وانه‌ش ره‌هه‌ندی‌ ده‌روونی، كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئه‌نتۆلۆجی. به‌ڵام ده‌كرێت كۆی‌ ئه‌م ره‌هه‌ندانه‌ی‌ كه‌سێتی له‌ پێناسه‌یه‌كی گشتی یان گشتگردا كۆبكرێنه‌وه‌. له‌پێناسه‌یه‌كی به‌رفراواندا، كه‌سێتی بریتیه‌ له‌ بوونی "كه‌سی" یان شوناسی كه‌سێتی یان خودی خاوه‌ن بوون‌و شووناس یان كۆی خاسێته‌ جیاكه‌ره‌وه‌ تاكه‌كه‌سیه‌كان یان به‌رجه‌سته‌كردنی كۆی ئه‌و خاسێته‌ فیكری‌و ره‌فتاری هوشیاری‌و كۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی‌ كه‌ تاكه‌ كه‌س یان پێكهاته‌یه‌ك والێده‌كه‌ن بوویه‌كی دیارو جیاوازو ناسراوی‌ هه‌بێت له‌نێو ئه‌وانیتردا‌و بتوانێت ئاماده‌بوونی خۆی بسه‌لمێنێت. كه‌سێتی تاكه‌كه‌س له‌مێژوودا ده‌كه‌وێته‌ پێش كه‌سێتی نه‌ته‌وایه‌تیه‌وه‌ هه‌رچه‌نده‌ له‌بنه‌ڕه‌تدا كه‌سێتی نه‌ته‌وه‌یی په‌یوه‌ندییه‌كی راسته‌خۆی به‌كه‌سێتی تاكه‌كه‌سه‌وه‌ هه‌یه‌و ئه‌گه‌ر تاكه‌كه‌س نه‌بێته‌ كه‌سێكی خاوه‌ن كه‌سێتی ئه‌وا ناشێت كه‌سێتی نه‌ته‌وه‌یی پێكبێت.

ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ هه‌ر ره‌گه‌زو پێكهاته‌یه‌كی ئیتنیكی یان كۆمه‌ڵایه‌تی له‌كۆمه‌ڵایه‌تیبوونیدا به‌جۆرێك بنیادی كه‌سێتی تاكه‌كانی ده‌نێت، كۆی ئه‌و بنیاده‌ش وه‌كو كه‌سێتیه‌كی فراوانترو گشتگرتر ده‌رده‌كه‌وێت كه‌كه‌سێتی نه‌ته‌وه‌یی یان ره‌گه‌زییه‌، هه‌رچه‌نده‌ بۆ ئه‌و قۆناغه‌ مه‌سه‌له‌ی‌ نه‌ته‌وایه‌تی بوونی نه‌بووه‌ به‌و مانایه‌ی‌ كه‌دواتر وه‌كو به‌رهه‌می مۆدێرنێته‌ ده‌ركه‌وتووه‌.

ئێمه‌ نازانین كه‌سێتی كوردی له‌سه‌ره‌تادا چۆن بووه‌؟ به‌ڵام گومانمان له‌وه‌ نییه‌ له‌ڕابردوویه‌كی دووردا له‌ئه‌نجامی داگیركردن‌و سه‌ركوتكردن‌و تێكشكاندنی ئایین‌و كه‌لتوورو كه‌له‌پوورو زمان‌و داب‌و نه‌ریتی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌دا له‌لایه‌ن داگیركه‌رانه‌وه‌ ئه‌م كه‌سێتیه‌ تێكشكێنراوه‌‌و بوویه‌كی لاوازی‌ نائاماده‌و په‌راوێزی لێده‌رچووه‌ كه‌هه‌میشه‌‌و تاكو ئێستاش له‌به‌رامبه‌ر كه‌سێتی ئه‌وانی داگیركه‌ری وڵاته‌كه‌یدا له‌بارێكی لاوازدایه‌و هه‌میشه‌ هه‌ست به‌بچووكی خۆی ده‌كات‌و ئه‌وانی تریش له‌ئاستێكی به‌رزتردا ده‌بینێت.

ئه‌م كه‌سێتیه‌ به‌درێژایی‌ مێژوو هه‌لی ئه‌وه‌ی‌ بۆ رێكنه‌كه‌وتووه‌ كه‌ ئه‌و كه‌سێتیه‌ تێكشكاوه‌ی‌ خۆی بینابكاته‌وه‌و ئاماده‌بوونی خۆی له‌نێو گه‌ل‌و پێكهاته‌كانی تردا بسه‌لمێنێت. دیاره‌ خۆسه‌لماندیش به‌بێ بنه‌ماو ئاماده‌بوون له‌زۆر بواری جۆراوجۆردا به‌دینایه‌ت كه‌سه‌ره‌كی ترینی ئه‌و بنه‌مایانه‌ش گواستنه‌وه‌ی‌ ئه‌م كه‌سێته‌یه‌یه‌ له‌باری به‌ركار بوونیه‌وه‌ بۆ باری به‌بكه‌ربوون، واته‌ له‌بارێكه‌وه‌ كه‌ كاری له‌سه‌ر ده‌كرێت‌و مامه‌ڵه‌ی‌ پێوه‌ ده‌كرێت‌و له‌ده‌ره‌وه‌ی‌ خۆی بڕیاری بۆ ده‌درێت بۆ بارێك كه‌ خۆی كاربكات‌و له‌سه‌ر جوگرافیای خۆی خاوه‌نی هه‌موو بڕیارێكی په‌یوه‌ست به‌خۆی بێت‌و خۆی چاره‌نووسی خۆی دیاری بكات. لاوازی‌ كورد له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وی‌ عه‌ره‌ب‌و تورك‌و فارسدا وه‌كو نه‌ته‌وه‌ی‌ ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ری‌ كوردستان‌و لاوازی‌ كورد به‌گشتی له‌به‌رامبه‌ر هه‌موو ئه‌وانی تردا، ئه‌نجام‌و ده‌رهاوێشته‌ی‌ ئه‌و باری‌ تێكشكاندن‌و نائاماده‌بونه‌ی‌ كه‌سێتی كوردییه‌، كه‌سه‌رئه‌نجام ئه‌و تێكشكاندن‌و لاوازییه‌ فڕێی داوه‌ته‌ په‌راوێزی‌ مێژووه‌وه‌.

هه‌روه‌ك فڕێیشی داوه‌ته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ هه‌موو بڕیارو ئاماده‌بوونێك‌و به‌رده‌وام له‌خه‌می ئه‌وه‌دا بووه‌ كه‌باوكێكی هه‌بێت‌و ئه‌و باوكه‌ كه‌گومانی تێدانیه‌ توندوتیژترین ده‌سه‌ڵاتی باوكسالاری‌ به‌سه‌ر ئه‌مدا پیاده‌كردووه‌، ئه‌م زۆربه‌ی‌ كات له‌به‌ر لاوازیی كه‌سێتی خۆی‌ بۆی‌ ملكه‌چ بووه‌و داگیركردن و دابه‌شكردنی كوردستان له‌سه‌ر ئاستی ناوه‌وه‌ یان یان خودی‌ كورد لێره‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت. ئێستاش له‌ ره‌فتاری‌ رووبه‌رێكی فراوان له‌كورد وه‌كو پاشكۆی‌ داگیركه‌رانی كوردستان‌و ده‌ركه‌وتنیان به‌بچووكی‌و بسته‌باڵایی به‌رئه‌نجامی ئه‌و تێكشكاندنه‌ی‌ كه‌سێتی كوردییه‌. دیاره‌ ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانین كه‌ هۆكاری‌ ده‌ركی هه‌رگیز باڵاده‌ست نه‌ده‌بوو ئه‌گه‌ر باری‌ خودیی كورد له‌باربووایه‌وه‌ خاوه‌نی كه‌سێتیه‌كی ته‌واو له‌سه‌رپێی خۆ راوه‌ستاو بوایه‌.

ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كه‌سێتی كوردی‌ له‌ڕووی‌ په‌ره‌سه‌ندنه‌وه‌، له‌ڕووی‌ بوون به‌خاوه‌نی شووناسی تاكه‌كه‌سیه‌وه‌ له‌جوڵه‌یه‌كی زۆر خاودایه‌و، به‌جۆرێك كۆنه‌ستی كۆمه‌ڵایه‌تی له‌لایه‌ن ئه‌وانی داگیركه‌رو تێكشكێنه‌ری كه‌سێتیه‌كه‌یه‌وه‌ داگیركراوه‌ به‌ئاسانی ناگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ئه‌سڵی خۆی‌و له‌پله‌ی‌ یه‌كه‌مدا وای لێبێت به‌كوردی بیربكاته‌وه‌و هه‌ست بكات‌و بڕوانێت‌و جیاواز له‌وانی داگیركه‌رو تێكشكێنه‌ری كه‌سێتیه‌كه‌ی‌ هه‌نگاو بنێت‌و هه‌وڵبدات تایبه‌تمه‌نییه‌كانی خۆی له‌ هه‌موو ئاسته‌كاندا جیابكاته‌وه‌و بگاته‌ ئاستێك له‌ هه‌ژموونی ترس له‌وانی داگیركه‌ر رزگاری ببێت‌و بتوانێت بڵێت ئه‌مه‌ منم هاوشانی ئێوه‌م‌و له‌سه‌ر قاچی خۆم راوه‌ستاوم‌و منیش وه‌كو هه‌موو ئه‌وانیتر ده‌بێ خاوه‌نی تێكڕای مافه‌ سرووشتیه‌كانی خۆم بم‌و ده‌بێ خۆم بكه‌ری سه‌رجوگرافیای خۆم بم. ئه‌مه‌ش مانای گه‌یشتنی كه‌سێتی كوردییه‌ له‌سه‌ر ئاستی تاكه‌كه‌س‌و له‌سه‌ر ئاستی نه‌ته‌وایه‌تیش به‌و ئاسته‌ی‌ كه‌ بوونی خۆی ده‌سه‌لمێنێت‌و ئاماده‌ده‌بێت بۆ به‌ جێگه‌یاندنی پرۆژه‌ی‌ رێنیسانسی نه‌ته‌وه‌یی كوردی كه‌ ئه‌و پرۆژه‌یه‌ ته‌نیا كاتێك به‌دی دێت كه‌ كه‌سێتی كوردی له‌ باری تێكشكاندن ده‌رباز ببێت‌و بتوانێت له‌سه‌ر جوگرافیای خۆی ببێته‌ بكه‌ری رووداو درووستكه‌ر، مه‌به‌ست له‌مه‌ش خۆسه‌لماندن‌و خۆبیناكردنه‌وه‌و ده‌سه‌ڵاتكردنه‌ به‌سه‌ر هه‌موو جوگرافیای مادی‌و مه‌عنه‌وی نه‌ته‌وه‌داو بیناكردنی كه‌سێتیه‌كی كه‌لتووری‌و سیاسی‌و ئیداری‌و ئابووری له‌سه‌رپێی خۆڕاوه‌ستاوه‌و له‌سه‌رووی‌ هه‌مووشیانه‌وه‌ به‌رهه‌مهێنانی شارستانی‌و به‌شداریكردنه‌ له‌ بیناكردنی شارستانێتی مرۆڤایه‌تیدا به‌و مانایه‌ی‌ كه‌ كورد كاتێك ده‌بێته‌ كه‌سێتیه‌كی خاوه‌ن شووناس كه‌ له‌سه‌ر ئاستی ناوخۆ‌و له‌سه‌رئاستی مرۆڤایه‌تیش بوونی خۆی به‌شێوه‌یه‌كی شارستانیانه‌ بسه‌لمێنێت.    


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP