کۆمیتەی ریفراندۆم پێویستە لەپەرلەمانەوە شەرعیەت وەربگرێت

سالار مه‌حمود - 7-07-2017 - 5255 جار خوێندراوەتەوە

بەبێ بڕیاری پەرلەمان دروستکرنی لیژنە پێشێلکردنی یاسا کارپێکراوەکانە

هاوشێوەی ئەندامانی لیژنەی ئامادەکردنی دەستوور، بۆ پرسێکی نیشتمانی و چارەنووسازی وەک ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی پێویستە لەپەرلەمانەوە ئەو لیژنەیە پەسەند بکرێت. ئەگەرچی ئاساییە حزبەکان لەدەرەوە کەسەکان دیاری بکەن، بەڵام بۆ ئەوەی ببنە نوێنەرێکی نیشتمانی متمانە پێکراو وا گونجاوە ناوەکان بخرێتە بەردەم پەرلەمان و  بەدەنگی پەرلەمان پەسەند بکرێت.

مەرجی سەرکەوتنی ریفراندۆم دروستکردنی یەکڕیزیی نیشتمانی پێش وەختەیە، لەسایەی دامەزراوە شەرعیەکانی کوردستان و مسۆگەرکردنی بەشداری خەڵکی کەرکوک و ناوچەکوردستانیەکانی دەرەوەی هەرێمە کە نزیکەی لە٤۹٪ خاکی باشوری کوردستان دەگرێتەوە.  گەورەیی و زەرورەتی ریفراندۆم لە گەڕانەوەی کەرکوک و ئەو ناوچانەیە کە هێشتا ناڕاستەوخۆ لەدەرەوەی هەرێمن، ئەگینا بەبێ ئەم ئامانجە هەولێرو سلێمانی و هەڵەبجەو دهۆک پێویستان بە ریفراندۆم نییە، چونکە۲٦ ساڵە ئازادو سەربەخۆن. کوردستان لە ئێستادا نیمچە دەوڵەتێکی رانەگەیەنراوە هەڵسوکەوتی هەرێم لە زۆر رووەوە لە هەڵسوکەوتی دەوڵەت نزیکە،  لە زۆر بواردا لە عێراق دابڕاوین و تەنیا ئەو هەنگاوە ماوە کە فەرمیەت بدەین بە ریفراندۆم. 

پێکەوە ژیانی کوردستان و عێراق درۆیەکی گەورەیەو  رووداوەکانی سەد ساڵی رابردوو ئەم راستیە دەسەلمێنن، بۆیە دوای سەد ساڵ لە بەزۆر پێکەوە لکاندنی کوردستان بە عیراقی عەرەبییەوە بۆ جیابوونەوە کاتیەتی. رێگای دروست بۆ سەربەخۆیی بڕیاری دەستەجەمعی و یاسایی و نیشتمانییە. بەئاساییکردنەوەی پەرلەمان لیژنەی ریفراندۆم سەرەنجامیریفراندۆمیش سەرکەوتن بەدەست دێنێ.

لیژنەیەکی حزبی دەسەڵاتی مخاته‌بەکردنی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنی نییەو هەر هەنگاوێکی لەو جۆرە پێچەوانەی یاسای ژمارە (٤)ی ساڵی ۲٠۱٤ دەبێت.

بەپێی مادە (۳)ی هەمان یاسا کۆمسیۆن ملکەچی پەرلەمانەو لەبەرامبەریدا بەرپرسە.

بەپێی مادە(٤) ی هەمان یاسا بڕگە سێ جاڕدانی راپرسی پێویستە بەپشت بەستن بێ بە یاسا کارپێکراوەکان. واتە دیاریکردنی لیژنەی ئامادەکاریی بۆ ریفراندۆم پێچەوانەی یاسا کارپێکراوەکانەو هەر هەنگاوێک بەو ئاراستەیە پێشێلکاریی یاساییە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP