لاوازكردنی یاساو بەهێزكردنی بكوژەكان

نەبەز گۆران - 7-07-2017 - 4676 جار خوێندراوەتەوە

هیچ كۆمەڵگەیەك نییە لەجەوهەریدا هەموو بنەماكانی مرۆڤ بوون پەیرەو بكات، ئەوەی كۆمەڵگەكان رێكدەخات یاسا و پەیمانی كۆمەڵایەتییە. گەر لەناو كۆمەڵگەی ئێمە، كە كۆمەڵگەیەكە هەمیشە لەناوەراستی شەڕەكاندا بووە و بەردەوام جۆرێك لە یاخی بوونی تێدابووە بەرامبەر بە یاسا و، ملكەچی نەریت و كلتوورە باوەكە بووە، ناكرێت چاوەڕێبكەین كۆمەڵگەیەكی مرۆڤ دۆست بێت. هەموو ئەو شەڕانەی روودەدەن و ئەو توندوتیژیانەی لەرێگای دونیای شاشەكانەوە دێتە ناو خێزانەكان، دەبنە دینەمۆیەك بۆ وزەخستنەوە ناو توندوتیژییە كۆمەڵایەتییەكان. وەك مرۆڤدۆستێك دەڵێت:"بەرهەمی توندوتیژی، تەنها توندوتیژییە. "

كاتێك یاسا لەپەراوێزدا بوو، حوكمی بەهێز و لاواز شوێنی دەگرێتەوە. ئەوەی بەهێزبێت لەو غیابەدا هەوڵی خۆ بەهێزكردندەدات، خۆبەهێزكردنەكەش لەناو كۆمەڵگەیەكی ناو شەڕەكان و پڕ لە توندوتیژی، بێگومان هەمیشە كوشتن و سڕینەوە بەشوێن خۆیدا دەهێنێت.

ئەو هەموو كوشتنانەی لەم دوایەوە لەناو شارەكاندا روودەدەن، بەشێكی دەرخەری ئەو دیوەی كۆمەڵگەیە ئەگەر نەخرێتە ناو چوارچێوەی یاساوە، بێگومان دەگەرێتەوە بۆ دونیا جەنگەڵییەكەی خۆی. بەشەكەی دیكەی پەیوەندی بە كاریگەرییەكانی دەرەوەی خۆیەتی. كۆمەڵگەی ئێمە، كۆمەڵگەیەكی نەریتیی و محافزكارە، لەم نەریت و محافزكارییەی خۆیدا بەر دونیایەكی نوێ‌ كەوتووە، دەمێك دەیەوێت بچێتە ناو ئەو دونیا نوێیە، دەمێكیش دەیەوێت بەرگری لە نەریت و محافزكارییەكەی خۆی بكات و دژی ئەو دونیا نوێیەبێت. دەتوانین بڵێین: كۆمەڵگەیەكە هێشتا سیمای راستەقینەی خۆی دیاری نەكردوە، دەیەوێت لەگەڵ دونیای نوێ‌ بێت و دەشیەوێت دەست لە نەریت و محافزكارییەكانی خۆی هەڵنەگرێت. ئەو هێزە دادپەروەرەی ناوی یاساییە، بەشێوەیەكی فراوان لە پەراوێزدایە. لەبری یاسا بنەما خێڵەكییەكان، بنەما ئایدۆلۆژییەكان دەور دەبینن. كاتێك ئەو بنەما خێڵەكی و ئایدۆلۆژییانە شوێنی یاسا دەگرنەوە، ئیدی دەبێت چاوەرێی هەموو لادانێك و كارێكی نامرۆڤانە بكەین. 

كاتێك كۆمەڵێك بیركەرەوەی ناو ئەم كۆمەڵگەیە هەمیشە هەوڵیانداوە سیستەمی تەندروست  و یاسا باڵادەست بن، ئەم هەوڵەیان بۆ دروستكردنی فەزایەك بووە، كۆمەڵگە بتوانێت شێوە تەندروستەكەی خۆی بژی. ئەوانەشی دژی ئەم هەوڵانەبوون و بەرگریان لەو سیستەمە خێڵەكی و ئایدۆلۆژیی و دژ بە یاسایەكرد، بەرهەم هێنەری ئەم فەزا ناتەندروستەن كە سات بەسات كۆمەڵگە بەرەو شوێنێكی مەترسیدار دەبات. ئەگەر یاسایەك نەبێت و ئەگەر پەیمانێكی كۆمەڵایەتی نەبێت، ئەو دیوە دەردەكەوێت ئێستا رۆژانە دەرگیری دەبین.

بەرهەمی ئەم (25) ساڵەی حوكمرانی، دروستكردنی كۆمەڵگەیەك نییە ئەویتری جیاواز وەك خۆی قبوڵ بكات. بەرهەمی ئەو ساڵانە دروستكردن و كاركردن بووە بۆ فۆرمێك لە كۆمەڵگە، كە دابەشبێت بەسەر ڕەنگی دژ بەیەكدا، دابەشبێت بەسەر رق و یەكتر سڕینەوەدا، دابەشبێت بەسەر لاواز و بەهێزدا. نە حوكومەتێك هەبووە بتوانێت ئەركە راستەقینەكەی خۆی جێبەجێ‌ بكات، نە یاساییەك ئامادەیی هەبووە بۆ رێكخستنی كۆمەڵگە. جگە لەم دوو خاڵە سەرەكییە، ئایدۆلۆژیای فاشیەتی حیزبی هەمیشە كاری بۆ بەرهەم هێنانی جۆرێك كارەكتەر كردوە، ئەم كارەكتەرانە لەسەر بنەمای بەهێز و لاواز پەروەردە كراون. كوشتنەكانی ئێستا وەك ناویان ناون بە (كێشەی كۆمەڵایەتی!) وێستگەیەكن بۆ دەرخستنی نەبوونی یاسا و حوكومەت. كاتێك كارەكتەری توندوتیژ دەرك بە نەبوونی یاسا و سزا دەكات، دەكەوێتە ناو فەزای خۆی و ئەو كارە دەكات كە لە دونیاكەی خۆیدا قبوڵییەتی. نەریتەكان و محافزكاری كۆمەڵگەش دەبنە وزەیەك بۆ كەسی توندوتیژ. وەك خۆیان دەڵێن: ئەم دیاردە كۆمەڵایەتیانە، ئامانج نین، بەرهەمن. 

بەرهەمی كۆمەڵگەیەكی پڕچەك، سیخناخكراو لە رق، بارگاویكراو بە ئایدۆلۆژیا و توندوتیژی. بەرهەمی كۆمەڵگەیەكن لە (25) ساڵی فەرمانرەوایەتی خۆییدا، هەمیشە دونیاكەی گەمارۆدراوە بە كاری نامرۆڤانە. چ لەناو سیستەمەكەدا كە چوەتە ناو هەموو پنتەكانی ژیانەوە، چ لەناو ئایدۆلۆژیاكەدا و چ لەناو نەریتەكاندا، هێندەی كار كراوە بۆ دروستكردنی كارەكتەرێكی دژ بە مرۆڤ، كار نەكراوە بۆ دروستكردنی كارەكتەرێكی مرۆڤ دۆست. (بەبروای من، بەرهەمی  بەعس، ئەو توندوتیژە مەترسیدارەبوو كە 25 ساڵە لەگەڵیدا دەژین، بەرهەمی ئایدۆلۆژیای حیزبی كوردیی دوای خۆی  زیاتر لە 30 ساڵ توندوتیژی لەگەڵ خۆی دەهێنێت.)

سیستەم و ئایدۆلۆژیاكە رووبەرێكی گەورەن بۆ بەجەنگەڵكردنی كۆمەڵگە. پەراوێز خستنی یاسا دەروازەیەكە بۆ هاتنە پێشەوەی بكوژ و نەریت پارێز. بەبێ‌ هەڵوەشاندنەوەی سیستەم و وێرانكردنی ئایدۆلۆژیا، بەبێ‌ گەرانەوەی یاسا بۆ شوێنە راستەقینەكەی خۆی، بەبێ‌ دەستكاریكردنی پەروەردە و پتەوكردنەوەی پەیمانی كۆمەڵایەتی، زۆر وەهمە لەو باوەرەدا بژیت كوشتن و توندوتیژییەكان بەرەو كەم بوونەوە دەچن. ئێستای ئێمە كە تێیدا دەژین، ئێستایەكە هەموو تاكێك مەترسی لەسەر ژیانییەتی، چونكە فەزای حوكومرانییەكە فەزای بەهێز و لاوازی دروستكردوە. فەزای بكوژ و كوژراوی دروستكردوە. نەریت پاڵپشتی دونیای بەهێزەكان دەكات، ئایدۆلۆژیای حیزبی مرۆڤی مەترسیدار دروستدەكات و هەمیشەش بۆ داپۆشینی فەزا ناتەندروستەكەی خۆیان، ناوێك لە كردە ناتەندروستەكان دەنێن تا دیوە راستەقینەكە بشێونن و بكوژ ببێتە پاڵەوان و یاسا ئەركی نەمێنێت. 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP