بەپەلە

سیاسەتی‌ گوێچکەنان

عارف قوربانی - 7-07-2017 - 5208 جار خوێندراوەتەوە


کاتێ راپەڕینی‌ گەلانی‌ ئێران سەرکەوتنی‌ بەدەستهێنا و کۆماری‌ ئیسلامی‌ وەک جەمسەرێکی‌ نوێ خۆی‌ راگەیاند کە (نە غەربیە نە شەرقیە، جمهوریی‌ ئیسلامیە)، کۆمەڵگەی‌ نێودەوڵەتی‌ نەک هەر پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بڕی، بەڵکوو گەمارۆی‌ ئابووریشیان خستە سەری. ئیمام خومەینی‌ کە ئەرک و بەرپرسیارێتی‌ قۆناغی‌ داڕشتنەوەی‌ ئێرانی‌ تازەی‌ لەئەستۆ بوو، بۆ ئەوەی‌ وڵاتەکەی‌ بەرگەی‌ ئەو گەمارۆ سیاسی‌ و ئابوورییە بگرێت کە لەلایەن کۆمەڵگەی‌ نێودەوڵەتی‌ و دراوسێکانییەوە خرابووە سەری‌، یەکەم کارێک کە دەیکات بڕیاری‌ پێکهێنانی‌ لێژنەیەک دەبێ لە کەسانی‌ پسپۆڕ و شارەزای‌ بوارە جیاجیاکان تا راوێژیان لەگەڵ بکات و بە پشتبەستن بەپلانی‌ زانستی‌، کۆماری‌ ئیسلامی‌ رووبەڕووی‌ قەیرانەکان ببێتەوە. 

لە رۆژانێکی‌ زۆر کوورتتر لەو ماوەیەی‌ بۆ شارەزایانی‌ دیاری کردبوو تا بە پرۆژەوە بگەڕێنەوە، پسپۆڕە ئابووریناسەکە کە مامۆستایەکی‌ زانکۆی‌ تاران بوو، دەگەڕێتەوە و بە ئیمام خومەینی‌ دەڵێت هاتووم تا فەرمان بدەی (گوێچکەی‌ نان) قەدەغە بکرێت. ئیمام خومەینی‌ تووشی‌ سەرسوڕمان دێت لەوەی‌ چاوەڕوانی‌ پرۆژە و پلانی‌ زانستیی‌ زۆر گەورەی‌ لەم ئابووریناسە کردووە و ئەویش هاتووە داوای‌ قەدەغەکردنی‌ گوێچکە نان دەکات. بەسەرسامییەوە دەڵێت ئەمە پلانی‌ تۆ بوو بۆ خۆژێنی‌؟! مامۆستاکە دەڵێ پێویستە لەم کارە بچووکانەوە دەستپێبکەین، ئەم چەند رۆژە خەریکی‌ توێژینەوە بووم، ژمارەی‌ هەموو ئوتێل و چێشتخانەکانم وەرگرتووە و لە چەند ناوچەیەکی‌ جیاجیای‌ شار و لادێ، گەڕەکی‌ هەژارنشین و دەوڵەمەند کۆمەڵگەیەکی‌ ئێرانیی‌ بچووککراوەم هێناوە، ئەو گوێچکە نانەی‌ لە ماڵان و ئوتێل و چێشتخانەکان فڕێ دەدرێت، بەراوردم کردووە بە ژمارەی‌ دانیشتووانی‌ ئێران و ئەو بڕە گەنمەی‌ ساڵانە ئێران لە وڵاتانی‌ دەرەوە هاوردەی‌ کردووە، بۆم دەرکەوتووە ئەو لێوارە زیادەیە یەکسانە بە بڕی‌ ئەو گەنمە هاوردەکراوە، ئەگەر جەنابتان فەرمایشت بکەن بەوەی‌ نانی‌ ئێرانی‌ قەدەغەیە گوێچکە و لێواری‌ زیادەی‌ هەبێت، ئەوا بڕی‌ گەنمی‌ جووتیارانی‌ خۆمان بەشی‌ نانی‌ تەواوی‌ گەلانی‌ ئێران دەکات. 

هەر لەوێ ئیمام خومەینی‌ فەرمانی‌ قەدەغەکردنی‌ لێواری‌ نان دەردەکات و تا ئێستاش کاری‌ پێدەکرێت، ئیتر ئێران گەنم هاوردە ناکات. ئەو گەمارۆیەی‌ ئەوکاتە خرایە سەر ئێران، ئەم وڵاتەی‌ وا لێکرد پشت بەخۆی‌ ببەستێ بۆ دابینکردنی‌ پێداویستییەکانی‌ و ئێستا یەکێکە لەو وڵاتانەی‌ کەمترین پێویستی‌ بە جیهانی‌ دەرەوە هەبێت و ئەگەر گەمارۆی‌ لەسەر نەبێت، رەنگە بتوانێ کەلوپەل و پێداویستی‌ بۆ بەشێکی‌ زۆری‌ وڵاتان دابین بکات. 

هەرێمی‌ کوردستان لەبەردەم دووڕێیانێکی‌ چارەنووسسازدایە و دەیەوێ بەهۆی‌ پرۆسەی‌ ریفراندۆمەوە رێگەی‌ سەربەخۆیی‌ بگرێتەبەر، بەڵام تا باسوخواسی‌ سەربەخۆیی‌ گەرمتر دەبێ، تا لەو وادە دیاریکراوە نزیکتر دەبینەوە کە بۆ رۆژی‌ ریفراندۆم دیاریکراوە، هاووڵاتیان زیاتر تووشی‌ راڕایی‌ و ترس دەبن لە ئاکامەکانی‌ دوای‌ ئەو پرۆسەیە. خەڵک بەنیگەرانییەکی‌ زۆرەوە لە دۆخەکە دەڕوانن و ترسی‌ ئەوەیان هەیە کاردانەوەی‌ وڵاتانی‌ دراوسێ زیاتر ماندوویان بکات. چونکە ئەزموونی‌ رابردوو ئەوەی‌ پیشانداون کە ئێمە وڵاتێک نین بتوانین لەسەر پێی‌ خۆمان بوەستین، سێ ساڵ پێش ئێستاشیان بینی‌ کاتێ بەغدا بەشە بودجەی‌ هەرێمی‌ کوردستانی بڕی‌ کە هەم مەترسی‌ بوو هەم دەرفەت، دەکرا هەرێمی‌ کوردستان بیکردایە بە سەرەتای‌ لەسەرپێوەستانی‌ خۆی‌ و بەپلان ستراتیژێکی‌ دابنایە و ئیتر کوردستانیش پشت بەخۆی‌ ببەستێ، بەڵام بوو بە مەترسی‌ و قەیرانێکی‌ قووڵی‌ ئابووریی‌ دروستکرد کە ژیان و گوزەرانی‌ چینەکانی‌ خوارەوەی‌ تەواو شێواندووە.

خەڵکی‌ کوردستان مافی‌ خۆیانە نیگەران بن لە ئایندەیان، بەڵام ناشکرێ ئەوەش ببێتە هۆکاری‌ لەدەستچوونی‌ دەرفەتەکان، کۆنفۆشیۆس بەو جۆرە باس لەگەیشتن بە ئامانجەکان دەکات کە "ئەگەر مرۆڤ تەنیا یەک لایەنی‌ نەرێنی‌ ئامانجەکە بهێنێتە پێشچاوی‌ خۆی، هەرگیز پێی‌ ناگات". 

ئێستا هەلومەرجێک هاتووەتە پێش کە کوردستان دەباتە قۆناغێکی‌ ترەوە، بەڵام پێویستی‌ بە بزواندنی‌ کۆمەڵگە هەیە. راستە مەترسیمان هەیە، بەڵام ناکرێ هەر مەترسییەکان ببینین. گەرچی‌ ئاو و هەوا و سروشتی‌ کوردستان بەجۆرێکە ئەگەر حوکمڕانی‌ کوردی‌ لە چارەکە سەدەی‌ رابردوو بەپلان کاری‌ بۆ بنیاتنانەوەی‌ کوردستان بکردایە، وەک ئێستا نەدەبوو کە پێویستیی‌ رۆژانەی‌ ژیانی‌ خەڵک لە هێلکە و تەماتە و ماست و ئارد و پەنیر و تەنانەت بۆ بەنزین و سووتەمەنی، پەنا بەرێتە بەر وڵاتان، لەکاتێکدا کوردستان وڵاتێکی‌ کشتوکاڵی و خاوەنی‌ نەوتیشە.

سروشت و ژینگەی‌ کوردستان هاوشێوەیە لەگەڵ سووریا کە شەش ساڵە شەڕ و کوشتار زۆربەی‌ وڵاتەکەی‌ گرتووەتەوە، پێنج ملیۆن کەس ئاوارەی‌ وڵاتان بوون و لەناوخۆشدا زیاتر لە حەوت ملیۆنیان شوێنیان گۆڕیوە، کەچی‌ هێشتا بازاڕەکانی‌ کوردستان بەشی‌ زۆری‌ سەوزە و میوە و بەروبوومی‌ کشتوکاڵی‌ لە سووریاوە بۆ دێت. لە پرۆسەی‌ ریفراندۆمدا هاووڵاتیان ترسی‌ داخستنی‌ سنوورەکانیان هەیە کە لەسەر حسابی‌ قورسکردنی‌ ژیانی‌ خەڵک تەواو دەبێت. ئەگەر سەرخانی‌ وڵاتێک ئیدارە و سیاسەت و دامەزراوەکانی‌ بێت، ژێرخانەکەی‌ ئابوورییە، کوردستان هەردووکی‌ پێویستە، سەربەخۆیی‌ و خۆژێنی. ئەگەر خاوەن ئیرادە بین هێشتا دەرفەتی‌ ئەوەمان لەبەردەم ماوە کار لەسەر هەردوو پایەکە بکەین، بەڵام هاوشێوەی‌ ئەو سەردەمەی‌ ئێران پێویستمان بە پرۆژە و پلان و بڕیاری‌ ئازایانە هەیە.

ئەمە نیشانەی‌ نەبوونی‌ پلانە کە هەرێمی‌ کوردستان ساڵانە بەبەهای‌ دەیان ملیۆن دۆلار تەماتە و خەیار هاوردەی‌ وڵاتەکەی‌ دەکات و کاتێ خەیار و تەماتەی‌ ناوخۆ دێتە بەرهەم، جووتیار فڕێی‌ دەدات و دەرخواردی ئاژەڵی دەدات. وڵاتێکین بەپێی‌ داتا و ئامارەکانی‌ ژووری‌ بازرگانی‌، ساڵانە بەبەهای‌ 250 ملیۆن دۆلار برنج هاوردە دەکەین لەکاتێکدا زۆربەی‌ ناوچەکانی‌ کوردستان گونجاون بۆ چاندنی‌ برنج. ژینگەی‌ کوردستان لەبارە بۆ چاندنی‌ تووتن و تا پەنجاکانی‌ سەدەی‌ رابردووش وەک نەوت تەماشای‌ دەکرا، کەچی‌ ئێستا ساڵانە بە بەهای‌ 500 ملیۆن دۆلار جگەرە هاوردەی‌ کوردستان دەکرێت. 

کوردستان سەرباری‌ ئەو کێشە ئابووری‌ و قەیرانە داراییانەی‌ تووشی‌ هاتووە، وڵاتێکە داهاتەکانی‌ بەشی‌ ژیانێکی‌ شەرەفمەندانەی‌ ئەو ژمارە خەڵکە دەکات کە لەسەر خاکەکەی‌ دەژین، بەڵام گرفت لە نادادی‌ و گەندەڵی‌ و بەهەدەرچوونی‌ سامانەکانێتی‌. مافی‌ خۆمانە بەرەو سەربەخۆیی‌ بڕۆین و ببین بە دەوڵەت، گەلی‌ کورد هیچی‌ لە گەلانی‌ تورک و فارس و عەرەب کەمتر نییە کە زۆر لەمێژە لەم ناوچەیە پێکەوە دەژین. بۆ گەیشتن بەو ئامانجە پێویستمان بە ئیمامێکی‌ بڕیاردەر هەیە ئەولەویەتی‌ ئەوە بێت سەرچاوەکانی‌ ئەو فەسادە ریشەکێش بکات کە خەریکە بڕست لە کوردستان دەبڕێت. بنبڕکردنی‌ سەرچاوەکانی‌ گەندەڵی‌ و گرتنەوەی‌ ئەو کون و کەلەبەرانەی‌ قووتی‌ خەڵکی‌ لێوە دەبردرێت، دەبێتە ئەو بزوێنەرەی‌ خەڵک جۆش دەداتەوە بۆ ئەو کاروانەی‌ کوردستان دەگەیەنێتە کەناری‌ ئارامی‌. 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP