یەكێتی چ كارەیە؟

رێبوار کەریم وەلی - 7-07-2017 - 8031 جار خوێندراوەتەوە

(1)

یەكێتی كە ئێستا لە نێوان گۆڕان و پارتیدا رۆڵی ناوبژیكاری هەڵبژاردووە، بەقەد گۆڕان لە لەباربردنی تەوافوقی سیاسیی كوردستان و، بە قەدەر پارتیش لە پەككەوتنی پەرلەماندا تاوانبارە. نە یەكێتی و نە گۆڕانیش لە مەسەلەی كاراكردنەوەی پەرلەماندا، راستگۆ نین و خۆشیان زۆر باش دەزانن كە ئەگەر ئەوە پرسێكی نیشتمانیی هێندە پیرۆزە، هەنگاوی كردنی گەلێك زۆرن و مەسەلەی گەڕانەوە یان نەگەڕانەوەی یوسف محەممەد بۆ هەولێر، ناتوانێ ئەو تەخریباتە گەورەیە چارەسەر بكات كە لە ئەنجامی پەیمانشكێنی و لادان لە رێككەوتن، تووشی گۆڕەپانی سیاسی كوردستان بووە.

بە دیوێكی دیكەشدا، تەنانەت ئەگەر ئەمڕۆ پەرلەمان كارا ببێتەوە و تەوافوقێكی سیاسیی تۆكمە دروست نەبووبێت، هیچ لە وەزعی سیاسی ناگۆڕێت، بگرە ئاڵۆزتریشی دەكات.

یەكێتی دەزانێ كە گۆڕان نایەوێ پەرلەمان كارا بكرێتەوە، بەڵام سوورە لەسەر ئەوەی كە ئەو پڕۆسەیە بەبێ گۆڕان بەڕێوەنەچێت. لەوەیاندا یەكێتی مەبەستیەتی تا هەڵبژاردنی داهاتوو پێگەی بەرامبەر گۆڕان لاواز نەبێت، چونكە لەوەش دڵنیایە كە وەزعی گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا ئاڵۆز دەبێ و، نایەوێ ببێتە كەرەستەی سیاسیی یەكبوونی ناوماڵی گۆڕان.

بەڵام پرسیاری جەوهەری لێرەدا ئەوەیە كە ئەوە داماننا پەرلەمان كارا نەكرایەوە و مەسەلەی بڕیاردان لە گشتپرسیی هەرێمی كوردستان بە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێمیشەوە، بە پەرلەماندا تێپەڕ نەبوو، ئایا ئەو كاتە هەڵوێستی یەكێتی چی دەبێت؟ ئایا یەكێتیش بە رەسمی دژایەتیی خۆی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی رادەگەیەنێت؟ مەگەر هەر یەكێتی نەبوو كە دەیگوت ئەنجامدانی گشتپرسی بۆ دیاریكردنی چارەنووسی كوردستان بابەتێكی نیشتمانییە و نابێ تێكەڵی مەسەلەی كاراكردنەوەی پەرلەمان بكرێت؟!

ئەم بڕیارە نەك بۆ ئێستای یەكێتی، بگرە بۆ رابردووی یەكێتی و خەباتی مام جەلال مایەی نەنگییەكی مەزن دەبێ كە پرسی چارەنووسی میللەتێك ببەستنەوە بە وەرگرتنەوەی پۆستێك یان شەخسێكەوە.

یەكێتی لە بڕیارێكی لەو چەشنەدا، جارێكی دیكە هەم خۆی و هەم سنووری كوردستان دابەش دەكاتەوە. بۆیە دەستنیشانكردنی نوێنەر بۆ كۆمیتەی ئامادەكاری گشتپرسی (بە تایبەتیش كە مەتڵەب ئەوەیە ئەو كەسە هەم خەڵكی سلێمانی بێت و هەمیش لە باڵی دەستڕۆیشتوو) یەكێتی لە ئیحراجییەكی گەورەی مێژوویی رزگار دەكات.

"نەخێر" چارەیە!

(2)
ئەگەر تا وادەی ئەنجامدانی گشتپرسی لە كوردستان، تەوافوقێكی سیاسی نەهاتبێتە ئاراوە (تەنانەت ئەگەر یەكێتیش پشتیوانیی پڕۆسەكە بكات) ئەوا بەڕێوەبردنی پڕۆسەكە لە سلێمانی و ناوچەكانی نفوزی گۆڕان زەحمەتە. ئەگەرچی بەو وەزعەی ئێستا هەیە گۆڕان جگە لە بایكۆتكردن هیچ رێگەیەكی دیكەی لەبەردەمدا نییە، بەڵام بەدووریش نازانرێت كە هەوڵی خۆی لەسەر ئاستی جەماوەری و رێكخستنەكانی بخاتەگەڕ بۆ ئەوەی سندووقەكانی دەنگدان لەو ناوچانە دانەنرێن و پڕۆسەكە لە هەموو روویەكەوە بێ ئیعتیبار بكات.

بەڵام ئەوەی بەرەی "نەخێر" ناتوانێ بیبینێت، ئەوەیە كە مەسەلەی دەنگدان بە سەربەخۆیی كوردستان مەسەلەیەكی ئەخلاقی و ویژدانییە و كەم كەس هەیە بتوانێ بچێتە بەردەمی سندووقی دەنگدان و بڵێ نەخێر. دەشێ كەسانێك لەژێر كاریگەریی ئینتیمای سیاسییان لەو رۆژەدا نەچن دەنگ بدەن، بەڵام پڕوپاگەندە بۆ بەڵێ چەند ئەركی بارزانی لە پابەندبوون بە ئەنجامی گشتپرسی قورس دەكات و، چاوەڕوانیی جێبەجێكردنی بڕیارەكەی لێ دەكات، بۆ بەرەی نەخێریش بەهەمان شێوە دەبێت، چونكە ئەوا گریمان دەنگی نەخێر سەركەوت، ئایا ئەو بەرەیە دەتوانێ لە حاڵەتێكی وەهادا، دەستەبەری هەموو ئەو مافانە بكات كە كورد وەكو نەتەوەیەك و شەریكێك دەبێ لە چوارچێوەی وڵاتی بەناو عێراقدا هەیانبێت؟ ئایا دەتوانن بیر لە حەجمی ئەو زیانە بكەنەوە كە بەر مێژووی كێشەی كورد لە ئاستی جیهانیدا دەكەوێت؟

جاران لەسەردەمی دروستبوونی قیادەی موەقەتەدا، یەكێتی قسەیەكیان بڵاوكردبووەوە كە قیادەی موەقەتە بۆ تێكدانی شۆڕشی نوێ دروستبووە، چونكە ئەوان دەڵێن ئەگەر شۆڕشیشمان پێ نەكرێت، خۆ پێمان تێكدەدرێت! ئەو قسەیە ئەگەر راست بووبێت، ئەوا ئەوەی ئەمڕۆش هەمان راستییە كە بەرەیەك لە كوردستان دەڵێ ئەگەر گشتپرسیشمان پێ نەكرێت، خۆ پێمان تێكدەدرێت.

كەركووك دێت و سلێمانی دەڕوات

(3)
خاڵێكی زۆر گرنگ كە كەمتر باسی دەكرێت، ئەو دەستكەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییە گەورەیەیە كە لە سۆنگەی ئەنجامدانی گشتپرسی لە كوردستاندا دێتە دی. دەستكەوتێك كە كورد دوو شۆڕشی لە پێناودا كردە قوربانی، ئەویش كەركووكە. كەركووك و سلێمانی وەزعیان هاوتەریبی یەك دەبێ، بەڵام بە دوو ئاراستەی جیاواز. كەركووك بە بەشداری لە گشتپرسیدا دوو ئامانج دەپێكێ، یەكەمیان دەبێتەوە بە بەشێكی دانەبڕاوی خاكی كوردستان و دووەمیشیان دەنگ بۆ سەربەخۆیی دەدات. سلێمانیش ئەگەر دەنگی نەخێر تێیدا سەركەوێت، ئینكاری لە مێژووی خەباتی سیاسی و نیشتمانیی خۆی دەكات و دەكەوێتە دەرەوەی سنووری كوردستان. بەڵام لێرەدا ئەوەش هەیە كە ئەهەمیەتی ستراتیژیی سلێمانی یان هەرێمێكی لەو شێوەیە بێ كەركووك زۆر ناچیزە. بۆیە هەوڵێك هەیە كە مەسەلەی كەركووك و سلێمانی بەیەكەوە ببەسترێتەوە. ئینجا هەر چۆنێك بێت، لە ماوەی داهاتوودا وەزعێكی ئەمنی و سەربازیی ئەوتۆ بۆ كەركووك دروست دەكرێت كە ئەنجامدانی گشتپرسی تێیدا زەحمەت بێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP