هەڵاتنی رۆژی نەتەوەو هاتنی شەوی حیزب!

عه‌تا قه‌ره‌داخی - 3-07-2017 - 3299 جار خوێندراوەتەوە

بارودۆخی ژیانی خەڵك نائاساییەو قەیرانی دارایی دەستی خستووەتە بینەقاقای بەشەكانی خوارەوەی كۆمەڵگە، دەنگی ناڕەزایی خەڵك بەرەو بەرزبوونەوە دەچێت و ئاماژەی ئەوەش هەیە كە حیزبەكان بەرەو رووتبوونەوە لە جەماوەر بڕۆن. لەم رۆژانە لە یەكێك لە بنەكاكەنای تۆماری دەنگدەرانم پرسی ئایا زۆرینەی خەڵك ناوی خۆیان تۆمار كردووە بۆ دەنگدان، كەچی وەڵامیان دامەوە كە نەخێر بە دەگمەن خەڵك دێت ناوتۆمار بكات.

 ئەوانەشی دێن بە ناچاری دێن چونكە ئەگەر مامەڵەی دەزگایەكی حكومییان هەبێت كارەكانیان بۆ رایی ناكەن تا بەڵگەی تۆماركردنی ناوەكەیان نیشان نەدەن. واتە بەزۆر خەڵك ناچار دەكرێت ناوی خۆی لە تۆماری دەنگدەران تۆمار بكات، بەڵێ دیموكراتی زۆرملێ.

بەڵام خۆ ناتوانرێت بە زۆر خەڵك ببرێت بۆ دەنگدان! مەبەستمان لەم قسەیە  ئەوەیە كە خەڵك ئومێدیان بە هەڵبژاردنیش نەماوەو پێیان وایە هەركەس دەربچێت، هەر هەمان شێوەیە، واتە هەمووان پێكەوە متمانەی زۆرێك لە جەماوەرییان دۆڕاندووە، بە تایبەتی لەم دوو هەڵبژاردنەی دوایدا كە پەرلەمان چ لە كوردستان و چ نوێنەرانی حیزبە كوردیەكان بۆ پەرلەمانی عێراق  وەكو گاڵتەجاڕی لێهات و زۆرینەی ئەوانەی كرانە نوێنەری حیزبەكان بێ تواناو گەنج و بێ ئەزموون و كێشە درووستكەرو پاڵەوانی سەر شاشەكان و بەردەم مایكرۆفۆن و نێو تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانن و سەنگ و قورسیەكی وایان نەبووەو نیە كە حیسابیان بۆ بكرێت. ئەمەش دەوری هەیە لە بێئومێد بوونی جەماوەر لە هەڵبژاردن.

ئێستا بارودۆخی ناوچەكە بەجۆرێكە پێشبینیكردنی داهاتوو ئاسان نیە. بەڵام ئەوەی ئاشكرایە دوو خاڵە. یەكەم دەنگی جەماوەر بەرو درووستبوون دەڕوات. دووەم بابەتی داعشە. ئەو ئەركەی بۆ داعش دیاریكرابوو رەنگە بەرەو كۆتایی بچێت، هەرچۆن پێشتر ئەركی قاعیدە كۆتای پێهێنراو لە شوێنی ئەو داعش درووستكرا، یان هێنرایە عێراق و سووریا.

 بێگومان ئێستا نەخشەسازیی بۆ جێگرەوەی داعش كراوە، بەڵام نازانین چۆن! ئەوەی گرنگە ناوچەكەیە دوای داعش و باشتریش بڵێین كوردە دوای داعش. ئایا كورد چی دەكات و چی پێدەكرێت؟ ئایا هەنگاوی بەرەو ئایندەیەكی باشتر دەنێت و بەلایەنی كەمەوە دەگاتە ئاستێك كە لە مەترسیەكانی ئەنفال و كیمیاییباران و كۆڕەو و گۆڕی بە كۆمەڵ رزگاری بێت؟ یان بەجۆرێك كاردەكات كە لەم قۆناغەوە بگەڕێتەوە بۆ سەرەتاو خۆی بخاتەوە بەردەم ئەو مەترسیانە؟ سەرباری ئەوەی كە ئاشكرایە بارودۆخەكە گۆڕانی بەسەردا هاتووە، بەڵام خۆ بینیمان موسڵی قەڵای عروبەو ناسیونالیزمی عەرەبی چی بەسەردا هات.

 من وای بۆدەچم لە ئایندەی نزیكدا نەجەف و كەربەلای قەڵای پیرۆزی شیعەیش بەدەری موسڵ ببرێن. بۆیە سەرباری ئەوەی كە دەڵێین بارودۆخی نێودەوڵەتی گۆڕاوەو ناشێت كورد دووچاری كارەساتەكانی رابردوو ببێتەوە، بەڵام هێشتا ئێمە لەبەردەمی مەترسیداین. وێرانكردنی كۆبانی و شەنگاڵ دوێنێ بوو، رۆژانە لە باكووری كوردستان دەوڵەتی داگیركەری تورك وێرانكاری ئەنجام دەدات، دەوڵەتی داگیركەری ئاخوندی ئێرانیش بەردەوامە لە سێدارەدانی لاوانی كوردو وەكو كلكە نەوتینەش خەریكی تێكدانی ریزی كوردی باشوورە. 

كەواتە هێشتا ئێمە لەبەردەم مەترسی گەورەداین. كەواتە كار چیە؟ 
ئایا مانەوەمان لەگەڵ عەرەبی شیعەی عەقڵ بەدو و سوونەی شۆڤێنی عێراقدا چیمان بۆ بەرهەم دەهێنێت؟ بێگومان نەخشەكە روون و ئاشكرایە. لە دوای رووخاندن سەدام، عەرەب پێویستیان بە یارمەتی كورد بوو تا عێراقیان لەگەڵ درووست بكاتەوە. ئەو كات كورد پێگەی هەبوو لە عێراقدا. بەڵام رۆژ لە دوای رۆژ لەگەڵ بەهێزبوونەوەی دەوڵەتی عێراقیدا، پێگەی كورد بچووك كرایەوەو سەرئەنجام ئێستا بوونی كورد لە رووی بڕیارو ئامادەبوونەوە لەم دەوڵەتەدا یەكسانە بە هیچ و هەر كوردێكیش بەهیوای ژیان و مانەوە بێت لەسایەی عێراقدا مەگەر خۆی فریووبدات ئەگینا دەزانێت لە رووی نەتەوەییەوە ئەو مانەوەیە هیچ سوودێكی نیەو بچووكترین زەمانەتیش بۆ پاراستنی كورد لە دەستی عەرەبی عێراق نیە، ئەگەر كورد خۆی بایی ئەوە هێزی نەبێت كە خۆی بپارێزێت. 

كەواتە كورد چی دەكات لە عێراقدا؟ بێگومان خۆی فریوودەدات و رەنگە بەرژەوەندی كەسییش لە پشتی ئەو خۆفریوودانەوە بێت. بۆیە تاكو عێراق بەو ئەندازە بەهێز نەبووە كە بتوانێت جارێكی تر ئەنفال بكات و كیمایی بەكار بهێنێت پێویستە كورد بڕیاری خۆی بۆ جیابوونەوەو درووستكردنی خۆی بدات ئەگەرچی ئەوە سەركێشیشی تێدابێت، بەڵام بۆ مەودای مامناوەند مەترسیەكەی لە مەترسی مانەوە لەگەڵ عەرەبدا كەمتر دەبێت.

بێگومان بڕیاری جیابوونەوەش بوێری و ئیرادەی دەوێت. بوێری و ئیرادەش پێویستی بە درووستكردنی جۆرێك لە كۆدەنگی جەماوەریی هەیە، ئەگەرچی هەندێ پێداگری ئەوە دەكەن كۆدەنگی حیزبی دەوێت بەڵام من وای بۆدەچم عەقڵی حیزبی كوردی روو لە رووخانەو ئەگەر ئەوەش رووبدات ئەو عەقڵە حیزبیە نەخۆش و دەغەزارو بارگاویكراوە بە دەیان گرێ‌ بڕوخێت و كورد لە دەستی ئەو نوخبە سیاسیە نەخۆش و رقاویەی ئێستای رزگاری ببێت و عەقڵی نەتەوە یان جەماوەر لە دایك بێت ئەوا مانای ئەوەیە كە كورد بەرەو ئایندەیەكی گەش هەنگاو دەنێت كە ئایندەی  جەماوەرو خەڵكی كوردستانە واتە مەبەستمان ئەوەیە كە لەسەرەوە گووتمان دەنگی جەماوەر بەرەو درووستبوون دەچێت، كە ئەوەش لەسەر گۆڕی عەقڵی حیزبی كوردی و نوخبەی نەخۆش و عەقڵ داڕماوی سیاسی كوردی دەگاتە ئەنجام. 

من نازانم رووخاندنی ئەم عەقڵیەتە حیزبیە نانەتەوەیی و نا نیشتیمانیەی كوردی كەی دەبێت و كەی عەقڵی نەتەوەیی و نیشتیمانی جێگای ئەوەی ئێستا دەگرێتەوە. بەڵام وای بۆ دەچم ئەو ئایندەیە نزیكەو بڕیاری راستەقینەی چارەنووسی كورد كە سەربەخۆیی و درووستكردنی دەوڵەتە لەم حیزب و نوخبە سیاسی و عەقڵیەتە ناكاراو خۆپەرست و حیزب پەرست و تاكە سەركردە پەرستە ناوەشێتەوە. بەڵكو بڕیاردانی سەربەخۆیی و درووستكردنی دەوڵەت ئەركی خەڵك، جەماوەر، نەتەوەیە. ئەویش پێموایە دوور نیە واتە قۆناغی پێگەیشتنی خەڵك و جەماوەر لە كوردستان دوور نیە. 

ئەگەر ئەو قۆناغە زوو بێتە پێشەوە ئەوا جەماوەر بە دەنگی بەرزدەڵێت نەخێر بۆ لوتبەرزی و بێ باكی و خۆ بە هەمووشت زانینینی پارتی، نەخێر بۆ دووفاقی و درۆزنی و بێ هەڵوێستی یەكێتی، نەخێر بۆ تێنەگیشتن و هەرزەكارێتی سیاسی گۆڕان، نەخێر بۆ دووفاقی یەكگرتوو، نەخێر بۆ فسفس پاڵەوانێتی و خۆ گیڤكردنەوەی كۆمەڵ... نەخێر بۆ ئەو هەموو درۆیەی بە ناوی نیشتیمانپەروەریەوە دەكرێت.

 نەخێر بۆ ئەو هەموو كارەساتەی كە ئەم پێنج خۆپەرستە نەخۆشە میللەت كوژە بەسەر باشووری كوردستانیاندا هێناوە. بەڵێ بۆ هاتنی گۆڕهەڵكەنی هەمووتان ، بەڵێ بۆ هاتنی ئەو عەقڵیەتە، بۆ هاتنی ئەو جەماوەرە كە بە دەنگی بەرزو بە دەست و مەچەكی پۆڵاین و بە عەقڵی راستەقینەیی مرۆییانە هەموتان بە پەراوێزی مێژوو دەسپێرێت و گەل لە درۆو فریودان و چەقەچەق و دزی و تاڵانكارییەكانتان رزگار دەكات و بڕیاری راست و درووست بۆ ئایندە دەدات، كە ئەویش بڕیاری سەربەخۆیی و درووستكردنی دەوڵەتی كوردیە، واتە دەوڵەتی نەتەوە نەك هی ئێوەی حیزب كە مێژوویەكە لە پێناوی خۆتان و بەرژەوەندییەكانتاندا رەنجی كوردو خوێنی كوردتتان بە با داوە.

 بەڵێ قۆناغی پێگەیشتنی جەماوەر دێت كە ئەویش قۆناغی هاتنی عەقڵیەتی نوێ‌ و كوردایەتی هاوچەرخە، قۆناغی بە خاكسپاردنی عەقڵیەتی شەڕی براكوژی و ململانێی نادرووست و وابەستەیی بۆ داگیركەرانی كوردستان و دزینی سامانی گشتی و گەوجاندنی جەماوەرە. بەڵێ ئێوە هەڵگری پرۆژەی تاریكی و شەوەزەنگ و خوێنرشتن و وێرانكردنن و پاڵەوانن بۆ ناوخۆ و لەبەردەم داگیركەرانیشدا بچووك و ملكەچن، ئێوە سەلماندتان بەكاری ئێستاو ئەمەو دوا نایەن.

 دەبێ لەو تاریكستانەوە كە ئێوە درووستتان كردووە كە تاریكستانی بێ ئومێدكردنی گەلە، رۆژێكی نوێ‌ هەڵبێت. رۆژێك كە چیتر ئێوەو هاوشێوەی ئێوە تیایدا دەورو كاریگەرییەكتان نەبێت. بەڵێ ئەو رۆژە هەڵدێت ئەویش رۆژی جەماوەرە رۆژی خەڵكە رۆژی نەتەوەیە، نەك رۆژی حیزبی بەرژەوەندخوازو نوخبەی سیاسی نەخۆش و خۆپەرست. كە میللەتتان بە بەم جۆرە ریسواكردووەو خەریكن بە ململانێكانیشتان ئایندەشی دەدەن بەدەم باوە. 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP