بەپەلە

ریفراندۆم و پارتی

بەهرۆز جەعفەر - 3-07-2017 - 3435 جار خوێندراوەتەوە

دەوڵەت دروستكردن، یان هەر دەوڵەت خۆی لە قانونی سیاسی دا، شەخسیەتێكی مەعنەوییە، یانی هەر دروستكردنی چوارچێوەیەكی جوگرافی نییە، لایەنێكی دەستوریی و یاسایی و نێودەوڵەتی و كەلتورییەو، چونە ناو كەژاوەیەكی ترە لە مێژوودا. 

بەشێك لە سۆشیال میدیاو ئامرازەكانی میدیا، بە هۆ بێت یان بێ هۆ گیان یان بخورێ تا ئێمە قسە بكەین، ناوی ئێمەیان تێكەڵ بە بەرەی دژە ڕیفراندۆم كردووە، لەولاشەوە لە بەرەی ڕیفراندۆم، واتە لە خۆیانەوە كردویانین بە ئەندامێك لە جەماعەتی خۆیان. لە ڕاستیا هەروا سەر پێی زەحمەتە لەگەڵ مەجموعەیەك مفتخۆر و بێدەربەستی ناو ئەو جۆرە لە كوردایەتی بكەوین، وە یان لەگەڵ بەعزێ جنێوفرۆش و تەشهیركەر هوتاف بكێشین. 

لام وا بێت، مادام پارتی خۆی بە سەرمەشقی ڕاگەیاندنی دەوڵەت ئەزانێ، ئەبوو لەساڵی (۲۰۰۸) ەوە كە مالیكی هێزی جوڵاند ڕووبەڕووی هەرێمی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان سەرقاڵی سەرپێخستی توانایەكی بەشەریی بەهێز و، قووڵكردنەوەی گیانی نیشتیمانی و، حیوارێكی ئەقڵانی بوایە لەگەڵ خەڵك، لەگەڵ میدیا، لەگەڵ ناوچەی سولەیمانی و كەركوك. هەروەها ژێرخانێكی ئابوریی بەهێز و توانایەكی دیبلۆماسیی سەردەمیانەی بۆ لۆبی كردن لە ئەمریكاو ئەوروپاو پایتەختە هەستیارەكانی جیهان بە كار بهێنایە. 

گریمان، بەشێك لەمانەی كە نەكراون، هۆیەكەی بە تەنگەوە نەهاتن و شوێن نە كەوتنی ئۆپۆزسیۆن بوو. بەڵام لەدوای شەڕی داعشەوە، هەر نەبێت لە دوای گەرمكردنی بابەتی ڕیفراندۆمەوە لە ڕاگەیاندنە ناوخۆیی و بیانییەكان، پارتی دیموكراتی كوردستان ئەیتوانی ئیش بۆ ئەوە بكات كە ئارگیومێنتێكی نیشتیمانی و زانستی، سەرپێ بخا بۆ موخاتەبەكردن و ڕوونكردنەوەی زیاتر، نەك بچێ ژووری هاوبەش دروست بكا چۆن پەلاماری ئەم و ئەو بدرێ..!. 

ئێمە، زوو بۆ پارتی و كادیرە باڵاكانی مان ڕوونكردۆتەوە، بەم ئالیەت و میكانیزمە، بەم زمانە لە قسەكردن، بەم كاراكتەرانەی كە ئەڵێی بۆ شەڕی ناوخۆ حازركراون، بەم هەموو مرۆڤەی كە وەزیفەیەكی تر نازانن جگە لەوەی بڵێن گۆڕان واو جەلالی واو ئێران واو وا.. بەهەمان شێوەش لای سولەیمانییەوە بەو هەموو كائینە بەتاڵانەی كە هیچ نازانن جگە لەوەی جنێو بە پارتی بەن و، لەسەر ئەو بنەمایانە پلەو پۆستی كۆمەڵایەتی و سیاسیان وەگرتوەو، وەرئەگرن، لە ڕاستی دا ئاوها پرۆسەی ڕیفراندۆم و دەوڵەت دروستكردن هەرەس دێنێ، بەرپرسیارێتیەكەشی پێش هەر كەس پارتی دیموكراتی كوردستانە ئەوسا ئەوانی تر. ئەو چل پەنجا ملیۆن دۆلارەشی بۆ كۆمیتەی ڕیفراندۆم ئامادەكراوە چاوەڕێی لووشدان و بەهەدەردانە.!.

لەمە زیاتر، بە زۆر نابێت، لایەنەكان چی ئەچێنن ئەوە ئەدورنەوە، جنێو و شەڕە شەق، جنێو و شەڕەشەق، سیاسەت وا ناكرێ و كاتیش درەنگە، ئەتانەوێ پرۆسەی ڕیفراندۆم و دەوڵەت دروستكردن بۆ كوردستان چێ بكرێ، ئەوە ڕێگا چارە و سینارێۆكان ئامادەن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP