ئێوەش وەكو من ئازادی و سەربەخۆی مەگۆڕنەوە بەنان

دانا مەنمی - 1-07-2017 - 4624 جار خوێندراوەتەوە


من ئازادی و سەربەخۆی و خودبوونم نەگۆڕییەوە بە نان، ئێوەش وەكو من ئازادی و سەربەخۆی بۆ كوردستان مەگۆرنەوە بەنان، من راستگۆیانە كوردانە راشكاوانە خەمەكانم دەگەیاندو دەستم دەخستە سەر برینەكان، رەخنەكانم بۆ بنیات بوو نەك ڕووخان، كاری من هەویر شێلان نەبوو بەڵكو شكاندنی بتەكان بوو، بیرو بۆچوونی من پیرۆز نەبوو، تا بەكافر نێو زەندبكرێم ، بەڵام بەرسڤێكی رەوا بوو ئازادی و بەهای ئینسانبوونی لە ئەستۆدا بوو .

ئێستاش پەشیمان نیم و خۆم پێ رێبواریكی كاروانی حەقیقەتە، چونكە رەخنەگرێكی بە ویژدان و قسەی دڵی خەڵكیم دەكرد، سەروەت و سامانی رەمزیم ناگۆڕمەوە بەپۆستێك و بڕیك دراو، رۆشنبیری راستەقینە لە قەفەزی هیچ بەرپرسێكدا گیر ناخوات، جیاواز دەژی، جیاواز دەپەیڤێت، جیاواز دەنوسێت، پێش رووداو دەكەوێت .

رۆشنبیر ترسی لە دەستدانی پلەو پۆست موچەو خەڵات نییە، بەڵام وشەی جوان و بوێر شك دەبات، وشەكان، رەخنەكان هێندە كاریگەرن بەرپرسانی توشی شۆك و ترس و دڵەڕاوكێ كردووە، سامان و روخساری رۆشنبیر مەعریفەو بوێرییە، هەربۆیە بەزمانی گوڵ بەفكرێكی جوان رەخنە دەگرێت .

لە هەر حزبێكدا فكر سوتێنرا، دواجار ئینسانیش دەسوتێنرێت، سروشتی هەموو دیكتاتۆرەكان وابووە، سەدام حسێن داهێنەران و رۆشنبیرانی وڵاتی شاربەدەر دەكرد، هیچ رۆشنبیرێكی راستەقینە لە كۆماری بەعسدا جێگەی نەدەبوویەوە، هیتلەریش فكری سوتاند دواجار كەوتە ئینسان سوتاندن.

تەنیا ئەوانە رۆشنبیر نین كە زوڕنا لێدەدەن ، تەنیا ئەوانە رۆشنبیرنین كەلە گۆشەیەكدا ملكەچبوون و كۆیلایەتیان هەڵبژاردووە، ئەوانەشی كە رەخنەدەگرن لە ئاكاری بەرپرسێكی ناپاك و خیانەتكار نین، مەرج نییە ئەوانەی وابەستەو ملكەچپێكراون خاوەنی مەعریفەو نیشتیمان پەروەر بن، مەرج نییە ئەوانەی كەوی بوون زاناو دڵسۆزن !

ئەوانەی باوەڕیان بەفرە ڕەنگی و فرە دەنگی بێت، پێویستیان بەكەویكردنی رۆشنبیر نییە، رۆشنبیر كەوی ناكرێت، رۆشنبیری راستەقینە راشكاو سەربەخۆیە بەویژدان و بەئەخلاقەوە رەخنە دەگرێت، لە بەرامبەر پڕۆژەی كۆت و بەندی پڕۆژەی ئازادی و سەربەستی پێیە، لە بەرامبەر پڕۆژەی كۆنەپارێزی، پڕۆژەیەكی رادیكاڵی پێیە، بەرامبەر پڕۆژەی سەرمایەداری، پڕۆژەیەكی بۆ چینی هەژاران پێیە، لەبەرامبەر پڕۆژەی پاشكۆیەتی بۆ عێراق، پڕۆژەی بۆ سەربەخۆی كوردو كوردستان پێیە، لە كۆتایدا "فارابـــی" دەڵێت، ئەوەی لە نێو خۆیدا بێت، خاوەنی خودی خۆیەتی، ئەوەی دەستەمۆو ملكەچ بێت، خاوەنی خۆی نییە و كەسانێكی تر خاوەنین .

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP