کاک نەوشیروان چلەی بۆچییە؟

سلێمان عەبدوڵا یونس - 26-06-2017 - 39164 جار خوێندراوەتەوە

مەڕاسیمە میللیە خۆڕسکە مەزنەکەی کۆچی دوایی کاک نەوشیروان، بەجۆرێکی ئەوەندە گەورە و جیاواز بوو ئیدی پرسە و سێ ڕۆژەو و سەرقەبران و چلە و ساڵانە، جگە لەدەربڕینی وەفایەک لەلایەن هاوڕێکانیەوە، شتێکی تر بەئەو نابەخشێت.

کاک نەوشیروان، هەر بەشێوازی ژیان و جۆری خەباتی جیاواز، خۆی لەئەوانی تر جیانەکردەوە. بەڵکو لەجۆر و ماناکانی مردنیش ئەو جیاوازیەکی گەورەی نەخشاند. ئەوە بەچەشنێکە جاران باسەکە ئەوە بوو ئەو پیاوە چۆن ئەژیا؟ کەچی ئێستا دەوترێ چۆنیش مرد!

وێستگەی مردنی کاک نەوشیروان لەوێستگەی ژیانی گەورەترە ئاخر لەساتە جیاوازەکاندا، هەبوون چانسی ئەوەیان هەبوو بەئەندازەی ئەو پیاوە ڕۆڵیان هەبێت و ڕەنگە زیاتریش. بەڵام ئەوە دەرخەری ڕوخساری ڕاستەقینەی ململانێ مێژووییەکان نیە. بەڵکو دواجار، چۆن مردنەکەش، وەک چۆن ژیانەکە، حوکمی جیاوازی خۆی هەیە.

 کاک نەوشیروان ئەگەر لەژیانی سیاسیدا بەپاکی و خۆنەویستی و، پۆستنەویستییەوە؛ بناسرێتەوە، ئەوا مردنەکەی، لەهەموو ئەو پێناسە و ناسین و جیاکاریە جوانانە؛ گەورەتر بوو. بەمەش، ئەو هەر ڕێگای ڕکابەرێتی سیاسی سەخت نەکرد، بەڵکو؛ ڕێگای مردن و ڕکابەری لەمەرگیشدا، بردە قۆناغێکی جیاوازەوە و لەچۆنیەتی ژیان و مردندا، ڕێکۆردێکی نوێی لەناو دنیا سیاسیەکەی کوردا شکاند، کەئاستەمی کرد، هیچ سەرکردە و ڕێبەرێکی تری کورد، چانسی شکاندنی ڕیکۆردی دوای ئەوی هەبێت

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP