ده‌وڵه‌تێكی هاوشێوه‌ی ئیماراتی یەکگرتوومان دەوێت

هانا قاسم - 26-06-2017 - 4569 جار خوێندراوەتەوە


 یه‌كه‌م: ٢ی دیسمبه‌ری ساڵی ١٩٧١ حه‌وت ئیماره‌ له‌ جه‌زیره‌ی عه‌ره‌بی‌ یه‌كیانگرت و ده‌وڵه‌تێكی فیدراڵی یان  دروستكرد به‌ناوی ئیماراتی عه‌ره‌بی یه‌كگرتوو، شێخ زاید ئال نهیان بووه‌ یه‌كه‌م سه‌رۆكی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌ تازه‌ دامه‌زراوه‌، له‌ ماوه‌یه‌کی كه‌مدا ئه‌و پیاوه‌ خێڵه‌كییه‌ دنیای به‌ خۆی و ده‌وڵه‌ته‌كی سه‌رسام كرد له‌و سه‌ركه‌وتنه‌ گه‌وره‌یی کە به‌ده‌ستی هێنا لە بەرێوەبردن و بونیادنانی وڵاتەکەی، دوای مردنی شێخ زاید كوڕه‌كانی درێژه‌ پێده‌ری رێبازه‌كه‌ی باوكیان گرتەبەر، ئه‌وه‌تا ئه‌مڕۆ هه‌موو دنیا چاوه‌ی بریوه‌ته‌ سه‌ركه‌وتن و پێشكه‌وتنه‌كانی ئێمارات له‌ هه‌موو رویه‌كه‌وه‌ .  

دووه‌م: ساڵی ٢٠١١ باشووری سودان پروسه‌ی گشتپرسی ئه‌نجامدا بۆ جیابونه‌وه‌ یان مانه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سودان سه‌ر ئه‌نجام به ‌ده‌نگی (٩٨.٨٣% ) زۆرینه‌ی ره‌ها خه‌ڵكی باشووری سودان ده‌نگیاندا له‌ به‌رژه‌وه‌ندی جیابونه‌وه،
 له‌ ٩ یولیو ٢٠١١ ده‌وڵه‌تی باشووری سودان دامه‌زرا، به‌ڵام زۆری پێی نه‌چوو چاوچنوكی و گه‌نده‌ڵی به‌رپرسه‌كانی باشووری سودان ئه‌و وڵاته‌یان  به‌ره‌و شه‌ڕیكی خوێناوی ناوخۆیی برد و بە هه‌زاره‌ها كوژرا و بریندار و ئاواره‌ی لێكه‌وته‌وه بەمەش ده‌وڵه‌ت دروستكردن یان كرده‌ هه‌ژریكی تاڵ و ده‌رخۆاردی میلله‌ته‌كه‌ی خۆیاندا.  

له‌ ئێستادا له‌ هه‌رێمی كوردستان مشتومرێكی زۆر هه‌یه‌ له‌سه‌ر پرسی ڕفراندۆم و ده‌وڵه‌ت دروستكردن، ئه‌گه‌ر ڕفراندۆم  بۆ ئه‌وه‌یه‌ پرسیار لە گەلی کورد بکەن ئایا سه‌ربه‌خۆیمان ده‌‌وێت یان نا، ئه‌وه‌ دڵنیابن زۆرینەی زۆری كورد دەنگی بۆ بەڵێیە، کەس وژدانی ئاسودە نابێت بەو خەونە دیرینە بڵێ نه‌خێر، به‌ڵام ئه‌گه‌ر پرسیار ئه‌وه‌یه‌ كه‌ ئایا چۆن ده‌وڵه‌تێکمان ده‌وێت ئه‌وه‌ وه‌ڵامه‌كه‌ی روون و ئاشكرایه‌ کە تەنھا کوردێک نابینی ده‌وڵه‌تێكی هاوشێوه‌ی باشووری سودانی بوێت به‌ڵكو هه‌مووان ده‌وڵه‌تێكی هاوشێوه‌ی ئیماراتی یه‌كگرتوومان ده‌وێت کە لە سایەی ئەو دەوڵەتە خۆشگوزار و یەکسان بین . 

فه‌رموون ده‌وڵه‌ت دروست بكه‌ن به‌ڵام یه‌كریزی و ئاشته‌وایی نیشتمانی بكه‌نه‌ ده‌ست پێك، بژێوی خه‌ڵك چاك بكه‌ن و خه‌ڵك له برسیتی رزگار بكه‌ن، پەرلەمان کارابکەنەوە و دەزگا شەرعییەکان بەگربخەنەو، ئاسایش و ئارامی بگه‌رێننه‌وه‌ بۆ كوردستان، خۆشگوزه‌رانی و به‌خته‌وه‌ری بۆ خه‌ڵك دابین بكه‌ن، دادپه‌روه‌ری و یه‌كسانی و حكومڕانی ته‌ندروست بهێننه‌ كایه‌وه‌، ئاماده‌سازی ته‌واو بكه‌ن بۆ ئەو پروسە نەتەوەییە به‌كردار نه‌ك ته‌نها به‌ قسه ‌و لێدوان، ئه‌و كات دڵنیابن هه‌موو خه‌ڵكی كوردستان به‌ دڵ و گیان ده‌نگی بۆ به‌ڵێ ده‌بێت.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP