بۆ دەبێت دژی ریفراندۆمەکەی بارزانی بین؟

رابون مەعروف - 22-06-2017 - 12667 جار خوێندراوەتەوە


چەند ساڵێك دەبێت پارتی دیموکراتی کوردستان، هاوتەریب لەگەڵ پچڕاندنی هێڵەکانی پەیوەندی نێوان بەغداد و هەولێر، سەرقاڵی مۆنۆپۆڵی تەواوی جومگە و ناوەندە گرنگەکانی دەسەڵاتە لە هەرێم؛ سەرۆکایەتی هەرێم و حکومەت و وەزارەتەکان، دەزگای دادوەری، پەرلەمان لە ڕیگەی پەکخستنییەوە، پەیوەندیەکانی دەرەوە و دۆسیەی نەوت و گاز و داهاتی نیشتیمانی، .. تد هاوکات لەگەڵ دورکەوتنەوە لە بەغداد، پارتی بە جدی خەریکی قایمکردنی پایەکانی دەوڵەتێکە لەسەر نەخشە و هێڵکاری خەون و خولیاکانی بارزانی؛ میرنشین! 

سەرەڕای پێداگیری و هەنگاوە ئاشکراکانی پارتی بە ئاڕاستەی مۆنۆپۆلی تەواوی دەسەڵات و داگیرکردنی خەونی لە مێژینەی گەلی کوردستان بە کۆمارێکی دیموکراتی دادپەروەرەوە و جێگرتنەوەی بە میرنشینێکی ستەمکار، زۆربەی هەرە زۆری رکەبەرەکانی پارتی بێباك و سەرگەردان و بێ روئیا بۆ ئایندەی گەلی کوردستان، لە جدیەت و مەترسی هەنگاوەکانی پارتی تێنەگەیشتن! لە داگیرکردن و چالاکیە دیبلۆماسیەکانی هەولێری پایتەخت و پەیوەندیەکانی دەرەوە تێنەگەیشتن! لە مۆنۆپۆڵکردنی دۆسیەی نەوت و گاز و ڕفاندنی قوتی هاوڵاتیان تێنەگەیشتن! لە پەکخستنی پەڕلەمان و شکاندنی شکۆی دەسەڵاتی دامودەزگا فەرمیەکان و یاسا تێنەگەیشتن! دواجار ریفراندۆمەکەش بە جدی وەرنەگیرا؛ چونکە تێینەگەیشتن!!

تا ئێستاش زۆرینەی رکەبەرەکانی پارتی، لە گۆڕانکاریە قوڵەکانی ئەم سەردەمە تێناگەن. بەشێكیان لە هاوسەنگی و پێوانەکانی سەدەی ڕابوردو گیریان خواردوە و ئاگاداری گۆڕانکاریە گەورەکانی جیهان و ناوچەکە نین. بۆیە هەر لە نوسەر و رۆژنامەنوس و ئەکتیڤیستەکانەوە تا دەگات بە بەرپرسە هەرە باڵاکانی کامپی رکەبەری پارتی، بەدوای یەکدا، پێداگیریان دەکرد کە نە هەنگاوەکانی بارزانی بۆ دەوڵەت (میرنشین!) جدیە و نە بانگەشەکەشی بۆ ریفراندۆم! بە جدی نەگرتنی بانگەشە و ئەجێنداکانی بارزانی بۆ ریفراندۆم و دەوڵەت (میرنشین!) هۆکاری سەرەکی بێباکی و بێخەمی کامپە سیاسیە رەکەبەرەکەی پارتی بو: بێباکی و بێخەمییەك کە تا ئێستا درێژەی هەیە و بەردەوامە! 

ئەو ئاڕاستە سیاسیەی کە بارزانی سەرکردایەتی دەکات، مەسافەیەکی زۆر لە داگیرکردن و رفاندنی خەونی لە مێژینەی گەلی کوردستان بۆ سەربەخۆیی و دیموکراسی و دادپەروەری چوەتە پێش و ئەم ریفراندۆمە هەنگاوێکیتری گەورەی پارتی دەبێت، کە ئەگەر شکست نەخوات یان شەرعیەتی لاواز نەکرێت، هێندەی داگیرکردنی هەولێر لە ٣١ ی ئابی ١٩٩٦ کاریگەری لەسەر ئایندەی گەلەکەمان دەبێت. ئەم ریفراندۆمە چەندە پێگەی سیاسی بارزانی لە ئێستادا جێگیر و بەهێز دەکات، زیاتر لەوە هەنگاوێکی ترسناكە بە ئاڕاستەی داگیرکردنی داهاتوی پڕۆژەی سەربەخۆیی گەلی کوردستان. بەمجۆرە، ئەگەر ئامانجە نزیکەکانی بارزانی لە ریفراندۆم، پێکهێنانی جۆرێك شەرعیەت بۆ پۆستە نایاسییەکەی و داپۆشینی گەندەڵی هەمەلایەن و شکستە جۆراوجۆرەکانی حکومەت بێت، بە دڵنیاییەوە ئامانجە سەرەکی و بنەڕەتیەکەی قایمکردنی پایەکانی ئەو میرنشینەیە کە بارزانی خەونی پێوە دەبینێت. کەواتە بە پێچەوانەی دیدێکی ئەوتۆ کە بانگەشە و ئەجێنداکانی بارزانی بۆ ریفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەت (میرنشین!) بە جدی ناگرێت، ئەجێنداکانی بارزانی ترسناکن، چونکە جدین!

بانگەشەکانی بارزانی بۆ ریفراندۆم و دامەزراندنی دەوڵەت لەسەر فۆرمی ئامانجە لە مێژینەکانی پارتی (دەوڵەت بۆ خێزانێك!) جدین و هەربۆیە دەبێت بە جدی کار بکرێت بۆ پاشەکشە بەو ئەجێندا و پڕۆژە سیاسییە. هەر پێشڤەچونێك لە هێڵی سیااسی پارتی، خۆبەخۆ یانی پاشەکشەی ئاڕاستەی دیموکراتی و دادپەروەری. سەرکەوتنی ئاڕاستەی پارتی بۆ دامەزراندنی دەوڵەت (میرنشین!) بەواتای لەبار بردنی خەونی هەزاران شەهیدی گەلەکەمان بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی دیموکراتی دادپەروەر کە دەزگاکانی دەوڵەت ئامرازی پاراستنی شکۆ و کەرامەتی هاوڵاتیان بن نەك نیری کۆیلەتی!


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP