بەپەلە

تەدبیری‌ رێی‌ نەجات

عارف قوربانی - 20-06-2017 - 3674 جار خوێندراوەتەوە

لە گوندی‌ (مام رەش)ی‌ ناوچەی‌ شوان لە کەرکووک رووداوێک هەیە وەک نوکتەی‌ لێهاتووە ئەوەندە باس دەکرێت، گوندەکە مزگەوتیان هەبوو، بەڵام بێ مەلا بوون، رۆژێک مامۆستایەکی‌ ئاینی‌ کە مەشهور بوو بە مەلا مەحموودی‌ کەبیر، یادی‌ بەخێر زانایەکی‌ گەورە بوو، بە ئەسڵ هەر خەڵکی‌ ئاوایی‌ بوو، بەڵام لە کەرکووک دادەنیشت، بە میوانی‌ دەگەڕێتەوە گوند، رۆژی‌ هەینییە و خەڵکەکە داوای‌ لێدەکەن ئەمڕۆ پێشنوێژ و وتاریان پێشکەش بکات. مامۆستاش دەڵێ جا سوننەتە دەبێت ژمارەمان چل کەس بێت. کاتێ دەچنە مزگەوت و خۆیان ئامادە دەکەن، دەبینن ژمارەیان سی‌ و نۆ کەسە، سەردەهێنن و دەبەن کەسێکی‌ تر پەیدا بکەن تا ئەو دەرفەتەیان لەدەست نەچێ و لە پشتی‌ مەلای‌ گەورەوە نوێژەکەیان بکەن و گوێیان لە ئامۆژگارییەکانی‌ بێت. بەبیریان دێتەوە کەسێک لە ئاوایی‌ ماوە و نوێژیش دەکات، بەڵام لەبەر ئەوەی‌ کوڕوکاڵی‌ گوندەکە ئەوەندە سەریان خستووەتە سەری‌، ماوەیەکە تێکەڵی‌ کەس نابێت. پەنا بۆ ئەو دەبەن تا ئەمڕۆ لەگەڵ قەومی‌ ئاواییدا لە مزگەوت نوێژ بکات، داواکەیان رەتدەکاتەوە، مامۆستا خۆی‌ دەچێ بەشوێنیدا، بە مامۆستا دەڵێت لەماڵی‌ خۆم نوێژ دەکەم و نایەمە ریزی‌ ئەمانەوە. مەلا پێی‌ دەڵێ دەزانم تۆ گلەییت لە خزمەکان هەیە و هەقی‌ خۆتە، بەڵام تۆ ئەمە لەبەر خوا دەکەیت و واحساب بکە خوا ئەم ئیشەی‌ بە تۆ کەوتووە. کابرا هێندە نیگەرانە لە ئەهلی‌ ئاوایی‌، دەڵێ بۆ وا دەزانی‌ گلەییم لەخوا نییە، من سەت ئیشم بەویش کەوتووە و هیچی‌ بۆم نەکردووە با ئەمجارە ئەو ئیشی‌ بە من بکەوێت و منیش بۆی‌ ناکەم.

ئەوەی‌ ئێستا لە هەرێمی‌ کوردستان دەگوزەرێ وەک خەڵکی‌ ئەو گوندەمان بەسەر هاتووە، وا بۆ دوو ساڵ دەچێت بزووتنەوەی‌ گۆڕانیان فەرامۆش کردووە، وەزیرەکانی‌ لە حکومەت دەرکراون و سەرۆکی‌ پەرلەمان نێردراوەتە ماڵەوە. لەم نزیک دوو ساڵەدا کەس نەما پێمان نەڵێت ئەو جۆرە لە پەراوێزخستنی‌ گۆڕان خراپە و سەردەکێشێ بۆ شتی‌ دی، دۆستی‌ دنیا یەخەی‌ گرتین ناکرێ پەرلەمان پەکخرابێ و بەگوێی‌ کەسیان نەکرد، ئێستا گەیشتووینەتە دۆخێک وەک حاڵەتی‌ ناچاری‌ پەنا بۆ ئەوە دەبەنەوە پەرلەمان کارا بکرێتەوە، بەڵام لەم دۆخەشدا هێشتا مەرجی‌ پێشوەختەیان بۆ دادەنرێت، بێگومان بزووتنەوەی‌ گۆڕانیش بە دەردی‌ کابرای‌ (مام رەش) بەو جۆرە وەڵامتان دەداتەوە کە نایەت و لەڕیزی‌ ئێوە نوێژ ناکات.

پێشتریش گۆڕان کە ئەوەی‌ کردبووە مەرجی‌ گەڕانەوەی‌ بۆ ناو پرۆسەکە (بێ مەرج پەرلەمان کارابکرێتەوە)، پێویست بوو دەرگا بەڕووی‌ گۆڕاندا بخرێتە سەرپشت تا لەگەڵ پارتی‌ و یەکێتی شانی‌ بدایەتە بەر بەرپرسیارێتی‌. کە نەیانکرد و ئێستاش لە دوا کۆبوونەوەی‌ هاوبەشیاندا بە مەرجێکی‌ تەعجیزییەوە روویان بۆ گۆڕان وەرگێڕا، گەورەترین هەڵەی‌ سیاسی‌ بوو کردیان و گۆڕانیان لەو ئیحراجیە رزگار کرد کە پێشتر ببوو بە قسەی‌ خۆیەوە و ئەگەر بێ هیچ مەرجێک بڕیاریان لە کاراکردنەوەی‌ پەرلەمان بدایە ناچار بوو بگەڕێتەوە ناو حکومەت و پەرلەمان. بەڵام ئێستا دەرفەتی‌ ئەوەیان دایە گۆڕان یاری‌ بە کارتەکانی‌ بکات، ئێستا زۆرێک باوەڕیان وایە نەک تەنها کاراکردنەوەی‌ بێ مەرجی‌ پەرلەمان، تەنانەت ئەگەر بڕیار بدرێت سەرۆکی‌ حکومەتیش بدرێت بە گۆڕان، گۆڕان نابێتەوە شەریکی‌ دەسەڵات.

رەوشی‌ کوردستان لەڕووی‌ ئابووری و سیاسییەوە زۆر خراپە، بزووتنەوەی‌ گۆڕان بەهۆی‌ ئەوەی‌ لە پەرلەمان و حکومەت دوورخراونەتەوە، خۆیان بە بەرپرسیار نازانن لەو دەرئەنجامانەی‌ پێی‌ گەیشتووین و پێیانوایە بەپلەی‌ یەکەم پارتی‌ و پاش ئەویش یەکێتی بەرپرسن لەم دۆخە ناهەموارە. چارەنووسی‌ ئەزموونەکەش لەبەردەم پرسیاری‌ زۆردایە، سەرباری‌ ئەوەی‌ دەرفەتێک هاتووەتە پێش کوردستان بڕیار لە چارەنووسی‌ خۆی‌ بدات و بگات بە کەناری‌ ئارامی‌، بەڵام مەترسی‌ و هەڕەشەی‌ گەورەش لەسەر ئەزموونەکە هەیە، لەبەر ئەوە گۆڕان ئامادەنین شان بخەنە ژێر شکستێک کە باوەڕیان وایە ئەوان لێی‌ بەرپرس نین. 

بەڵام ناکرێ کێشەکان جێبهێڵدرێن تا زەمەن چارەسەریان بکات، یاخود بدرێنە دەست قەدەر، دەبێ بزووتنەوەی‌ گۆڕان پێش پارتی‌ و یەکێتی هەست بە بەرپرسیارێتی‌ و درک بەو رۆڵە کاریگەرەی‌ خۆی‌ بکات کە هەلومەرجێکی‌ تایبەت بۆی‌ رەخساندووە تا رۆڵی‌ گەورەی‌ تێدا بگێڕێت، پێویستە لە زووترین دەرفەتدا پەرلەمان کارابکرێتەوە و یوسف محەممەد لە ئێستاوە تا هەڵبژاردنی‌ داهاتوو ئەرکی‌ سەرۆکایەتی‌ پەرلەمانی‌ لە ئەستۆ بێت. بۆ ئەوەی‌ کوردستان ئەم قۆناغی‌ راگوزەرە تێپەڕێنێ، پێویستە ئەویش بە گیانی‌ هەست بە بەرپرسیارێتی‌ و دوور لە ترسی‌ کاردانەوە، پەرلەمان بخاتە خزمەتی‌ تێپەڕاندنی‌ قەیرانەکانەوە. بەدەر لە ئەرکی‌ چاودێریی‌ حکومەت و کارە یاساییەکانی‌ ژیانی‌ ئاسایی‌ خەڵک، پەرلەمان ئەم ئەرکانە بگرێتە ئەستۆ:

 - رێوشوێنی‌ یاسایی‌ بۆ پرۆژەی بڕیارلێدراوی‌ ریفراندۆم لە 25ی ئەیلول بگرنەبەر. واتا ئەوەی‌ لەلایەن حیزبەکانەوە بڕیاری‌ لێدرا، پەرلەمان یاسای‌ بۆ دەربکات.

- ئەو کۆمیتانەی‌ بڕیارە لە کەسایەتیە سیاسییەکانی‌ نێو حیزبەکان دیاری‌ بکرێن وەک وەفدی‌ کوردستان بچنە وڵاتان، لەلایەن پەرلەمانەوە متمانەیان بدرێتێ و رابسپێردرێن بۆ ئەو کارە. 
- پەرلەمان هەمواری‌ یاسای‌ هەڵبژاردن بکاتەوە، لە لیستی‌ کراوەوە بیگۆڕن بۆ لیستی‌ داخراو. ژمارەی‌ ئەندامانی‌ پەرلەمان بەگوێرەی‌ ژمارەی‌ دانیشتووانی‌ ناوچە کوردستانییەکانی‌ دەرەوەی‌ هەرێم زیاد بکرێت و بڕیار بدرێت لە هەڵبژاردنی‌ داهاتوو 6/11 بەشداریی‌ دەنگدان بکەن و نوێنەریان لە پەرلەمانی‌ کوردستان هەبێت.

- لەگەڵ کاراکردنەوەی‌ پەرلەمان لیژنەیەکی‌ پسپۆڕی‌ یاسایی‌ رابسپێرن بۆ نووسینەوەی‌ پرۆژەی‌ دەستووری‌ کوردستان. دەستوورێک بۆ دەوڵەتی‌ کوردستان نووسرابێت، سنوور و سیستەمی‌ بەڕێوەبردن و ناسنامەی‌ دەوڵەتەکەی‌ تێدا چەسپێنرابێت. تا لە ئێستاوە بۆ وادەی‌ هەڵبژاردن لەلایەن پەرلەمانەوە پەسەند بکرێت و لەگەڵ هەڵبژاردنی‌ پەرلەماندا ئەویش بخرێتە دەنگدانەوە.

- بۆ چارەسەری‌ کێشە و ناکۆکیەکانی‌ پەیوەست بە سەرۆکایەتی‌ هەرێم، ئەم چوار مانگەی‌ لە پێشمان ماوە لێی‌ بگەڕێن و بۆ دوای‌ ئەوە ئەگەر بڕیارە کوردستان ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی‌ بکات و دەوڵەت بونیات بنێ، پێویست بەوە ناکات لەگەڵ هەڵبژاردنی‌ خولی‌ داهاتووی‌ پەرلەماندا هەڵبژاردن بۆ سەرۆکی‌ هەرێم بکرێت، بەڵکوو پێویستە لەوە بەدواوە ئەو پۆستە هەڵبوەشێنرێتەوە و سەرۆک بۆ دەوڵەت دابنێین نەک هەرێم. هێشتنەوەی‌ سەرۆکایەتی‌ هەرێم بۆ چوار ساڵی‌ داهاتوو ئاماژەی‌ مانەوەی‌ کوردستانە لە چوارچێوەی عێراقدا نەک سەربەخۆیی‌.

ئەم چوار مانگەی‌ لە بەردەممان ماوە تا کۆتایی‌ ئەم خولەی‌ پەرلەمان، بزووتنەوەی‌ گۆڕان هیچی‌ تر نەکات تەنها ئەم چەند خاڵەی‌ سەرەوە لە پەرلەمان لەچوارچێوەی‌ بڕیار و یاسادا بچەسپێنێت، کوردستان دەباتە قۆناغێکی‌ زۆر گەشەکردووترەوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP