گۆڕان لەسەر حەقە!

رێبوار کەریم وەلی - 20-06-2017 - 8154 جار خوێندراوەتەوە


(1)
تا ئەوكاتەی نەوشیروان مستەفا لەژیاندا بوو، ئیحتیمالێكی كەم هەبوو كێشەی نێوان پارتی و گۆڕان بەلایەكدا بخرێت، بەڵام لەبەرئەوەی نەوشیروان مستەفا دڵنیا بوو كە هیچ ترووسكاییەك نەماوە، پەنای بردە بەر رێككەوتن لەگەڵ یەكێتی و ویستی كێشەكە لە دوای خۆیشی هەر بەردەوام بێت. نەوشیروان نەك هەر ویستی كێشەكانی لەگەڵ پارتیدا بەو شێوەیە بەردەوام بن، بگرە وەكو هەموو سەركردە كلاسیكەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بزووتنەوەكەی خۆی (بە ناوی مۆدێلی جیاوازی حیزبی!) خستە ناو گێژاوی ئەوەی كە كێ دوای ئەو جێگەی دەگرێتەوە! خۆی سوور دەیزانی وەكالەتی قانوونی بەس نییە بۆ ئەوەی كەسێك بتوانێ ببێتە جێگرەوەی ئەو، ئەویش نەیویست شكۆمەندیی سەردەمی خۆی، لە دوای خۆی درێژەی هەبێ. وەك چۆن عەرەفات و تاڵەبانی میراتێكی هاوشێوەیان بەجێهێشت.

دوایین دەستپێشخەریی پارتی لەڕێی یەكێتی و لەژێر كاریگەریی یەكێتی، مەحكوم بوو بەوەی كە گۆڕان رەتی بكاتەوە، چونكە گۆڕان ئێستا لە رەتكردنەوە زیاتر هیچی دیكەی پێ ناكرێت. باسی كۆمەڵی ئیسلامی لە گۆڕێ نییە، چونكە ئەو حیزبە لە ئیعرابی سیاسیدا مەحەلی نەماوە و كەسرەی گۆڕانە، بەڵام بۆ وا بوو؟

یەكەم: مادام پارتی دەستپێشخەریی لەو شێوەیەی هەبوو، بۆ خۆی نەچوو لەگەڵ گۆڕان باسی بكات؟ مەگەر هەمووی چەند هەفتەیەك پێش ئێستا نەبوو كە نێچیرڤان بارزانی لە گردەكە بوو؟ نەدەكرا لەو كاتەدا ئەو مەسەلەیە ئامادەكاری بۆ بكرێت؟ ئایا هیچ كەناڵێكی پەیوەندی لە نێوان گۆڕان و پارتیدا نییە؟

دووەم: كە پارتی دەستپێشخەری دەكات، دەبێ لەوە باش تێگەیشتبێت كە دەستپێشخەریی لەو جۆرە لەو بارودۆخەی كە ئێستا گۆڕانی دوای نەوشیروان مستەفا تێیكەوتووە، ئاسان نییە، میكانیزمی بڕیاردان هەم قورسە و، هەمیش چ پێویست دەكات دەستپێشخەریی نیوەچڵ بكرێت؟ مادام یوسف محەممەد دەگەڕێتەوە بۆ پەرلەمان، با تا پێنج مانگی دیكە هەر سەرۆكی پەرلەمان بێت خۆ دنیا خراپ نابێت! ئەگەر پارتی و یەكێتی باوەڕیان بە یەكدی هەیە، دەتوانن بە هاوكاریی حیزبەكانی دیكە، وەك چۆن لە 19ی ئابی 2015 یوسف محەممەد و سكرتێری پەرلەمانیان ئیفلیج كرد، ئاوهاش لەو پێنج مانگەی ماوە، بە رێگەی كاری پەرلەمانی، رێگە نەدەن پەرلەمان كاریگەریی لەسەر خواست و داواكانی ئەوان هەبێت، ئەوكاتە با گۆڕان و كۆمەڵ هەر پڕۆژەیاسا بێنن و بە دیارییەوە دانیشن! 

گوناهـ دەركردن لە یەكێتی

(2)
ئەڵبەتە نەدەبوو گۆڕان وا بە پەلەپڕوزێ و هەڵپەوە، دەستپێشخەریی پارتی رەتبكاتەوە، دەرگایەك بۆ گفتوگۆ كرابووەوە و، دەكرا گۆڕان لە جیاتی ئەوەی گەڕانەوەی یوسف محەممەد و وەزیرەكانی بۆ هەولێر نەبینێت، ئەوە ببینێت كە هێشتا شەریكی حوكمی ئەو وڵاتەیە. بەڵام لەڕاستیدا ئەگەر ئەمڕۆ نەك سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بگرە هەرسێ سەرۆكایەتییەكە رادەستی گۆڕان بكرێن، گۆڕان نە قەبوڵیەتی و نە پێشی دەكرێت. لەوەیاندا یەكێتی باش چاوساغی بۆ پارتی ناكات! یەكێتی تا ئەو شوێنە لەگەڵ پارتییە كە هەم تۆڵەی خۆی لە هەردووكیان بكاتەوە، هەم لەبەردەم رای گشتیدا ئۆباڵی كارانەبوونەوەی پەرلەمان (بە وجودی گۆڕانەوە) بخاتە ئەستۆی گۆڕان. ئەوەی ئێستا یەكێتی دەیكات، ماسیگرتنە لە ئاوی لێڵ. بە پڕۆژە ئاگرینە ساختەكانیان لەبارەی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێم و سیستەمی حوكمڕانی، گۆڕانیان كردە كەوا سووری بەر لەشكر و دواییش وەك هیچ رووینەدابێت، چوونەوە لای پارتی. 

گۆڕان دەبێ باش لەوە تێبگات كە رێككەوتنی سیاسیی ئەوان و پارتی كۆتایی هاتووە. لە رابردوودا و سەرباری ئەوەی پارتی و یەكێتی رێككەوتنی ستراتیژیشیان هەبوو، نەك بۆ پۆستە باڵاكان، بگرە بۆ پۆستە هەرە بچووكەكانیش لەسەر (ناو) رێكدەكەوتن، كێ بێت یان نەبێت (لە رێككەوتنی گۆڕان و پارتیشدا هەمان شت هەبوو، ئەگەرنا دەبوو عەلی حەمە ساڵح ببێتە سەرۆكی پەرلەمان!)؟ بۆیە دەبووایە گۆڕان لە جیاتی ئەوەی لە قازانجی یەكێتی ئەو هەموو كارتانە تێكەڵی یەكتری بكات، داوای گفتوگۆی راستەوخۆی لە پارتی كردبایە. ئەگەر ویستبای جەماوەرەكەی خۆی رازی بكات، وەرەقەیەكی بنبڕیان خستبایە بەردەم پارتی و رێككەوتنی خۆیان لەگەڵ پارتیدا بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەم هەڵوەشاندبایەوە. ئەوكاتە بۆ جەماوەری گۆڕان موهیم نەبوو پەرلەمان چۆن كارا دەكرێتەوە، چونكە ئەگەر بە ویستی وان نەبووایە، ئەوا كۆتاییهێنان بە رێككەوتنەكەیان لەگەڵ پارتی بەس بوو. بەڵام ئەوەی ئێستا گۆڕان دەیكات، گەورەترین خزمەتە بە گەڕاندنەوەی باڵادەستیی یەكێتی لە زۆنی سەوز و نیلی.

"ئاتا كورد" مەسعود بارزانی

(3)
بڕیاری گشتپرسی و راگەیاندنی سەربەخۆیی، ئەگەر هەزار سەعاتیش لە پەرلەمان موناقەشەی بكرێت و دواتر بڕیاری لێ بدرێت، بە چاك و خراپ هەرچی بەسەر ئەو میللەتە بێت لەدوا رۆژدا، ئۆباڵ و شانازییەكەی هەر بۆ مەسعود بارزانی دەمێنێتەوە، جا دوایین سەرۆكی هەرێمی كوردستان بێت، یەكەم سەرۆكی دەوڵەتی سەربەخۆ بێت، یان مەرجەعی بڕیاری سیاسیی میللەتی كورد بێت تا ئەوكاتەی لە ژیاندایە. بۆیە ئەمڕۆ واقیعی دابەشبوونی سیاسی و كۆمەڵایەتیی كوردستان لەبەردەم تەجروبەی مێژوویی شەستەكان و حەفتاكانی سەدەی رابردووە، كە باری تەخوینیان تا ئێستاش بەكۆڵەوەیە و لێی قورتار نەبوونە. ئەمڕۆ رۆژی (نەخێر) نییە، رۆژی (بەڵێ)یە، با بارزانی بە هەموو كەموكوڕییەكانەوە بیكات، ئێوە دوایی چاكی بكەن.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP