دوای برێکسیت، کوردسیت

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 19-06-2017 - 2547 جار خوێندراوەتەوە


پرسی جیابوونەوەو بوون بە خاوەنی قەوارەیەکی سیاسی دانپیانراوی نێودەوڵەتی و دەستەبەر کردنی سەروەری نیشتیمانی و نەتەوەیی، لەم سەردەمەی ئێستادا تەنیا تایبەت نیە بە هەرێمی کوردستانەوە. بەڵکو حاڵی حازر ئەم بژاردەیە چەندین ولاتی تر پەنایان بردووە بۆی بۆ بەدەست هێنان یا گێڕانەوەی سەروەری نیشتیمانی و نەتەوەیی و بوون بە خاوەنی قەوارەیەکی سەربەخۆی سیاسیەوە.

دوورگەی گرینلاندی دانیمارک وێڕای دووربوونی لە خاکی دانیمارک و ژمارەی دانیشتوانێکی پەنجا هەزار کەسی و ڕووبەرێکی بەرفراوانی خاکی داپۆشراو بە بەفرو سەهۆڵی سەهۆڵبەندانی جەمسەری باکورەوە،  چەندین دەیەیە خاوەنی حوکمێکی خۆماڵی خۆبەرێوەبردنە و لە پەرلەمانی دانیمارک دوو ئەندامیان هەیە بۆ نوێنەرایەتی کردنی بەرژەوەندیەکانیان. 

ئەم دوورگەیە ماوەی دە ساڵ زیاترە داوای سەربەخۆیی سیاسی دەکات لە دانیمارک و گفتوگۆکانی تایبەت بە جیابوونەوەش ماوەیەکە چەقیان بەستووەو هێشتا هەردوو لایەنی دانیمارکی و گرینلاندی نەگەیشتوونەتە ڕێکەوتنێکی یەکجارەکی دوو لایەنە، سەبارەت بەم پرسەو چۆنیەتی  جیابوونەوەکە لە ڕووی ئابوریەوە، چونکە دانیمارک ساڵانە بە بڕی چەند ملیارد دۆلار هاوکاری ئەم دوورگەیە دەکات بە هۆی کزی ئاستی پیشەسازی و نەبوونی داهاتێکی نیشتیمانی بەرچاوەوە، بەدەر لە پیشەسازی ڕاوەماسیەوە.

ئەمە جگە لە وڵاتی سکۆتلاندا کەوا دوای گشتپرسیەکەی بەریتانیا و بڕیاری چوونە دەرەوەی بەریتانیەکان لە یەکێتی ئەوڕووپاوە، جارێکی تر بابەتی جیابوونەوەیان لە بەریتانیا وڕووژاندووەو بەرەی سەربە جیابوونەوە پەرەیان بە هەوڵەکانیان بۆ  سەربەخۆیی داوەو چاوەڕوان دەکرێت لە ئاییندەیەکی نزیکدا لە بەریتانیا جیاببنەوە، ئەگەر بێتو هەلومەرجی ئەم جیابوونەوەیە بە رەزامەندی هەردوو لاوە بێتە کایەوە و زەمینەکەی بۆ بڕەخسێندرێ.

چوونە دەرەوەی بەریتانیا لە یەکێتی ئەورووپا دوور لە هەموو چاوەڕوانیەکان، بە تایبەت بوو بە هۆکاری حەپەسان و سەرسورمانی سیاسەتمەدارانی ئەوڕووپیەوە. لێ یەکێتی ئەورووپا بە هەموو دەنگ و ڕەنگ وخاوەن ڕاو ڕوانگە و بۆچوونەکانیەوە ئەم بابەتەی زۆر بە ئاسایی وەرگرت و نەیشاردەوە یەکێتی ئەورووپا چاوەڕوانی بڕیارێکی لەمجۆرەی لە لایەن زۆرینەی بەریتانیایەکانەوە نەدەکرد و پێی وایە مانەوەی بەریتانیا لە یەکێتیەکەدا لە بەرژەوەندی هەردوو لادابوو، لێ لەگەڵ ئەوەشدا ڕێز لە و بڕیارە دەگرێت و خوازیارە دەسەڵاتدارانی ئەم وڵاتە بە زووترین کات بکەونە گفتوگۆکانی پەیوەست بە چوونە دەرەوەکە.

هەرێمی کوردستانیش نزیکەی سەدەیەکە دوای لکاندنی بە کۆماری ئێراقەوە گشت جۆرەکانی حوکمڕانی لە گەڵ دەسەڵاتدارانی بەغداوە هەر لە سیستەمی پاشایەتیەوە بگرە تا دەگاتە کۆماری و دیکتاتۆریەوە تاقی کردۆتەوە. ئەزمونی زیاتر لە نیو سەدەی کورد لەم بوارەدا تەنیا ماڵوێرانی و نەهامەتی و ترازان و کاولکاری بۆ کورد لێکەوتۆتەوە و زۆر دەرفەتی مێژووییش لە دۆخی جیا جیادا،  لە کیس کورد چووە بۆ جیاوبوونەوە لەو قەوارە سیاسیەی دوای یەکەم جەنگی جیهانیەوە بە بێ پرس و ڕاوەرگرتنی کورد و تەنانەت نەتەوەکانی تریشەوە، ناوی نرا ئێراق و لە جیاتی پێکەوە ژیانی ئارەزوومەندانە، پێکەو ژیانێکی سەپێنەر و سیستەمێکی حوکمڕانی ستەمکاری شمولی ناسیونالیستی تووندڕۆی بەسەردا ساغ کرایەوەو بوو بە دیفاکتۆیەکی سیاسیەوە کەوا ڕۆڵەکانی وڵات بە هەموو چین و توێژە جۆراوجۆرەکانیەوە دەبوایە هەوڵ بۆ سەرخستنی پڕۆژە نەتەوەییە سەرە ڕۆو ستمەکارە بدەن و لە بۆتەی نیشتیمانی عەرەبیدا بتوێنەوە.

بۆیە لەم دۆخەی ئێستادا و بە لەبەر چاو گرتنی هەلومەرجە تازەکەوە، گرینگە دانیشتوانی هەرێمی کوردستان بە پاراستنی یەکڕیزی و دوورکەوتنەوە لە لێکترازان و ئاڵۆزی و وەلانانی جیاوازیەکانەوە، هەوڵ بۆ سەرخستنی یەکەم هەنگاوی دامەزراندنی قەوارەیەکی سیاسی بۆ کوردی بەش مەینەت بدەن و لانی کەم لەم بەشەی کوردستاندا یەکەم ئەزمونی نیشتیمانێکی تایبەت بە کورد تاقی کەنەوەو مۆدێلێکی دیموکراسی ئازاد لە سەر بنەمای پاراستنی مافی هاوڵاتیبوون و سەروەری و گەشەسەندنی نەتەوەیی بۆ جیهانی دەرەوە بخەنە ڕوو. 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP