گرنگی‌‌و كاریگه‌ری‌ رزگاركردنه‌وه‌ی‌ موسڵ بۆ كورد

نەوزادی موهەندیس - 20-09-2016 - 1879 جار خوێندراوەتەوە


نه‌وزادی‌ موهه‌ندیس

دوو ساڵی‌ ته‌واوه‌ كه‌وا پارێزگای‌ موسڵ به‌شێوه‌یه‌كی‌ گشتی‌‌و به‌تایبه‌تیش ناو شاری‌ موسڵ كه‌وتۆته‌ ژێر ده‌ستی‌ چه‌ته‌كانی‌ داعشه‌وه‌و له‌و ماوه‌یه‌شدا ده‌یان كاره‌ساتی‌ مرۆیی‌ جه‌رگبڕ له‌سه‌ر ده‌ستی‌ داعشدا دژ به‌دانیشتوانی‌ سیڤڵی‌ ئه‌و ناوچانه‌ ئه‌نجامدراون هه‌ر له‌كوشتن‌و گرتن‌و ڕاوه‌دوونان‌و به‌دیلگرتن‌و بێسه‌روشوێنكردن‌و هه‌ڵگرتنی‌ كچان‌و ژنان‌و فرۆشتنه‌وه‌یان وه‌ك به‌نده‌و سه‌بایا.

كوشتوكبڕین‌و دڕنده‌یی‌ مامه‌ڵه‌ی‌ داعش له‌گه‌ڵ دانیشتوانی‌ ئه‌و ناوچانه‌دا بێ‌ جیاوازی‌ بوه‌ له‌نه‌ته‌وه‌و ئاین و مه‌زهه‌بدا و هه‌موان وه‌كو یه‌ك ڕووبه‌ڕووی‌ مه‌رگ بونه‌ته‌وه‌و ماڵوحاڵیان كاولكراوه‌، به‌زۆره‌ملێ‌ و له‌ترسی‌ گیانی‌ خۆیان گوندو شارو شارۆچكه‌كانیان چۆڵكردووه‌و ئاواره‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان و توركیاو ولاَتانی‌ تری‌ ناوچه‌كه‌ بوون.

موسڵ چ وه‌ك شارو چ وه‌ك پارێزگاش گرنگی‌‌و كاریگه‌ری‌ سیاسی‌‌و ئابوری‌‌و كۆمه‌لاَیه‌تی‌‌و سه‌ربازی‌  خۆی‌ هه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان‌و ته‌واوی‌ عێراقیش، چونكه‌ پارێزگای‌ موسڵ سێیه‌م شاری‌ گه‌وره‌ی‌ عێراقه‌ له‌دوای‌ به‌غدادو به‌سره‌وه‌ له‌ژماره‌ی‌ دانیشتوان‌و گه‌وره‌یی‌ جوگرافیاو ده‌وڵه‌مه‌ندی‌ له‌سامانه‌سروشتیه‌كانی‌‌و كشتوكاڵ و مه‌ڕوماڵتداو كه‌وتوشه‌ته‌ سه‌رسنوری‌ هه‌رسَی‌ ولاَتی‌ عێراق و سوریا و توركیا و شارێكی‌ دێرین و مێژوویه‌ و له‌ڕووی‌ كۆمه‌لاَیه‌تیشه‌وه‌ تێكه‌ڵه‌یه‌كه‌ له‌نه‌ته‌وه‌ی‌ كورد و عه‌ره‌ب وتوركمان و ئاینه‌كانی‌ ئیسلام و مه‌سیحی‌ و یه‌هودی‌ و مه‌زهه‌به‌كانی‌ شیعه‌ و سونه‌ و ئێزیدی‌ و كاكه‌یی‌ و شه‌به‌ك و ئاشوری‌ و كلدان و..هتد.

به‌هاتنی‌ داعش و داگیركردنی‌ موسڵ و شه‌نگار و خازه‌ر و به‌عشیقه‌ و...هتد. ته‌واوی‌ ئه‌و تێكه‌لاَوی‌ و تانوپۆیه‌ كۆمه‌لاَیه‌تی و سیاسی‌ و ئابوری‌ و سه‌ربازیانه‌ی‌ تێكداو له‌ شارێكی‌ برایه‌تی‌ و پێكه‌وه‌ژیان و ده‌وڵه‌مه‌ند و زیندوو كاریگه‌ره‌وه‌ كردیه‌ شارێكی‌ خامۆش و وێرانه‌ و دوژمن به‌یه‌كتری‌، داعش بۆخۆی‌ به‌لاَیه‌كی‌ ترسێنه‌ر و تۆقێنه‌ره‌ له‌هه‌ر جێگه‌یه‌كدا بێت و هیچ كات بڕوای‌ به‌ مافه‌كانی‌ مرۆڤ و ژنان و ئازادی‌ و دیموكراسی‌ نیه‌ و ته‌ نها بیر له‌ جێبه‌جێكردنی‌ پیلانی‌ ئه‌و ولاَت و ده‌زگا جاسوسیانه‌ ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هانی‌ ده‌ده‌ن و هاوكاری‌ و پشتیوانی‌ مادی‌ و مه‌عنه‌وی‌ ده‌كه‌ن، ئاشكراشه‌ كه‌ ولاَتانی‌ ناوچه‌كه‌ له‌ توركیا و ئێران و سعودیه‌ و قه‌ته‌ر و ...هتد.

هه‌ریه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك و له‌پێناو پاراستنی‌ به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ خۆیاندا هانی‌ داعشیان داوه‌و پیلان‌و مه‌رامه‌كانی‌ خۆیان پێ‌ جێبه‌جێكردوه‌ له‌سه‌ر حسابی‌ گه‌لانی‌ به‌ش مه‌ینه‌تی‌ عێراق و سوریا كه‌ بونه‌ته‌ دوو گۆڕه‌پانی‌ یه‌كلاكردنه‌وه‌ی‌ ململانێ‌ ناوچه‌یی‌ ونێوده‌وڵه‌تیه‌كانیش. به‌هه‌مان شێوه‌ ده‌زگا جاسوسیه‌كانی‌ زلهێزه‌كانیش له‌ ئه‌مریكا و ڕوسیا و فه‌ڕه‌نسا و  به‌ریتانیاو ...هتد.ده‌ستیان هه‌بوه‌ له‌گه‌شه‌كردن و دروستبونی‌ داعش و هاوشێوه‌كانی‌ تری‌ له‌ قاعیده‌ و جه‌بهه‌ی‌ نوسره‌ و ئه‌وانی‌ تریشدا. خۆشبه‌ختانه‌ داعش چه‌نده‌ دوژمنی‌ گه‌لانی‌ ناوچه‌كه‌ بوه‌ و بۆته‌ مۆته‌كه‌ و مڵۆزمیان به‌هه‌مان شێوه‌ش له‌ ئێستادا و دوای‌ كۆچكردنی‌ زیاد له‌ 3 ملیۆن كه‌س له‌ سوریا و عێراقه‌وه‌ بۆ ئه‌وروپا و ئه‌مریكا و ئوستروڕالیاو ..هتد. شانه‌ نوستوه‌كانی‌ داعش گوزرانه‌وه‌ بۆ ناوجه‌رگه‌ی‌ ئه‌و ولاَتانه‌ و ئێستا بۆخۆیان كه‌وتونه‌ته‌ به‌ر مه‌ترسی‌ داعشه‌وه‌ و ئه‌و زنجیره‌ ته‌قینه‌وه‌ خۆكوژیانه‌ی‌ كه‌ ڕوویاندا له‌ هه‌ریه‌كه‌ له‌ به‌لچیكا و فڕه‌نسا و ئه‌ڵمانیا و به‌ریتانیا و ئه‌مریكادا نمونه‌ی‌ زیندووی‌ بوون و كاریگه‌ری‌ داعشن له‌ولاتانه‌دا.

ئه‌و ولاَته‌ی‌ كه‌زۆر هاوكاریی‌و یارمه‌تی‌ داعشی‌ ده‌دا به‌ئاشكراو به‌نهێنی‌ بریتی‌ بوو له‌توركیای‌ ئه‌ردۆگان كه‌ تائێستاش به‌جدی‌ كارده‌كات بۆ گه‌شه‌كردن و به‌رده‌وامبوونی‌ داعش، ته‌نهاو ته‌نهاش له‌پێناو وه‌ستانه‌وه‌یه‌تی‌ دژ به‌خواست و ویست‌و مافه‌ ڕه‌واكانی‌ كورد له‌ باشوورو ڕۆژئاوای‌ كوردستاندا، توركیا ڕۆڵێكی‌ زۆر خراپ ده‌گێڕێت له‌و نێوه‌ندا و گه‌ره‌كێتی‌ به‌هه‌ر شێوه‌یه‌ك بوه‌ كورد نه‌گاته‌ سه‌ركه‌وتن و خواست و ئاواته‌كانی‌ له‌ پێكه‌وه‌نانی‌ ده‌وڵه‌تی‌ سه‌ربه‌خۆی‌ كوردیدا له‌هیچ پارچه‌یه‌كی‌ كوردستانی‌ گه‌وره‌داو له‌و پێناوه‌شدا به‌ئاشكرا و بێ‌ سڵه‌مینه‌وه‌و ڕاسته‌وخۆ به‌سوپا به‌شداری‌ ئه‌و دژایه‌تی‌ و پیلانه‌ ده‌كات له‌ڕۆژئاوای‌ كوردستان به‌داگیركردنی‌ جه‌ڕابولس له‌ 24-8-2016و له‌باشووریشداو زیاد له‌ 3 هه‌زار سوپا و چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی‌ و زریپۆشی‌ هێناوه‌ته‌ باشوری‌ كوردستان هه‌ر له‌ساڵی‌ 1996وه‌ تاكو ئێستاش له‌ناچه‌ی‌ بادینان له‌بامه‌ڕنێ‌‌و به‌عشیقه‌ جێگیركردوون بۆ ئه‌وه‌ی‌ له‌كاتی‌ پێویسدا بوونی‌ هه‌بێت و هه‌ژموون و ده‌سه‌لاَتی‌ خۆی‌ و پیلانه‌كانی‌ بسه‌پێنێت و به‌شی‌ خۆی‌ هه‌بێت له‌ده‌سكه‌وت و قازانجی‌ دوای‌ شه‌ڕه‌كاندا و پارێزگاریش له‌ ئه‌منی‌ نه‌ته‌وه‌یی‌ و سنوره‌كانی‌ خۆی‌ بكات.

له‌ئێستادا هه‌موو هه‌وڵه‌كان بۆ ڕزگاركردنی‌ موسڵ خراونه‌ته‌ گه‌ڕ   به‌سه‌ركردایه‌تی‌ ئه‌مریكا و هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كان و جموجۆڵ و كۆبونه‌وه‌ی‌ هه‌مئاهه‌نگی‌ به‌رده‌وام هه‌یه‌ له‌ نێوان ئه‌مریكیه‌كان و سه‌رانی‌ عێراق و هه‌رێمی‌ كوردستانیشدا، چونكه‌ گرتنه‌وه‌ و ڕزگاركردنی‌ شاری‌ موسڵ هێنده‌ ئاسان و سانانیه‌ و ناشبێت چونكه‌ داعش له‌دوای‌ شاری‌ ڕه‌قه‌وه‌ له‌ سوریا موسڵی‌ وه‌كو پایته‌ختی‌ دووه‌می‌ خۆی‌ حسابكردوه‌ و زۆرینه‌ی‌ هێز و ده‌سه‌لاَته‌كانیشی‌ تیادا كۆكردۆته‌وه‌.

هه‌ربۆیه‌ ڕزگاركردنی‌ موسڵ هه‌مئاهه‌نگی‌ گه‌رموگوڕو ووردی‌ له‌نێوان هه‌مواندا گه‌ره‌كه‌، له‌ئێستادا ئه‌و هێزانه‌ی‌ بونیان هه‌یه‌ له‌سه‌ر زه‌وی‌ موسڵ‌و پارێزگاكه‌ بریتین له‌سوپای‌ عێراق‌و حه‌شدی‌ سونی‌‌و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ شیعه‌ی‌ عێراق له‌لایه‌ك‌و هێزه‌ هاوپه‌یمانه‌كان له‌لایه‌كی‌ تره‌وه‌و له‌لای‌ سێیه‌میشه‌وه‌ هێزی‌ پیشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان‌و هێزی‌ چه‌كدارانی‌ ئێزیدی‌ كه‌ له‌دوای‌ داگیركردنی‌ شه‌نگاله‌وه‌و جینۆسایدكردنی‌ ئێزیدیانه‌وه‌ دامه‌زراوه‌و مه‌سیحیه‌كان‌و هه‌روه‌ها هێزی‌ گه‌ریلای‌ په‌كه‌كه‌ش بونیان هه‌یه‌، بۆیه‌ كارێكی‌ ئاسان نیه‌ كه‌هه‌مووان پێكه‌وه‌ ڕێكبكه‌ون له‌سه‌ر پلانه‌كانی‌ ڕزگاركردن‌و هه‌موانیش به‌مافی‌ خۆیان ده‌زانن كه‌ به‌شداربن، چونكه‌ هه‌موانیان ماوه‌ی‌ دوو ساڵه‌ به‌رگری‌ و مقاوه‌مه‌تێكی‌ گه‌وره‌یان نواندوه‌ له‌ڕزگاركردنی‌ شه‌نگال‌و ناوچه‌كانی‌ تردا و ته‌واوی‌ به‌ره‌كانی‌ جه‌نگه‌كه‌دا و قوربانی‌ بێوێنه‌یان پێشكه‌شكردوه‌، 

بۆیه‌ ناكرێت هیچ لایه‌ك بكرێته‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ بازنه‌كه‌ و حسابی‌ بۆ نه‌كرێت، به‌تایبه‌تیش هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ی‌ كوردستان كه‌ڕۆڵێكی‌ گه‌وره‌و به‌رچاوی‌ بینیوه‌ له‌ڕزگاركردنه‌وه‌ی‌ زۆر جێگه‌داو به‌ده‌ستهێنانی‌ سه‌ركه‌وتنه‌ به‌رده‌وامه‌كان له‌ته‌واوی‌ به‌ره‌كانی‌ جه‌نگدا، هه‌ر له‌و پێناوه‌شدا ئه‌مریكا و هه‌رێم ڕێكه‌وتنێكی‌ سه‌ربازیان واژۆكرد بۆ هاوكاری‌ و یارمه‌تیدانی‌ مادی‌ هێزی‌ پێشمه‌رگه‌ له‌ پێناو به‌شداركردنیدا له‌ پڕۆسه‌ی‌ ڕزگاركردنه‌وه‌ی‌ موسڵدا.كه‌هه‌رچه‌نده‌ ئه‌وه‌یان سه‌پاندوه‌ كه‌ نابێت بچنه‌ ناو شاری‌ موسڵه‌وه‌ و له‌دوای‌ پڕۆسه‌ی‌ ڕزگاركردنه‌كه‌ش ده‌بێت بكشێنه‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ بۆخۆی‌ مانایه‌كی‌ نابه‌جێ‌ ده‌گه‌ینێت بۆ ڕۆڵ و قوربانیه‌كانی‌ پێشمه‌رگه‌ وكورد و له‌م ڕێگه‌یه‌وه‌ گه‌ره‌كیانه‌ كه‌ ڕٍێگه‌ له‌ كورد بگرن له‌ گێڕانه‌وه‌ی‌ خاكی‌ مێژوویی‌ كوردستان بۆسه‌ر هه‌رێمی‌ كوردستان.

توركیاش به‌هه‌مان شێوه‌ گه‌ره‌كێتی‌ به‌شداربێت‌و به‌شی‌ هه‌بێت له‌غه‌نیمه‌كانی‌ دوای‌ ڕزگاركردندا هه‌روه‌ك چۆن ماوه‌ی‌ 2 ساڵه‌ به‌ئاشكراو به‌نهێنی‌ له‌گه‌ڵ داعش و هێزێكی‌ كوردی‌ باشووردا به‌شدارن له‌ به‌تالاَنبردنی‌ نه‌وت و غازی‌ سروشتی‌ كێڵگه‌ نه‌وتیه‌كانی‌ زومار و عه‌ینزاله‌و ..هتد.

ڕزگاركردنی‌ موسڵ بۆ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و عێراقیش گه‌لێك گرنگ‌و كاریگه‌ره‌و ده‌بێته‌هۆی‌ ده‌ركردنی‌ داعش له‌ ته‌واوی‌ عێراق و بچوكردنه‌وه‌ و نه‌مانی‌ بۆ هه‌تاهه‌تاییه‌ و لاوازبوونی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ به‌رچاو و به‌رته‌سككردنه‌وه‌ی‌ جوگرافیای‌ چالاكی‌ و ده‌سه‌لاَته‌كانێتی‌ و دۆخی‌ سیاسی‌ و ئابوری‌ و سه‌ربازی‌ له‌ هه‌رێم و عێراقیشدا تاڕاده‌یه‌كی‌ باش جێگیر و ئاسایی‌ ده‌بێته‌وه‌ و ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ی‌ ئاواره‌كانیش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ و خه‌رجی‌ گه‌وره‌ و گران له‌ ئه‌ستۆی‌ هه‌رێم و عێراق كه‌مده‌بێته‌وه‌ و داهاتی‌ نه‌وت و غازی‌ سروشتی‌ ئه‌و ناوچانه‌ش ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ عێراق و كاریگه‌ری‌ ئابوری‌ باشی‌ ده‌بێت بۆ ئاینده‌ و له‌گه‌ڵ به‌شی‌ ڕۆژئاوای‌ كوردستانیشدا ده‌روازه‌ی‌ زیاتر ده‌كرێته‌وه‌ و ده‌توانرێت هاوكاری‌ مادی‌ و مه‌عنه‌وی‌ ئه‌و به‌شه‌ش بكرێت و له‌لایه‌كی‌ تریشه‌وه‌ هیچ بیانویه‌ك بۆ توركیا نامێنێته‌وه‌ كه‌ ئه‌و هێزانه‌ی‌ هانیویه‌تیه‌ ناو خاكی‌ كوردستان و عێراقه‌وه‌ بمێنێته‌وه‌. به‌لاَم ئه‌و ڕاستیه‌ش له‌بیر نه‌كه‌ین به‌ ڕزگاركردنه‌وه‌ی‌ موسڵ هێز و توانا و مه‌ترسیه‌كانی‌ سوپا و حه‌شده‌كانی‌ سونه‌ و شیعه‌ بۆ ناوچه‌ كوردیه‌كانی‌ هه‌رێم زیاتر ده‌بێت و  مامه‌ڵه‌ و گوتار و كرداری‌ به‌غدادیش له‌گه‌ڵ هه‌رێمدا به‌و نه‌رمیه‌ی‌ ئێستا نامێنێته‌وه‌.

هه‌ربۆیه‌ سیناریۆكانی‌ دوای‌ ڕزگاركردنه‌وه‌ی‌ موسڵیش به‌هێنده‌ی‌ ئێستا ئاڵۆزو تێكچڕژاون‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ زلهێزه‌كان‌و ولاَتانی‌ ناوچه‌كه‌ و ئاین‌و مه‌زهه‌به‌كانیش زیاتر توند ده‌بنه‌وه‌و هه‌ریه‌كه‌یان هه‌وڵی‌ پاراستنی‌ بون‌و به‌رژه‌وه‌ندیه‌كانی‌ ئێستاو ئاینده‌ی‌ خۆی‌ ده‌دات.

بۆیه‌ ده‌بێت سه‌ركردایه‌تی‌ كوردیش زۆر ووردبین‌و دووربین بێت‌و هاوهه‌ڵوێست‌و یه‌ك و یه‌كگرتوو بێت‌و دوور بكه‌وێته‌وه‌ له‌خۆخۆری‌‌و ناته‌بایی‌‌و دوژمنایه‌تی‌ یه‌كتر كردن، چونكه‌ ئیدی‌ مه‌ترسیه‌كان دێنه‌ به‌رده‌ركی‌ ماڵی‌ كوردو بواری‌ بیركردنه‌وه‌و نه‌خشه‌دانان نامێنێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر له‌ئێستاوه‌ نه‌كه‌ونه‌ خۆ بۆ پته‌وكردنه‌وه‌ و ڕێكخستنه‌وه‌ی‌ نێوماڵی‌ كورد به‌ تایبه‌تی‌  له‌باشوورو دواتریش له‌گه‌ڵ ڕۆژئاواو باكوردا له‌م قۆناغه‌دا.

[email protected]
 

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP