كێ ریفراندۆم و مافی چارەنوسی زیندەبەچاڵ كرد؟

لەتیف شێخ مستەفا - 15-06-2017 - 6138 جار خوێندراوەتەوە

ڕایەكی یاسایی تاڵ لەسەر ریفراندۆم

وەختی نوسینەوەی دەستوری عیراق مناقەشەو گفتوگۆی زۆر لەسەر كرا، من بۆخۆم چەندین دیداری تەلەفیزۆنی ومەقالەو كۆڕو سیمینارم ئەنجامدا و تیایدا مەترسی هاندانی خەڵكی كوردستانم بۆ بەشداریكردن لەسەر دەنگدان لە راپرسی دەستوری عێراق رونكردەوە، وتم ئەم دەبێتە كۆتێك و دەكرێتە دەست و پێوەندی گەلی كوردستان و پێم وابوو لەداهاتوو دەسەڵاتدارانی بەغدا وەك بەڵگە دژمان بەكاری دەهێنن و دەڵین ئێوە مافی چارەی خۆنوسینی خۆتان پیادە كردوە.

لە دیمانەیەك لە تەلەفیزۆنی خاك و لە كوردساتیش بڵاوكرایەوە (ئەوكات پێش ئیمزاكردنی رێككەوتنی ستراتیجی بوو میدیاكانی یەكێتی ڕێگایان بەڕای جیاواز ئەدا و لیستە ڕەشەكەیان دروست نەكردبوو ) لەلایەن ڕۆژنامەنوسی كۆچكردوو (لەیلا عەلی ) لەگەڵی ئەنجامدابووم، دوای ڕونكردنەوەی لایەنە خراپەكانی دەنگدانی خەلكی كوردستان بەبەڵێ لە ڕاپرسی دەستوردا داوام كرد با خەلك هان بدرێت لە جیاتی دەنگدان بەدەستور لە كارتی دەنگدانەكە دەنگ بدرێ بۆ سەربەخۆیی كوردستان، لە بیرمە ووتم ئەمریكاو هاوپەیمانان و نەتەوەیەكگرتوەكان هەموو لە عێراقن فۆكەسەكە هەمووی لەسەر عێراقە، ئەوان هاتوون بۆ مەبەستی خۆیان ڕاپرسی دەكەن بۆ دەستوور بۆ ئەوەی ئەمریكا بە جیهان بڵێت ئێمە هاتووین دیموكراتی لەعێراق بنیات بنێین.

وتم با ئێمە ئەو كردەیە لە بەرژەوەندی خۆمان بقۆزینەوەو بۆ ئامانجی خۆمان بەكاری بهێنین ووتم ئەگەر زۆرێنەی خەڵكی كوردستان دەنگی دا بۆ سەربەخۆیی دەوڵەتە زلهێزەكان و نەتەوە یەكگرتوەكانیش دەكەونە بەردەم ئەمری واقیعێكی سەیر یان ئەوەتا بۆمان دەسەلمێنن و مافی دەوڵەتمان دەدەنێ یان ڕەتی دەكەنەوەو ڕاپرسی لەسەر دەستوور لە كوردستان دوبارە دەكرێتەوە، وتم لەمحاڵەتەشدا ئێمە زۆر سودمەند دەبین و ئەوانەش ئاگایان لە كێشەی كورد نیە پێی ئاشنا دەبن دۆزەكەمان زیاتر دەچێتە پێشەوەو لەهەمان كاتیشدا وەك ڕاپرسیەك دەبێت بۆ چارەنوسی ناوچە جێ ناكۆكەكانیش.

بەڵام ئەو كاتەش بە گومان بووم لەم دەسەڵاتدارانە كە ئەوان ئەوە ناكەن بۆیە وتم وا باشترە ڕێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی و كەسایەتیەكانی كۆمەڵگا بیكەن، بۆ بەیانیەكەی دكتۆر موەفەق دەرگەلەییم بینی لەناو زانكۆی سلێمانی وتی مامۆستا شێركۆ بێكەس بەرنامەكەی بینیوە پێی خۆشە یەكتر ببینن و لەسەر بابەتەكە قسە بكەن ئەوە بوو سەردانم كرد لە دەزگای سەردەم لای فولكەی دەستەكە و لەوێ دوای گفتوگۆكردن سەرەتای دروست كردو لەو دانیشتنەوە سەرەتای بیرۆكەی بزوتنەوەی ریفراندۆم گەڵالە بوو، دەیان هەزار كەسی دڵسۆزی لێكۆبۆوەو بەدڵ و بەگیان كاریان بۆكرد.

بەڵام بەداخەوە هەرزوو لەلایەن هەردوو حیزبی دەسەڵاتەوە بزوتنەوەكە بەلاڕێدا براو لە ڕێگای تیخزاندنی كادرەكانی خۆیان توانیان ئەو قەناعەتە بە زۆرینە بكەن لەجیاتی ئەوەی خەڵك لەناو سندوقەكانی ڕاپرسی دەستوور دەنگ بدات بۆ سەربەخۆیی سەندوق لەدەرەوی ناوەندەكانی دەنگدان دابنرێت كە ئەوەش بەهایەكی نەبوو، ئەوە هۆكارێك بوو من لەو بزوتنەوەیە كشامەوە چونكە زانیم ئیتر كاركردن تیایدا لەجیاتی سود زیان بە كەیسەكە دەگەیەنێت، بۆیە كاتێك حەیدەر عەبادی دەڵێت دەبێ بەگوێرەی دەستوری عێراقی مامەلەبكرێت دەزانێ چی دەڵێت وە لەڕووی یاساییەوە دەنگدانی كورد بۆ دەستوری عیراق و هەڵبژاردنی سیغەی فیدراڵی لە چوارچێوەی عێراقدا بریتیە لە پیادەكردنی مافی چارەی خۆنوسین، لەدەوڵەتی فیدراڵیشدا یەكێك لە هەرێمەكان یان چەند هەرێمێك ناتوانێ جیا ببێتەوە بەڵكوو دەبێت هەموو گەلی وڵاتەكە لە ڕاپرسیەكی نوێدا بڕیار لەسەر چارەنوسی تازەی خۆی بدات.

باشترین نمونە ئەمەریكا كاتێك ویلایەتەكانی باشور ویستیان جیا ببنەوە ئیبراهام لینكۆڵن بەزەبری هێز ڕوبەڕویان بووەوەو هێنانیەوە ژێر ركێفی دەوڵەتی فیدراڵی ئەمەریكی، دیارە خواستی هەموو تاكێكی كورد دروستكردنی دەوڵەتە، بەڵام دەبێ ڕاستیەكانیش باس بكەین دەبێ ئەوە ڕوون بێت ئەم كۆت و بەندە یاساییەی ئەمڕۆ لە ملی خەڵكی كوردستان كراوە ئەم سیاسیە نەزان و بازرگانانەن كە دوێنی بە زۆری زۆردار و لەبەرخاتری مشتێ دۆلار بۆ خۆیان و خانەوادەكانیان( وەك پۆل برێمەر باسی دەكات) وایان لەخەڵك كرد، كە دەنگ بدات بە دەستوری عێراق ئەوەی لەگەڵیشیان نەبوایە بە خاین یان ئاژاوە گێڕ لە قەڵەم دەدا.

 ناكرێ ئەمانە كەی بەرژەوەندی بازرگانی خۆیان ویستی فیدراڵی هەڵبژیرن و خەڵكی تر ئەگەر لەگەڵیان نەبێ تەخوین و نەزانی بكەن، ئەمڕۆش بەهەمان شێوە بۆ درێژەدان بەبازرگانی سیاسی خۆیان بەدیوێكی تردا ١٨٠ پلە بایدەنەوەو خۆمان لێبكەنە پاڵەوانی نەتەوەیی و پاڵەوانی دروستكردنی دەوڵەت و ئەگەر پێیان بڵیین ئەوە نەزانی و بەرەژەوەند خوازی ئێوە بوو هەلێكی زیڕینی لەدەست داین و بە عەقدێكی كاسۆلیكی بەم عێراقە نەعلەتیەتان بەستینەوە دوبارە پێمان بڵین خائینن .

من نە لە ڕابردوو نە لە ئیستاش نە لەداهاتوش عیراقم بەدەولەتی خۆم نەزانیوەوناشی زانم.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP