بارزانی و مۆدێلی نەوشیروان مستەفا

سلێمان عەبدوڵا یونس - 15-06-2017 - 37491 جار خوێندراوەتەوە

داخستنی پارلەمان لەلایەن پارتی و بێدەنگی هێزەکانی تر لەو پرسەدا (جگە لە کۆمەڵ) لەبەر ئەو ڕۆڵ و کەم ئەزمونیە نییە کەسەرۆکە گەنجەکە؛ لەماوەی سەرۆکایەتیەکەیدا، پەیڕەوی کرد. هەروەکو پارتی جەختی لێدەکاتەوە، بەڵکو شەڕی پارتی و بێدەنگی لایەنەکانیش، لەبنەڕەتدا شەڕە لەدژی مۆدیلی نوێ و مۆدێلی جیاوازی نەوشیروان مستەفا.

‎پارتی و تەواوی هێزەکانی تر، کەناتوانن، دەستەبەری مۆدێلی نەوشیروان مستەفا بکەن، ڕیگایەکی تریان نییە جگە لەداخستن، و دەرکردن، و ڕاوەدوونان، و پەڕاوێزخستنی ئەو مۆدێلە نەبێت. چونکە بەخێرایی تەشەنە دەکا و تەنها بەگۆڕانەوە ناوەستێت و سنوری ئەوانی تریش دەبڕێ، لەکاتێکدا ئەو مۆدێلە ئەگەر بۆ نەوشیروان مستەفا و گۆڕان نیعمەت بووبێت، بۆ ئەوانی تر کەگیرۆدەی کلاسیکن، لەباشترین حاڵەتدا سەر ئێشەیەکی قورس دەبێت.

‎بۆ پارتی ئاسانە گەنج بێنێتە پێشەوە هێناشی و سەرکەوتوش بوو، بەڵام ئەوە نابێت لەدەرەوەی مەرجەعیەتی پارتی بێت کەبنەماڵەی بارزانیە. هەروەک چۆن دوای ساڵەهاش یەکێتیش چانسیدا بەگەنج بۆ سەرکردایەتی و رابەرایەتی، بەڵام دیسان ئەوەی یەکێتیش کردی وەک ئەوەی نەوشیروان مستەفا نەبوو، کاتێک ئەو لەچەمچەماڵ و لەناو کەرتە کۆمەڵایەتییەکانی خوارەوە، توانستێکی بێ پێشینەی هێنا و بەریسکی زۆرەوە، ناوی لێنا، سەرۆکی پارلەمان و سەرکەوتوش بوو.

‎ئێستا کەباسی کاراکردنەوەی پارلەمان دەکرێت هەر بۆئەوەیە بزانرێت مۆدێلی نەوشیروان مستەفا دوای ئەو، توانای بەزیندوویی مانەوەی هەیە؟ لێرەدا پارتی و یەکێتی و یەکگرتوو، لەگەڵ خۆیان بارزانی بەهەڵەدا دەبەن، کاتێک پشتیوانی دەکەن لەگۆڕینی سەرۆکە گەنجەکەی پارلەمان و گەلەکۆمەکێ دەکەن بۆئەوەی مۆدێلی نەوشیروان مستەفا، لەگەڵ خۆی؛ لەگردەکەدا بخەنە گۆڕەوە. چونکە ئەگەر بارزانی سەربەخۆیی کوردستانی دەوێت، ئەوا لەڕاستیدا پاراستنی ئەو مۆدێلە زەمانەتی سەربەخۆیی کوردستانە، کەمۆدێلی نوێ، و مودێلی گەنج، و مۆدێلی ڕیفۆڕمی ڕیشەییە. بەمەرجێک کوڕەکانی نەوشیروان مستەفا و خزم کەسی نزیک و هاوڕێکانی، وەکو ئەوانی پێش خۆیان، پشت لەمۆدێلەکە نەکەن و لەبیروباوەڕی باوک و براگەورە و سەرکردەکەیان پاشگەز نەبنەوە.

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP