ئه‌و حكومه‌ته‌ی ئاینده‌ی گه‌لێكی ڕه‌ش كرد

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 19-09-2016 - 2559 جار خوێندراوەتەوە

 

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د

حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌ر له‌سه‌ره‌تای دروستبوونیه‌وه‌ ته‌عبیری نه‌كردووه‌ له‌ڕای زۆرینه‌ی خه‌ڵك‌و وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی ویست‌و خواستی ده‌نگده‌ران نه‌بووه‌ له‌حوكمدا، به‌ڵكو فه‌زای هه‌ڵبژاردنه‌كان وه‌ك گه‌مه‌یه‌كی سیاسیی به‌كارده‌هێنێت بۆ شه‌رعیه‌تدان به‌ئه‌و ویست‌و ئامانجانه‌ی كه‌دوو پارتی ده‌سه‌ڵاتدار هه‌یانبووه‌، له‌به‌رئه‌وه‌ هه‌ر له‌دوای هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ جه‌ماوه‌ر له‌بیركراوه‌و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌ر ئه‌جێندای سیاسیی‌و ئابورییه‌ حیزبه‌كه‌یی‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش چه‌ندان گه‌مه‌ی جۆراوجۆری كردووه‌، له‌هه‌رێمی كوردستاندا ساڵ‌ بۆ ساڵ‌ گه‌مه‌ی پارته‌ حوكمڕانه‌كان له‌ده‌سه‌ڵاتدا خراپتر ده‌بێت‌و پاشه‌كشه‌ ده‌كات‌و جه‌وهه‌ری زیاتری ئه‌م پارتانه‌ ده‌رده‌كه‌وێت، كه‌چین‌و عه‌قڵیه‌ت‌و بیركردنه‌وه‌یان تاچه‌نده‌و ویست‌و خواست‌و ئامانجی راسته‌قینه‌یان چییه‌؟

پاش زیاتر له‌ 24 ساڵ‌ له‌حوكمڕانی له‌ئێستادا زیاتر روی راستی ئه‌م دوو پارته‌ ده‌سه‌ڵاتداره‌ ده‌ركه‌وتووه‌، ئه‌ویش پاش ئه‌وه‌ی كه‌ به‌درێژایی 24 ساڵی رابردوو، به‌دور له‌هه‌ر هه‌ستكردن به‌به‌رپرسیارێتیه‌ك ده‌ستیان خسته‌ ناو هه‌موو جومگه‌یه‌كی حكومه‌ت‌و هه‌موویان به‌حیزبی كردو نه‌وت‌و گازو گومرگ‌و هه‌موو سه‌رمایه‌یه‌كی ئه‌م هه‌رێمه‌یان به‌تاڵان بردو به‌سه‌رخۆیاندا دابه‌شیانكرد. له‌دوایه‌مین پلانی شومیاندا ده‌ستیان برد بۆ قووتی خه‌ڵك‌و زۆرینه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیان گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ بانكه‌ تایبه‌تیه‌كان‌و له‌وێشه‌وه‌ بۆ گیرفانه‌ ره‌شه‌كه‌ی حیزب.

له‌م هه‌نگاوه‌یاندا توانیان كاریگه‌ری زۆر سلبی‌و خراپ له‌سه‌ر سایكۆلۆژیای مرۆڤی كورد دروستبكه‌ن‌و به‌مه‌ش باری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و فیكری‌و رۆشنبیری‌و ئابوری‌و په‌روه‌رده‌یی‌و مه‌ده‌نیان تووشی بارێكی زۆر ناهه‌مواركرد، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌نوخبه‌یه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ به‌عه‌قڵی ئیمپریالیزمێكی نوێ‌ هاتبێت‌و گه‌لێك تووشی جه‌نگی ده‌رونی بكات‌و به‌جۆره‌ها چه‌كی سایكۆلۆژی كار له‌سه‌ر تێكدانی كه‌سایه‌تی‌و شوناس‌و مێژوو ئاینده‌ی بكات.

ئه‌م حكومه‌ته‌ به‌بێ‌ هه‌ستكردن به‌هیچ به‌رپرسیاریه‌تێكی مێژوویی‌و ئه‌خلاقی‌و به‌بێ‌ گوێدانه‌ ئه‌و هه‌موو كاریگه‌ریه‌ سلبیانه‌، تاكه‌ تاكه‌ی هاوڵاتیانی ئه‌م هه‌رێمه‌یان تووشی خه‌جاڵه‌تی‌و تێكدانی باری ده‌روونی‌و ئاسایشی خێزان‌و قوتابخانه‌و گه‌نج‌و لاو‌و مناڵ‌‌و پیره‌كان كردووه‌.

دروستكردنی ئه‌م بارودۆخه‌ وای له‌مرۆڤی كورد كردووه‌ كه‌ئیتر هیچ هیوایه‌كی به‌ئاینده‌و ناسیونالیزمی كوردی‌و سه‌ركرده‌كان نه‌مێنێت، چونكه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌مانه‌ پێی ده‌كه‌ن هیچ دوژمنێك له‌فارس‌و تورك‌و عه‌ره‌ب نه‌یانتوانیوه‌ پێی بكه‌ن‌و به‌و جۆره‌ تووشی قه‌یرانی ماددی‌و مه‌عنه‌وی بكه‌ن‌و ژیان له‌به‌رچاوی ناشیرین بكه‌ن.

مه‌ترسی ئه‌م قه‌یرانه‌ دروستكراوه‌ له‌وه‌دایه‌ كه‌زۆرتر روی كردۆته‌ چینه‌ خوێنده‌وارو ئه‌كادیمی‌و دامه‌زراوه‌ په‌روه‌رده‌یی‌و مه‌ده‌نیه‌كان، له‌به‌رامبه‌ردا دامه‌زراوه‌ ئه‌منی‌و سه‌ربازی‌و رێكخستنه‌كانی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتدار گرفتیان نییه‌.

ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌كه‌ بۆ وێرانكردنی په‌روه‌رده‌و مه‌ده‌نیه‌ت‌و شارستانیه‌ت‌و به‌هێزكردنی بازوی هێزو عه‌سكه‌رو دامه‌زراوه‌ ئه‌منیه‌كان، له‌كاتێكدا كه‌ده‌بوایه‌ گرنگی پێدانه‌كه‌ پێچه‌وانه‌ بوایه‌ ئه‌گه‌ر حكومه‌ت نیه‌تی گه‌شه‌پێدانی هه‌بوایه‌و به‌پلانێكی ستراتیجیه‌وه‌ روی له‌ئاینده‌ بكردایه‌، كه‌ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر ئاینده‌ی ئه‌م هه‌رێمه‌و نه‌وه‌ی نوێ‌، چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ پلانانه‌ گه‌ل به‌ره‌و نائومێدی ده‌بات‌و له‌نائومێدی گه‌لیشدا هه‌موو خواستێكی نه‌ته‌وه‌یی‌و به‌ده‌وڵه‌تبوون‌و سه‌ربه‌خۆیی شكستده‌هێنێت.

ئه‌مانه‌ هه‌تا ئێستاش به‌و چه‌مكه‌ ته‌قلیدیه‌ كار ده‌كه‌ن كه‌ده‌ڵێت سه‌گه‌كه‌ت برسی بكه‌ شوێنت ده‌كه‌وێت، به‌ڵام بێئاگان له‌وه‌ی كه‌زۆر ده‌سه‌ڵاتی تری ئه‌م ناوچه‌یه‌ش ئه‌م سیاسه‌ته‌یان گرته‌به‌ر، به‌ڵام ئه‌و سه‌گانه‌ قاچیان گرتوو كه‌وڵیان كرد.


ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP