ترس لە ریفراندۆم

عومه‌ر عه‌لی محه‌مه‌د - 14-06-2017 - 2112 جار خوێندراوەتەوە

پاش كۆبوونەوەی پارتە سیاسیەكان لە مەسیف سەلاحەدین لە گەڵ مەسعود بارزانی و گەیشتنە ئەنجامێك و دیاری كردنی مانگی ئەیلول بۆ ئەنجام دانی راپرسی، كاردانەوەی جۆراو جۆری لە ناوخۆو دەرەوەدا بە شوێن خۆیدا هێنا ،ووڵاتانی هەرێمایەتی وەك توركیاو ئێران نیگەرانن و عێراق بە كاتێكی گونجاوی نازانێت .ئەمیكاش باس لە یەكپارچەیی خاكی عێراق دەكات ،ئەمانە هەمووی ئاساییە چونكە هەیەكەیان لە وانگەی بەرژەوەندی خۆیەوە سەیری گۆرانكاریەكان دەكات، بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیەو مەترسیە بۆسەر دۆخەكە هەڵوێستی ناوخۆیە كەلە ئێستادا دابەشبوون بۆ دوو بەرە.

پێم وایە ئەو نەفەسەی كە لە لایەن هەردو لاوە قسە لە یەر رفراندۆم دەكەن نەفەسی ئایدیۆلۆژی و بڕیاری پێشترە، جۆرێكە لە سایكۆلۆژیا ی مرۆڤی كورد كە حەزی لە یەكتر شكاندن و بێڕێزكردن و ڕشتنی خوێنی ئەوی ترە ،تەنها بە ڕەش و سپ یەكتر دەخوێننەوە،دەرگاكانی عەقڵ دادەخەن و وا دەزانن چارەسەر تەنها یەك ڕێگەیە ،هەتا كورد بەتایبەتی سیاسی و ڕۆشنبیرەكانی بەو جۆرە بیر بكەنەوە ناگەنە هیچ و كوردیش هەر لە بازنەی هیچ گەرایدا دەسوڕێتەوە ئەو نوسین و هەڵوێستانەی كە هەنوكە دەنوسرێ، شتی تازەی تیانیە ،زۆرتر پێویستی بە بیركردنەوە هەیە,مێشك گوشینی زیاتری دەوێت، بۆ ئەوەی بزانن كە چارەسەری كێشەكان تەنها یەك شت نیە ،ڕێگای جۆراو جۆرهەن، بەڵام دەبێت بە شوێنیاندا بگەڕێیت و هەوڵ بدەیت،  وێنەی جوان بۆ یەكتر دروست بكەیت ، هیچ مرۆڤیك وێنەیەكی تەواو نیە لە شەیتان، وەك هیچ مرۆڤێكیش فریشتە نیە، لە باسی ڕیفراندۆمیشدا دەشێت سەركەوتن، بدۆزیتەوە، ڕێگەكان بەو جۆرە داخراو نین، دەبێت لە سەركەوتن بێ ئومێد نەبیت و دڵنیاش بیت كە بۆ هەموو قەیران و كێشەیەك چارەسەر هەیە ،بە ووتەی ئەكادیمیستەكانی NLP ناوچەی پاڵدانەوەconfort zone بەجێ بهێڵن، لە ڕابردودا مەژین، پلان بۆ ئایندە دابنێن، بەدیدو تێڕوانینی تازەوە سیاسەت بكەن، دنیا گۆڕاوە، ئێستا سەردەمی شەڕی سارد نییە، ئێستا سیاسەت بە تیۆرو ئالیەتی شەڕی سارد ناكرێت، دنیاو هەمو شتەكانی بە ٨ مانگ هەموی دەگۆڕێت، بەڵام بەداخەوە، كورد لەسیاسەتكردندا، سەدەیەك زیاترە زۆركەم گۆڕاوە، ئایە ئەو عەقڵیەتەی ئێستا زۆر لەسیاسیەكانی كورد بیری پێ دەكەنەوە، هەمان دیدی ئیمارەتە كوردیەكان نییە، چ لەگەڵ خۆیان چ لەگەڵ دەرەوەو وڵاتانی دەوروبەردا، ئێمە پێویستمان بە بەخۆدا چونەوەی قوڵە، پێویستمان بە نەخشەڕێگەیەكی نوێ هەیە ،ئەمانە هەموی زانسی نوێن دەبێت بە شێوەی ئەكادیمی بەسیاسیەكانی كورد بوترێتەوە، دەبێت نەوەی نوێ لەسەر چەمكە نوێیەكانی مرۆڤ دۆستی پێ بگەیەنرێت، من كاتێك دەبینم بەشێكی زۆر لە سەركردەكانی كورد كەلەگەڵ كەسایەتیە ڕۆژئاواییەكان دا دەنیشن و گوێ لەگفتو گۆكانیان دەگرن ئایە بەچ جۆرێك وێنایان دەكەن؟

لەم ڕوانگەیەوە چۆن كورد دەخوێننەوە؟، لە ڕاستیدا لەكاتی قەیراندا سەركردە دەناسرێت و لەوەرچەرخانەگەورەكاندا ئاستی هۆشیاری گەلان و بەرپرسە سیاسیەكان دەر دەكەوێت، لەگرفتە ناوخۆییەكاندا دابێت ڕێسای یەكەم گفتوگۆو لەیەكترگەیشتن و ئاشتەوایی بێت، بەدور لە بوغزو رق بیر لە چارەسەری كێشەكان بكرێتەوە، بەڵام ئەگەر دەڵێن، بەرامبەرەكان وانین ،كەواتە بەرپرسیارێتی گەورە لەوەدایە كە ئایە بۆ نەتوانراوە پەی بەكلیلی دەرگای دڵی بەرامبەر ببرێت و لەم ڕێگەیەوە بوارێك بۆ گفتوگۆ بڕەخسێنرێت ،ڕیفراندۆمیش كە هەموان بەمافێكی دەستوری دەزانن دەكرێت، بكرێتە دەروازەیەكی تردەست پێكردنەوەی گفتوگۆكان بە ئالیەتێكیتر، بكرێتە  خاڵی وەرچەرخانی گەورەی سیاسی و لەم رێگیەشەوە سەر بەخۆیی و پاشان پئگەیەكی گرنگ بۆ چاكسازی و نەهێشتی گەندەڵی و چەسپاندنی عەدالەت و مافەكانی هاوڵاتی ....هتد.

 زۆر كەس و لایەن لەمە دەترسن، چونكە داهێنان و تاقیكردنەوەیەكی نوێیە ،ئێمە زۆربەمان لە ناوچەی پاڵدانەوەدا دەژین لە گۆڕانی ئەم دۆخە دەترسین ،با موجازەفەیەك بكەین، باشتێكی تازە تاقیبكەینەوە ،با هیزەسیاسیەكان بخەینە بەردەم بەرپرسیاریەتێكی نوێ، ئەگەر هیزەسیایەكان خاوەنی دیدوپلانی سیاسی نوێ بن، ئەو دەوڵەتە نوێیە نە تاكڕەوو نەدیكتاتۆرو نەگەندەڵ دەبێت..

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP