گشتپرسی رێپیشاندەر، دوورگەی پۆرتریکۆ وەک نمونە

شۆڕش خالید ئاژگەیی - 13-06-2017 - 2791 جار خوێندراوەتەوە

ڕۆژی یەکشەممەی رابردوو دەنگدەرانی دوورگەی پۆرتریکۆ، لە ئەنجامی ریفراندۆمێکی گشتیدا (ڕێپیشاندەر Indicative Referendum ) دەنگیاندا بە پڕۆژەیەک کە دەکرێ ببێتە سەرەتایەک بۆ لکاندنی هەرێمەکەوە بە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکاوە لە رووی سەروەریەوە. 

بەرەی بانگەشەکارانی گشتپرسی دەمێکە خوازیارن پۆرتریکۆ ببێتە پەنجاو یەکەمین ویلایەتی ئەمریکا و بە تەواوەتی بخرێتە سەر ئەم وڵاتەوە. هەروەک ڕاگەیندراوە ٩٧ % دانیشتوانی دوورگەکە ڕەزامەندیان دەربریوە بەوەی هەرێمە خۆ بەرێوەبەرەکەیان بە ڕەسمی بخرێتە سەر ئەمریکاوە. شایانی باسە  ئەم بڕیارە ڕەزامەندی کۆنگرێسی ئەمریکای پێویستە و هەروا بە ئاسانی ناخرێتە بواری جێ بە جێ کردنەوە.

ئەو فاکتەرەی لەوانەیە ببێتە هۆکاری شەرعیەت لەدەست دانی ئەم گشتپرسیە، کەم بوونی ڕێژەی بەشداریکردنی هاوڵاتیان بوو لەم ڕاپرسیەدا. بە گوێرەی ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانیەکان تەنیا ٢٣% دانیشتوانی پۆرتریکۆ بەشداریان لە گشتپرسیەکەدا کردووە و زۆربەی هاوڵاتیان بایکۆتی پڕۆسەکەیان کردووە بە بیانووی لەدەستدانی سەروەری نیشتیمانی لە ئەگەری لکاندنی ( لە ڕووی سیاسی و ئابوریەوە) دوورگەکەیانەوە بە ئەمریکاوە.

سەرکردایەتی سێ پارت داوایان لە لایەنگرانیان کردبوو بەشداری لە ڕیفراندۆمەکەدا نەکەن و نەبنە هۆکاری شەرعیەت دان بە لەدەست دانی سەروەری و ڕادەست کردنی وڵاتەکەیان بە ئەمریکاوە.  بۆیە بەشداری کردنی ڕێژەیەکی زۆر کەمی هاوڵاتیان  لە پڕۆسەکەدا ئەگەری نایاسایی بوونی گشتپرسیەکە بەهێز دەکات و هێمای پرسیار دەخاستە سەر ئەنجامەکەوە.

تۆماس ریڤێرا شاتز، سەرۆکی سێناتی پۆرتریکۆ لە سەر ئەم بۆچوونەیە کەوا کۆنگرێسی ئەمریکا بە ئاسانی بوون بە ویلایەت لە هیچ هەرێمێک و قەوارەیەکی سیاسی قبوڵ ناکات و زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمریکا لە سەرەتادا زۆر هه‌وڵیان داوەو تێکۆشاون تاکو ڕەزامەندی کۆنگرێسی ئەمریکایان بۆ بە ئەندام بوون لە بنەماڵەی ئەمریکی بەدەست هێناوە.

زۆربەی دانیشتوانی دوورگەی پۆرتریکۆ پێیان وایە هۆکاری سەرەکی ئەو قەیرانە دارایی و ئابوریەی ماوەی دە ساڵە بەرۆکی ئەم دورگەیەی گرتووە بۆ ئەوە دەگەرێتەوە ئەم دوورگەیە ئێستاشی لەگەڵدابێ خاوەنی تایبەتمەندیەکی سیاسی بەهێزو پتەو، یا قەوارەیەکی سیاسی نیە و پلانە ئابوری، دارایی و ستراتیژەکان ئەم ئامانجانەیان نەپێکاوە، لە سەرەتادا بانگەشەیان بۆ دەکراو دە ساڵ ماوەیەکی یەکجار زۆرە لە چاوەروانی چارەسەرکردنی قەیرانەکاندا بمێنیەوە. 

هەر بە هۆی دەرەنجامە نەرێنیەکانی ئەم قەیرانە درێژخایەنەش تا کو ئێستا زیاتر لە نیو ملیۆن هاوڵاتی پۆرتریکۆ بەرەو ئەمریکا کۆچیان کردووەو لەوێ گیرساونەتەوە و وەک ئاماژەکان دەریانخستووە جارێ بە نیازی گەڕانەوە نین بۆ هەرێمێک زیاتر لە دە ساڵە بەدەست قەیرانی ئابوری و دارایی و داڕمانی شیڕازەی ژیانەوە دەناڵێنێ و هیچ ئاسۆیەکی دڵخۆشکەری زامنکراو بۆ ئاییندەکی ڕۆشنتر و دڵنیاکەرتر تیایدا بەدی ناکرێت و وەک خۆیان ئاماژەیان پێداوە ناکرێت لەمە زیاتر قبوڵی بەردەوام بوونی دۆخەکە بکەن. 

شایانی ئاماژە بۆکردنە لەوەتەی ساڵی ١٩٥٠ ەوە ئەوە جاری پێنجەمە پۆرتریکۆکان بەشداری لە گشتپرسیدا دەکەن و تا کو ئێستا چەندین پرسی تریشیان هەر لە ڕێگەی ڕاپرسیەوە یەکلا کردۆتەوە و ڕیکخستنی ریفراندۆم لەم هەرێمە پێشینەیەکی میژوویی قووڵی فەرهەنگی و پاشخانێکی بەهێزی هزری هەیە و خەڵکەکەی تا ڕادەیەکی بەرچاو لە ریفراندۆم ڕاهاتوون و لایان بۆتە دیوێکی دانەبڕاوو قەبوڵ کراو لە ژیانی سیاسیاندا.   

پۆرتریکۆ دوورگەیەکە دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای زەریای کاریبی و ڕۆژئاوای کۆماری دۆمینیک و خاوەنی ٧٨ شارەوانیە و لە ڕووی سیاسیەوە پەیوەستە بە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکاوە کۆنگرێس مەنێکی هەیە لە کۆنگرێسی ئەمریکا کەوا نوێنەرایەتی بەرژەوەندیەکانی دوورگەکە دەکات و زۆر دەگمەن نەبێ مافی دەنگدانی لە یەکلاکردنەوەی پرسە چارەنوس سازەکانی ناوکۆنگرێس نییە بە هۆی ئەوەی پۆرتریکۆ لە رووی سیاسی و ئابوریەوە سەربە ئەمریکا نییەو وەک قەوارەیەکی سیاسی خاوەن مافی خۆبەڕێوەبردن ماوەتەوە.

ژمارەی دانیشتوان:  3.977.663
ناوی ڕەسمی پۆرتریکۆ بە ئیسپانی: Estado Libre Asociado de Puerto Rico
ناوی ڕەسمی بە ئینگلیزی: The Commonwealth of Puerto Rico
ڕووبەر: 9.104 km²
پایتەخت: سان خوان ( San Juan)

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP