شەکری شازادە و ژەهری میر

سلێمان عەبدوڵا یونس - 12-06-2017 - 14972 جار خوێندراوەتەوە


پارتی بیت دەزانی بۆ دەنگ دەدەی بەپارتی، بەڵام ئەوە لەبەرئەوە نییە ئەو حزبە ڕیفراندەم و پرسی سەربەخۆیی کوردستان سەرکردایەتی دەکات، بەڵکو لەبەرئەوەیە هەرکاتێک حزبەکەت بخوازێت، ڕستێک لەحزبەکانی ترت بۆ کۆدەکاتەوە و خۆی دەکا بەپێشەنگ و ئەوانی تریش بەپاشکۆ. پەرلەمان دادەخات و بنکەی حکومەت فراوان دەکات ئەگەر پێویستیشی کرد تەسکی دەکاتەوە.

بڕوانە، پارتی بیت دەزانێت بۆچی حزبەکەت گرێبەست لەگەڵ تورکەکان دەکات. دەزانیت، بۆچی پارتەکەت لەبەرەی ئەمەریکایە و دەشزایت حزبەکەت چۆن لەگەڵ ڕوسەکان چووەتە ناو جەمسەربەندی ئابوورییەوە. بەڵام یەکێتی بیت، هێشتا لات دیارنیە، بۆچی حزبەکەت واژۆی ڕێککەوتنی لەگەڵ تورکەکان بۆ پارتی کردوە . نازانیت بۆچی نوێنەرایەتی حکومەتت، لەپشت سەری واژۆکارانی ڕێککەوتنەکەی ڕۆسنێفتەوە، کەپارتی و ڕوسەکانن، وەستاوە. ناشزانی حزبە گەورەکەت بۆچی لەناو ڕیزبەندییە بچوکەکانە؟

پارتی بیت ئاسانە مەرجەعیەتت بنەماڵەیە و سەرۆکەکەت بڕاوەتەوە کەبارزانیە. بەڵام یەکێتی بیت ناخۆشە، مەرجەعیەت و مەرکەزیەتت نییە؛ بەقەول حزبی کادران و بەکرداریش جێگرانی سکرتێر وبەرپرس و دەستەی کارگێڕی، پێویستیان بەواسیتەی گەورەیە و شازادەیەک لەپڕ، شوناسی حزبەکەت لینگەوقچ دەکاتەوە و پێدا دێتە خوارەوە!

بەڵام هێشتاش یەکێتیبون هەر لەبوون بەگۆڕان خۆشترە لەبەرئەوەی یەکێتی بیت، ترست نامێنێ و بڕایەوە. ئاخر دەتوانی لەهەولێر بەئاوازێک و لەسلێمانی بەئاوازێک و لەبەغداش بەئاوازێک، بخوێنی! بەڵام کەگۆڕان بیت ناخۆشە، دەبێت شازادە و میرەکانی سلێمانی بلاوێنیتەوە و کەلامیان بەشەکر تێبگەی بەڵام بەگژ شازادە و میرەکانی هەولێردا بچیتەوە و کەلامیان بەژەهر بزانی! لەکاتێکدا، شازادە و میری ئێرە و ئەوێ -لەشەکر و ژەهردا- هاوبەشن!

ئەم وتارە دەربڕی رای نوسەر خۆیەتی

بابەتەکانی نوسەر

Copyright © 2016 Xendan.org all rights reserved

designed and developed by AVESTA GROUP